د. نازەنین كەریم محەمەد جاف
نووسەر
بەشداری ژنان له کاروباری سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی
"به‌شداریکردنی راسته‌قینه‌ی ژنان، کلیلی گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی وڵاتانه"
له جیهانی ئه‌مڕۆدا که وڵاتان به‌وپه‌ڕی تواناوه بۆ گه‌شه‌کردن و پیشکه‌وتن پێشبڕکێ ده‌که‌ن، به‌کارهێنانی ته‌واوی توانای سه‌رچاوه‌ی مرۆیی گرنگی خۆی هه‌یه. یه‌کێک له كایه گرنگه‌کانی پیشکه‌وتنی مرۆڤی سه‌رده‌میش، به‌شداریکردنی ئافره‌تانه له پرۆسه‌ی بڕیاردان، به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رکردایه‌تی دام و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌کانه.
ئافره‌تان به گرانبه‌هاترین و بایه‌خدارترین سه‌رمایه‌کانی تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه داده‌نرێن که له رێگای پێشکه‌وتن دان و له‌راستیدا، به‌شداریکردنی ڕاسته‌قینه‌ی ژنان، کلیلی گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی ئه‌م چه‌شنه ولاتانه‌یه. ده‌توانین بلێین که یه‌کێک له‌گرنگترین پێوانه‌کان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی پله و ئاستی پێشکه‌وتوویی کۆمه‌ڵگا، رێژه‌ی گرنگیپێدان، متمانه و باوه‌ڕ پێکردن و هه‌بوونی ئافره‌تانه له پێگه جیاكانی كۆمه‌ڵگادا. رون و ئاشکرایه که مه‌به‌ست له گرنگی دان و هه‌بوون، گرنگیدانی ڕاسته‌قینه‌یه نه‌ک ساخته و خه‌یاڵی، و هه‌روه‌ها هه‌بوونێكی کاریگه‌ر نه‌ک هێمایی.
له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، ژنان وه‌کو جه‌ماوه‌ری کارای هه‌ر وڵاتێک، کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر پێشخستنی گشت لایه‌نه‌کانی کۆمه‌ڵگا دا هه‌یه. بۆیه، پێویسته پلان و ستراتیژیه‌كانی کۆمه‌ڵگایێکی پێشکه‌وتوو، له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی و به‌شداریکردنی ژنان له کاروباری ئابوری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی دابنرێت. هه‌ڵبه‌ته، ئه‌مه له کاتێکدایه که ژنان له شۆێنی ئیش و کاریان رووبه‌رووی كۆمه‌ڵێك کێشه و گرفتی جیاکاری ڕه‌گه‌زی ده‌بنه‌وه و له‌م بواره‌دا شاره‌زایانی کۆمه‌ڵناسی باوه‌ریان وایه که نایه‌کسانی ڕه‌گه‌ز و جیاوازی له نێوان ژن و پیاو بووه به رێگر و به‌ربه‌ستی جدی له‌سه‌ر رێگای پێشکه‌وتن و چوونه پێشه‌وه‌ی مرۆڤ.
به‌کارهێنانی توانای ژنانی شاره‌زا له پێگه و پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وڵاتان، هه‌رچه‌ند گرنگیش بێت به‌ڵام تا ئێستا رووبه‌رووی کێشه و گرفتێکی گه‌وره ده‌بێته‌وه و نه‌ك ته‌نیا له‌م ئاسته‌دا، ئه‌م بابه‌ته له ئاستی كۆمه‌ڵگا و داموده‌زگاكانی دیكه‌ش زۆر ئه‌سته‌مه. بۆ نموونه زۆربه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی که له ڕێکخراو و دامه‌زراوه‌کان کار ده‌که‌ن، به‌هۆکاری جۆراجۆر، ناتوانن پێگه‌ی سه‌رکردایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌ری به ده‌ست بهێنن. به‌واتایه‌کی دیکه، ڕێژه‌ی زۆری ئه‌و ژنانه‌ی که له ڕێکخراوه‌کاندا کار ده‌که‌ن، له کاری ساده و ئاسان و ئاست نزمدا تواناكانمیان به‌کار ده‌هێنرێن و سوود له تۆاناکانیان له ئاسته‌کانی باڵای بریاردان و ستراتیجی دا وه‌رناگیرێت.
له‌به‌ر چی ده‌بێت ئافره‌تان له‌کاروباری سیاسی، ئابوری، و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌شداری بکه‌ن؟
سێ هۆکار هه‌یه؛ یه‌که‌م بۆ به‌خشینی شەرعیەت به بنه‌مای سیسته‌می دیموکراسی، هه‌موو چینێكی كۆمه‌ڵگا پێویسته به‌گوێره‌ی پێویست نوێنه‌ریان هه‌بێت.
دووه‌م، ئه‌گه‌ر وڵاتان، سه‌رکرده شیاوهكانیان ته‌نیا له نیوه‌ی كۆمه‌ڵگا (پیاوان) ئه‌ژمار ده‌که‌ن، پێویسته که دان به‌و راسته‌یه دا بنێین که زۆربه‌ی سه‌رکرده‌کانی شیاوی دیکه (ژنان) هێشتا بزر و تواناكانیان نهدۆزراون.
