گرێی کورد و محوەرەکانی ململانێ لە سووریای سوننەدا
کورد لە سووریا لە هەستیارترین کاتەکانی مێژووی خۆیدا دەژێت، لە دیمەشق دەسەڵاتێکی تازەنەفەسی تەواو دژ بە جیاوازیی نەتەوەکان دەیەوێت جێگیر ببێت، دەسەڵاتێک، کە لە ژێر ناوی ئوممەی ئیسلام و سووریایەکی ناوەندیدا، ئەگەر بۆی بچێتە سەر مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دیکە بەتەواوی ڕەت دەکاتەوە. لەم شرۆڤە سیاسی وستراتیژیەدا هەوڵ دەدەم سووریایەکی ناوەندی سونیگەرای ئیسلامیی پەیوەست بە فاکتەری ئیسرائیل، ئەمریکا، ڕووسیا، ئێران و کورد شی بکەمەوە.
لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا "هاکان فیدان" (کە جەختکردنەوە بوو لە کۆتایی هێنان بە پەیەدە و هەموو ئەو هێزەکوردییانەی ئێستە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری باکووری سووریا بەڕێوە دەبات)و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا ئاماژەن بۆ ساتێکی گرنگ لە ستراتیژی ناوچەیی تورکیادا، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی سەردانەکەی (ئەنتۆنی بلینکن) وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لە ژوورێکی فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ لەگەڵیدا کۆ بوونەوە.
کەناڵی دیپلۆماسی فەرمی
دوای 12 ساڵ وەستان، دووبارە پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ سووریا بە دەستنیشانکردنی" بورهان کۆرۆئۆغڵو"وەک سەفیرێکی کاتیی تورکیا لە دیمەشق دەست پێ دەکاتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانێکی ستراتیژی کە لە سەر زەمینەی واقع لە ناوچەکەدا ڕووی داوە وڕەنگدانەوەی مەبەستی ئەنقەرەشە بۆ جەختکردنەوە لەسەر کاریگەری تورکیا لە سووریای دوای ئەسەد.
دەیان ساڵە تورکیا و سووریا سەبارەت بە ئاوی فورات کێشەیان هەیە، بەڵام ناوەندیترین و هەستیارترین کێشەی تورکیا و ئەسەدی باوک و کوڕ بریتی بووە لە پشتیوانیی سووریا لە پەکەکە.
لە "1982" وە ئۆجەلان لە سووریا جێگیر بوو، کوردی سوریایی ڕێک دەخست و شەڕی تورکیایی پێ دەکردن ودواتریش (لە 2012 تا ئێستە) ڕێکخستنەکانی "ئۆجەلان"بوونە هێزی باڵادەستی ناوچە کوردییەکانی سووریا و ڕێگەیان نەدا لایەنەکانی دیکەی کوردی لە کوردستانی سووریا کاری خۆیان بکەن.
سەردانەکەی بلینکن کە هاوکاتە لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، هەڵگری پارادۆکسێکە کە لەلایەک دانپێدانانی ئەمریکایە بە ڕۆڵی سەرەکیی تورکیا لە سووریای دوای ئەسەددا.
لێدوانی وەزیری دەرەوە "فیدان" لەدوای دیداری "بلینکن" مانای وایە کە "بلینکن" لە پێش سەردانەکەی و تەنانەت لە گفتوگۆکانیشی لە فڕۆکەخانەی ئیاستانبوڵ بەگوێرەی ئارەزووی "تورک"ەکان نەجوڵاوەتەوە، ئەمەش لە پای خەختکردنەوەی ئەمریکا لە پێویستی پشتیوانکردنی کوردی سووریا بۆ ڕێگریی لەسەرهەڵدانەوەی داعش.
لە کاتێکدا کە ڕووخانی ئەسەد پێگەی ڕووسیا و ئێران لە سووریا لاواز دەکات، ئەگەری کشانەوەی تەواوی ڕووسیا لە سووریا نییە وڕەنگە ئێرانیش هێشتا چاوی لە دەستتێوەردانی سووریا بێت.
ڕەنگە ڕووسیا جەخت لە سەر پاراستنی بنکەی دەریایی خۆی لە "تەرتووس" بکاتەوە، لە کاتێکدا "ئێران" دەتوانێت لە ڕێگەی ڕێکخستنە ناوخۆییەکانەوە هەوڵی جمووجۆڵ بدات، چۆن میراتی چەکداری بەعس لە عێراق، بەردەوام فاکتەرێکی کارای ناجێگیری و تۆڵە سەندنەوە بووە، بۆ ئێرانیش سوود وەرگرتن لە هەمان میراتی عەلەوی بەعسیی سووری گریمانەیەکە.
سەبارەت بە تورکیا، دووبارە پەیوەندییە ستراتیژییەکەی لەگەڵ سووریا ڕێگەی پێ دەداتەوە توندتر بەرپەرچی ڕووسیا، ئێران و ئیسرائیل بداتەوە.
ئەمە ئەو دینامیکە نوێیانەیە کە دەرفەتی نوێ بۆ ئەنقەرە دەکەنەوە بەڵام تەحەددای بەڕێوەبردنی سووریایەکی چەند پارچەیش دروست دەکەن، کە چەندین ئەکتەر بەتایبەتی "کورد" تێدا فاکتەری ململاێی دەبن.
