
ئارام شەعبان گەردی
نووسەر
داهاتووی بانكەکان و کەرتی دارایی و وەبەرهێنان لە سەردەمی زیرەکی دەستكرد؛ مەترسییەكان، دەرفەتەكان، و ڕۆڵی حکومەتەکان

بەگوێرەی لایەنگرانی ئابووری ڕەفتاری و دارایی ڕەفتاری، مرۆڤ ناتوانێت لە بڕیارە داراییەکانیدا بەشێوەیەکی عەقڵانی و تەنها بە پشت بەستن بە شیکاری داتا و بازاڕەکان، تەنها لە چوارچێوەی قازانج و مەترسی بڕیار لەسەر وەبەرهێنان (کڕینی پشک و قەاڵە، زەوی و خانوو، کریپتۆ، زێڕ و زیو و کانزا و دراوەکان...هتد) بدات. چونکە مرۆڤ بەردەوام دەکەوێتە ژێر کاریگەری هەستەکانی، دۆخی دەروونی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و حکومدانە هەستەوەرییەکان و ژینگەی دەورەبەری، بۆیە زۆرجار دووچاری هەڵە و زەرەر دەبێت. بەڵام بە پێشکەوتنتی تەکنۆلۆژیا و گەشەسەندنی زیرەکی دەستکرد، وردە وردە ئەلگۆریتمەکان جێگەی ئێمە دەگرنەوە لە هەڵبژاردنی باشترین بوار و دۆزینەوەی دەرفەتی وەبەرهێنانی باش و سەرنجڕاکێش بە گوێرەی کەسایەتی و سەرمایە و ئاست و توانای لەخۆگرنتی مەترسییەکان. لەبەرئەوەی ئەلگۆریتمەکان بەشێوەیەکی لۆژیکی و بە پشت بە داتای ورد و کرداری بیرکاری ئاڵۆز دەبەستن بۆ شرۆڤەکردنی دۆخەکان. هەروەکو یوڤاڵ نوح هەراری دەلێت؛ ئەلگۆریتمەکان باشتر لە خۆمان ئێمە دەناسن و ئەلگۆریتمی فەیسبووک وەکو نمونە پێویستی بە تەنها ١٠ لایک هەیە بۆ ئەوەی ئێمە لە هاوپیشەکانمان و پێویستی بە 70 لایک هەیە تاکو زیاتر لە هاوڕێکانمان و پێویستی بە ١٥٠ لایک کردن هەیە تاکو باشتر لە دایک و باوکمان و هەروەها پێویستی بە 300 لایک هەیە تاکو زیاتر و باشتر لە هاوژینەکەشمان بمانناسێت و شارەزای حەز و ئارەزوو و خاڵە بەهێز و لاوازەکانمان بێت.
بانک و دامەزراوە داراییەکانی تر (وەکو کۆمپانیاکانی دڵنیای، کۆمپانیاکانی پێدانی قەرز، بەکرێدانی دارایی، ڕاوێژکاریی دارایی...هتد) هەر زوو لەگەڵ سەرەتاییترین داهێنانە تەکنۆلۆژی و ئەلیکترۆنییەکان خۆیان گونجاندووە و هەوڵیان داوە گۆڕانکاری و پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیاییەکان بگرنە خۆیان و لە کار و چاڵاکییەکانیاندا بەکاریان بهێنن. ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووەکان و باشترکردنی ئاست و کوالێتی کار و خزمەگوزارییەکانیان و زیادکردنی متمانە و پلەی ڕەزامەندی کڕیارەکانیان (سەوداکارەکانیان). ئەوەی ڕوونە لە ئێستادا گەشەسەندنی خێرای زیرەکی دەستکرد، بەشێوەیەکی قوڵ و ڕیشەیی کاری بانک، دامەزراوە دارایییەکان، و وەبەرهێنەرانی بازاڕە دارایییەکان دەگۆڕێت و دەخاتە بەردەم قۆناغێکی نوێ. بەجۆرێک کە دەبێتەهۆی هێنانەکایەی گۆڕانکاری لە ڕووی پەیکەربەندی بەڕێوەبەرایەتی و دەستەی کاڕگێڕی تاکو بچوکترین یەکەی خزمەتگوزاری نێو بانک و دامەزراوە