دادگای سنە سزای توند بەسەر ژمارەیەك خۆپێشاندەر دەسەپێنێت
سێ ساڵ لەمەوبەر بەشداریان لە خۆپیشاندان كردووە

K24 - ھەولێر
دادگای سنە سزای 30 مانگ زیندانی كردن و لێدانی 250 قامچی و پێبژاردنی 250 میلیۆن تمەن، بەسەر 10 ھاووڵاتی دانیشتووی شاری بانەی رۆژھەڵاتی كوردستان دەسەپێنێت.
ئەو كەسانەی سزایان بەسەردا سەپاوە سێ ساڵ پێش ئێستا بۆ پشتیوانی لە كۆڵبەران بەشداری خۆپێشاندانییان كردبوو.
ناوەندەكانی پەیوەست بە دۆخی مافی مرۆڤ لە رۆژھەڵاتی كوردستان پشتڕاستیان كردووەتەوە، دادگای سنە بڕیاریداوە، بە سەپاندنی ئەو سزایە بەسەر 10 كەسی دانیشتووی شاری بانە بە تۆمەتی بەشداریكردن لە خۆپێشاندان دژ بە تەقەكردن لە كۆڵبەرانی رۆژھەڵاتی كوردستان.
ئەو 10 كەسە لە كاتی خۆپێشاندان دژ بە كوشتنی دوو كۆڵبەر بە ناوەكانی قادر بەھرامی 45 ساڵە و حەیدەر فەرەجی 21 ساڵە كە بە تەقەی ھێزە سنوورپارێزیەكانی ئێران كوژران، سێ ساڵ لەمەوپێش لە خۆپێشاندان لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كرابوون.