جەنگەکە جەنگی کوردە
ئەمریکا بە شێوەیەکی بابەتی سوورە لەسەر ئەوەی کە ڕۆڵی کوردەکان دەتوانێت هاوسەنگییەک دوست بکات بۆ ئەوەی سووریا نەبێتە کارگەی بەرهەم هێنانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و نەشبێتە مەترسی لەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل، لێرەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمریکا پێشبینی نەکراوە، بەڵام لە ژێر کاریگەریی "بنیامین ناتانیاهۆ" یشدایە، کە لەهاوسەنگکردنی سوریادا لەگەڵ ڕووسیا. عێراق، ئێران و ئەمریکا بەرژەوەندییەکانیان لە سووریایی نوێدا یەک دەگرنەوە.
جگە لە پرسی کورد، سەرهەڵدانی دەوڵەتێکی باڵادەستی سوننە لە سووریای دوای ئەسەد لەگەڵ دیدگەی تورکیا بۆ فراوانکردنی کاریگەری ئایدیۆلۆژی و سیاسی خۆی گونجاوە، هەرچەندە جگە لە خواستی "تورکیا"یش ڕەوا نەبوو "کەمینەیەکی عەلەوی" بۆ پەنجا و چوار ساڵ حوکمی "سووریایەکی زۆرینە سوننە" بکەن .
لەم دیدەوە، پشتیوانی تورکیایی دوای بەهاری عەرەبی لەسوننییەکان مۆدێلێکە ڕەگ و ڕیشەی لە تەماحە نیو- عوسمانییە فراوانەکانی ئەنقەرەدا هەیە، خواستی "تورکیا"یە ڕۆڵی سەرکردایەتی ناوەندگەرایی سوننە بۆخۆی جێگیر بکات وپێی بەرەنگاری پرسی کوردیش لە سوریا دەبێتەوە.
ڕەنگە ئەگەر تورکیا گرێی کوردی تێپەڕێنێت و هەستیاریی بەرامبەر کورد کەم بکاتەوە، ئەوە پاڵێوراوە بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی ڕووسیاو ئێران جێیان هێشتووە، پڕ بکاتەوە، چونکە هەرگیز بەئیسرائیل پڕ ناکرێتەوە.
دەشێت تورکیا، ئەمریکا و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش هەوڵ بدەن یارمەتی کوردی سووریا بدەن "خۆیان بگۆڕن"، "خۆیان بگۆڕن" ئەم پەیڤەبوو کە فیدان لە دڕێژەی یەکەم لێدوانی دوای ڕووخانی بەشار بۆ "پەیەدە" بەکاری هێنا.
لە مەودواش هەر گفتوگۆیەکی ئەمریکا و تورکیا دوورنییە زیاتر سەبارەت بە کوردی سوریا بێت. بەهێزبوون و هەژموونی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەدا وادەکات ئەمریکا ماوەیەک مل بۆ تورکیا نەدات و لەوانەیشە نەتەنیاهۆیش سووریایەکی ناوەندی سووننەی تورکی پێ پەسند نەبێت.
دوور نییە ئیسرائیل پێی وا بێت کە هەر ڕژێمێکی سوننەی سەر بە تورکیا لە دراوسیەتییەکەیدا دەتوانێت ئەو ناوچەیە کە لە ئێستاوە ناجێگیرە ناسەقامگیرتر بکات، بەتایبەتی ئەگەر بزووتنەوەی حەماس یان گروپەکانی دیکەی هاوپەیمانی تورکیا بەهێز بکاتەوە.
ئەم دیدگا کێبڕکێکارانە سووریا دەکەنەوە خاڵی سەرەکی ڕکابەریی جیۆپۆلەتیکی، چونکە هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ دەستەبەرکردنی کاریگەری تەواوەتی لەسووریا ڕەنگە بەهۆی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە سنووردار بکرێن.
پێ دەچێت ئامانجی سەردانەکەی بلینکن هەر بۆ ئەوەبێت تا دڵنیا بێت لەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سووریادا، بەهۆی گەشەسەندنی کاریگەرییەکانی تورکیا لە سووریایی دوای ئەسەددا لاواز نابێت.
دوور نییە ئەمریکا لە سەرانەکەی "بلینکن"دا تورکەکانی ئازار دابێت، چونکە لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ بەڕوونی پێیانی گوت جارێ ئەمریکا لەگەڵ کوردەکان دەمێنێتەوە، مانەوەیەک کەخواستی ئیسرائیل و فەرەنسا و بریتانیایشە.
ئەمەش هەڵچونێکی تورکی و سەردانی دوو وەزیر بۆ شام و دەستپێشخەری کردنەوەی کەناڵێکی دیپلۆماسی لە دیمەشق لێ کەوتەوە.
سەردانەکەی بلینکن، هەرچەندە بە ئاڕاستەی جەختکردنەوەیە لە لە پەیوەندی نەریتی تورکیا وئەمریکا، بەڵام جەختکردنەوەشە لەسەر ئاڵۆزی داینامیکی ئەمریکا وتورکیای دوای ئەسەد و بوونی فاکتەری کوردی.
سەرەنجام، سووریای نوێ، مەیدانی بەریەککەوتنی تورکیا وئیسرائیل دەبێت، کاریگەری هەر لایەکیان زیاتر بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی ترەمپەوە وا دەکات مەیدانی مانۆڕی زیاتر بێت، ئەمەش سووریا دەکاتە کارگەیەکی دروستکردنی ململانێی نوێ کە ماددە خاوەکەی پرسی کوردە لەسووریا دەبێت.
دوور نییە دواین لێدانە سەربازییەکانی ئیسرائیلیش بۆ پاشماوەی پێگە سەربازییەکانی سووریا، وەڵامدانەوەی دواین لێدوانەکانی تورکیا بێت کە جەختی کردەوە سووریایەکی مەرکەزی دێتە ئاراوە.