ماڵی کوردستان و پێگەی هەرێم لە قورسایی دەوڵەتدا

ماڵی کوردستان و پێگەی هەرێم لە قورسایی دەوڵەتدا
ماڵی کوردستان و پێگەی هەرێم لە قورسایی دەوڵەتدا

یەکێک لە کۆڵەگەکانی هێزی دەوڵەت و دەوڵەتداری، ژێرخانێکی ئابووری بەهێزە، چۆنیەتی بەدەستهێنانی ئەم ژێرخانە  پەیوەندی بە خودی ناوچەکەوە هەیە لەڕووی دابەش بوونی جوگرافیا ویاسا بەرکارەکان و ڕێژەی ڕەنێوهێنان ،کە پۆلێندەکرێن لەسەر سێ بنەمای سەرەکی (ئارامی و ئاسایش ، دەرفەتی کار، هێزی کار) ، کوردستان لەم ڕووەوە دەوڵەمەندترینە ، بەهۆی ئاستی بەرزی سیاسەتێکی لە مێژینەی دروستی بەڕێوەبردن، سەرەڕای هەبوونی ئەو هەموو ئاستەنگ و قەیرانانەی ڕوبەڕووی ئەم هەرێمە بۆتەوە، زنجیرەی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بەردەوامە، هەر وەک ئەوەی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا ستراتیژی بەرەو پێش بردنی ئابووری هەرێم  لە پێشینەکان بووە. 

ئەگەر تێبینی بکەین لە دەستپێکی کابینەوە پلان و بەرنامەی کاری حکوومەت  بۆ پەرەپێدانی ئابووری کەوتە بواری  جێبەجێکردن بە چەند هەنگاوێکی گرنگی یەک لە دوای یەک ، کە دەکرێن بە دوو بەشەوە،

یەکەم: لەسەر ئاستی ناوخۆیی:

برەودان و بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی بە گرنگیدانی بەرهەمی خۆماڵی وهاندانی جووتیاران و پشتیوانی کردنیان ماددی و مەعنەوی و بەشداری پێکردنیان لە کۆڕو کۆنفرانسە ناوخۆیی و دەرەکیەکان،هەروەها بە بازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان بۆ دەرەوەی ووڵات کە بە هەنگاوێکی هەرە مەزن هەژماردەکرێت لە مێژووی کوردستاندا، لە ڕێگای پێداچوونەوە بە کەرتی پیشەسازی و ئاوەداکردنەوەی کارگەکان و دروستکردنیان لەسەر شێوازی ستانداردی نێودەوڵەتی لەوانە، کارگەی لەقوتونان ، کارگەی بەرهەمە ئاژەڵی و کێڵگە پەلەوەریەکان ،پیشەسازی بچووک لەسەر ئاستی تاک و گروپ  و چەندین پرۆژەی دیکەش.

لە هەمان کاتدا پێداچوونەوە بە کەرتی وەبەرهێنان  لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەو گەشتو گوزار بە هاوبەشی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی،کە بەشێوەیەکی ڕوون هەستیان پێدەکرێت ، تا ڕادەیەک کێبڕکێی لە نێوان بازرگان و وەبەرهێنەران دروستکردوە بۆ پێشکەش کردنی بەرهەم و خزمەتی باشتر بە ووڵات.

دووەم: لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی: 

-  لینکی ئابووری لەگەڵ ووڵاتانی کەنداو: 

سەردانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەت بۆ ووڵاتانی کەنداو وبەهێزکردنی  پردی پەیوەندیە بازرگانی و دیپلۆماسیەکان و دروستکردنی لینکی ئابووری  لە گەڵ ئەو ووڵاتانەدا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان ئەو توانا مرۆیی و ئیرادە بەهێزەی هەیە ببێتە پێگەیەکی وەبەرهێن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنجام بدات.

-  ماڵی کوردستان لە داڤوس:

هەلی کردنەوەی ماڵی کوردستان لە داڤوس و بەشدار پێکردنی وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی ناوخۆ لە کۆڕبەندێکی گرنگی وەک  داڤوس 2025 ،  بە دەستپێشخەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی ، هەمان ئەو سیاسەتە دروست و کارزانیەیە کە لە پای هەوڵ و ماندووبوونیان ئەو ئاسایشەی لەهەرێمی کوردستاندایە بەرجەستە دەکرێت، بوونی  کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی ووڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و پاراستنی هەزاران ئاوارە و پەنابەر و سەردانی کردنی گەشتیاران سەلمێنەری ئەم بارە سەقامگیریە ئارامەن .

جیاوازتر بڵێین، دروستکردنی ماڵی کوردستان کە بۆتە ماڵێکی درەوشاوە بۆ وەبەرهێنەران و بەشداربوون لە کۆڕبەندە ئابووریەکاندا، بەو واتایە دێت کە کوردستان هێڵی بەرگریکردنی تێپەڕاندووە، ئیدی کاتی سەلماندنی خود و پێشاندانی ئەو پێگە مەزنەیەتی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی و بۆتە بەشێکی کاریگەر لە گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و ژینگەییەکاندا، سەنگێکی بەهێزە لە چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی کێشەکان.

ئەوەی لێرەدا جێگای ئاماژە پیێدانە، گرنگتر لە وەبەرهێنانی ئابووری ، پێویستمان بە وەبەرهێنانی فیکری و دووربینی هەیە لە ڕووی فەلسەفەی کار و سیاسەتەوە ، لە ئێستادا گاپێک دروست بووە لە گۆڕەپانی سیاسی و هزری کوردیدا بەتایبەتی لەناو گەنجاندا کە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری لە نێویاندا بەلاڕێدا دەبات، لە ئەنجامی ئەم تەوژمی پێشکەوتنەی تەکنۆلۆژیا و تایبەتتریش بڵێین بەکارهێنانی هەڵەی سۆشیالمیدیا بەشی هەرە گەورەی چینێکی هێزی کاری سەرقاڵ کردووە بێ ئاگا لە گەڕاندنەوەی زیانەکانی بەم چینە لە ڕووی بەفیڕۆدانی کات و توانای فکری و زیانی جەستەییەوە.

 لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت ببێتە پێشنیازێک، ماڵی کوردستان تەنها بۆ بازرگانی و وەبەرهێنانی ئابووری نەبێت، بەڵکو لەهەمانکاتدا ببێتە ماڵێکی فەرهەنگی و کلتووری بەکارهێنانی هزر و بیری گەنجان و تێکەڵ کردنیان لەگەڵ ڕۆشنبیری ووڵاتان و چۆنیەتی بەگەڕخستنی تواناکانیان، بە هاوبەشی پێکردنی کوردانی دیاسپۆرا ودۆزینەوەی میکانیزمی هاوسەنگ کردنی هەردوو ڕەوتی وەبەرهێنانی تاکی ساخلەم بۆ ئابووریەکی بەهێز دروست بکرێت.