پۆڵا سه‌عید
نووسەر
میدیا له‌نێوانی گه‌شه‌پێکردنی کۆمه‌ڵ و ژماره‌دا
"ئه‌وه‌ی کاری تێدا ده‌کرێت کۆکردنه‌وه‌ی خوێنه‌ره، نه‌ک پێگه‌یاندنی خوێنه‌ر. ژماره له‌سه‌رووی گه‌شه‌پێکردنی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه داده‌نرێت"
یه‌که‌میین ڕۆژنامه‌ی کوردیی له‌دوای ڕاپه‌ڕین به‌رهه‌می کاک ئازاد جندیانییه، که دواجار ناونرا کوردستانی نوێ و کرا به موڵکی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان. لێ له‌م ڕۆژنامه‌یه‌وه هه‌تاوه‌کوو لاپه‌ڕه ئێلێکترۆنییه‌کانی ئێستا، ئه‌وه‌ی کاری تێدا ده‌کرێت کۆکردنه‌وه‌ی خوێنه‌ره، نه‌ک پێگه‌یاندنی خوێنه‌ر. ژماره له‌سه‌رووی گه‌شه‌پێکردنی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه داده‌نرێت. زۆربوونی ژماره‌ی خوێنه‌ر، زۆربوونی ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی فرۆشراوه. چه‌ند ژماره بفرۆشرێت، هێنده‌ش قازانجی دارایی به ده‌زگاکه ده‌گه‌یه‌نرێت. له‌م ڕووه‌وه، ده‌توانرێت مووچه‌ی کارمه‌ندان، ڕۆژنامه‌وانان، په‌یامنێر، ته‌کنیککار ...هتد. بدرێت. ئه‌مه مافێکی ڕه‌وای هه‌موو ده‌زگایه‌کی ڕاگه‌یاندنه. به‌مشێوه‌یه‌ش له جیهاندا کار به میدیا ده‌کرێت. میدیا به‌ده‌ر له‌وه‌ی ده‌زگایه‌کی گه‌یاندنی زانیارییه، چاوگه‌یه‌کی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌شه. له ئه‌وروپا و ئه‌مێریکادا، به‌شێک له ڕۆژنامه دێرینه‌کان، له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیستدا، له‌به‌رنه‌بوونی خوێنه‌ری پێویست و که‌میی ژماره‌ی فرۆشتنی ڕۆژنامه‌کان، به‌شێک له ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن، ناچاربوون به‌وه‌ی، که له‌پاڵ کاری ڕۆژنامه‌وانییدا، کاری بزنزیش بکه‌ن، هه‌تا له ڕێگایه‌وه بتوانن درێژه به ژیانی ڕۆژنامه‌که‌یان بده‌ن. که‌میی خوێنه‌ر، واتا که‌میی فرۆشتنی ڕۆژنامه، که‌میی فرۆشتنی ڕۆژنامه به واتای که‌میی داهات، که‌میی داهاتیش به واتای قه‌یرانی ئابووریی له ده‌زگاکه‌دا، ئه‌م قه‌یرانه ده‌بێته هۆی نه‌بوونی پاره بۆ پێدانی مووچه‌ی کارمه‌ندان، که دواجار ده‌بێته هۆی داخستنی ده‌زگاکه.
