جیهانگیر سەدیق گوڵپی
نووسەر
پرسی قه‌رزه گشتییه‌كان له نیوان هه‌رێم و به‌غدا
قه‌رزی گشتی له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندی كام لایه؟ عێراق چۆن وه‌ریده‌گرێت و چۆن ده‌یداته‌وه؟
قه‌رز ساڵانه به‌شێكی زۆر له داهات و خه‌رجییه‌كانی عێراق پێكده‌هێنێت، واته عێراق هه‌موو ساڵێك بڕێكی زۆر قه‌رزده‌كات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌كه‌ی و بڕێكی زۆریش ته‌رخان ده‌كات بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رز و سووی سه‌رقه‌رزه‌كان، ئه‌م پرسه چه‌ند ساڵێكه به‌شێكه له بابه‌تی ناكۆكه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، ئێستایش له پاش په‌سه‌ندكردنی یاسای قه‌رزكردنی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی ساڵی 2020 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه، جارێكی دیكه سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه.
هه‌رێم پێیوایه كه له هه‌موو بارێكدا مافی سوودمه‌ندبوونی له قه‌رزه‌كان هه‌یه و له دانه‌وه‌یاندا به‌شداره، به‌ڵام به‌غدا له سووده‌كه‌یان بێبه‌شی ده‌كات، به‌غدایش هه‌موو شتێك ده‌به‌ستێته‌وه به‌وه‌ی كه هه‌رێم نه‌وت و داهاته‌كانی دیكه راده‌ستی به‌غدا ناكات، ئه‌مه‌یش به‌واته‌ی ئه‌وه‌ی له دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان به‌شدار نابێت، هه‌ر بۆیه مافی سوودمه‌ندبوونی له‌قه‌رزه‌كان نییه.
بۆ تێگه‌یشتنی ورد له‌و كێشه‌یه و گه‌یشتن به‌وه‌ڵامی دروست، ده‌بێ سه‌رنجی خه‌سڵه‌ته‌كانی قه‌رزه گشتیه‌كانی عێراق و شێوازی وه‌رگرتن و خه‌رجكردن و دانه‌وه‌یان بده‌ین، به دیاریكراوی هه‌وڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه بده‌ین: ئایا قه‌رز له‌چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندیی كێدایه؟ ده‌بی ئه‌م قه‌رزانه بۆچی و بۆسوودی كێ به‌كار بهێنرێت؟ په‌یوه‌ندیی نێوان قه‌رز و داهاته‌كان چیه؟ قه‌رزه‌كانی عێراق چۆن ده‌كرێن وچۆن خه‌رج ده‌كرێن و چۆن ده‌درێنه‌وه؟ به‌شی هه‌رێم له قه‌رزه‌كان چۆن دیارده‌كرێت؟
قه‌رزی گشتی له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندی كام لایه؟
له زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا، قه‌رزه گشتییه‌كان به‌تایبه‌تیش ده‌ره‌كیه‌كان، له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندیی حكومه‌تی فیدراڵیدان و قه‌رزه ناوخۆییه‌كانیش له چوارچێوه ده‌سه‌ڵاته هاوبه‌شه‌كاندان، به‌ڵام به‌گشتی پابه‌ندیی دارایی تایبه‌ت به قه‌رزی گشتی و پابه‌ندیه داراییه‌كانی تر به شێوه‌ی (ا‌لدین العام - Public debt) له چوارچێوه‌ی ئه‌رك و تایبه‌تمه‌ندیی حكومه‌ته فیدراڵیه‌كاندایە.
یه‌كێك له پره‌نسیپه‌كانی فیدراڵیه‌ت و پێكهاتنی ئاسته جیاوازه‌كانی حوكم و یه‌كه پێكهینه‌ره‌كان له ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا، ئه‌وه‌یه كه كاتێك هه‌رێمه‌كان ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵاته‌كانی قه‌رز و دراو و سیاسه‌تی نه‌ختی ده‌بن بۆ حكومه‌تی فیدراڵی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یه كه حكومه‌تی فیدراڵی حكومه‌تی تاكه هه‌رێمێك نییه و هی هه‌مووانه و پێویسته ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ئیمتیازاتانه به هاوسه‌نگی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌مووان به‌كاربهێنێت.
