پێگەی ئاڵا لە دیدی ئیسلامدا
ئاڵا، هێماو پیشاندەری شوناسی نەتەوەییە، ڕەنگ و نەخشەکەی بەڵگەی بوونی ناسنامەی نەتەوەیەکی خاوەن جوگرافیا و زمان و فەرهەنگ و بوونە. بەدرێژایی مێژوو هەموو میللەتان بە جیاوازی شوێن و زمان و ئایینەوە ئاڵای خۆیان هەبووە، بەپێی تۆخبوونی چەمکی دەوڵەت و نەتەوەکان ئاڵا زیاتر ڕۆڵ و واتای خۆی دروست کردووە، لە ئێستادا ئاڵا وەک رەمزێکی دیار‌و سیمبولێکی هەڵقوڵاوی خاک و خەڵکی هەر وڵات و نەتەوەیەک پێگەو مانا‌و تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەر وڵاتێکیش بە ئاڵاکەیەوە دەناسرێتەوەو هەر ئاڵایەو بە شێوەیەک لە شێوەیەکان پێناسەی ئەو وڵاتەیەو تایبەتمەندیەکانی هەر وڵاتێک لە ناو ئاڵاکەیدا خۆی دەنوێنێت.
ئاڵای کوردستان بۆ یەکەم جار لە 17ی12ی1945 لە کۆماری کوردستان، لە مهاباد بەرز کرایەوەو بووە سیمبولی بەرخودان و شۆڕش و کڵپەی زەنگی شەڕەف و هەستانەوە و گیانفیدایی بۆ نەتەوەیەکی بەشمەینەتی زوڵم لێکراوی دابەشکراو، کە تایبەتمەندی و پێگەو واتا و مێژووی خۆی لەناو دڵی ملیۆنان ڕۆڵەی کورد جێگیر کردووە. پەرلەمانی کوردستانيش لە 19ی6ی2009 ڕۆژی 17ی کانونی یەکەمی وەک ڕۆژی ئاڵا دیاری کرد.
کورد مافی خۆیەتی وەک باقیی وڵاتان ئاڵای تایبەت بەخۆی هەبێت، نەخاسمە ئاڵایەک کە نەخشە و شێوەی لە بوونی ڕەنگی سوور و سپی و سەوز و خۆری بیست و یەک تیشکی، کە تەعبیرە لە مێژووی نەتەوەیەکی ستەم لێکراو بەدەستی دوژمنانی ڕێی خەبات و گەیشتن بە مافی چارەنووس و ئازادی و سەربەخۆیی. ڕەنگی سوور، بە واتای شۆڕش و شەهامەت و گیانفیدایی و خوێنی شەهیدان و هەستی پارێزگاری لە گەل و نیشتمان دێت. ڕەنگی سپی بە واتای گەلێکی ئاشتیخواز‌و مرۆڤدۆست و ژیانویستە. ڕەنگی سەوز بەمانای هیوا و ئارامی و سروشتی نیشتمان و ئاوەدانی و ژینگە و تەنانەت بەشێک لە فەرهەنگی وڵاتان دەیگێڕنەوە بۆ هەبوونی باوەڕی ئایینی، بۆیە زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامی ڕەنگی سەوز لە ئاڵاکانیاندا هەیە، خۆریش بەواتای جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی دێت.
بەدرێژایی مێژوو، هەموو گەلان سوودیان لەوە بینیوە، کە ئاڵای خۆیان هەبێت و لە کاتی ئاشتی و جەنگ و بۆنە و خۆشی و ناخۆشی و نمایش و کێبڕکێی سیاسی و دیبلۆماسی و سەربازی ئیرادە و بوونی خۆیان بسەلمێنن و گوزارشت لە هێز و توانا و تایبەتمەندی و کوڵتوور و پێکهاتەی نیشتمان و وڵاتەکەیان بکەن.