سێیه‌م، له‌وانه‌یه ژنان كۆمه‌ڵێك ئه‌زموون و شاره‌زایی له گه‌ڵ خۆیان بهێننه نێو كاری رێكخراوه‌یی و به‌رێوه‌بردندا كه پیاوان ئه‌و توانایان نه‌بێت.
به پێی داتا ئه‌و راستیه سه‌لمێنراوه كه کاتێک ژنان و پیاوان پێكه‌وه و وه‌کو یه‌ک تیم کار ده‌که‌ن، ده‌ره‌نجامی ئه‌رێنی و پۆزه‌تیڤی هه‌یه. داهێنان و دروست کردنی ڕوانگه‌یه‌کی یه‌کسانی و چاره‌سه‌رێكی براوه-براوه له نیۆان ژنان و پیاوان له سه‌رکردایه‌تیدا ده‌توانێت ببێته هۆكاری پێكه‌وه كاركردنێكی سه‌رکه‌وتوو، نه‌ک پێشبڕکێ. بۆ ئه‌وه‌ی ڕوانگه‌یه‌ش سه‌ركه‌وتن به خۆیه‌وه ببێنێت، پێویسته پیاوان دان به ره‌سمیه‌تی ئه‌م بابه‌ته بنێن.
له ئه‌نجامدا، ده‌توانین بڵێین كه ده‌كرێت ژنان باشتر بتوانن له‌و شوێنانه‌ی که پیاوان ڕه‌نگه پسپۆری و شاره‌زایی كه‌متریان هه‌بێت، به‌سوود بن و به پێچه‌وانه پیاوانیش به هه‌مان شێوه ئه‌و شاره‌زاییانه پڕبكه‌نه‌وه كه لای ژنان كه‌متره. ئه‌وه‌ش ئه‌و راستیه‌مان بۆ رون ده‌كاته‌وه كه ده‌رفه‌تی كاركردنی یه‌كسانی ژن و پیاو ده‌بێته هۆی باشتركردنی كوالیتی كاره‌كان.
جگه‌ی له‌وه‌ی كه باسمان كرد، ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی سه‌رکردایه‌تی یه‌کسان، ده‌توانێت ببێته هۆی به‌ده‌ستخستنی زانیاری و زانستی زیاتر له‌سه‌ر چۆنێتی دابین کردنی خزمه‌تگوازی و باشتر سوود وه‌رگرتن له هێزی کاری ئافره‌تان له رێکخراوه‌کان. چۆنكه راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه زیاتر له نیوه‌ی كۆمه‌ڵگای جیهان، ژنان پێكده‌هێنن و سوود وه‌رگرتن له تواناكانیان به هه‌مان رێژه، هه‌ڵبه‌ته سوودی زیتری ده‌بێت و بۆ پێشكه‌وتنی زیاتر یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت.
ژنان و سه‌رکرده‌کانی باڵای دامه‌زراوه‌كان پێویسته پێكه‌وه بۆ گۆرانكاریه ستراتیژیه‌كانی که‌لتوور و ئامانجداری دژی پێگه‌ی به‌شداری ژنان هاوکاری یه‌كتر بن. سه‌رکرده باش ئه‌وه كه‌سه‌یه كه به بێ ئه‌وه‌ی ره‌گه‌ز ببێته رێگر، به‌هره و تواناکان له به‌ر چاو بگرێت.
رێگه‌دان و هاندانی ژنان زیاتر بۆ به‌ده‌ست هێنانی رۆڵه‌کانی سه‌رکردایه‌تی که به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له لایه‌ن پیاوان داگیر کراون ، ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ فێربوون وه گه‌شه کردن ده‌ڕه‌خسێنێت، هاوكات، ده‌بێته هۆی دروستکردنی مۆدێل و نموونه و هاندانی زیاتری ژنانی دیکه بۆ به‌ده‌ست هێنانی رۆڵ و پێگه‌ی سه‌رکردایه‌تی. هاندانی زیاتری پیاوان و ئافره‌تان بۆ کارکردن له‌گه‌ڵ یه‌کتر ده‌بێته هۆی روودانی هزر و بیرۆکه‌ی نوێ زیاتر.
پیاوان و ژنان نه‌ک ته‌نیا له یه‌کتر فێر ده‌بن، به‌ڵکو کار کردن له گه‌ڵ یه‌کتر ده‌توانێت ئه‌وانی دیکه هان بدات بۆ کارکردنی پێکه‌وه‌م به‌بێ ره‌چاوکردنی ره‌گه‌ز و به‌ده‌ر له ڕای پێشینان، پیاوان و ژنان یه‌کتر ئامۆژگاری ده‌که‌ن و راهێنه‌ری یه‌کتر ده‌بن. قبووڵکردنی پسپۆری و شاره‌زایی ئافره‌تان وتێکه‌ل کردنی له گه‌ل پسپۆری و شاره‌زایی پیاوان شوێنی کاری گشتگیر دروست ده‌کات. کاتێک که ئافره‌تان سه‌رده‌که‌ون، له راستیدا، کۆمه‌ڵگاش له‌گه‌ڵ ئه‌وان سه‌رده‌که‌وێت.