له عێراق به‌پێی مادده‌ی 110ی ده‌ستوور، قه‌رزكردن له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته تایبه‌تیه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵیدایه، په‌رله‌مانی هه‌رێم له‌ساڵی 2015 یاسای ده‌ركرد بۆ ڕاكیشانی سه‌رمایه، به‌ڵام یاساكه جێبه‌جینه‌كرا. به‌پێی یاسای كارگێری دارایی ئیتیحادی ساڵی 2019 هه‌رێمه‌كان پاش وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی وه‌زیری دارایی عێرا ق ده‌توانن قه‌رزی ناوخۆیی بكه‌ن.
چه‌ندین ساڵه به‌غدا به بڕی جیاواز قه‌رزی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ده‌كات، به‌هۆی قه‌یرانی دارایی ته‌نها له ماوه‌ی 2014-2017 له ڕێگه قه‌رزی ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌وه زیاتر له (50) ترلیۆن دینار چووه سه‌ر قه‌رزه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی و نزیكه‌ی (30) ملیار دۆلاریش له یه‌ده‌گی نه‌ختیه‌نی دابه‌زی. له‌و ماوه‌یه‌دا به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێم له بودجه‌ی عێراق بێبه‌شكرابوو هیچ سوودێكی له‌و قه‌رزانه‌وه وه‌رنه‌گرت، ئیدی هه‌رێمیش بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه داراییه‌كه، كه‌وته ژێرباری قه‌رزه‌وه.
ئیستایش یاسای قه‌رزكردن له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ندكراوه بۆ وه‌رگرتنی 15 ترلیۆن دینار قه‌رزی ناوخۆیی و 5 ملیار دۆلار قه‌رزی ده‌ره‌كی، لێره‌وه جارێكی تر پرسی مافی هه‌رێم له قه‌رزه‌كان سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه، به‌غدا وه‌ك هه‌میشه سودمه‌ندبوونی هه‌رێم له قه‌رزه‌كان له چوارچێوه‌ی پشكی بودجه‌دا ده‌به‌ستێته‌وه به‌ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی هه‌موو نه‌وت و داهاته‌كانییه‌وه. به‌ڵام ئایا ئه‌مه دروسته؟ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێكی بابه‌تیی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه، سه‌ره‌تا ده‌بێ بزانین په‌یوه‌ندی نێوان داهاته ئاساییه‌كان و قه‌رز له‌عێراقدا چۆنه؟ ئایا عێراق چۆن قه‌رز ده‌كات و به‌چ داهاتێك قه‌رزه‌كان ده‌داته‌وه؟
قه‌رزه‌كانی عێراق چۆن ده‌كرێن و چۆن ده‌درێنه‌وه؟
ئه‌و قه‌رزانه‌ی ساڵانه له‌عێراقدا ده‌كرێن زۆربه‌یان ناوخۆیین، یان له رێگه‌ی قه‌واڵه و حه‌واڵه‌ی جۆراوجۆره‌وه‌ن، یان قه‌رزی ڕاسته‌وخۆی بانكه بازرگانیه‌كان و بانكه تایبه‌تمه‌نده‌كانن، كه به ده‌ستپێشكه‌ری و ئاسانكاریه‌كانی بانكی ناوه‌ندی ئه‌نجام ده‌درێن، پاشانیش زۆرینه‌یان له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندیه ده‌كڕدرێنه‌وه، واته بۆ وه‌رگرتنی قه‌رزه ناوخۆییه‌كان به‌ناڕاستوخۆ سوود له نه‌ختینه‌ی دیناری بانكی ناوه‌ندی وه‌رده‌گیرێت، بۆ ڕاگرتنی دیناری خراوه‌ڕوویش سوود له یه‌ده‌گی نه‌ختی بیانی وه‌رده‌گیرێت، ئێمه پێشتر ئه‌وه‌مان ڕوونكردوه‌ته‌وه. (بۆ خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌كه كرته لێره بكه).