ئایینی پیرۆزی ئیسلام واقعیانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتە کردووە و ئەم جۆرە لە گوزارشت و شوناسی نەتەوەیی نەک ڕەفز ناکاتەوە، بەڵکو لەناو موسڵمانانیش شەرعیەت بە بوونی ئاڵا بۆ گوزارشت لە بوون و ناسین و سەروەری و ڕەمزی پێکهاتە و سیمبولی دەستی سەرکردەی پارێزەر دەدات و بە ڕەوای دەبینێ هەر گەل و میللەتێک ئاڵای خۆی هەبێت، تەنانەت پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ئاڵای هەبووە، وەک ئیبن عەباس ڕیوایەتی کردووە و دەفەرموێ: ئاڵای پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ڕەنگی ڕەش و سپی بووە. وە لەسەردەمی ئەودا هەڵکراوە و دراوەتە دەست کەسانێکی خاوەن هێز و ئیرادە بۆ پێشەنگی و سەرکردایەتیی ئەو دەستە و کۆمەڵەیەی لەشێوەی سوپا بۆی دیاری کراوە.
بەتایبەت لە کاتی جەنگدا، ئاڵا هێمایەک بووە بەدەستی سەرکردە بە مەبەستی یەکڕیزیی موسڵمانان و ئاراستەی جەنگاوەران و هێمایی یەکبوونی هەڵوێست و هیممەت و تۆکمەیی سوپا، تەنانەت کاتێک سوپای موسڵمانان لەگەڵ سوپای ڕۆم ڕووبەڕووبوونەوە، بەبایەخەوە ئاڵای موسڵمانان بەدەستی سەرکردەی دیار، زەیدی کوڕی حاریسەوە بوو، دواتر کەوتە دەستی جەعفەری کوڕی ئەبو تالیب و پاشان عبدالله کوڕی ڕەواحە و ئینجا خالیدی کوڕی وەلید و نەیانهێشت ئاڵاکە بکەوێت. ئەمەش بەڵگە و ئاماژەیە کە ئاڵا لە ناو فەرهەنگی ئیسلامی‌دا ڕەمزی سەرکەوتن و شکۆمەندی و بەهێزی و پاراستن و هەستی بەرگری و نەکەوتنە، ئەمە وێڕای ئەوەی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ڕێگەی داوە هەر گەل و هۆزێک ئاڵای تایبەت بە خۆیان هەبێت، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیە، کە ئیسلام دانی بە ماف و سەروەری و تایبەتمەندی هەر گەل و هۆزێک ناوە تا بتوانن بەپێی مومارەسەی ئازادی و گەیشتن بەماف و پاراستنی سنووری یەکتری لە چوارچێوەی نیشتمانێک کۆببنەوە و ڕێز لە جیاوازی و شوناسی یەکترو چەمکی ئینسانیبوون بگرن. بۆیەش لەدوای پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لەسەردەمی خەلافەتی ڕاشیدین و دەوڵەتی ئەمەوی و عەباسی تا دەگاتە دەوڵەتی عوسمانی ئاڵا هەبووە و هێمای هێز و تایبەتمەندی خۆی بووە.
بایه‌خدانی ئیسلام به ئاڵا، لەبەر ئەوەیە کە ئاڵا چەترو کۆکەرەوەی وزەو هێز و ئیرادەی گەل و نەتەوەکانە و هۆکاری بەستنەوەی تاکە بە نیشتمانەکەی و هێمانی شارستانیەت و پێشکەوتن و سەرکەوتن و پارێزگاریکردنە، چونكه هه‌ستی پارێزگاری و داكۆكی كردن له هێماو سیمبول و مافی نه‌ته‌وه‌یی له دیدی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) هه‌ستێكی زیندووه بووه، به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی حه‌زی كردووه مرۆڤ له‌ژێر ئاڵای نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی ببینێته‌وه یان بۆ ئامانجی خۆپارێزی و پاراستنی عه‌قیده‌و كه‌ڕامه‌ت و خاك و خه‌ڵكی خۆی بجه‌نگێت، هه‌ر وه‌كو له‌م فه‌رمووده‌یه هاتووه: (عن عَمَّارٍ أَنَّ النبي -صلى اللَّهُ عليه وسلم- كان يَسْتَحِبُّ لِلرَّجُلِ أَنْ يُقَاتِلَ تَحْتَ رَايَةِ قَوْمِهِ)، واته: له عه‌مماره‌وه گێڕدراوه‌ته‌وه، كه پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) حه‌زو ئاره‌زووی له‌وه بووه هه‌ر كه‌سه له ژێر ئاڵای هۆز و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیدا بجه‌نگێت.
