فاتمە قاسم
نووسەر
بەهای کچ بە پێشەکی و مارەیی زۆر پێوانە ناکرێت
لە ئەمڕۆدا گەنجان بۆ ئەوەی بتوانن هاوسەرگیری بکەن ، سەرەتا دەبێت گەنجینەیەکیان هەبێت یان خاوەن فانۆسێکی سیحراویی بن هەتا ببنە کەسێکی دەوڵەمەند ، ئەو کات دەتوانن هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کەسە بکەن کە دەیانەوێت.
هاوسەرگیری نیعمەتێک لە نیعمەتەکانی خودای گەورەیە بۆ مرۆڤ ، بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی لەئەنجامدانی کاری هەڵە و ناشەرعی بپارێزێت و کۆمەڵگایەکی نوێ بچووک پێکبهێنێت و لەڕێگەیدا تاکی کۆمەڵگا زیاد بێت و دڕێژە بە مرۆڤایەتی بدرێت ، بەڵام لە ئەمڕۆدا بەشێک لە گەنجەکانمان لە بابەتی ژن هێنان بێ هیوان ، هۆکاریشی دەگەرێتەوە سەر هەندێک لە خێزانەکان کە بە داواکارییە زۆرەکانیان لە ( پێشەکی و مارەیی و تاپۆکردنی خانوو بەناوی بووک و کڕینی ئۆتۆمبێلی تایبەت.. هتد ) .
بەربەستیان لە بەرامبەر هاوسەرگیریدا داناوە ، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەندێک لە گەنجەکان بەئاسانی دەتوانن خواستەکانی خێزانی بووک دابینکەن و هەندێ دیکەش دوای بیستن و تێبینیکردنی بارودۆخی ژیانی خۆیان ناچار بە وازهێنان و دوورکەوتنەوە لەم هاوسەرگیریەدا دەبن ، ئەم بابەتە بەهێواشی گەنجەکانمان لە هاوسەرگیری دوور دەکاتەوە ، بۆیە دیاردەی " زیادەڕەویکردن لە تێچووی هاوسەرگیری و شانازیکردن بە گرانبوونی نرخی مارەیی " یەکێکە لەو دیاردە نەرێنییانەی کە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆمان بەربڵاوە و بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر تاک و خێزان و کۆمەڵگا لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونی بەجێهێشتووە و ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر تەشەنە دەکات و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر جیاوازتر دەبێت .
هەرچەندە لەرووی ئاین و یاسادا پێشەکی و مارەیی مافی هەموو بووکێکە کە بە پێی داب و نەریت پێشەکی بەکاردەهێنرێت بۆ کڕینی کۆمەڵێک شت وەک جل و بەرگ و زێر و بۆن و شتی جوانکاری و کۆمەڵێک شتی دیکە کە ئەمانەش مافی بووکە و دەبێتە هۆی دڵخۆشبوونی ، ئەمەش ڕێگایەکە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی پیاو بۆ خانمەکەی و هێمای شانازیکردن و بەڵگەیە لە سەر ئیرادەی پیاو بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی هاوژینەکەی ، بەڵام لەلایان بەشێک لە خێزانەکانەوە وا هەژمار دەکرێت کە هەرچەندە ژمارەی مسقاڵی زێرەکان و جەنتای جل و بەرگ و کەرەستە و مارەیی کچەکەیان زۆتر بێت ئەوا لە کۆمەڵگا بە ( بەهای کچەکە و باشبوونی خێزانی ) هەژمار دەکرێت هەرچەندە لە ڕاستیدا ئەم بابەتانە پەیوەندییان پێکەوە نییە و کەم و زۆری ( پێشەکی و مارەیی ) پێوەر نییە بۆ بەهای کچ و شەرەف و شکۆمەندی خێزانی لەنێو کۆمەڵگا ، بۆیە نابێت خێزانەکان لەسەری سەرسەخت بن .
بۆچی خێزانەکان داوای پێشەکی و مارەیی لە سەرووی تێکڕای ئاساییدا دەکەن ؟
_ هەژمارکردنی داواکاری زۆر بە بەها و بەرزی کەسایەتی و ڕۆشنبیری خێزانی بووک .