ئه‌ی چۆن قه‌رزه‌كان ده‌درێنه‌وه؟ بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان ساڵانه بڕێكی زۆر له چوارچێوه‌ی خه‌رجیه سیادیه‌كانی بودجه‌ی عێراق ته‌رخان ده‌كرێت، ته‌رخانكراوه‌كانی خه‌رجیه سیادیه‌كانیش به‌ده‌رن له هاوكێشه‌ی هه‌ژماركردنی پشكی بودجه‌ی هه‌رێم، واته له‌سه‌ر حسیابی هه‌موو بودجه‌كه و پێش هه‌ژماركردنی پشكی هه‌رێم بڕێك ته‌رخان ده‌كرێت بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، به‌مه‌یش ڕاسته‌وخۆ و پێش پرۆسه‌ی دابه‌شكاری، له پشكی هه‌رێمیش ده‌بڕدرێت بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان.
سه‌رچاوه‌ی داهاتی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان له چیه‌وه‌یه؟ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه ناتوانرێت بوترێت سه‌رچاوه‌ی داهات بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی عێراق له فرۆشتنی نه‌وتی باشوور و داهاته ئاساییه‌كانی تره‌وه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه گوزارشتی لێ ده‌كرێت، چونكه قه‌رزكردن له عێراق پرۆسه‌یه‌كی ساڵانه‌ی به‌رده‌وامه، واته هه‌ر له رێگه‌ی قه‌رزكردنه‌وه، پشك و سووی سه‌ر قه‌رزه‌كان ده‌درێنه‌وه، هه‌ر بۆیه سوڕی قه‌رزاری له عێراق به‌رده‌وامه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی له ساڵانی ڕابردوودا زۆر جار بودجه‌ی عێراق به‌كورتهێنان په‌سه‌ندكراوه، به‌ڵام به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنه‌وه بودجه‌ی فیعلی به‌سه‌ر ڕێژی و زیاده كۆتایی هاتووه، كه‌چی قه‌رزكردن هه‌ر به‌رده‌وام بووه، نه‌ك هه‌ر به‌ئه‌ندازه‌ی به‌شی دانه‌وه‌ی قه‌رزه ناوخۆییه‌كانی ساڵانی ڕابردوو، به‌ڵكو ساڵانه زۆر زیاتر له‌وه قه‌رزی تر كراوه و بوه‌ته بار به‌سه‌ر ته‌واوی گه‌لانی عێراقه‌وه، له ساڵی 2006دا قه‌باره‌ی قه‌رزه ناوخۆییه‌كان نزیكه‌ی (5) ترلیۆن دینار بووه، به‌ڵام بۆ ساڵی 2019 گه‌یشتوه‌ته نزیكه‌ی (41) ترلیۆن دینار، بۆ ئه‌م شه‌ش مانگه‌ی داهاتوویش (15) ترلیۆن دیناری تریان ده‌چێته سه‌ر، ئه‌مه‌یش واتای ئه‌وه‌یه كه بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیش هه‌ر سوود له داهاتی نائاسایی و قه‌رزكردنی تر وه‌رده‌گرێت، پوخته‌ی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه بانگه‌شه‌ی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان به داهاتی نه‌وتی باشوور هیچ ڕاستیه‌كی تێدا نییه.
