کولتوور و زمانی کوردی لەبەردەم  هەڕەشەی  کولتوور و زمانی داگیرکەراندا

کولتوور و زمانی کوردی لەبەردەم  هەڕەشەی  کولتوور و زمانی داگیرکەراندا
کولتوور و زمانی کوردی لەبەردەم  هەڕەشەی  کولتوور و زمانی داگیرکەراندا

لە چوار پارچەی داگیرکراوی کوردستاندا تەنیا کوردستانی باشوور توانیویەتی پاش چەندان ساڵ تێکۆشان و قوربانیدان، هەرێمێکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقدا دابمەزرێنێت. ئیدی بەشەکانی تر، تا ئیستاش لە کەمترین مافی کولتووریش بێبەشن. 

 لە ڕاستیدا هەڕەشەی مەزنتر لە داگیرکرانی خاکی کوردستان، هەوڵ و تەقەلای دوژمنانی کوردە بۆ داگیرکردن و سڕینەوەی زمان و کولتووری کوردی و هەوڵدەدەن هەژموونی کولتووری خۆیان بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا بسەپێنن.
ئەو سیاسەتە قێزەوەنەی دوژمنان  بۆ سەر زمان و کولتووری کوردی،  بە ئاسانی جێبەجێ نەدەکرا، ئەگەر کۆمەڵێک هۆ و هۆکاری ناوەکی و دەرکیی کارئاسانییان بۆ نەکردبایە. 

لێرەدا هەندێک لەو هۆ و هۆکارانە دەخەمە ڕوو:

یەکەم: کەمتەرخەمیی خۆمان وەک گەلی کورد، لە پاراستنی زمان و ئەدەب و کولتوور و هونەری کوردی. 

دووەم: کەمتەرخەمی خێزانی کورد لە پەروەردەکردنی منداڵ و بایەخنەدان نەدان بە زمان و کولتوور و هەستی نەتەوایەتی و پاراستنی بەها ڕەسەنەکان. 

سێیەم: گەر چاوێک بەمێژووی کورددا بخشێنین، دەبینین چەندان جار خاکەکەی داگیرکراوە، ئەم داگیرکارییانەش بەشێوەیەکی نائاگاییانە، هەستی خۆبەکەمزانینی لە نێو تاکی کوردا دروست کردووە، ئەم خۆبەکەمزانینەیش، شۆڕبووەتەوە بۆ زۆرێک لە کایەکانی ژیانی تاکی کورد و بازی داوەتە ناو زمان و کولتوور و ئەدەبی کوردی؛ بەجۆرێک، تاکی کورد زیاتر بە کولتوور و هونەری داگیرکەرەکانی سەرسامەو بەرزتر دەیاننرخێنێت بەراورد بە فەرهەنگ و زمان و کولتووری خۆی.

چوارەم: سۆشیالمیدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، دونیایەکی وەهمییان دروست کردووە، ئەمەش وای کردووە تاکی ئێمە لە منداڵییەوە بە کولتوور و شێوازی ژیان و ئەدەب و هونەری نەتەوەکانی تر ئاشنا بێت و پێیان سەرسام بێت؛ چونکە، بێگومان ئەوەی لە سۆشیالمیدیا پیشان دەدرێت تەنیا دیوە جوانەکەی ئەو کولتوورە نامۆیەیە کە ئەوەیش سەرنج و هۆشی بینەر ڕادەکێشێت. بەدیوێکی تریشدا، دونیای تاکی ئێمەی بچووک کردووەتەوە، هێندە بچووک کە لە سنوری مۆبایلە زیرەکەکانمان تێناپەڕێت، هەر بۆیە بەها گشتییە کۆمەڵاتییەکانی وەک  نەتەوە و خاک و نیشتیمان و کولتوور و..هتد ونبوون و لای زۆرینەی تاکی کورد بەهایان نەماوە.

پێنجەم: دوژمنانی کورد و داگیرکەران بە بەرنامە، چەندان ساڵە کار دەکەن و بۆ بەلاڕێدا بردنی ئەو پەروەردە نیشتیمانییەی کە کورد هەیبووە، بۆ ئەوەی ئاسان تر بتوانن پرۆسەی داگیرکاری جێبەجێ بکەن بۆیە کار لەسەر بیر و باوەڕی تاکی کورد دەکەن بۆ دورخستنەوەیان لە بەها نیشتیمانیەکان و شێواندنیان. 

 پێویستە پێداچونەوە و ڕێکخستنەوە لە سیستەمی پەروەردەدا بکرێت، بۆ بایەخدانەوە بە زمان و کولتوور و زیندووکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی تاکی کورد. لەبەرامبەریشدا، خێزان و تاکی کورد هۆشیار بکرێنەوە تاوەکوو دوبارە بایەخ بە بەها گشتی و کۆمەڵایەتییە هاوبەشەکان بدەن. کاری ڕاستەقینە بکرێت لەسەر دووبارە بنیاتنانەوەی تاکی کورد و ڕۆحی کوردی زیندوو بکرێتەوە
نەوەی نوێ دەبێ بە کولتوور و مێژوو و زمانی کورد ئاشنا ببێتەوە و ڕێز لە بەها بەرزەکانی کوردایەتی بگرێتەوە.