له‌و ڕۆژه‌وه ده‌زگاکان فێری ئه‌وه بوون، که له ژیاندا بمێننه‌وه، له‌و ڕۆژه‌وه ده‌زگاکان ئه‌وه ده‌ده‌ن به خوێنه‌ر، که پێویستیه‌تی، ئه‌وه‌ی ده‌روونی ئه‌وان سه‌رقاڵه پێوه‌ی. به‌ده‌ستهێنانی زانیارییش به‌شێکه له سروشتی مرۆڤ، به‌پێی ستراکتووری که‌ڕاکته‌ری تاکیش، تاک به‌دوای ئه‌و زانیارییانه‌دا ده‌گه‌ڕێت، که که‌ڕاکته‌ری داوای ده‌کات. ئیدی له زانسته‌وه بیگره هه‌تاوه‌کوو ژیانی تایبه‌تی که‌سیی و سێکسوالیتێتیان. ژیانی تایبه‌ت و سێکسوالیتێت زیاتر مرۆڤ ده‌جوڵێنێت و ئاڵووده‌ی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری‌یان ده‌کات. به‌مشێوه‌یه به‌شێکی گه‌وره‌ی میدیا له جیهاندا کار له‌سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه ده‌که‌ن. له ئه‌وروپا و ئه‌مێریکادا ژماره له‌سه‌رو هه‌مووشتێکه‌وه‌یه، چونکه ژماره درێژه به ژیانی ئابووریی ڕۆژنامه‌که ده‌دات، ده‌زگاکه ده‌دات، تێلێڤیزیۆنه‌که ده‌دات ....هتد. هه‌تا کۆتایی نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابووردیش ئه‌و که‌ناڵه تێلێڤیزیۆنیانهی، که له‌دوای دوانزده‌ی شه‌وه‌وه فیلمی پۆڕنۆیان په‌خش ده‌کرد، خاوه‌نی زۆرتریین بینه‌ر بوون. به‌ڵام ئیمڕۆ لینکه‌کانی پۆڕنۆ خاوه‌نی زۆرتریین بینه‌رن، هه‌ر بۆیه په‌خشکردنی فیلمی پۆڕۆنۆ له که‌ناڵه‌کانی تێلێڤیزیۆندا بوونی نه‌ماوه.
ئه‌دی میدیای کوردستان چی ده‌کات؟ چلۆن خۆی له هێشتنه‌وه‌دا ده‌هێڵێته‌وه؟ چلۆن به‌ته‌نگ ئه‌وه‌وه دێت، که باری داراییان نه‌ڕمێت و بتوانن له ژیاندا بمێننه‌وه، بتوانن مووچه‌ی کارمه‌ندانیان بده‌ن؟ میدیای کوردیی هێشتا فێری ئه‌وه نه‌بووه، که له‌سه‌ر پێی خۆی ڕابوه‌ستێت، به‌ڵکوو هه‌تا ئێستاش چاوی له ده‌ستی ده‌ستگیرۆییه، چاوی له ده‌ستی حکومه‌ت و پارته، که یارمه‌تیی داراییان بدات. میدیای کوردیی بیری له‌وه نه‌کردۆته‌وه، که کاری بزنس بکات، بۆ ئه‌وه‌ی له ژیاندا بمێنێته‌وه و خۆی به‌ڕێوه ببات. به‌ڵام میدیای کوردیی بیری له‌وه کردۆته‌وه، که ئاستی زمان بهێنێته خواره‌وه بۆ نزمتریین ئاست، ئه‌مه‌ش له‌پێناوی ژماره‌دا. ئه‌م دابه‌زاندنه‌ی ئاستی زمان، گه‌وره‌تریین زیانی به گه‌شه‌ی ده‌روونیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی هاووڵاتییان گه‌یاندووه.
زمانێک، که زمانێکی گه‌شه‌کردووه، زمانێک، که زمانی زانسته، به فیلته‌ری میدیای کوردییدا تێناپه‌ڕێت. ئارگوومێنتیش بۆ ئه‌م تێپهڕنهبوونه، به‌رده‌وام خوێنه‌ره، که ئه‌وان بۆ هه‌موو ده‌نووسن و پێویسته هه‌موو لێیان تێبگه‌ن. له‌م هه‌موو لێتێگهیشتنهدا قسه له‌سه‌ر زمانی کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌کرێت، کۆمه‌ڵگایه‌ک، که زمانه‌که‌ی له ئاستێکی زۆر نزمدایه، زمانێک، که زمانی بازاڕه، نه‌ك زمانی بیرکردنه‌وه، نه‌ک زمانی شیکردنه‌وه، زمانێک، که ده‌گمه‌ن چه‌مکێکی تێدا به‌دی ده‌کرێت. ده‌شێت هه‌ندێک خاوه‌نی دژه ئارگوومێنت بن بۆ ئه‌م ڕاستییه، که بۆ نموونه به‌شێک له وڵاتانی ئه‌وروپا یاخوود ئه‌مێریکا خاوه‌نی ڕۆژنامه‌ی گه‌وره‌ن و زۆرتریین خوێنه‌ریان هه‌یه، وێڕای ئه‌وه‌ی به زمانێکی ساده ده‌نووسن. کێشه‌که لێره‌دایه، که زمانی گشتیی هاووڵاتییانی کۆمه‌ڵگایه‌ک له ئه‌وروپادا یاخوود له ئه‌مێریکادا، زمانێکی ده‌وڵه‌مه‌نده، وێڕای ئه‌وه‌ی زمانی بازاڕه. چه‌مک له زمانی بازاڕدا له ئه‌وروپا و ئه‌مێریکادا، به‌شێکه له ژیانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییان. که‌واته ناکرێت به‌راوردی نێوان بۆ نموونه ڕۆژنامه‌ی بیلدی ئه‌ڵمانیی، که ڕۆژانه زیاد له هه‌شت میلیۆن ڕۆژنامه‌ی لێده‌فرۆشرێت له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردییدا بکه‌ین. ئه‌گه‌ر بێت‌و ڕۆژنامه‌یه‌کی ساده و ساکاری وه‌ک بیلد وه‌ربگێڕینه سه‌ر زمانی کوردیی، ئه‌وا تووشی سه‌دان چه‌مک ده‌بین، که هه‌را بۆ خوێنه‌ری کورد ده‌نێته‌وه، له‌کاتێکدا بیلد به زمانێکی ساده ده‌نووسێت.
