لوقمان غه‌فوور
نووسەر
كوردستان به هه‌وای 2009 ناڕوات به‌ڕێوه
به‌گشتی ئێستا له ئه‌مریكاش هه‌قی ده‌ستی كار له‌بری زیادبكرێت
هه‌قیقه‌تێك هه‌یه خه‌ڵكی كوردستان و مووچه‌خۆران نایانه‌وێت تێی بگه‌ن، ئه‌ویش ئه‌و پاره رژانه‌ی سه‌رده‌می 2009 نه‌ماوه. ئه‌مه رۆژ به‌ڕۆژ نه‌ك له كوردستان ته‌نانه‌ت له زۆرێك له وڵاتان له‌سه‌رده‌می كۆرۆنا ڤایرۆس دا به ته‌واوی ره‌نگیداوه‌ته‌وه. بۆیه كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه هه‌ر لایه‌نێك جێبه‌جێی ئه‌كات، پێویسته زوو بكرێت. نه‌ك مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ر نه‌درێت و رۆژ له‌دوای رۆژ خراپتر ببێت. كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه نه‌ك ناخۆشه به‌ڵكو دڵی فه‌رمانبه‌ر ئه‌گوشێت، به‌ڵام هیچ چاره‌یه‌ك نه‌ك له‌به‌رده‌م حكومه‌تێكی وه‌ك هه‌رێمدا نه‌ماوه.
جا من فۆكسێك ئه‌خه‌مه سه‌ر وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا كه تووشی هه‌مان كێشه بۆته‌وه. به‌گشتی ئێستا له ئه‌مریكاش هه‌قی ده‌ستی كار له‌بری زیادبكرێت، كه‌مده‌كرێته‌وه. ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێشتر سه‌عاتی كاری 12 دۆلار بووبێت ئێستا بووه به 11 دۆلار یان كه‌متریش. ته‌نانه‌ت رێژه‌ی بێكاری ئێستا له ئه‌مریكا له‌دوای كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كانیش 11%یه كه پێش كۆرۆنا ڤایرۆس دابه‌زیبوو بۆ 4%. دیقه‌ت بده‌ن ئه‌مڕۆ 8ی ته‌مموز له راپۆرتێكی واشنگتۆن پۆست-دا، به مانشێتێكی گه‌وره نووسیویه‌تی: "25% كرێچییه‌كانی نیویۆرك له مانگی ئاداره‌وه كرێ-یان نه‌داوه". ئه‌مه نیشانه‌یه بۆئه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك. هه‌قیقه‌ته‌كه‌ش هه‌روایه، قه‌یرانی كۆرۆنا ڤایرۆس كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی هه‌یه له‌سه‌ر له ژیانی هه‌موو ده‌وڵه‌تان. كوردستانیش بریشكێكی بچوكیش بێت، به‌ری ئه‌كه‌وێت. له‌كاتێكدا زانراوه حكومه‌تی هه‌رێم كابینه له‌دوای كابینه ئه‌ركی قورس‌تر بووه و كێشه‌و گرفتی زیاتر روویتێكردووه و دوابه‌دوای یه‌كیش به چاره‌سه‌رنه‌كراوی ئه‌مێنێته‌وه.
زۆرێك باسی عیراق ئه‌كه‌ن! هه‌موو ئابووریناسان پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ر كۆرۆنا ڤایرۆس به‌م شێوه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت، عیراق-یش تووشی هه‌مان كێشه ده‌بێت. ئه‌وه‌ی عێراقی راگرتووه پاره‌ی هه‌ڵگیراوه له خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت كه ئه‌مه حكومه‌تی هه‌رێم به‌درێژایی مێژووی نه‌یتوانیوه بیكات. من نازانم كێ بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه ئه‌دات. په‌رله‌مانه یان حكومه‌ت، یان پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان. به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌زانم تا زوو موچه‌ی خه‌ڵك رێكخرێته‌وه به‌و بودجه‌یه‌ی له‌به‌رده‌می حكومه‌تدایه باشتره وه‌ك له‌و دواخستنه به‌رده‌وامه بێزاركه‌ره. یه‌كێك له كێشه‌كانی هه‌موو كابینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه به‌درێژایی مێژوو ته‌نیا سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیره‌كان خۆیان به خاوه‌نی زانیوه. ئه‌وه‌ی له‌ژێر ئه‌م هه‌یكه‌له‌وه‌یه خۆی به‌به‌شێك له به‌رپرسیارێتی نه‌زانیوه به‌رامبه‌ر قه‌یرانه‌كان. من ئه‌مه‌وێت لێره‌دا وردتر بدوێم: بۆ نموونه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه ئه‌درێت.
وه‌زیره‌كان ئه‌و توانایه‌یان تێدا نییه قه‌ناعه‌ت به به‌رێوه‌به‌ره گشتییه‌كان بكه‌ن كه كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه بۆچی؟ به‌رێوه‌به‌ره گشتییه‌كان توانیایان نییه له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراواندا قه‌ناعه‌ت له به‌رێوه‌به‌ری شار‌و شارۆچكه‌كان بكه‌ن بۆچی مووچه كه‌مده‌كرێته‌وه. ئه‌مه ده‌ڕواته خواره‌وه بۆ سه‌رۆك به‌شه‌كان كه ناتوانن بۆ فه‌رمانبه‌ری بسه‌لمێنن كه بۆچی له‌م قۆناغه پێویسته تۆ-ی فه‌رمانبه‌ر 600 هه‌زار له 800 هه‌زار دینار وه‌رگریت باشتره، له‌بری ئه‌وه‌ی هیچ وه‌رنه‌گریت.
له‌به‌رامبه‌ر په‌سه‌ندكردنی ئه‌م دۆخه ناچارییه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كاسبكاران و بازرگانان پێویسته كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه. تا پارسه‌نگی كه‌مكردنه‌وه‌كه راگرێت. به‌ڵام كێ ئه‌م ئه‌ركه ئه‌گرێته ئه‌ستۆ یاخود تێگه‌یشتنی بازرگانانی كوردستان له‌م قه‌یرانه‌دا تێگه‌یشتنێكی لۆكالییه یان جیهانی. كۆتا قسه ئه‌وه‌یه، پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه فه‌رمانبه‌ران بیه‌وێت به هه‌وای 2009 بژین، زۆر قورسه، چونكه ئێستا هه‌موو دنیا له قه‌یرانێكدایه كه ئه‌وسه‌ری دیار نییه.