
هێمن دەلۆ
پەیامنێر
هاوارەکانی مام سابیر گەیشت و مرازی ئێمەش حاسڵ بوو

زیاتر لە حەوت ساڵە کون و قوژبنی ئەو گوندانەمان کردووە کە مەترسی تەعریب و داگیرکارییان لەسەر بووە، سنووری سەرگەڕان، دووبز، داقوق، حەفتەغار، لەیلان، شوان و ساڵەیی.
هەمیشە کێشەی خاکمان لەپێشینەی کارەکانمانەوە داناوە، ئەگەر لە کارەکانی ڕابردوومان تەنیا لایەنگیریمان کردبێت لەپیشەکەمان ئەوا بۆ جووتیاران و لەبەر خاتری خاک و پیرۆزی خاک بووە، خۆڕاگری جووتیاران و پێداگرییان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەعریب هەمیشە وزە و تینی زیاتری بە ئێمە داوە. هەمووجار کە ڕاپۆرتمان کردووە بەدڵ و بەگیان وشەی جوانمانل هۆنیوەتەوە و لە یەخەی جووتیارانمانداوە و بەرپرسان و سەرکردایەتی سیاسی کوردمان لێ ئاگەدار کردووەتەوە، من وەکو ڕۆژنامەنووسێک ئێستا لە دوای بەدیهاتنی ئاواتی دەیانساڵی جووتیارانی سەر بەرز و ئازای کورد لە سنووری کەرکووک هەستێکی زۆر خۆش و تایبەتم هەیە و ئەوەی پێشکەشی جوتویارانمان کردووە لە ڕێگەی پیشەکەمان یەکێک دەبێت لە هەرە شانازییەکانی ژیانم .
وێنەکەش لەگەڵ مام سابیری سیمبوولی پەڵکانەیە کە هەمیشە هاواری ئەو زوڵمەی دەکرد کە عەرەبی هاوردە لێیان دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە گیانی بەرگریی و بەرەنگاری لەوپەڕی بەرزیدا بووە، ئيستا مام سابیر هاوارەکانی گەیشت و مرازی ئێمەش حاسڵ بوو.
پیرۆزە لە هەموو ئەو کوردانەی خاکیان خۆش دەوێت، مردن و سەرشۆڕیش بۆ داگیرکەرانی خاک، لێرەشەوە بە عەرەبە هاوردەکان دەڵێین ئێرە خاکی کوردە و پیلانگێڕییەکانتان شکستی هێنا و پێویستە بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی کە لێوەی هاتوون.