ئامرازە سیاسیییە هاوچەرخەکان بۆ دانوستان و نهێنی سەرکەوتنی دیپلۆماسی

ئامرازە سیاسیییە هاوچەرخەکان بۆ دانوستان و نهێنی سەرکەوتنی دیپلۆماسی
ئامرازە سیاسیییە هاوچەرخەکان بۆ دانوستان و نهێنی سەرکەوتنی دیپلۆماسی

هەرچەندە دیالۆگ و دانوستان وەکوو دوانەیەك پێکهاتەی سەرەکیی چارەری سیاسی پێکدەهێنێن و بە ئەندازەی خودی مێژوو کۆنن، بەڵام دانوستان بەرپرسیارێتییەکە لە بەرپرسیارێتییەکانی کاری دیپلۆماسی لەناو سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان، چونکە مێژووی مرۆڤایەتی بریتییە لە کێشە و هەوڵە بۆ چارەسەرکردنی.

ئامانجی سەرەکی دیپلۆماسییەت ئاشتکردنەوەی بەرژەوەندییە ناکۆکەکان و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی مرۆڤە بە ڕێگە و ئامرازی ئاشتیخوازانە و بە هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە یان کەمکردنەوەی گرژی.

دانوستان هونەری چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێودەوڵەتیەکانە بە ڕێگای ئاشتیانە، نە تەنها ئەوە بەڵکو زانستی دیاریکردنی باشترین ئامرازە بۆ پێکهێنانی خاڵی هاوبەش و تێگەیشتنی کاریگەر لە نێوان مرۆڤەکاندا، سەرەڕای هەموو ئەو جیاوازییانە لە ڕووی کەلتوور و بیروباوەڕەکانیان، ئەو جیاوازییانەی، کە بە پێی یاساکان بەڕێوە دەبرێن و لەگەڵ پێشکەوتنی زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا پەرەیان سەندووە.

هەندێ کەس دانوستان بە ئەرکێکی فەرمی دادەنێ و پێی وایە لە پشت هەموو ڕێکەوتنێکەوە هێزی بابەتی هەیە و ئەم ئەرکە فەرمییە تەنیا بەرگ خستنە بەر بارودۆخەکانە و پێدانی مۆڕکێکی یاساییە بەو بارودۆخانە. 

کەسانی تر پێیان وایە دانوستانکار کاریگەری لەسەر دەرئەنجامی چارەسەرەکە هەیە، چونکە توانای دانوستانکار بۆ ڕازیکردنی لایەنی بەرامبەر، هۆشیاری و لێهاتوویی دانوستانکار لە چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکان دەردەخات، بە مەبەستی بەدەستهێنانی باشترین دەسکەوت لەکاتی دانوستاندا، ئەمەش ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە بابەتی لێکنزیکبوونەوە یان ناتەبایی نێوان دانوستانکاران.

دانوستان ئامرازێکە و ئێمە پەنای بۆ دەبەین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، بەڵام بوونی ئەو بەرژەوەندیانە لەسەرەتاوە یان هیوای بەدیهێنانیان مەرجێکە بۆ درووستبوونی پیویستیمان بە دانوستان و بەردەوامبوونی دانوستان. 

ڕاستە زانینی ستراتیژەکان و شارەزاییەکانی دانوستان لە بواری دیپلۆماسییەت و پەیوەندی کردن لەگەڵ کەسانی تردا پێویستە، بەڵام ڕۆڵی دانوستان نابێت تەنیا کات بەدەستهێنان و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بەرامبەرەکە بگرێتەوە، یان بریتی بێت لە بەکارهێنانی پرەنسیپە باوەکانی وەکوو "لێی بستێنە، ئینجا داوای بکە"، یان "داوای زیاتر بکە، لەوەی کە دەتەوێ بەدەست بهێنیت"، یان "کارتی فشاری ناوخۆیی و دەرەکی بەکار بهێنە"، هەموو ئەمانە بۆ ئەم سەردەمەی ئێمە سوودیان نییە. ئەم سەردەمە سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاری و مرۆڤی ژمارەییە، لە ئێستادا کەڵەگایی سیاسی و فێڵکردنی داپۆشراو بە ڕووکەشی ڕەنگاو ڕەنگ ماوەی بەسەرچووە.

ئەوانەی بڕوایان وایە بەڕێوەبردنی ململانێی سیاسی و کۆمەلایەتی بەرگەی سازش ناگرێت پێویستیان بە وانەی زیاتر هەیە لە کەلتووری دانوستان و پێش ئەوەش پێویستان بە کەلتووری دیالۆگ و قبووڵکردنی بەرامبەر هەیە. 

پێویستە دانوستان لەسەر بنەمای هاوکاری نێوان لایەنەکان بێت، نەک بە بەکارهێنانی میتۆدەکانی فێڵکردن و خۆگێلکردن. دەبێت کەسی دانوستانکار لە ئاستێکی بەرزی ئاکار و نەرمی لە ڕەفتار و شیرین زمانی و پڕ زانست و پشوودرێژ بێت و خۆی بە دوور بگرێ لە پابەندبوون بە دڵنیاییبوونی هەڵە.

