پۆڵا سه‌عید
نووسەر
میدیا و سۆسیال میدیا له کۆمه‌ڵگەی کوردییدا
به گشتیی له ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵاتدا پێناسێکی هه‌ڵه‌ی ئه‌وروپا ده‌کرێت
له گه‌شه‌ی ده‌روونیی پێشینه‌ی منداڵییدا، کاتێک منداڵ هه‌رگیز گوێی لێ نه‌گیراوه، به‌رده‌وام سنوری بۆ دانراوه، به‌رده‌وام ڕێگریی لێکراوه چ فیزیکیی و چ ده‌روونیی، ناتوانرێت چاوه‌ڕوانی که‌ڕاکته‌رێکی چه‌سپیو و سه‌قامگیری لێبکرێت. به‌شێکی زۆری ئه‌م منداڵانه له ئاینده‌دا به گشتیی تووشی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی گه‌وره‌ی تێکچوونی که‌سایه‌تیی ده‌بن و ئه‌وانه‌شی زۆر سه‌خت په‌روه‌رده کراون، مه‌ترسیی لێکه‌وتنه‌وه‌ی سایکۆپاتییان لێده‌کرێت.
به گشتیی له ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵاتدا پێناسێکی هه‌ڵه‌ی ئه‌وروپا ده‌کرێت، که به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئاینیی ئیسلامییه، وه‌ک ململانێیه‌کی ده‌روونیی پڕاکتیزه ده‌کرێت، ئه‌ویش به‌وه‌ی، که په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئه‌وروپاییه‌کان، په‌یوه‌ندییه‌کی سارد و سڕ و لاوازه، به‌تایبه‌ت له خێزاندا. ئه‌وه‌ی له ئه‌وروپادا ده‌ژیی و خاوه‌نی تێکه‌ڵبوونێکی چڕوپڕه و ژیانی ئه‌وروپییه‌کان ده‌ژیی، ڕاسته‌وخۆ ده‌توانێت، پێچه‌وانه‌که‌ی ئه‌م پێوابوونه بسه‌لمێنێت. له هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کدا دابڕان هه‌یه، ساردیی په‌یوه‌ندیی هه‌یه، ئه‌مه‌ش ناکرێت بکرێت به پێناسێکی گشتیی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک یاخوود بۆ کیشوه‌رێک. ئه‌و لێدابڕان و سارد و سڕییه‌ی له‌ناو کوردداهه‌یه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش له‌ناو ئه‌وروپییه‌کاندا هه‌یه، هه‌ربۆیه داهێنانی سۆسیال میدیا، به‌رهه‌می سارد و سڕیی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئه‌وروپیی و ئه‌مێریکا نییه.
سه‌ره‌تا له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئینته‌رنێته‌وه له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان، به‌شێکی گه‌وره‌ی داهێنانه ئینته‌رنێتییه‌کان له‌سه‌ر ده‌ستی گه‌نجان بوو. گه‌نجانی زانکۆیه‌ک، شارێک شارۆچکه‌یه‌ک، خاوه‌نی په‌یوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌هێز بوون و خاوه‌نی چالاکیی کۆمه‌ڵایه‌تیی زۆر بوون، لێ گه‌نجان ده‌یانویست ئه‌م سنوره تێپه‌ڕنن. تێپه‌ڕاندنی ئه‌م سنوره‌ش به که‌متریین تێچوون له ڕێگای ئینته‌رنێته‌وه بوو. گه‌نجان نه‌یانده‌ویست ته‌نها سڵاو له یه‌کتر بکه‌ن و چێت بکه‌ن، به‌ڵکوو زیاتریان ده‌ویست، بۆ نموونه وێنه و ڤیدیۆ. گه‌شه‌کردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه له ڕێگای ئینته‌رنێته‌وه، بووه هۆی کرانه‌وه‌ی تاک و کۆ. دیاره سه‌ره‌تا تاک ڕیالیزه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد، که ئه‌وه‌ی ده‌یکات به‌شێکه له ڕیالیتێت، به‌ڵکوو تاک وه‌ک یارییه‌ک ته‌ماشای جیهانی ئینته‌رنێتی ده‌کرد، تا دواجار ناچاری بینینی ئه‌م ڕیالیتێته بوو. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که چیی وه‌هایکرد، که تاک هه‌ست به‌م ڕیالیتێته بکات؟ وه‌ڵام، بڵاوبوونه‌وه‌ی کرده‌کانیان وه‌ک وێنه و ڤیدیۆ. سه‌ره‌تا له یوتووپدا پاشان به هاتنی فه‌یسبووک تاک ناچاری ئه‌وه بوو، که ملکه‌چی ڕاستییه‌ک بێت، که چیدی ناونانرێت ڕیالیتێتی فیرتوێل، به‌ڵکوو جیهانی ئینته‌رنێت به‌شێکی گه‌وره‌ی ڕیالیتێتی ژیانی ڕۆژانه‌مانه. ئه‌م گۆڕانه زیانێکی گه‌وره‌شی به پیشه‌سازیی پۆڕنۆ گه‌یاند، چونکه ئه‌وانه‌ی، که پێیانوابوو، که یارییه‌کی فیرتوێل ده‌که‌ن، دواجار تێگه‌یشتن له‌وه‌ی، که ئه‌وان هیچ ناکه‌ن، بێجگه له نیشاندانی توانایه‌ک، که پێشتر په‌یان پێنه‌بردووه. ئه‌وانه‌شی له‌م یارییه فیرتوێله‌دا ده‌ستخۆشییان له‌و خه‌ڵکانه کردووه هه‌مانشێوه‌یه. به‌مشێوه‌یه کاتێک ئه‌مانه به یه‌ک ده‌گه‌ن، مامه‌ڵه‌کانیان زۆر نۆرماڵ له‌گه‌ڵ یه‌کترییدا وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ش بووه هۆی هێنانه‌کایه‌وه‌ی مۆدێکی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تیی، که سه‌ره‌تا ئه‌وروپییه‌کانی تووشی شۆک کرد و دوای دوو ده‌یه‌ش ئه‌م شۆکه له ئه‌وروپاوه ده‌گاته کوردستان. سه‌رنج بده له ئینته‌رنێتدا چی ده‌بینیت له ژیانی کورددا، ئه‌وه‌شی له ئینته‌رنێتدا ده‌یبینیت، هه‌مان ڕیالیتێته، که له ژیانی ڕۆژانه‌دا تێیدا ده‌ژیین. ئه‌وه‌ی له میدیا و له سۆسیال میدیادا مرۆڤێکی باشه، له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌شدا مرۆڤێکی باشه، ئه‌وه‌ی خراپه و جنێوفرۆشه هه‌مانشێوه، ئه‌وه‌ی سێکسوال چالاکه هه‌مانشێوه ...تد.
که‌ڕاکته‌ری تاک فاکتۆرێکی، فاکته‌رێکی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌کانی تاک له سۆسیال میدیادا. چه‌ند که‌سایه‌تیی تاک شێواو بێت، ئه‌وه‌نده مامه‌ڵه‌کانی له سۆسیال میدیادا جیاوازتره، هه‌تا ئاستی تووندوتیژیی ده‌روونیی، تیرۆری ده‌روونیی. ئه‌گه‌ر تاکێکی وه‌ها له سۆسیال میدیادا هه‌ڕه‌شه له که‌سێک بکات، ئه‌وا له پراکتیکیشدا ده‌یکات و هه‌ڕه‌شه‌که‌ی فیزیکییه‌ن پراکتیزه ده‌کات.
هه‌روه‌کوو چلۆن مێشک له چالاکییه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌دا کۆمه‌ڵێک هۆڕمۆن ده‌ڕژێنێت، ئاوهاش له به‌کارهێنانی سۆسیال میدیادا کۆمه‌ڵێک هۆڕمۆن ده‌ڕژێنێت، به‌تایبه‌ت دۆپامین و ئۆکسیتۆسین. مێشک دۆپامین ده‌ڕژێنێت هه‌تاوه‌کوو بتوانین بجوڵێین، له بچووکتریین جوڵه‌وه هه‌تاوه‌کوو ڕاکردن، لێ دۆپامین توانای تریشی هه‌یه، بۆ نموونه گه‌یشتن به پێشبینیی. ئه‌م چالاکییانه وه‌ها ده‌کات، که تاک به‌دمه‌ست بێت، به نارکۆیه‌که‌وه، که خودی خۆی به‌رهه‌می ده‌هێنێت، نه‌ک له بازاڕی ڕه‌شدا بیکرێت وه‌ک هه‌ش و هیرۆین و ئه‌مبیفیتامین و ...تد. هه‌ندێک پێیانوایه، که تاک به‌دمه‌سته به سۆسیال میدیاوه، لێ ڕاستی ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه، که تاک به‌دمه‌سته به دۆپامینه‌وه، نارکۆیه‌ک، که خۆی به‌رهه‌میدێنێت، نه‌ک له بازاڕی ڕه‌شدا بیکڕێت. سۆسیال میدیا ته‌نها ئامڕازێکه بۆ گه‌یشتن به دۆپامین. کاتێک مێشک دۆپامین زیاتر له‌وه ده‌ڕژێنێت، که له‌ش پێویستیه‌تی، ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی پسیشۆزه، سایکۆسیس. ئه‌م دۆخه تاک ده‌کاته خاوه‌نی بوونێک، که ته‌نها بۆ خودی تاک ڕیاله. بۆ نموونه ئه‌و تاکانه‌ی، که له سۆسیال میدیادا به‌هۆی که‌ڕاکته‌ری تێکچوویانه‌وه، پراکتیزه‌ی شه‌ڕانگێزییه‌ک ده‌که‌ن و پێیانوایه، که ئه‌وان پاڵه‌وانن، زانان، سیاسیین، کۆمیدین ...تد. به‌هۆی گوێلێگرتنیانه‌وه ده‌بنه خاوه‌نی باوه‌ڕێک، که ڕیالیتێکیان وه‌ک ده‌رکه‌وته‌یه‌ک پێده‌دات. دواجار ئه‌مانه به‌خته‌وه‌ر و دڵخۆشن، چونکه به‌ده‌ر له دۆپامین، مێشک هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسینیش ده‌ڕژێنێت. هه‌ربۆیه له‌کاتی تووندوتیژتریین جنێوداندا، تاک قاقا پێده‌که‌نێت.