_ تەماحی خێزان بە بەراوەردکردنی کچەکەیان بە کچی خێزانەکانی دیکە وەک مەسەلەی بەرامبەریەتی و هەروەها بەپێ ئەو قسەیەی کچیان لە کچانی خێزانەکانی دیکەدا کەمتر نییە .
_ پێشاندانی خۆشەویستی و وەفای زاوا بۆ بووکەکەی لەڕێگەی بەدیهێنانی خواستی خێزانی بووک .
_ گەرەنتیکردنی ئایندەی کچەکەیان لە نەهێنانی ژنی دووەم یان نوێ بەسەریدا و تەلاق نەدانی لە ئایندە .
_ هەژمارکردنی زیادەڕەوی لە تێچووی هاوسەرگیری بەجۆرێک لە شکۆمەندی کۆمەڵایەتی بۆ خێزانی بووک .
لێرەدا دەبێت ئەوە ڕوونکەمەوە کە لە ئەمڕۆدا گرنگی بەشێک لە خێزانەکان زیاتر لەسەر پارەیە و لە ڕوانگەیەکی تەواو ماددییەوە سەیری هاوسەرگیری دەکەن ، و ئەگەر هەر گەنجێک خاوەن پارەی زۆرتر بێت و بتوانێت خەونی خێزانی کچ بەدیبهێنێت ئەوا کچەکەیان بەشانازییەوە پێ دەدەن تەنانەت ئەگەر ببێتە ژنی دووەمیش ، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بنەما بەنرخەکان کە بریتین لە ئەخلاق و ناوداری خێزان و سەڵت بوونی گەنجەکە لە بەرچاو ناگرن ، جگە لەمەش درک بەوە ناکەن کە بنەمای هاوسەرگیری لێکتێگەیشتن و خۆشەویستییە نەک تەنیا پارە ، هەرچەندە پارەیش گرنگە بەڵام نەک بەو رادەیەی کە هەموو خۆشیەکانی ژیان دابین بکات و گەرەنتی بۆ ژیانێکی جوان و بەختەوەر بێت ، و ئەگەر کەسێک بەرامبەرەکەی لە پێناو پارە هەڵبژێرێت و بەربەستی زۆر بۆی دابنێت ئەوا لە ڕاستیدا هیچ جۆرە خۆشەویستییەک لەئارادا نییە و تەنیا پارەیه كه رۆڵی سەرەکی لە ژیانیاندا دەبینێت ، بەڵام هەمان ئەو خێزانانەی کە کچی خۆیان جگە لە دەوڵەمەند بە کەسانی ئاست مامناوەند یان باش نادەن ئەگەر هەمان بابەت بۆ کوڕی خۆیان ڕووبدات ئەوا چە جۆرە کاردانەوەیەکیان دەبێت ؟ بەدڵنیاییەوە بەهۆی ڕەفتاری خێزانی کچ و بێ هیوای کوڕەکەیان دڵگران دەبن ، بۆیە دەبێت پێش بڕیاردان خۆیان لە شوێنی خێزان کوڕ دابنەن و هەوڵ بۆ ئاسانکاریی هاوسەرگیریەکە بدەن ، چونکە بەداخەوە زۆرێک لەو گەنجانە دوای ڕەتکردنەوەیان لە کاتی خوازبێنی بەهۆی نەتوانین لە بەدیهێنانی خەون و مەرجەکانی خێزانی کچ ئەم فشارە دەبێتە خاڵی سەرەکی وازهێنانی گەنج لە کچێکی دیاریکراو یان لە پرۆسەی هاوسەرگیری بەگشتی ، بۆیە بەشێک لە گەنجان دەست بە کۆمەڵێک کاری ناشەرعی و نایاسایی دەدەن تەنیا لەپێناو بەدیهێنانی مەرجەکانی خێزانی کچ و پێکهێنانی خێزانێک لەگەڵ خۆشەویستەکەیان و کارەکانیش بریتین لە ( قومارکردن ، سپیکردنەوەی پارە ، گواستنەوە و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان ، دزیکردن ، ووو هتاد ) تەنیا بەمەبەستی بەدەستهێنانی زۆرترین پارە لە کەمترین کات ، و هەندێکیانیش بەهۆی ترس لە ئەنجامدانی کاری ناشەرعی و نایاسایی دەست بە خۆکوشتن دەدەن کە ئەمەش ڕێژەکەی کەمە بەڵام بەڕێژەی زۆرتر دەست بەخواردنەوەی کحول و کێشانی مادەی هوشبەر دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی سەختیەکانیان لەبیربچێتەوە ، و دەرئەنجامی هەردوو حاڵەتەکە دەبنە هۆی دروستبوونی زیان بۆ خۆیان و خێزان و کۆمەڵگەدا .