سەرکەوتنی دیپلۆماسییەت، کە ئامرازی ئاشتییە، بریتییە لە پەیڕەوکردنی ئەو پرەنسیپە ڕاست و دروستانەی، کە زامنی گەیشتن بەو ئامانجە بەرزانەیە، کە لە پێناوی دامەزراوە، وەک باوەڕهەبوون بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ کەسی جیاواز و ئەگەری پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی تر.

دیاریکردنی ئامانج و خستنە نێو لیستی ئەولەویەتەکانەوە، کە دەبێت وەک بنەمایەک بۆ پەیوەندی و لێکنزیکبوونەوە و دیالۆگ پشتی پێ ببەسترێت، بابەتێکی زۆر پێویستە و نابێت لە بابەتی دیالۆگدا پشتگوێ بخرێت.

سەبارەت بە ئاشنایی پێشوەختی نێوان هەردوو لایەنی دانوستانکار و متمانەی هاوبەش کە تەنها دوای ئەوە بەدەست دێت، کاتێ هەریەک لە لایەنەکانی دیالۆگ ئەوی تر بە دروستی بناسێت، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەم ئاشنایی پێشوەختە گرینگەر و بابەتی چارەسەر و یەکلاکردنەوە ئاسانتر دەکات.

یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی، کە دەبێت لە دانوستانکاردا هەبێت، لێکۆڵینەوەیە لە بابەتیبوون و دوورکەوتنەوە لە بەخودی کردن یان چوونە ناو قاوغی خودییەوە، بێجگە لەوەش پێویستە دانوستنکاری باش هەستی گوێگرتنی لە کەسانی تر گەشەسەندووتر بێت. هیچ گریمانەیەکی پێشوەختەی نەبێت و و دان بە هەڵەی خۆی بنێت،  لە حاڵەتی ڕوودانی هەر هەڵەیەك. پێویستە لەسەری ئەوەی دەگوترێت لە هزریدا تۆماری بکات و بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا لە دیالۆگدا باسی بکاتەوە و بەرگەی توانای باوەڕکردن بە بیروڕای ئەوانی تر بگرێت و خێرا بێت لە هێنانەوەی بەڵگەی بەهێز و توانای هێنانەوەی ئارگیومێنتی هەبێت و ئەو ئەرگیومێنتانە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەکاربهێنێت، کە لە بەرژەوەندی دانوستان تەواوبێت، نەوەك لە بەرژەوەندی دۆڕاندنی نەیار. پێویستە دانوستانکاری بەتوانا خۆی بەدوور بگرێ لە بیرکردنەوەی یەک ڕەهەندی، یان خۆنەگونجاندن لەگەڵ حاڵەتە نوێیەکان. دیالۆگ لەگەڵ کەسی بەرامبەر لە سەرەتادا پێویستی بە دیالۆگ لەگەڵ خۆد  هەیە،  پاش ڕزگاربوونی لە دڵنیایی و شوناسی ڕابردوو و گریمانە پێشوەختەکان، کە گومان و پێداچوونە و گۆڕین قبوڵ ناکەن. 

ئەزموون دەریخستووە، کەدوا وێنەی، تۆ لە هزری بەرامبەرەکەت لە ڕێگەی ئاکاری جوانت و هەڵسوکەت و گوفتاری شیرینت بەجێت هێشتووە،  دەتوانێ هەمان گرینگی یەکەم وێنەی هەبێت، کە کەسی بەرامبەر سەبارەت بە تۆ لە مێشکیدا تۆماری کردووە.  

ڕەخساندنی کەشوهەوایەکی گونجاو بۆ دانوستان و جوڵاندنی لایەنەکان بۆ پێشکەوتن لەدانوستاندنەکان و شکاندنی بەربەستی دەروونی دوای دیاریکردنی هەڵوێستی ئەوانی تر و خستنەڕووی هەڵوێستی پێویست بەڕوونی و هێورکەرەوە و وازهێنان لە هەندێ ئامانج بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەرامبەردا وەک هەنگاوی یەکەم دادەنرێ بۆ بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکانی تر لەکاتێکی تردا. 

سەبارەت بەو فەلسەفەیەی کە دەڵێت، "دانوستان نەکردن باشترە لەوەی دانوستاندن بکەین،  چونکە دانوستان و دیالۆگ لەوانەیە وامان لێ بکات، هەڵوێستمان بگۆڕێت و لای ئێمەش گۆڕانکاری نەخوازراوە"، ئەم جۆرە فەلسەفەیە دەبێتە هۆی کوشتنی دانوستان و دیالۆگ، بەڵام کوشتنی دانوستان و دیالۆگ جگە لە کوشتنی مرۆڤایەتی هیچی تر نییە.

لە کۆتاییدا دەڵێین، دانوستان بریتییە لە کارلێکی نێوان تاکەکان و ئەزموونی دیالۆگ لەگەڵ ئەوانی تر. دانوستانی سەرکەوتوو دانوستانێکی مرۆڤانەیە و دانوستانی مرۆڤانەش ئەو دانوستانەیە، کە کەسی بەرامبەر وەک خودی خۆ و من دادەنێت.