داراییەکان. زیرەکی دەستکرد، توانای گۆڕانی شێوازی کارکردنی ئەو دامەزراوە داراییانە و باشترکردنی کارامەیی، وردبینی، و خزمەتگوزارییەکانیانی هەیە. ئەلگۆریتمی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا وەکو نمونە فەیسبووک، ئێستا بەشێوەی 24/7 چاڵاکانە کار لەسەر داتاکانمان هەموو چاڵاکییەکانمان وەکو؛ پۆستەکانمان، هەستی دەربڕدراو لە ڕێگەی ئیمۆجییەکان و ناوچە،جۆری ئەو پەیجانەی فاڵۆویان دەکەین، وێنە، ڤیدیۆ و نووسینانەی کە لایک یان شەیریان دەکەین، کۆمێنتمان لە ژێر چ جۆرە پۆستێک نووسیوە؟ چ کاتژمێرێک زیاتر هاتووینەتە ناو فەیسبووک؟ کامە کاتی ڕۆژ لایکی زیاتر و کۆمێنتی زیاترمان کردووە؟ کاردانەوە و کۆمێنتمان چی بووە بۆ پۆستەکان (ڕووداوەکان). بەگوێرەی ئەم تایبەتمەندی و چاڵاکییانە کەسایەتی، هەست و سۆزمان دەخوێنێتەوە و لە خۆشمان زیاتر شارەزای ئێمە دەبێت و لەسەر بنەمای ئەم شیکارییانە پێشنیاری وەبەرهێنانمان بۆ دەنێرێت. جا لە بواری داراییشدا دەزانێت ئێمە خاوەن چ جۆرە کەسایەتییەکین؛ ئایا لە مەترسییەکان دەترسێین؟ یان حەزمان لە مەترسیی و ئاڵنگارییە؟ بەگوێرەی ئەمە دەتوانێت پێشنیاری وەبەرهێنانمان بۆ بکات لە بازاڕە داراییە جۆراوجۆرەکان و بەرهەمە دارایی و نادارایی جیاوازمان بۆ پێشنیار بکات. واتە ئەم ڕۆبۆتە کەسایەتی و دیدگای وەبەرهێنانی ئێمە وەردەگرێت و دەتوانێت بەگوێرەی کەسایەتی و شێوازی بیرکردنەوەمان پێشنیاری بانک یان وەبەرهێنانی جۆراوجۆر بۆ بکات. بۆ نمونە بڵێت تۆ کەسێکی حەزت لە وەرگرتنی مەترسی و ئاڵنگاری نییە کەواتە تکایە لە مامەڵەکردن لە بازاری کریپتۆ دوور بکەرەوە، لەبڕی ئەوە باشترە قەواڵەکانی بانکی ناوەندی بکڕیت.
هەر زوو زۆرێک لە بانکە گەورەکان دەستیان کرد بە بەکارهێنان و تێکەڵکردنی زیرەکی دەستکرد لە ئەپڵیکەیشنی بانکەکانیان کە ناسراوە بە بانکی مۆبایلیی، خزمەتگوزاری پاڵپشتی ئۆنڵاین و خێرای تایبەت بۆ وەڵامدانەوەی داواکاری سەوداکاران و هەڵسەنگاندنی متمانە و پلەی متمانەی سەوداکار و داواکاری قەرز (متمانەی بانکی)، بەڕێوەبردنی تێکەڵەی دارایی وەبەرهێنان (جانتای دارایی- پۆرتفۆلیۆ) بۆ سەوداکارە تاکەکان و کۆمپانیاکان و شیکاری بۆ مەترسییەکانی وەبەرهێنان. هەروەها لە بواری وەبەرهێنان لە بازاڕە داراییەکانی وەکو بۆڕسەی وڵاتاندا زیرەکی دەستکرد هەڵدەستێت بە شیکاری نرخەکان و پێشبینی کردنی ئاڕاستەی بازاڕ و لەکاتی ڕێگەپێدانیشیدا تەنانەت لە بڕی مرۆڤ بەگوێرەی ڕێکخستن و فرمان و ڕێگەپێدانی دیاری کراو پشکی کۆمپانیاکان لە بۆڕسەدا لەبەرژەوەندی خاوەن هەژمارەکە بکڕێت و بفرۆشێت. لەبەر ئەوەی خێرا و وردە و ناکەوێتە ژێر کاریگەری هەست و سۆزەوە، پێشبینی دەکرێت سەرکەوتنی مەزن بەدەست بهێنێت لە بواری ڕاوێژکاری داراییدا، کە ئەم تایبەتمەندییە خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی گۆڕینی سروشتی بازاڕ و مامەڵەکان و سیستەمی دارایی و ئاڕاستەی بازاڕەکان. دواجار وا دەکات مرۆڤ ئەو پرسیارە لەخۆی بکات ئایا دوای 15 یان 20 ساڵیتر جیهان بە گشتی و سێکتەری دارایی و مامەڵە داراییەکان چۆن دەبن و چۆن ئەنجام دەدرێن؟ هەر بەڕاستی دوای ٢٠ ساڵیتر چیتر پێویستدەکات مرۆڤ مێشکی خۆی بەکار بێنێت بۆ شیکاری وەبەرهێنان و گەڕان بەدوای دەرفەتەکان و مامەڵەکردن و بازرگانی؟
لەپاڵ دەرفەت و لایەنە باشەکانی زیرەکی دەستکرد، ناکرێت نیگەرانی و ترس و ئاڵنگارییەکان کە بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە دێنە کایەوە فەرامۆش بکەین. نابێت لەبیر بکەین کە هەرچەندە ئاسانکاری و یارمەتی زۆر پێشکەش بە مرۆڤ بکات، بەڵام لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێک هەڕەشە دروست دەکات کە پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتی زۆر گەورەی لێ بکەوێتەوە. باوترین و گەورەترین نیگەرانی و ترسی مرۆڤ لە زیرەکی دەستکرد ئەوەیە کە دەترسێین زیرەکی دەستکرد لەگەڵ خواستی بانک و دامەزراوە دارایییەکان و کۆمپانیاکان بۆ کەمکردنەوەی تێچوو ببێتە هۆی لەدەستدانی کار و بێکار بوونمان. واتە زیرەکی دەستکرد جێگەی مرۆڤ بگرێتەوە لە کار و پیشەکاندا و تەنانەت ببێتە هۆی نەمان و لەناوچوونی زۆرێک لە پیشە و پسپۆڕییەکان. کەواتە، دەبێت چۆن کۆمپانیاکان و کەرتی دارایی و وەبەرهێنەران خۆیان بگونجێنن لەگەڵ پێشکەوتنەکانی زیرەکی دەستکرد و چۆن بتوانن هاوسەنگی دروست بکەن لە بەکارهێنانیدا ؟ دەبێت ڕۆڵی حکومەتەکان لەم پرۆسەیەدا چی بێت و چۆن بتوانن کۆنترۆڵی دەسەڵاتی زیرەکی دەستکرد بکەن لە وڵاتەکانیاندا؟
دەرفەتەکان؛ ڕێکخستنێکی دارایی خێراتر و کاراتر و گشتگیرتر
ئەلگۆریتمە پاڵپشتیکراوەکان بە زیرەکی دەستکرد (AI)، پرۆسەی دانی قەرز (متمانەی بانکی) لای بانکەکان خێراتر دەکەن لە هەمان کاتدا ڕێژەی هەڵەکردن کەم دەکەنەوە. لەچاو هەڵسەنگاندن بەشێوەی دەستی یاخود تەکنیکە کلاسیکییەکان، سیستەمی (AI) دەتوانێت بەشێوەیەکی وردتر نمرەی قەرز (نمرەی متمانە)ی سەوداکار دیاری بکات و ئەمەش لەڕێگەی شیکردنەوەی کۆمەڵە داتا گەورەکان(Big Data) ، بەم هۆیەشەوە ڕێژەی گشتگیری دارایی بەرزدەبێتەوە و سەرئەنجام دەرفەتی زیاتر بۆ بزنسە بچووکەکان و وەبەرهێنەرانی تاکەکەسی دەڕەخسێت. بوارەکانی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە کاری بانکیدا فراوانە بۆ نمونە لە بواری دۆزینەوەی کێشەی نێو هەژمار و کارت و ڕاپۆرتە داراییەکان، ڕێگری کردن لە ساختەکاری، وردبینیکردنی ڕاپۆرتە داراییەکان و کاروباری بانکی بە شێوەیەکی ورد...هتد کە هەموویان دەبنە پێشکەوتنی کاری بانکی.
