یەک شەممەى یەکلاکەرەوە لە ئەڵمانیا

یەک شەممەى یەکلاکەرەوە لە ئەڵمانیا
یەک شەممەى یەکلاکەرەوە لە ئەڵمانیا

بەهۆى ئەو قەیرانە سیاسیى و ئابووریانەى لە ماوەى چەند مانگى ڕابردوودا بەرۆکى حکومەتى ئەڵمانیاى گرتبوو، بەتایبەت دواى جەنگى ئۆکراینا، بۆ جارى شەشەم لە مێژووى ئەڵمانیادا ( ئۆلاف شۆلترز) ڕاوێژکارى ئێستاى ئەڵمانیا، داوای لە پەرلەمانى فیدراڵیی ئەڵمانیا کرد پرسى متمانەى حکوومەت بخاتە دەنگدانەوە؛ سەرەنجام لە 16 ى کانوونى یەکەمى (2024) پەرلەمان بڕیارى دا بە لێسەندنەوەى متمانە لە حکوومەت. بۆیە، ڕاویژکارى ئەڵمانیا بڕیارى دا بە هەڵبژاردنى پێشوەختە لە 23 ى شوباتى 2025، بەم جۆرە نزیکەى 7 مانگ بەر لە وادەى یاسایی خۆى هەڵبژاردنى پەرلەمانى فیدراڵیی ئەڵمانیا دەکرێت.

پەرلەمانى فیدراڵى ئەڵمانیا بە ( Bundestagwahl) ( بوندستاغ) ناسراوە، بارەگاى سەرەکى لە شارى بەرلینە، لە ساڵى 1949 لە دواى جەنگى دووەمى جیهانى دامەزراوە، ژمارەى کورسییەکانى لە هەڵبژاردنى 26 ى سیپتەمبەرى ساڵى 2021 بریتیى بووە لە 736 کورسى، بۆ هەڵبژاردنى ئەمجارەش پێدەچێت ژمارەى کورسییەکان لە نێوان 730 بۆ 735 کورسى بێت، ئەمەش ئاستى بەشدارىی دەنگدەران ئەم ژمارەیە یەکلایی دەکاتەوە.

بەپێى ڕاگەیەنراوى دامەزراوە فەرمییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەم جارە، لەسەرانسەرى ئەڵمانیادا ( 59, 200,000) پەنجا و نۆ ملیۆن و دوو سەد هەزار کەس مافى بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنى پێشوو ئەم ژمارەیە زیاتر بوو، بەڵام بەهۆى هەندێک گۆڕانى دیمۆگرافى ئەم جارە ژمارەى دەنگدەران کەم بووتەوە. ئەڵمانیا بەسەر (299) بازنەى هەلبژارندا دابەش کراوە، کە لە هەر بازنەیەکى هەڵبژاردن بەربژێرێک سەردەکەوێت، بەربژێرەکانى تریش لە ویلایەتە جیاوازەکانەوە سەردەکەون، دەنگدەران بەسەر (60000) شەست هەزار وێستگەى دەنگداندا دابەش کراون.

بۆ هەڵبژاردنى ئەم جارە ( 4506) بەربژێر لە سەرانسەرى وڵاتدا کێبرکێ دەکەن بۆ چوونە ناو بۆندستاغ، کە ( 442) بەربژێر ئافرەتن، ژمارەیەکى کەم لە بەربژێرەکانیش کوردن کە لە ناو پارتە جیاجیاکانى ئەڵمانیا خۆیان بەربژێر کردووە. بەهۆى پیادەکردنى سیستەمى فیدراڵى لە ئەڵمانیا، ژمارەیەکى زۆر پارتى ڕامیارى لە وڵاتدا هەن، بۆ هەڵبژاردنى ئەمجارەش ژمارەیەکى زۆر لە پارتەکان بەشدارىی هەلبژاردنى پەرلەمانى فیدراڵیی دەکەن، بەڵام بەهۆى بەربەستى ( 5%) ئەستەمە هەموو پارتەکان بتوانن بەشدارىی لە پەرلەماندا بکەن. بەرەبەیانى یەک شەممە23ى شوبات لە کاتژمێر 8 ى سەر لەبەیانى دەرگاى ناوەندەکانى دەنگدان بەڕووى ئەڵمانییەکاندا دەکرێتەوە، کە ئێستە لەناو میدیاى ئەڵمانیادا بە یەک شەممەى یەکلاکەرەوە ناسراوە.

مژارى گەرمى هەلبژاردن:

بەشێوەیەکى گشتى چەندین پرسى گرنگ لە سەرانسەرى ئەڵمانیادا هەن کە بوونەتە مایەى مشتومڕ و ناکۆکىی نێوان هێزە سیاسییەکان، بەڵام لە هەڵبژاردنى ئەم جارە پرسى گرنگ بریتین لەم پرسانە:

1- پرسى کۆچبەران

2- باج

3- یاساى کار و ئاڵنگارییەکانى بەردەم کرێکاران

4- ئاسایشى ئەڵمانیا و ئەورووپا بە تایبەت دواى جەنگى ئۆکراینا

گەرمترین پرسى هەڵبژاردنەکانى ئەمجارەش بریتییە لە ناکۆکىی نیوان هێزە ڕامیارییەکان لەسەر پرسى کۆچبەران کە مەبەستى سەرەکى نووسینەى ئێمەشە بە تایبەت کۆچى نایاسایی، ئێستە کۆچبەران نزیکەى ( 11% بۆ 12%) دەنگدەران پێک دەهێنن، بۆیە کاریگەرییان بەسەر ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکانەوە دەبێت، هەروەها بەشێوەیەکى گشتى ( 30%) دانیشتوانى ئەڵمانیا پێشینەى کۆچبەرییان هەیە، ئیستە نزیکەى ( 3000000) سێ ملیۆن کۆچبەر لەم وڵاتە هەن، کە بەشى هەرە زۆرى ئەوانە، هاووڵاتى ئۆکراینین کە لەدواى جەنگى بەرانبەر بە ڕووسیا هاتوونەتە ئەڵمانیا، ئەوانى تریش زیاتر هاووڵاتى سوورى و ئەفغانین. بەگشتى، سەبارەت بە پرسى کۆچبەران پارتەکان بەسەر دوو ئاراستەدا دابەش بوونە، ئاراستەى یەکەم ئەو پارتانەن کە دژایەتیى هاتنى کۆچبەران دەکەن، دیارترین پارتى ئەم ئاراستەیە بریتییە لە پارتى ( AFD- پارتى جێگرەوە – حزب البدیل) ئەو پارتە دژایەتىی کۆچبەران دەکات و تاڕاددەیەک توانیویەتى دەنگی دەنگدەران لەسەر ئەم پرسە وەدەست بهێنێنت. لایەنگرانى ئەم ئاراستەیە لایان وایە هاتنى بە لێشاوى کۆچبەران بە تایبەت موسڵمانان بۆ  ئەڵمانیا، شیرازەى کۆمەڵگەى ئەڵمانى تیک داوە و ئاسایشى کۆمەڵایەتى وڵاتەکەیان خستۆتە مەترسییەوە بە تایبەت دواى ئەو هێرشانەى لە چەند مانگى ڕابردوو لەلایەن هەندێک کۆچبەرەوە کرایە سەر هاووڵاتیانى ئەڵمان و ژمارەیەک قوربانى لێ کەوتەوە. هەروەها ئەوە دەخەنەڕوو ئەم ژمارە زۆرەى کۆچبەر ئابوورىی ئەڵمانیاىان خستۆتە ژێربارى خەرجییەکى زۆرەوە بە تایبەت لە دابینکردنى خزمەتگوزارییەکانى وەک قوتابخانە، تەندروستى، شارەوانییەکان و چەندین خزمەتگوزارى تر؛ بۆیە دەڵین پێویستە سنوورەکان توند بکرێن بەرانبەر بە کۆچبەران و چیتر ئەڵمانیا کۆچبەرى وڵاتان وەرنەگرێت. ئاراستەى دووەم کە پێچەوانەى ئاڕاستەى یەکەمە، بە تایبەت هەریەک لە پارتەکانى ( سۆسیال دیموکرات، پارتى سەوز،  پارتى چەپ) لایان وایە دەبێت ئەم پرسە لە ڕوانگەى مرۆییەوە سەیر بکرێت و ناکرێت تەواوى دەرگاکان بە ڕووى کۆچبەراندا دابخرێن، بە تایبەت ئەو کۆچبەرانەى بە شێوەی یاسایی دێنە وڵاتانى ئەورووپا و داوادەکەن کە بە یاسا ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە و پرسى پاراستنى مرۆڤ و پەنابەرانى تێدا ڕەچاو  بکرێت، بەجۆڕێکیش بێت کاریگەریى لەسەر دەرفەتى کار و لە  ئەڵمانیا دروست بکات بە تایبەت ئەم هەڵوێستە زیاتر لە لایەن پارتە مەسیحییەکانى ئەم ولاتەوە بانگەشەى بۆ دەکرێت. 

بۆیە ئەنجامەکانى ئەم هەلبژاردنە لە بەرژەوەندىی هەر ئاراستەیەک بێت، دەبێتە هۆى پیادەکردنى سیاسەتێکى نوێ بەرانبەر بە کۆچبەران لە  ئەڵمانیادا و کاریگەرى گەورەى دەبێت تەنانەت لەسەر سیاسەتى یەکێتیى ئەورووپا،بەهۆى ئەو پێگە بەهێزە سیاسی و پیشەسازى و  ئابوورییەى ئەڵمانیا لەناو یەکێتى ئەورووپادا هەیەتى.  

کارزان ئەحمەد عومەر/  مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی_کۆلیجی زانستە سیاسییەکان