
ئاراس رواندزی
نووسەر و رۆژنامەنووسی وەرزشی
ئەنفالی یانە کوردییەکان!
خولی ئەستێرەکانی عیراق خەریكە دەبێتە ئەنفالێکی وەرزشی بەرنامە داڕێژراو لە دژی یانە كوردستانییەكان

خولی ئەمساڵی بەناو ئەستێرەکانی عیراق زیاتر لە ئەنفالێکی وەرزشی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەچێت، یانە کوردستانیەکان بە بەرچاوی دەیان هەزار هاندەر، بینەر، میدیا و بگرە ڤاریش، یەك بە یەك ئەنفال و زیندە بەچاڵ دەکرێن! بەهۆی فیکەی درۆینە و ستەمی بێ ئەندازەی ناوبژیوانان، هیچ تاموچێژ و دادپەروەرییەك لە خولەکە بوونی نەماوە.
دیارە ئەمساڵ لە تەواوی یارییەکانی پرێمەرلیگی عێراق ڤار بوونی هەبووە، ئەو سیستەمەش لە وڵاتانی جیهان تا ئەندازەیەکی باش دادپەروەری هێناوەتەوە کایەوە، کەچی لە خولە بێ سەرووبەرەکەی عێراقی حەبیب نەک ئەو ئامانجەی نەپێکاوە، بگرە ڤار بۆتە ئامرازێك بۆ ستەم بە تایبەتیش بەرامبەر یانەکانی کوردستان.
لە ئێستادا باشترین و بەهێزترین چەکی دژبەرانی هەر چوار یانەکەی کوردستان ڤارە، گۆڵی نادروستت بەرامبەر ئەژمار دەکات و پەناڵتی خەیاڵیشت لەسەر دەگرێت، هەر دیمەنێکی گوماناویش لەبەرژەوەندی تیپەکانمان هەبێ، چاوپۆشی لێدەکات و بۆ دووبارە سەیرکردنەوەی ناگەڕێتەوە، وەك ئەوەی ڤار تەنها عەرەبی بزانێت، بۆیە تەنها بۆ ئەوان دەکەوێتە کار! لە هەمووی سەیرتر ناوبژیوانەکان ئەوەندە بێشەرمن بە بەرچاوی جەماوەرو پەخشی راستەخۆی میدیاکان و هەموو جیهان لەبەرژەوەندی چەند یانەیەک گزیکاری دەکەن! من دڵنیام ئەو کارەیان بە ئەنقەستە و لە روانگەیەکی شۆڤینیانەوە سەرچاوەی گرتووە، خۆ ئەگەر ئەو کارە نەکەن، ئێستا زاخۆ بە ژمارەیەکی باشی خاڵ پێشەنگی پتەوتر کردبوو، دهۆکیش هاوشانی لە رکابەریدا دەبوو، هەرچی نەورۆزو هەولێریشە بە هەمان ئەندازە ستەمیان لێکراوەو بە هۆیەوە دەیان خاڵیان لێ رۆیشتووە و دواترین نمونەی زیندوو یارییەکەی نەورۆز بەرامبەر تەڵەبە بوو.
دیارە من گومانم نییە لەوەی کارەکە بەرنامە بۆ داڕێژراوە و سرووشتی نییە، چونکە هەفتە نییە تیری ڤار یانەیەکی کوردستانی نەپێکێت و نەیکاتە قوربانی.
باشە چارەسەر چییە و چۆن بتوانین بەرەنگاری ئەو هەموو ستەمە ببینەوە، کە بە ناوی ڤارەوە لە چوار یانە کوردییەکە دەکرێت؟ چونکە گەر ئێستا بەری پێنەگیرێ، ئەستەمە زاخۆ، کە لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە، بتوانێ لە رکابەری بەدەستهێنانی خولەکەدا بمێنێتەوە، بێگومان دهۆک و هەولێرو نەورۆزیش زیاتر دەهاڕدرێن.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم وەك هەنگاوی یەکەم هەر چوار یانەکەی کوردستان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستبن و لە رێگەی بەیاننامەیەکەوە بە تووندی دژی ئەو کارە بوەستنەوە و هۆشداری تووندیش بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عیراق بدەن، ئینجا دوای ئەوە پێویستە لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە، کە نوێنەرانی هەر چوار یانەکە تێیدا ئەندام بن، بەڵگە و گرتەی ڤیدیۆی تەواوی ئەو حاڵەتانە کۆ بکەنەوە و وەك کەیسێکی گەندەڵی پێشکەش بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا و جیهانی بکەن، بەهۆی زۆری و روونی بەڵگەکانیش دڵنیام عێراق رووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
جگە لەوە ناو و ناوبانگی خولەکەشی لەکەدار دەبێت، ئەوکات یان بەخۆیاندا دەچنەوە و لایەنی کەم لە وەرزشدا شۆڤینییەت بەلاوە دەنێن، یانیش هەڵوێستەکەمان تووندتر دەکەین و لەو لیگەیان دەکشێنەوە، کە جەماوەری یانەکانی کوردستان لێ دەربکەی، بۆهەر گەڕێک کە هەژدە یارییە، دە هەزار هاندەریان بۆ کۆناکرێتەوە.