جگە لەوەش، بەهۆی ڕاوێژکاری ڕۆبۆتی و سیستەمی بەڕێوەبردنی وەبەرهێنانی ئۆتۆماتیکی، وەبەرهێنەران دەتوانن بە تێچوویەکی کەم دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی بەڕێوەبردنی پۆرتفۆلیۆی (جانتای دارایی- تێکەڵەی بەرهەمەکانی وەبەرهێنان بۆ نمونە؛ زێڕو کانزاکانی تر، پشک، قەواڵە، زەوی و زار، نەوت و دراوەکان و بەرهەمەکانی تر). بەهۆی ئەم تەکنەلۆژیایانە، دامەزراوە داراییە گەورەکان خزمەتگوزاری کڕیارەکانیان باشتر و کاراتر دەکەن و لە هەمان کاتدا تێچووی کارکردنیش کەم دەکەنەوە. لەلایەکی تریش دڵنیایی دەدات لە بەڕێوەبردنێکی زانستییانە و ورد بەشێوەیەک کە هەست و سۆز و دۆخی دەروونی وەبەرهێنەر یانیش ڕاوێژکاری وەبەرهێنان و بەڕێوەبەران زاڵ نابن لە کاتی شیکاری بازاڕ و بەرهەمەکان و هەڵبژاردنی بەرهەم و ئەنجامدانی مامەڵە بازرگانییەکان لە بازاڕە داراییەکاندا. بۆ نمونە زیرەکی دەستکرد وەکو ئێمەی مرۆڤ تەنها لەسەر بنەمای ناوی کۆمپانیا یانیش تەنها لەسەر پێوەری قازانج لە ماوەی رابردوو بڕیار نادات بۆ کڕینی پشکی ئەو کۆمپانیایەی و داخڵ کردنی لە جانتای داراییدا. یانیش وەکو ئێمەی مرۆڤ بەهۆی هەستکردن بە نزیکی یان هەستکردن بە گرێدراویی و وەفا و گەشبینی زۆر بەرامبەر بە بڕاندێک یان کۆمپانیایەک یان لە ئەنجام زۆرمتمانە بەخۆبوونمان بڕیاری کڕین و ڕاگرتنی ئامرازێکی وەبەرهێنان نادات و بەهۆی هەستە تایبەتەکانی مرۆڤەوە تووشی هەڵە نابێت و بەشێوەیەکی کاراتر بەرهەمە ئاست نزم و قازانج کەمەکان لە تێکەڵەی وەبەرهێنان لادەدات و لە بڕی ئەوان بەرهەمی ئاست بەرز و خاوەن داهاتووی باشتر داخڵ دەکات.
مەترسییەکان؛ ئاسایشی زانیاری، بێکاری و دەستکاریکردنی بازاڕ
لەگەڵ گرتنەخۆ و تێکەڵکردنی زیرەکی دەستکرد (AI) لە کاروچاڵاکییەکانیاندا لەلایەن دامەزراوە دارایی یەکانەوە، هەندێک مەترسی ڕژد سەریان هەڵداوە کە ناکرێت مرۆڤ لێیان بێباک بێت و فەرمۆشیان بکات. گەورەترین مەترسی یاخود نیگەرانییەکانی زیرەکی دەستکرد بریتی یە لە ئاسایشی داتا و پاراستنی نهێنی یە کەسییەکان. ئەو بڕە زۆرەی زانیاری کەسی و دارایی کە بانکەکان و دامەزراوە داراییەکان کۆیان دەکەنەوە، ئەگەری خراپ بەکارهێنانیان لەئارادایە لەلایەن کارەکتەرە خراپەکانەوە. لاوازییە ئەمنییەکان کە لەوانەیە لە سیستەمەکانی پشت بەستوو بە زیرەکی دەستکردەوە ڕوو بدەن، دەتوانن ببنە هۆی هێرشی ئەلیکترۆنی بەرفراوان و خراپ بەکارهێنانی زانیارییەکان و بڵاوکردنەوەیان کە دەبێتەهۆی زیانێکی گەورە و لەئەنجامدا نەمانی متمانە بۆ ئەو بانک و دامەزراوە داراییە.
مەترسییەکی دیکەی مەزن کە بووەتە جێگەی مشتومڕ و نیگەرانییەکی زۆر دروست دەکات، بریتییە لە نیگەرانییەکانی جێگرتنەوەی ڕۆبۆت و زیرەکی دەستکرد لە بڕی مرۆڤ لە بازاڕی کاردا. لەگەڵ ئەوەی سیستەمەکانی پاڵپشتکراو بە زیرەکی دەستکرد، زۆرێک لە مامەڵە داراییە دەستییەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەنجام دەدەن، ئەگەری لەدەستدانی کارەکانیان لەلایەن کارمەندانی بانک و پیشەگەرە داراییەکانەوە زیاد دەکات. پێدەچێت دووبارە داڕشتنەوەی شێواز و میکانیزمەکانی دامەزراندن لە کەرتی بانکیدا حەتمی بێت و چیتر پێویستی بە هەندێک جۆری پسپۆڕی نەمێنێت. ئەمەش سەرئەنجام دەبێتە هۆی بێکار بوونی ملیۆنان مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان کە لە بانک و کۆمپانیاکانی دڵنیایی و کۆمپانیاکانی قەرزدان و بەکرێدانی دارایی و دامەزراوە داراییەکانی تردا کاردەکەن و لە ئەنجامدا کێشە و قەیرانی دارایی و ئابووری و تەنانەت کۆمەڵایەتی زۆر مەترسیداری لێدەکەوێتەوە.