پشكی هه‌رێم له قه‌رزه‌كان
هه‌ریه‌ك له هه‌رێم و به‌غدا تاكو ئه‌و ده‌مه‌ی ته‌نها سوود له داهاته ئاساییه‌كانی نه‌وت و باج و گومرگ و.. هتد وه‌رگرن، ئاساییه كێشه و ناكۆكیان له‌سه‌ر پشك و شێوازی دابه‌شكردنی داهات هه‌بێت، به‌ڵام كاتێك ده‌ست ده‌برێت بۆ داهاته نائاساییه‌كان، وه‌ك قه‌رز و خستنه‌ڕووی دراو له‌گه‌ڵ سوود وه‌رگرتن له یه‌ده‌گی بیانی و ته‌واوی ڕێكاره‌كانی بانكی ناوه‌ندی، ئه‌وه به‌بێ هیچ مه‌رج و مامه‌ڵه‌یه‌ك هه‌مووان وه‌ك یه‌ك و به دادوه‌رانه مافی سوودوه‌رگرتنیان له‌و داهاتانه هه‌یه، به‌تایبه‌تیش قه‌رزه‌كان، مه‌رجداركردنی سوود وه‌رگرتن له‌و داهاته نائاساییانه، به ڕاده‌ستكردنی داهاته ئاساییه‌كانی نه‌وت و باج و گومرگ پاساوێكی بێ بنه‌مایه.
پشكی هه‌رێم له قه‌رزه‌كان چۆن دیاریده‌كرێت؟ دیاریكردنی پشكی هه‌رێم به‌پێی ئامانجی قه‌رزه‌كان ده‌گۆڕێت، تایبه‌ت به‌و قه‌رزانه‌ی كه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه ده‌كرێن، ئه‌وا رێگه‌ی دروست ئه‌وه‌یه، هه‌رێم له ڕێگه‌ی پشكی بودجه‌وه لێیان سودمه‌ند بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر قه‌رز به‌ده‌ر له ئامانجی پڕكردنه‌وه‌ی بودجه و بۆ پڕۆژه‌ی تایبه‌ت بكرێت، كه به‌كه‌می ڕووده‌دات، ئه‌وه‌یش دوو شیوازه: شیوازی یه‌كه‌م ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و پڕۆژانه بێت كه ڕاسته‌وخۆ سوودی بۆ ته‌واوی گه‌لانی عێراق ده‌بێت و له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵی، یان به‌هاوبه‌شی جێبه‌جێده‌كرێن، ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ هه‌رێم و هه‌موو عێراق له پڕۆژه‌كان سودمه‌ند ده‌بن. شێوازی دووه‌م ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ندی پڕۆژه‌ی تایبه‌ت و دیاریكراو قه‌رز بكرێت، ئه‌وا پێویسته له یاسای قه‌رزه‌كه، یان له پاشكۆكانیدا، به‌شی هه‌رێم و پڕۆژه‌كانیشی دیاری بكرێن.
لێره‌دا جه‌خت له‌وه دەكەینەوە، كه نابێت سوود وه‌رگرتنی هه‌رێم له داهاته نائاساییه‌كان به تایبه‌تیش له قه‌رزه‌كان ببه‌سترێته‌وه به كێشه‌ی رێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و ڕاده‌ستكردنی داهاته ئاساییه‌كان و پشكی بودجه، چونكه ئه‌م كاره له رووی زانستی و بابه‌تییه‌وه هیچ بنه‌مایه‌كی نییه، پێویسته له ناو یاساكانی بودجه و رێسا داراییه‌كاندا، میكانیزمێك دیاریبكرێت بۆ دیاریكردنی به‌ش و چۆنیه‌تی سوود وه‌رگرتنی هه‌ریه‌ك له هه‌رێم و پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به‌هه‌رێمه‌كانه‌وه له قه‌رزه‌كان، كه به‌ده‌ربێت له هاوكێشه‌ی دابه‌شكردنی داهاته ئاساییه‌كان له بودجه‌دا، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه خه‌رجییه‌كانی سیادی و حاكیمه‌یش له‌و هاوكێشه‌یه به‌ده‌رن، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی هاوسه‌نگی و دادوه‌ری تێدا ره‌چاوبكریت.