له‌لای هه‌ندێک به‌کارهێنه‌ر، که خاوه‌نی ستراکتوری که‌ڕاکته‌رێکی ترن، بۆ نموونه شه‌ڕانگێز و جنێوده‌ر نین له به‌کارهێنانی سۆسیال میدیادا، مێشکیان ئۆکسیتۆسینێکی زیاتر ده‌ڕژێنێت وه‌ک له‌وه‌ی له ژیانی ڕۆژانه‌دا هه‌یه‌تی. بۆ نموونه مێشک ئۆکسیتۆسینێکی زیاتر ده‌ڕژێنێت، کاتێک مرۆڤ سێکسوێل ئه‌کتیڤه، کاتێک له باروودۆخێکی دڵخۆشدا قاقا پێده‌که‌نێت. ئه‌م تاکانه‌ش له ڕێگای به‌کارهێنانی سۆسیال میدیاوه، به‌تایبه‌ت کاتێک کۆمه‌ڵێک کۆمێنتی دڵخۆشکه‌ریان بۆ دێت، کۆمه‌ڵێک ڵایکی پڕ دڵیان بۆ دێت، مێشکیان ئۆکسیتۆسینێکی زیاتر ده‌ڕژێنێت. کۆمه‌ڵێک پشکنینی نۆیرۆلۆگیی هه‌ن، که ئه‌م پرۆسێسانه له مێشک‌دا ده‌سه‌لمێنن. لێره‌دا تاک، به‌تایبه‌ت کچان، ڕۆژانه زیاتر خه‌ریکی ئاڕایشتن، جلی جوانتر و دیارتر له‌به‌رده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر خۆشه‌ویست بن، به‌مشێوه‌یه تاک خۆی له ڕێگای چالاکییه‌کانی سۆسیال میدیایه‌وه به‌خته‌وه‌رتره. تاک به‌دمه‌سته به ئۆکسیتۆسینه‌وه نه‌ک به سۆسیال میدیاوه، چونکه سۆسیال میدیا ته‌نها ئامڕازێکه بۆ گه‌یشتن به ئۆکسیتۆسین، هه‌روه‌کوو چلۆن ماچکردن و سێکسکردن ئامڕازن بۆ گه‌یشتن به ئۆکسیتۆسین. حه‌زمان له ماچکردن و سێکسکردنه، چونکه ده‌مانه‌وێت به‌خته‌وه‌ربین، کاتێکیش هه‌ست به‌م به‌خته‌وه‌رییه ده‌که‌ین، که مێشکمان ئۆکسیتۆسینێکی زۆر ده‌ڕژێنێت.
لێ ڕشتنی ئۆکسیتۆسین له ڕێگای سۆسیال میدیاوه بێ زیان نییه، به‌تایبه‌ت بۆ کچان و ژنان. چونکه له ڕێگای ئه‌م ڕشتنی ئۆکسیتۆسینه‌وه تاکی سۆسیال میدیا به‌کارهێنه‌ر ده‌بێته خاوه‌نی باوه‌ڕێکی گه‌وره به به‌رانبه‌ر، ئیمپاتیی هه‌یه بۆ به‌رانبه‌ر و دڵگه‌وره‌یه. له‌م ڕێگایه‌وه کچان خۆیان ڕووتده‌که‌نه‌وه، ڤیدیۆی سێکسیی له‌گه‌ڵ به‌رانبه‌ردا ده‌که‌ن، پاره ده‌نێرن بۆ به‌رانبه‌ره‌کانیان ...تد. له میدیاکانی ئه‌وروپادا چه‌نده‌ها به‌رنامه‌ی دۆکومێنتاریی له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوانه هه‌ن، که ژنانی ئه‌وروپیی پاره‌یه‌کی زۆریان بۆ پیاوان ناردووه بۆ نموونه له مه‌غریب، تورکیا، میسر، یاخوود ئه‌و سه‌ربازه ئه‌مێریکییانه‌ی، که له ئێراق و سوریا‌و ئه‌ڤغانستان نیشته‌جێکراون.
مه‌رج نییه له سۆسیال میدیادا شه‌ڕانگێزیی و جنێودان بوونی هه‌بێت، به‌ڵکوو له میدیاشدا، ته‌ماشای به‌شێک له ڕۆژنامه ئێلێکترۆنییه‌کان و سایته کوردییه‌کان بکه و ده‌بینیت، ئه‌و جنێوه‌ی له سۆسیال میدیادا ده‌درێت، له‌لای ئه‌وانیش چ ده‌درێت و چ ده‌نووسرێته‌وه. ته‌ماشای ئه‌و کۆمێنتانه بکه، که له لاپه‌ڕه‌ی که‌ناڵه‌کانی تێلێڤیزیۆن له فه‌یسبووکدا ده‌نووسرێت. به‌ڵام چونکه تێلێڤیزیۆنه‌کان خاوه‌نی فیلته‌رێک نین، به‌شداربوان به ئاره‌زوو و ویستی خۆیان ده‌نووسن و جنێو ده‌ده‌ن، له‌کاتێکدا ئه‌رکی که‌ناڵه‌که‌یه، که فیلته‌ر دابنێت و سنور پیشانی به‌شداربوان بدات. ده‌بێت جیاوازیی بکرێت له‌نێوانی جنێودان و ئازادیی ڕاده‌ربڕیندا، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی بۆ نموونه دکتۆرێک قسه له‌سه‌ر نه‌خۆشیی کۆرۆنا ده‌کات، که‌چی له کۆمێنتدا بۆی ده‌نووسن، هه‌قمان نییه، کوا چوار سه‌د میلیارده‌که. یان ڕێکلام بۆ گرووپ و سایت و چه‌نده‌ها که‌ره‌سته ده‌کرێت. وێڕای ئه‌وه‌ی، ئه‌م دیارده‌یه، هه‌ژاریی ئه‌قڵی کۆمێنتنووسان ده‌رده‌خات، هه‌مانکاتیش که‌ناڵه‌کان ده‌بێت ڕێگایان پێنه‌ده‌ن.
ئه‌وانه‌ی له سۆسیال میدیای کوردییدا شه‌ڕانگێز و جنێوفرۆشن، به‌شێکیان سایکۆپاتن، به‌شێکیان بۆرده‌ڵاینن و به‌شێکیش خاوه‌نی جۆره شێواندنێکی که‌ڕاکته‌رن، که پۆلێنێکردنێکی تریان پێده‌درێت. له‌ناو ئه‌مانه‌شدا خه‌ڵکانێکی نارسیسیستمان هه‌یه، که پێکهاته‌یه‌کن له کۆیه‌کی تێکه‌ڵ له خه‌ڵکانی ساده، هونه‌رمه‌ند، نووسه‌ر، سیاسیی و چالاکوان. ئه‌مانه‌ش به‌شێوه‌یه‌ک بوونه‌ته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی زیانێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی، که دواجار کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕه‌وشی سیاسیی کوردستان ده‌بێت. بیهێنه به‌رده‌می خۆت، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌موو ساڵه، سۆسیال میدیا بۆ چالاکییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌کاربهێنرایه، ئاخۆ ئیمڕۆ ده‌گه‌یشتین به چیی؟ بیهێنه به‌رده‌می خۆت، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌موو ساڵه، به‌شێک له سۆسیال میدیا بۆ تێکۆشانی کورد به‌کاربهێنرایه، بۆ گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی به‌کاربهێنرایه، ئاخۆ ئیمڕۆ ده‌گه‌یشتین به چیی؟ ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که سه‌ربه‌خۆیی بۆ کورد هه‌موو شت نییه، به‌ڵام هه‌موو شت به‌بێ سه‌ربه‌خۆیی بۆ کورد هیچه.