به‌رزان عه‌لی حه‌مه
نووسەر
هه‌ی مونافیق!
"له سه‌ر ته‌له‌فزیۆن به دووسه‌د و په‌نجا دیناره‌وه دهیگریهنن، له هه‌ڵبژاردن به ناوی "ئاسووده‌كردنی ویژدان"ه‌وه هه‌ڵی ده‌په‌ڕێنن. له سه‌ر شه‌قام به ناوی شۆڕشه‌وه به‌ردی پێ هه‌ڵه‌ده‌ن. له فه‌یسبووك به ناوی هه‌ڵوێسته‌وه، جنێوی پێ به‌م و به‌و ده‌ده‌ن"
میللهتێكتان مونافیق كرد، تێكتاندا. له سه‌ر ته‌له‌فزیۆن به دووسه‌د و په‌نجا دیناره‌وه دهیگریهنن، له هه‌ڵبژاردن به ناوی "ئاسووده‌كردنی ویژدان"ه‌وه هه‌ڵی ده‌په‌ڕێنن. له سه‌ر شه‌قام به ناوی شۆڕشه‌وه به‌ردی پێ هه‌ڵه‌ده‌ن. له فه‌یسبووك به ناوی هه‌ڵوێسته‌وه، جنێوی پێ به‌م و به‌و ده‌ده‌ن.
كابرا له كه‌ركووكه، ئێستا ڕێك له بن ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبییه، كه‌چی هه‌ر له حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌خوێنێت و فه‌یسبووكی لێ گڕ ده‌دات. كابرا له كرماشانه، ڕێك له بن ده‌ستی به‌سیج و سوپای پاسدارانه، كه‌چی له حكومه‌تی هه‌رێم ناڕازییه! ئێستا بووه به جۆرێك له ئه‌ده‌بیات، تۆ ئیللا ده‌بێت له حكومه‌تی هه‌رێم ناڕازی بیت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ ئێوه‌ش هیچ كه‌موكورتییه‌كی نه‌بووبێت، ئه‌بێت هه‌ر به خراپی بزانیت!
ئه‌مه‌ش وای كردووه ئه‌وانه‌شی كه به ملیۆنان دۆلار قازانجیان له‌م حكومه‌ته كردووه، هه‌ر بۆڵه‌یان بێت، ئه‌وانه‌ی سێ و چوار و زیاتریش مووچه‌یان هه‌یه، هه‌ر ناڕازی بن. گرنگ نییه حكومه‌ته‌كه چی بۆ تۆ كردووه و چه‌ندت لێی ده‌ستكه‌وتووه، گرنگ ئه‌وه‌یه تۆ لێی ناڕازی بیت!
میللهتێكتان مونافق كرد! له لایه‌كه‌وه ده‌ڵێن با قه‌واره‌كه هه‌ڵوه‌شێته‌وه! با بچینه‌وه سه‌ر عێراق! با مووچه‌مان به ده‌ست به‌غداد بێت! له هه‌موو شتێكی به‌غداد ڕازییه! وه‌سفی ده‌كات! ده‌یه‌وێت ئه‌و شوێنانه‌ی تریشی ڕاده‌ست بكاته‌وه كه نه‌كراون! كه‌چی له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن ده‌ڵێت: سه‌ددی پهنجاویهكی خاكمان له ده‌ست دا! ئێ بۆ له ده‌ستت داوه هه‌ی مونافیق؟ تۆ مه‌گه‌ر ناته‌وێت هه‌مووی له بن ده‌ستی ئه‌و بێت؟ چه‌پڵه‌ی بۆ ناكوتیت؟ رۆژانه گۆرانی و شیعر به باڵای به‌غداد لێ ده‌ده‌ن، كه‌چی وێنه‌ی دوو پاسه‌وانی سنوور له زاخۆ داده‌نێن و ده‌ڵێن خاكمان ڕاده‌ستی سوپای عێراق كرا، ئه‌ی مه‌گه‌ر تۆ ئه‌مه‌ت ناوێت؟ بۆچی هه‌ڵوێستمان پێ ده‌فرۆشیته‌وه هه‌ی مونافیق؟
ناڕازی بوون، هه‌موو كاتێك بوێری و ئازایه‌تی و ڕاستگۆیی نییه، هه‌ندێ كات پیشه‌یه، زۆربه‌ی ناڕازییه‌كانی دوێنێ، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئه‌مڕۆن. ئێ ملیۆنێك كه‌س مووچه‌خۆره و مووچه‌ی دواده‌كه‌وێت، بۆچی هه‌ر شه‌ش ملیۆن كه‌سه‌كه بۆڵه‌ی دێت؟ ده‌ی ئه‌وانه كێن كه ئه‌م شه‌ش ملیۆنه لێیان ڕازی نین؟
هه‌ر پێش ئه‌م ڕه‌وشه‌یش، كابرا داوای پاره‌ی كاره‌بات لێ ده‌كرد، نهیهدا، ده‌یوت مووچه‌كه‌م به‌شم ناكات. ئه‌وه پاره‌ی ئاو، حكومه‌ت هه‌ر ناوێرێت بچێت به‌لایدا و داوای بكات. باشترین و گرانترین ئۆتۆمبێل ده‌كڕێت، تووڕه و ناڕه‌حه‌ته كه پاره‌ی ژینگه و ڕێگه‌وبان بدات. تا بۆی بكرێت خۆی له گومرگ و زه‌ڕیبه ده‌دزێته‌وه. كه‌چی كه ده‌میش ده‌كاته‌وه، لێت ده‌بێت به كارڵ ماركس و ئاده‌م سمیسی ئابووری و ده‌ڵێت: چۆن ده‌بێت حكومه‌ت هه‌ر پشت به سێكته‌ری نه‌وت ببه‌ستێت؟ ئه‌ی داهاتی ناوخۆ چی لێ هات؟
داهاتی ناوخۆ ئه‌وه‌یه كه تۆ له كاتی خۆیدا پاره‌ی كاره‌با و ئاو بده‌یت، ڕیزێك دووكان و حه‌وت خانووی كرێت هه‌یه و له كاتی خۆیدا زهڕیبهكهی بده‌یت!
له‌م وڵاته هه‌تا سیستم نه‌بێت به باجدانی زۆره ملێ، مووچه‌یش نابێت به 30 ڕۆژ. كابرای مۆلیده ڕۆژانه شه‌ش سه‌عات كاره‌بات ده‌داتێ، كرێی گاز و شاگرد و وایهریشی لێ ده‌ر ده‌كا و هه‌ر قازانجیشت لێ ده‌كات، ئه‌ی بۆ حكومه‌ت هه‌رچۆنێك كاره‌بات بداتێ زه‌ره‌ره بۆی؟ چونكه تۆ وه‌ك كاره‌بای مۆلیدهكه له كاره‌بای حكومه‌ت ناڕوانیت. ده‌ی هه‌تاوه‌كو تۆ گڵۆپی تهوالێتهكهت نه‌كوژێنیته‌وه و به‌لای مهسینهكهوه نهگڕێت، كارهباكهیشت نابێت به بیست و چوار سه‌عات!