
هۆزار تۆفیق ئیبراهیم
نووسەر
وەبەرهێنانی خانووبەرە لە كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بەچەند قۆناغێكدا تێپەڕیوە، بە پێی قۆناغەكان بەرەو پێشبردنی ئەم كەرتە تاڕادەیەك باش بووە لە پاش پڕۆسەی ئازادی عێراق وردە وردە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان زۆر بە كەمی كراوە، لە ژێر چاودێری دام و دەزگاكانی دیکەی حكوومەت كراوە، بەڵام لە ساڵی 2006 دوای دەرچوونی یاسایی وەبەرهێنان و دروستبوونی دەستەی وەبەرهێنان، گرنگی زیاتر دراوە بەم كەرتە لە كابینەكانی حكوومەت و لە كابینەی نۆیەمی تا ڕادەیەكی باش گرنگی بە گشت سێكتەرەكانی وەبەرهێنان دراوە، هاوکات هەوڵدرا كاری زۆر باش بكرێت، جێگەی خۆیەتی دەست خۆشی لە حكوومەتی هەرێم و دەستەی وەبەرهێنان بكرێت، ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت تیشكی بخەمەسەر، وەبەرهێنانی كەرتی خانووبەرەیە لەم كابینەیەدا لە دووخاڵ كۆی بكەمەوە:
1-پەرەپێدانی كەرتی خانووبەرە دیارە ژمارەیەكی زۆر یەكەی نیشتەجێ بوون بە كوالێتی جیاواز دروستكراون لە پارێزگا و یەكە ئیدارییەكان، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە جێگەی بایەخە ئەم یەكانە پێویستە بە پێی توێژەكانی كۆمەڵگا یەك بخرێتەوە و بە پێی پێویستی بازاڕ و توانای دارایی تاكەكان و بە پلان و بەرنامەیەكی بۆ داڕێژراو كە هەموو ستاندارد و پێوەرەكانی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتووی ئامادەساز بۆ داهاتووی پێوە دیار بێت، بە هۆی دروستكردنی ژمارەیەكی زۆر لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە نێو پارێزگاكاندا، گرفتی دابین كردنی خزمەتگوزاریان هەیە لەوانە( ئاو ئاوەڕۆ و كارەبا و شەقامەكان و هتد...) كە ئەمانە كێشە و گرفتی بۆ هاووڵاتیانی ئەو پارێزگایانە دروستكردووە، من لە پێشتردا بە هۆی كاركردنم لەم بوارەدا چەندین جار پێشنیازم كردووە بۆ ئەوەی سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی دەرەوەی پڕۆژەكە بخرێتە ئەستۆی وەبەرهێنەری پڕۆژەكە، بەمەرجێك نەخرێتەوە سەر نرخی یەكەكان، لە ئێستادا لە سنوری پارێزگای سلێمانی بە هۆی دروستكردنی چەندین پڕۆژەی نیشتەجیبوون بۆتە هۆی دروست بوونی كێشەی هاتووچۆ لە سنوری ئەم پڕۆژانە كە شەقامەكان توانای ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانیان نیە و ڕۆژانە كێشەی زۆر دروست دەبێت، هەروەها بۆ كێشەكانی ئاو ئاوەڕۆی ئەم پڕۆژانە بەشێكیان بونەتە هۆی دروستكردنی كێشە بۆ ئاو ئاوەڕۆی ئەو ناوچانە كەلە چەند ساڵی ئایندەدا زیاتر دەردەكەوێت، چونكە بەشێك لە پڕۆژەكان یەكەكانیان بەكار نەهاتووە لەلایەن هاووڵاتیانە، بە شێكیان لە قۆناغی جێبەجێكردندان و بۆ دابین كردنی كارەباش بە هەمان شێوەیە.
2-كوالێتی پڕۆژەكان بە براندكردنی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا بە پێی چەند كوالێتیەك پڕۆژە دروست دەكرێت، ئەوەی جێگەی بایەخە، دەبێت بۆ ئایندە كەرتی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان بە براند بكرێت وەكو وڵاتانی جیهان، بۆ نمونە توركیا لە ڕێگەی ئەم كەرتەوە توانیوویەتی داهاتێكی زۆر و دەستی كار بۆ ئەم وڵاتە فەراهەم بكات، وەك وڵاتانی ئیمارات توانیوویەتی لە پاڵ سەنتەری بازرگانی جیهانی ئەم كەرتە بكاتە براندێكی جیهانی و بۆ ئێمە پێویستە چاو لە وڵاتێكی وەك و بەریتانیا بكەین كە گرنگیەكی زۆری بەم كەرتە داوە و پارێزگاری لە كلتور و شوێنەوار و سەلامەتی شارەكان كردووە، چونكە دروستكردن و بنیاتنانی شار و شارۆچكەكان تەنها بە دروستكردن و بەرزكردنەوەی باڵەخانەكان نییە، پێویستە ڕەچاوی كۆمەڵێك پێوەری بنیاتنانی شار بكرێت و گرنگی بە مانەوەی كەلەپور و مێژووی ئەو شوێنە بدرێت، بە شێوەیەكی ئەندازەی كار لەسەر فراوانبوونی شار بكرێت، لە هەمووی گرنگتر نابێت ڕێگە بدەین ژینگە و سروشتی شارەكان تێك بدرێت و لە كۆنتڕۆڵ كردن دەربچێت، چونكە ئەمە هۆكار دەبێت بۆ كێشەی ئەندازەی و ژینگەی و كۆمەڵایەتی و ئاسایش ئەو شوێنە بۆ نموونە شارێكی وەك مۆمبای هندستان، سەرەڕای پێشكەوتنەكەی ڕوبەڕووی چەندین كێشەی ژینگەی و كۆمەڵایەتی بووەتەوە.
هیوادارم لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم تێبینیانەمان بە هەند وەربگیرێت لە پێناو بەرەو پێشبردنی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان لە ئاستی خواست و داواكاری هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بێت.
بەشی یەکەمی وتارەکەیە...