بەپێ ئەوەی کە ڕۆژانە دەبینین و گوێبیست دەبین بەشێک لەو کچانەی کە بەئاسانی هەموو مەرجەکانی خێزانیان لەڕووی پێشکەشکردنی پێشەکی زۆر و نووسینی مارەیی زۆر و تاپۆکردنی خانوو و زەوی و کۆمەڵێک شتی بە بەهای دیکە لەلایەن زاوادا بەدیهێنراوە ، دوای ماوەیەک لە دروستکردنی ژیانی هاوبەش ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بابەتی ناشیاو بوونەتەوە وەک :
_ خیانەت
_ بێ ڕێزی
_ دڵپیسبوون و ڕێگریکردن لە دەرچوون و کارکردن
_ پشتگوێخستن بەتایبەت لە جۆری سۆزداری
_ هێنانی ژنی دووەم
_ توندوتیژی
_ قسەی زبر و ناشیاو و جنێو
ئەو کاتەیە کە خانمان ڕووبەڕووی ڕووی ڕاستەقینەی بەرامبەرەکەیان دەبن و جگە لە پارە هیچ چێژێکی دیکە لە ژیانی هاوبەشیان نابینن ، بەشێک لە پیاوانیش بەداخەوە لە کاتی سەرهەڵدانی بچووکترین لێک تێنەگەیشتن یان شەری نێوان خۆی و هاوژینەکەی بەکۆمەڵێک قسەی زبر ئازاری دڵ و ڕۆحی هاوژینەکەی دەدات و هەرەشەی جیابوونەوە لێ دەکات لەو کاتەدایە کە ئەو خانمە گازی پەشیمانی لە پەنجەی خۆی دەگرێت بۆ هەڵبژاردەکەی و ئاواتەخوازە مێردەکەی پیاوێکی سادە و خاوەن داهاتی مامناوەند یان کەمدەرامەت بێت بەڵام ئەنجامدەری ئەو کۆمەڵە ڕەفتارە نەبێت لەگەڵیدا ، بۆیە خانمەکە بۆ پاراستنی ناو و کەسایەتی خۆی و خێزانی و لەدەستنەدانی منداڵەکانی ناچاره قبوڵکەری ئەمجۆرە ژیانە بێت کە دۆزەخێکی بریقەدارە و هەمووان ئاواتەخوازی ژیانیانن ، هەندێک جاریش دوای تەواوبوونی سەبری خانمەکە لەڕێگەی تەلاقەوە کۆتایی بەژیانی هاوبەشی خۆی دەهێنێت و جگە لە ژیانی خۆی دەبێتە هۆی وێرانبوونی ژیانی منداڵ و خێزانیشی ، ئەو کاتەیە کە خێزانی پەشیمان لە کردەوەی خۆیان دەبن ، هەرچەندە لەنێو چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا بابەتی توندوتیژی و هێنانی ژنی دووەم و جیابوونەوە هەیە بەڵام بۆ بەشێک لە ئەو پیاوانەی کە خاوەن دەوڵەمەندی زۆرترن ئەنجامدانیان ئاسانترە چونکە دوای سەرهەڵدانی هەر کێشە و لێک تێنەگەیشتنێک هەوڵی کپکردنەوەی دەنگی هاوژینەکەیان بە بەخشینی پارە و کڕینی زێر و کۆمەڵێک بابەتی پڕ بەها دەدەن ، و بابەتی جیابوونەوە بۆیان زۆر ئاسانتر لە جیابوونەوە لەنێو چینەکانی دیکەیە چونکە خەمی پارەیان نابێت و هەر یەک لە پێشەکی و مارەیی بە ئاسانی بە هاوژینەکەیان دەدەن .
