چین بە مانۆرێکی سەربازی هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات

سێشەممە، 1ـی نیسان 2025، سوپای چین مانۆرێکی سەربازیی گەورەی بە بەشداریی هێزی زەمینی و دەریایی و ئاسمانی و مووشەکی، لە نزیک تایوان دەست پی کرد.

فەرماندەیی بەرەی ڕۆژهەڵاتی سوپای ڕزگاریی میللیی چین، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاند " ئەم مانۆرە، کە لە چەند لاوە دوورگەی تایوانی ئابڵۆقە داوە، بە شێوەیەکی سەرەکیی ڕاهێنانە لەسەر توانای شەڕی دەریایی و ئاسمانی و باڵادەستیی هاوبەشیی هێزەکان و هێرشکردنە سەر ئامانجە زەمینی و دەریاییەکان لەگەڵ کۆنترۆڵی ناوچە ستراتیجیی و ڕێڕەوە دەریاییەکان لە چوارچێوەی توانای کردە هاوبەشەکانی سوپای چین."

سوپای چین ڕایگەیاند "ئەم مانۆرە، هۆشدارییەکی توند و یەکلاکەرەوەیە دژی ئەو هێزە جوداخوازانەی کە داوای سەربەخۆیی تایوان دەکەن"

ئەم مانۆرە لە کاتێکدایە کە تایوان بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە سیاسەتی بازرگانیی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ کە پێش هەموو شتێک بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکای بەلاوە گرنگە و لەو پێناوەشدا وازی لە پشتیوانیی هاوبەشە ئەورووپایی و ئاسییاییەکانی هێناوە.

ڕاوێژکاران و کەسانی نزیکی ترەمپ، بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەبێت بۆ دابینکردنی سەرچاوە ماددییەکانی، بەرەنگاری دەسەڵاتی چین لە هەردوو ئۆقیانووسی هیندی و ئارام ببێتەوە.

مانۆری هێزەکانی چین، بۆ تایوان، کە وڵاتێکی دیموکراسیی دراوسێی چینە و ژمارەی دانیشتوانەکەی 23 ملیۆن کەسە، مایەی نیگەرانی و وەک هەڕەشەیەکی گەورە لە لایەن چینەوە لەقەڵەم دەدرێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment