نامەیەکی کراوە لە خانەنشینکراوێکەوە بۆ سەرۆک وەزیران

نامەیەکی کراوە لە خانەنشینکراوێکەوە بۆ سەرۆک وەزیران
نامەیەکی کراوە لە خانەنشینکراوێکەوە بۆ سەرۆک وەزیران

بەڕێز سەرۆک وەزیران، سڵاو 

مانگێک لەمەوبەر، نزیک بە 30 هەزار کەس، شەو خەوتین فەرمانبەر بووین، بۆ بەیانییەکەی چووینە دەوام وتیان تەواو .. بەداخەوە ئێوە خانەشین کران! 

ئەو هەواڵە کتوپڕە وەک بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە بناغەوە ژیان و لێکدانەوەو ڕەفتارمانی هەژاند و هەڵتەکاند! ڕاستە هەموومان دەمانزانی کە دوور یان نزیک، ڕۆژێک هەر دێت خانەنشین دەکرێین، بەڵام بەلای کەمی چەند مانگێک لەمەوپێش لە ئامادەباشیدا دەبووین نەک لە شەو و ڕۆژێکدا وەک نارنجۆک بەڕووماندا بتەقێتەوە! 

بڕیاری خانەشینکردنمان تەنها هەواڵێک نەبوو، بەڵکو هەژانێکی قووڵ و کتوپڕو حیساب بۆنەکراو بوو. خۆ ئەگەر وانەبا، هەریەکەمان بەر لە چەند مانگێک لەڕووی دەروونی و دارایی و کۆمەڵایەتییەوە بۆ هاتنی ئەو ڕۆژ و مانگ و ساڵە خۆمان ئامادە دەکرد، ئەوسا هەر بۆ خۆمان نا بەڵکو  بۆ خانەوادە و کەسوکار و فەرمانگە و هاوکارەکانیشمان تا ڕادەیەک ڕووداوێکی ئاسایی دەبوو، بێ تاسان و شۆک. بێ هەژان وڕاچڵەکینی دەروونی. بێ نەبوونی و قەیرانی دارایی و کۆمەڵایەتی، قەبوڵدەکراو تێدەپەڕی. 

ئێمە چاوەڕێ بووین، لە پاداشتی 40 ساڵ خزمەتی گشتیدا، بەڕێزەوە، ماڵئاواییمان لێ بکرێ. چاوەڕێ بووین پێمان بڵێن: فەرموون ئیتر ئێوە پشوو بدەن و خەریکی ژیانی تایبەتیی خۆتان بن، بایەخ بە تەندروستی و ئارەزووەکانتان بدەن. چی تر خەمی ڕاکەڕاکی دەوام و نان پەیداکردنتان نەبێت. لەمڕۆ بەدواوە لە پاداشتی ئەو ساڵانەی ژیانتان کە بۆ خزمەتی گشتی تەرخانتان کردبوون، تا دوا ڕۆژی تەمەنتان دەوڵەت خزمەتتان دەکات. سەرباری مووچەیەکی شایستە، لەهەموو کایەکانی ژیانیشتاندا کارئاسانی و داشکاندتان بۆ دەکرێت: چاودێریی تەندرووستی و حەب و دەرمانەکانتان بێ بەرامبەرو کرێی هاتوچۆو گەشت و سەفەرتان نیوەی جاران دەبێت. شوێنی کات بەسەربردن و وەرزش و ڕاهێنەری بێ بەرامبەرتان بۆ تەرخان دەکەین ! کەچی شۆک! شۆک ! شۆک ! نەک هەر ئەو خەونە مەخمەڵیانەمان نەهاتنە دی، بەڵکو بوون بە مۆتەکەو سەرسنگی گرتین.. نازانیین هاوار بۆ کێ و بۆ کوێ بەرین .. 

ئەمڕۆ نزیک بە سێ مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە.. بەگوێرەی خێرایی و ئاڵۆزیی ڕێکارەکانی خانەشینکردنی نزیک بە 30 هەزار کەسیش بێت ئەوا تا چەند مانگێکی تریش دینارێک نابینیین! زۆربەمان لە مووچە زیاتر هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی ترمان نییە. بەم تەمەنەش کرێکاری و  کاسبی و پاسەوانیمان پێ ناکرێ. 

جەنابی سەرۆک وەزیران! تکایە سەرنجێکی بارو دۆخی هەزاران فەرمانبەری بەتەمەن بدەن کە تا سێ مانگ لەمەوبەر بە کولەمەرگی و بە چەند سەد هەزار دینارێک ژیانی خۆیان و خێزانیان بەڕێوە دەبرد، ئەمڕۆ بەر لێشاوی خانەنشینی کەوتوون ئەوەی هەیانبوو ئەویش نەما. کرێی خانوو، هاتوچۆ، نان و ئاو، جلوبەرگ، کارەبا و مووەلیدە ، حەب و دەرمانی زەخت و شەکرە و کۆلیسترۆڵ و ڕۆماتیزم ، سەردان و میوانداری.. هەموو ئەمانە بە بە پارە ڕایی دەکرێن ، سەرچاوەی پارەش یان مووچەی مانگانەیە کە سێ مانگە وەرنەگیراوە بەم زووانەش نایبینن ، یان پاشەکەوتی ساڵانەیە کە هەر زوو بە سەوزیی خوراوە و نەماوە. 

بەڕیز سەرۆک وەزیران! ئێمە زۆر چاک دەزانیین، ڕێکارەکانی بەیەکجار خانەشینکردنی 30 هەزار کەس ، کارێکی زۆر سەخت و ئاڵۆزە. ئەوەشمان لا ڕوونە کە ئێوەش بە ناچاری و لەژێر فشارێکی تاقەتپڕوکێنی حکوومەتی عێراقدا ئەم بڕیارەتان داوە، هەروەک چۆن زۆر باش تێدەگەین کە حکوومەتی عێراقیش بە ئامانجی خوڵقاندنی قەیران و کێشەی ئیداری و پەروەردەیی و خێزانی و دەروونی لەناو گەلی کوردستاندا ئەم جۆرە فشارانەتان بۆ دەهێنن. خەونی ئەوان ئەوەیە لەڕێی دروستکردنی کێشەو قەیرانەوە ئێمە و ئێوە بکەن بە گژ یەکتردا و لەیەکتر بچینە سەنگەرەوە. دڵنیاتان دەکەینەوە ئەو خەونەشیان وەک هەر خەونێکی تری گڵاویان دەنێینە گۆڕ و ڕێ نادەین بێتە دی.

بەڵام تکایە ئێوەش پشتی ئێمە بەرمەدەن، تکایە وەزیر و بەرپرسانی حکومەتەکەت ڕابسپێرە با ئەوەندەی بە تەنگ ڕازیکردنی بەغداوەن نیو هێندەش بەتەنگ ڕەچاوکردنی بارو دۆخی ئێمەشەوە بن، چونکە لە کۆتاییدا پشتوپەنای ڕاستەقینەی ئێوە، هەر ئێمەین نەک ئەوان !

جەنابی سەرۆک وەزیران! تکایە خۆتان وەرنە سەرخەت..