کێشه‌ی میدیای کوردیی لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که زمانێکی ئاست نزمی کۆمه‌ڵ ده‌کات به بناغه‌ی په‌خشکردنی خۆی. لێره‌دا ده‌توانین بڵێین، که زمانی بازاڕ میدیای کوردیی پێده‌گه‌یه‌نێت و ده‌یکات به به‌شێک له خۆی. له‌کاتێکدا ده‌بێت پرۆسێسه‌که پێچه‌وانه بێت. له ئه‌وروپا و ئهمێریکاشدا مه‌رج نییه هه‌موو هاووڵاتییه‌ک، خاوه‌نی خوێندنێکی باڵا بن، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه، به‌شێکی که‌م ته‌نها تا پۆلی نۆیان خوێندووه، به‌شێکی گه‌وره‌ش خوێندنێکی کورت، واتا له‌دوای کڵاسی نۆ، خوێندنێکی پیشه‌ییان هه‌ڵبژاردووه، که به دوو یان به سێ ساڵ ته‌واو ده‌بێت، ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه خوێندنێکی ئه‌کادێمییان هه‌یه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، جیاوازیی نێوان خوێندنی ئێمه‌ی کورد و هاووڵاتییانی ئه‌وروپیی و ئه‌مێریکیی چییه؟ وه‌ڵام، ئاشنا بوونه به چه‌مک. چه‌مک له کولتووری کوردییدا بوونێکی نامۆیه و جێگای نابێته‌وه. له ئه‌وروپادا له پۆلی شه‌شه‌وه، که منداڵان سه‌ره‌تای هه‌نگاویانه بۆ ناو فازهیهکی نوێی ژیانیان، که ئه‌ویش هه‌رزه‌بوونه، تینیجهربوونه، خوو ده‌گرن به به‌کارهێنانی چه‌مکه‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌ک نیشانه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی، که له‌سه‌ر ڕێگای پێگه‌یشتنن. هه‌ندێک منداڵی تر بێزار ده‌بن به‌وه‌ی، که منداڵێکی تر چه‌مک به‌کاردێنێت، لێ دواجار ناچارده‌بن، که ئه‌وانیش فێربن، چونکه تاکه منداڵێک چه‌مک به‌کارناهێنێت، به‌ڵکوو زۆرینه‌یان ده‌یکه‌ن، هه‌ربۆیه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک منداڵێکی نامۆ ده‌رنه‌که‌ون، ئه‌وا ناچارن، که له چه‌مکه‌که تێبگه‌ن و ئه‌وانیش فێری به‌کارهێنانی چه‌مک بن. ماوه‌ته‌وه بڵێم، لێبگه‌ڕێن با زمانی بازاڕمان بکه‌ینه زمانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند، ئه‌وسا ده‌توانین له ڕۆژنامه‌کاندا به زمانی بازاڕیش بنووسین. لێبگه‌ڕێن با به‌کارهێنانی چه‌مک بکه‌ینه کولتوورێکی نوێی کوردیی.