هەروەها بەهۆی توانا زۆر و بێ سنوورەکەیەوە ئەگەری دەستکاریکردنی بازاڕ لەلایەن ئەلگۆریتمەکانی بازرگانی پشت بەستوو بە زیرەکی دەستکردەوە بەزر دەبێتەوە. ئەمەش وادەکات کە بازرگانە دامەزراوەیییە گەورەکان (نەهەنگەکانی بازاڕ) بەشێوەیەکی ئاسان و بە وسیتی خۆیان کرداری یاریکردن و ئاڕاستەکردنی بازاڕەکان ئەنجام بدەن و بە ویستی خۆیان یاری بە نرخەکانی بازاڕ بکەن و کاریگەری زۆر گەورە لە نرخەکان لەماوەی چەند چرکەیەک و خولەکێک دروست بکەن و ببنە هۆی زەرەرکردنی وەبەرهێنەرە تاک و بچووکەکان. ئەلگۆریتمەکانی بازرگانی فرێکوێنسی بەرز دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵاوسانی گەورە و وەبەرهێنەرانی بچووک بخاتە دۆخێکی سەختەوە. بەکارهێنانی ناڕێکخراو و چاودێری نەکراوی زیرەکی دەستکرد دەتوانێت نادادپەروەری و ئاڵۆزی لە بازاڕەکاندا دروست بکات.
ڕۆڵی دەوڵەتان و ئەو ڕێوشوێنانەی کە دەبێ بگیرێنەبەر
حکومەتەکان و ڕێکخەرانی بازاڕەکان و بانکە ناوەندییەکان دەبێ یاسا و ڕێسای بەهێز دابڕێژن بۆ کەمکردنەوەی زیان و زەرەرە ئەگەرییەکان لە هەمان کاتدا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە دووبارە داڕشتنەوەی یاسا و ڕێساکانی تایبەت بە مامەڵەکردن لە بازاڕە داراییەکان و کاری سێکتەری بانکی و کەرتی داراییدا. سەرەتا پێویستە چوارچێوەی یاسایی دابنرێت کە شەفافیەت لە سیستەمی داراییدا پێش بخات، ئاسایشی داتا مسۆگەر بکات و هاندەری بەکارهێنانی ئەخلاقیانەی زیرەکی دەستکرد بێت .هەروەها پێویستە حکومەت، وەبەرهێنان لە بەرنامەکانی ڕاهێنان و کارامەییدا بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی کاریگەرییەکانی زیرەکی دەستکرد لەسەر بازاڕی کار و دەرفەتی کار. پێویستە کارمەندانی کەرتی دارایی ئامێری پێویستیان بۆ دابین بکرێت بۆ کارکردن لەگەڵ زیرەکی دەستکرد. لە کۆتاییدا، پێویستە میکانیزمی چاودێری توند دابنرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەلگۆریتمەکانی بازرگانی پشتبەستوو بە زیرەکی دەستکرد چاودێری دەکرێن و بە شێوەیەکی ئەخلاقی بەکاردەهێنرێن بۆ ڕێگریکردن لە دەستکاریکردنی بازاڕ و زیان گەیاندن بە بازرگانە تاک و بچوکەکان.
بە کورتی، زیرەکی دەستکرد گۆڕانکارییەکی گەورە لە جیهانی بانکی و داراییدا دەهێنێتە ئاراوە. ئەگەر بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەدەبرێت، دەتوانێت گەشەی ئابووری خێراتر بکات بە زیادکردنی گشتگیری دارایی و دەرفەتی نوێ بۆ وەبەرهێنەرە تاکەکان دروست بکات. بەڵام پێویستە مەترسییە گرنگەکانی وەک ئاسایشی داتا، بێکاری و سەقامگیری بازاڕ لەبەرچاو بگیرێت و ڕێوشوێنی خۆپارێزی پێویست بگیرێتەبەر. زۆر گرنگە دەوڵەتان ڕۆڵێکی کارا لەم پرۆسەیەدا بگێڕن و میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنیان بەهێز بکەن بۆ ئەوەی ئیکۆسیستەمێکی دارایی دادپەروەرانە و بەردەوام فەراهەم بکەن تاکو زیرەکی دەستکرد لە ڕزگارکەر و یارمەتیدەرەوە نەبێتە هەڕەشە و وێرانکەر بۆ بازاڕ و نەبێتە هۆی مایەپووچبوونی بزنسە بچوکەکان و بازرگانە تاکەکەسییەکانی بازاڕە داراییەکان.