له‌فه‌رمووده‌یه‌كی تر هاتووه: عَنْ جَابِرٍ – رضي الله عنه، يَرْفَعُهُ إِلَى النَّبِيِّ - صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: ( أَنَّهُ كَانَ لِوَاؤُهُ يَوْمَ دَخَلَ مَكَّةَ أَبْيَضَ)، واته: كاتێ پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) چووه ناو مه‌ككه‌ی پیرۆزه‌وه ڕه‌نگی ئاڵاكه‌ی سپی بووه.
به‌پێی ده‌رهاوێشته و بنچینه‌ییه‌كانی ئه‌و فه‌رموودانه‌ی سه‌ره‌وه، وه‌ك چۆن پاراستن و پارێزگاری له سامان و شه‌ره‌ف و دین و ژینی مرۆڤ ئه‌ركێكی پێویسته، به‌هه‌مان شێوه كاتێ كۆمه‌ڵگه‌و كیان و نیشتمانیش ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه پارێزگاریی پێویسته و ئۆباڵی دیفاع و پاراستنی هێمای نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی تاكه‌كانه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی کەوتە پشێوی و ناسەقامگیری، ئه‌وه سه‌رجه‌م بەر‌ژه‌وه‌ندییه تایبه‌تی و گشتیه‌كانیش ده‌كه‌ونه به‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیه‌وه، وە هه‌ر كات ده‌ستێكی ده‌ره‌كی هێڕشی هێنایه سه‌ر نیشتمان و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خسته مه‌ترسی، دیفاع کردن واجبە و ده‌بێ ئه‌م دیفاع كردنه‌ش وه‌ك به‌شێك له دینداری سه‌یر بكرێت.
سەرەڕای ئەمەش، ئاماژه‌یه به بوونی هه‌ستی پارێزگاریكردن و نیشتمانپه‌روه‌ری و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری خۆڕسك، له‌هه‌مان كات هێمایه به‌وه‌ی مرۆڤ له چوارچێوه‌ی ئه‌م هه‌ست و هه‌ڵوێسته ئاماده نییه ئاڵای نه‌ته‌وه‌كه‌ی بنه‌وێت و شكست بخوات، چونكه وه‌ستان و جه‌نگان و پارێزگاری هه‌ر كه‌سێك له ژێر ئاڵای نه‌ته‌وه‌كه‌ی، نه‌ك هه‌ر كارێكی چاكه، به‌ڵكو له‌لایه‌ن پێغه‌مبه‌ره‌وه (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) كارێكی باش و فه‌رمان پێكراویشه.
كه‌واته بۆ ئێمه‌ی كورد كه خاوه‌ن دەوڵەتی سه‌ربه‌خۆ نین پێویسته ئاڵا زۆر گرنگ بێت، وه به‌چاوی ڕێز و شكۆوه لێی بڕوانین و بیكه‌ینه هێما و سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی و به‌هه‌موو توانایه‌كه‌وه پارێزگاری لێ بكه‌ین و وه‌ك په‌رچه‌می وڵات و هه‌وێنی ئاشتی و کوردایەتی و قوڵكردنه‌وه‌ی هه‌ستی نیشتمانی و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی سه‌یری بكه‌ین.
چونكه پارێزگاری كردن له ئاڵا به ڕه‌نگ و نه‌خشه و ماناكانی چ وه‌ك كورد و چ وه‌ك موسڵمان، ئه‌ركێكی ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه، پارێزگاریییە لە سیمبولی نیشتمان و كیان و مێژوو و خوێنی شه‌هیدان و مافی گه‌یشتن به چاره‌نووس و سه‌ربه‌خۆیی و پاراستنی كه‌رامه‌ت و شكۆمه‌ندی و شانازییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان.