
د. سامان سۆرانی
نووسەر
خوێندنەوەیەکی کوردستانی بۆ چەمکی دەوڵەت

دەوڵەت، کە هەڵگری ئامانجێکی سەرەکییە، بە باڵاترین و گرینگترین دەزگای سیاسی دادەنرێ بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کاروباری تاک و کۆمەڵ.
پێویستە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای قەناعەت و متمانە و کارلێکێکی ئەرێنی ئازادانە بێت، تا بتوانرێت شەفافییەت و بەدامەزراوەیی کردن و چەسپاندنی یاسا دەستەبەر بکرێت.
کارکردن بۆ نەهێشتنی دۆخی هەست بە بوون نەکردن و پەراوێزخستن لە دڵی گەل و چاندنی هیوا لە تێڕوانینەکانی دا گەشە بەو هۆشیارییە دەدات، کە گەل دڵنیابێ لەوەی، وەرچەرخان و پێشکەوتن ئەگەری هەیە و واقیعێکە و ڕوودەدات.
ئەگەر دەوڵەتی مەدەنی لەسەر بنەماکانی یاسا دامەزرابێت، بەتایبەتی لەبواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەوا بە دڵنییایەوە لەڕووی ئیدارییەوە سەردەکەوێت.
یاسا هاوچەرخەکان دەتوانن ژیانی ئەندامانی کۆمەڵگە بپارێزن و ڕێکیان بخەن و پەرەیان پێ بدەن، تاوەکوو تاك لە مامەڵەی ڕۆژانەی لە سایەیاندا لە چوارچێوەی کۆمەڵگە هەست بە ئاسوودەیی بکات.
مسۆگەر کردنی سەروەری یاسا ئامرازێکی پێویستە بۆ ئازادی تاکەکەس و بنەمایەکی ڕەوای یاساییشە بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵات.
فەلسەفەی بەڕێوەبردنی ئاڵۆگۆڕی بیروڕا لە ناو ژیانی دەوڵەتەکان بابەتێکی پێویستە، چونکە بە نەبوونی ئاڵۆگۆڕی بیروڕا لەسەر ئاستی نوێنەرانی گەل دەوڵەت هیچ مانایەکی نابێ، کەواتە گۆڕینەوەی ڕا و بۆچوون ڕۆحی دەوڵەت و بڕبڕەی پشتییەتی.
لەگەڵ ئەوەی ڕێبازی بارزانی نەمر وەکوو پاشخانێکی هزری و فەلسەفی دەوڵەمەنەد لە ئاکاری بەرز بۆ بەهێزکردنی جەستەی کوردبوونێکی شارستانی و هاوچەرخ و ئەو پاشخانە بووە بە قیبلەنومایەك بێت بۆ گەیشتن بە ئاسۆی ئایندە و دەستەبەرکردنی دەوڵەتی کوردستان، دەبینین لە هەرێمی کوردستان هەوڵێکی بەردەوام هەیە، بۆ سوودوەرگرتن لەئەزموونی گەلان، بە مەبەستی دانانی بەردی بناغەی نوێ بۆ پەیمانێکی کۆمەلایەتی تازە، کە ڕێگە بە گەلی کوردستان بدات، بناغە دابنێت بۆ دەوڵەتێکی هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە.
ئەگەر بە ووردی تەماشای ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان بکەین، کە پێویستە بە زووترین کات لە دۆخی چەقبەستووی ڕەشنووسی دەربچێت و لەم خولەی پەرلەمان بە باشترین شێوە هەموا بکرێ و لە ڕێگەی کۆدەنگی ڕەها گەلی کوردستان بە ڕاپرسی دەنگی لەسەر بدات، ئەوا دەبینین، وەکوو چۆن فەیلەسوفی ئەڵمانی یورگن هابەرماس باس لە بیرۆکەی "هاووڵاتیبوونی دەستووری" دەکات و دەڵێ: "ئەو بیرۆکەیە بناغەی دەوڵەتی مەدەنی و یەکەم پێکهاتەیەتی"، دەبینین ناوەرۆکی دەستوری هەرێم جەخت لەسەر بێگەردی هەڵبژاردن لە پرۆسەی سیاسیدا دەکاتەوە و ئەرك و بەرپرسیارێتییەکانی هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێ بەجێکردن و داد پێناسە دەکات.
لە لایەکی ترەوە کارێکی ماندوونەناسانە هەیە بۆ پلەبەندی ڕێسای یاساییەکان، هەر لە یاسای دەستوورییەوە بگرە تا دەگاتە بڕیاری تاکەکەسی، کە لەلایەن دەسەڵاتێکی کارگێڕی نزمتر کۆتایی دێت. بەم شێوەیە یاسای نزمتر بەبێ ناکۆکی و بە تەبایی پابەند دەبێت بە یاسای باڵاتر.
سەبارەت بە دەسەڵات، ئەوا ئەو بابەتە بە پرۆسەی ملکەچبوونێکی تەواو بۆ یاسا تێدەپەڕێ، بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا هیچ کارێکی کارگێڕی یان بڕیارێکی جێ بەجێکاری، یان کردارێکی ماددی نەگیرێتەبەر ئەگەر بە گوێرەی یاسا نەبێت.
لەو دەستورە داننان بە ماف و ئازادییەکانی تاک ئاماژەی پێ دەکرێت، کە گەرەنتییەکە بۆ ئەوەی تاکەکان چێژ لە ئازادییە گشتییەکان و مافەکانیان وەکوو تاك وەربگرن.
پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەهەرێم بناغەیەکی پتەو دەبێت بۆ ڕێگرتن لەسەرهەڵدانی ستەم و گەرەنتییەکی بنەڕەتی و کاریگەر دەبێت بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانی تاك و ملکەچکردنی دەسەڵات و خودی دەوڵەت بۆ یاسا.
بەهۆی چاودێری دادوەری، کە لەسەر بنەمای سیستەمە یاساییە هاوچەرخەکان دادەمەزرێ، تاکەکان میکانیزمێکیان بەدەستەوە دەبێت، لە ڕێگەیەوە دەتوانن پەنا بۆ دەزگایەکی سەربەخۆ ببەن، بۆ هەڵوەشاندنەوە یان هەموارکردنەوەی ئەو کارانەی کە لەلایەن دەسەڵاتە گشتییەکانەوە ئەنجامدراوە و تیایدا پێشێلی یاسا بەرکارەکانی کردووە.
حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی کابینەی دەیەم بە سەرۆکایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی، هەنگاوی گەورەی ناوە بەرەو جێبەجێکردنی سیستەمی دێموکراسی، دەبینڕی چۆن هاووڵاتیان سوود لە مافی خۆیان وەردەگرن، تا لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە فەرمانڕەوای خۆیان هەڵبژێرن، یان بە هەڵنەبژاردنی لەسەر کار لای بدەن. ئەمانە توخم و گەرەنتیی دەوڵەتی مەدەنی هاوچەرخن.
هەر لە سایەی حکومەتی هەرێمەوە، سەقامگیری هەرێم لە ڕووی ئاسایشێیەوە هۆکارێکی سەرەکی گەشەسەندنی ئابووری هەرێمی کوردستانە.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، جدیەتی کابینەی نۆی حکومەت بووە لە پێدانی ڕۆڵی گەورەتر بە نوخبە ڕۆشنبیرەکانی پەیمانگە و زانکۆکانی وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ کاریگەریکردن لەسەر پرۆسەی گواستنەوەی بەها و ستانداردەکان و جێبەجێکردنی سیاسەتی ڕیشەکێشکردنی بیرۆکراسی کارگێڕی و گەندەڵی دارایی و ئیداری، چونکە ئەگەر ئەو لایەنانە چارەسەر نەکرێن، ئەوا هەر وەکوو کۆسپ و ئالنگاری لەبەردەم پرۆسەی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی دەمێنێتەوە.
ئەوەی پێویستە لێرەدا جەختی لەسەر بکەینەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی لە هاوکێشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویانداوە و لە داهاتوویەکی نزیك ڕوودەدەن، بە ئامادەبوونی ناوچەکە بۆ هەنگاونان بەرەو ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ، چەمکی دەوڵەتە لە هزری گەلی کوردستان. ئەم دیاردەیە ئەمڕۆ بەرجەستەکردنی ئیرادەی هاووڵاتییە لە چوارچێوەیەکی یەکسانی ماف و ئەرکدا لەسەر بنەمای دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی.
لەوانەیە هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە و لە داهاتووشدا ڕووبەڕووی ژمارەیەك ئالنگاری ببێتەوە، کە لە ئالنگارییەکانی ڕابردوو ئاڵۆزترن، چونکە ئەم سەردەمەی ئێمە هەنگاوی بۆ دەنێین، وەکوو هەندێ لە بیرمەند و فەیلەسوفان ڕای لەسەر دەدەن، گوایە هیچ شتێک وەکوو خۆی ناهێڵێتەوە، نە ئایین، نە مۆدێرنیتە، نە کۆمەڵگە، نە دەوڵەت، نە فەندەمێنتالیستی، نە عەلمانییەت، نە ئیسلامگەرایی، نە چەپگەرایی. هەروەها ناکرێت گەلی کوردستان لە شۆڕشی زانست و تەکنەلۆژیا و گەیاندن و زانیاری و دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دوور بکەوێتەوە.
هەموو شتێک، چ خودی بێت یان کرداری و کەسی بێت، پێویستە بخرێتە سەر مێز و خوێندنەوە و توێکاری بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی دووبارە لێكبدرێتەوە و کۆبکرێتەوە و بەکار بهێنرێت و بخرێتە گەڕ.
بە هەبوونی زیاتر لە ٤٠ نێردەی دیبلۆماسی وڵاتان لە هەرێم و سەرباری هەموو ئەو وەبەرهێنانە گەورانەی نەتەوە جیاوازەکان لە هەرێم ئەنجامی دەدەن، ئێمە دابڕانێکی گەورە لە ناوەوە و دەرەوە نابینین. ئەمەش ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکات، کەوا جیهانگیریی سەردەم بێجگە لە پەراوێزخستن، کەس لە دەرەوەی خۆی ناهێڵێتەوە. واتە ئەوانە خۆیان لەگەڵ ئەم سەردەمە نەگونجێنن، لە دەرەوەی بازنە دەمێننەوە.
ئەوەی لە ڕێگە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕای گشتی بۆ ئێمە دەرکەوتووە، ئەوەیە، کەوا چەمکی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان کریستالیزە بووە، ئەو دەوڵەتەی، کە پشت بە بەشداری کاریگەر لە گەشەپێدان دەبەستێت و حوکمڕانی باش پراکتیزە دەکات و کراوەیە لە سەر ئاستی مرۆیی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
لە کۆتاییدا دەڵێین، هەر کەسێ دژ بە چەمکی دەوڵەت لە هزری کوردستانییەکان بوەستێتەوە، متمانە و شەرعییەتی خۆی و کاریگەری لەدەست دەدات، چونکە بەو هەڵوێستەی تانە لە دێموکراسییەت دەدات و دواجار سەرکەوتوو نابێت لە پشکداربوونێکی ئەرێنی لە مۆدێرنیتەدا، سەرەڕای ئەوەی وەکوو مێژوو و ئەزموون پێمان دەڵێ، لەناو جیهانێکی گلۆبال بە پەراوێزی دەمێنێەوە.