چارەسەرێک بۆ کەمکردنەوەی پێشەکی و مارەیی لە سەرووی تێکڕای ئاساییدا
بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببینەوە پێویستە گرنگی بە چەند خاڵێک بدرێت:
1. لە سنووری بازنەی خێزان:
_ ڕۆڵی خێزان لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بەدوور لە تەماحی ماددی ، و پەروەردەکردنیان لەسەر مانای ڕاستەقینەی هاوسەرگیری بۆ بنیاتنانی ماڵێکی سەقامگیر و سەرکەوتوو کە خۆشەویستی و ڕێزگرتن و لێکتێگەیشتن تێیدا زاڵ بێت .
_ گرنگیدان بە ئەخلاق و کەسایەتی گەنج و خێزانەکەی .
_ دانەنانی بەربەست لە بەرامبەر کاری خێر و هەوڵدان بۆ ئاسانکاریی و داواکردنی پێشەکی و مارەیی لەسنووری ئاینی ئیسلام و بەپێی توانا و باری دارایی کەسی بەرامبەر .
2. لەڕووی ئاین:
زیادکردنەوەی گوتاری ئایینی لەلایەن پیاوانی ئایینیدا بە مەبەستی ئامۆژگاریکردنی خێزانەکان و ڕوونکردنەوەی مانای هاوسەرگیری بۆیان کە تەنها پێشەکی و مارەیی نییە ، و هەبوونی پێشەکی و مارەیی زۆر نابێتە دروستکەری بەختەوەری لە ژیاندا ، و هەروەها ئامۆژگاریکردنیان بەمەبەستی کەمکردنەوەی فشار لە ڕووی مادییەوە لەسەر گەنجان و یارمەتیدانیان بۆ پێکهێنانی ژیانێک .
3. لەڕووی ڕاگەیاندن:
بەکارهێنانی ڕاگەیاندن بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەم دیاردەیە ، و هەوڵدانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ گەیاندنی دەنگی پیاوانی ئاینی ، توێژەرانی کۆمەڵایەتی ، پارێزەران و نووسەران و سەرجەم ئەو دەزگا و ڕێکخراوانەی کە پەیوەندییان بە خێزانەوە هەیە بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا بەمەبەستی ڕوونکردنەوەی ئەو کێشەو گرفتانەی کە بۆ بەشێک لەو خانمانە روویداوە و بوونەتە قوربانی تەماحی ماددی خێزانیان و بەجیابوونەوە کۆتایی بە ژیانی هاوبەشیان هاتووە ، و هەروەها گەینەری دەنگی ئەو خانمانە بن کە بەهۆی ئەم تەماحە ڕۆژانە قبوڵکەری
توندوتیژی و قسەی زبر دەبن ، و هەروەها باس لە سەر ئەو گەنجانە بکرێت کە بەهۆی ڕەتکردنیان لەلایەن خێزانی کچەوە یان دەستیان بە خۆکوشتن یان بە کاری ناشەرعی و نایاسایی داوە و لە کۆتایدا خۆیان و خێزان و کۆمەڵگەکەشی تووشی کێشە و گرفت کردووە ، ووو دەیان بابەتی دیکە کە لێرەدا بەهۆی سنوورداربوونی قەبارەی وتارەکەم توانای بە وردی ئاماژەدان بە هەموو شتێکم نەبوو .
بۆ لادانی بیرۆکەی هەڵە و نەگونجاو لەگەڵ سەردەمی ئەمڕۆ و توانای باری دارایی گەنجەکانمان ، و بنیاتنانی بیروباوەڕی نوێ کە زیاتر لەگەڵ واقیع و بارودۆخی ئێستادا گونجاو بێت پێویستە هەموومان دەست بە دەستی یەک بدەین و جەخت لەوە بکەینەوە کە هەموو بابەتەکانی ژیان بە پارە ناپێورێت و سەرمایەی پیاو ئایین و ئەخلاق و ڕەفتاریه ، بۆیە دەبێت بەربەست لە بەرامبەر گەنجەکانمان دانەنین و ئاسانکاری بۆ گەیاندنیان بە یەک بکەین .