به‌گوێره‌ی رێنماییه‌كان مزگه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕووی نوێژخوێناندا كرانه‌وه‌

بڕیاره‌كه‌ ته‌نیا بۆ نوێژی به‌كۆمه‌ڵه‌ نه‌ك نوێژی هه‌ینی

K24- هه‌ولێر:

به‌گوێره‌ی مه‌رجه‌ ته‌ندروستییه‌كان و رێنماییه‌كانی خۆپارێزی، مزگەوتەکان له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان کرانەوە، تەنھا لە سەنتەری شاری ھەولێر 400 مزگەوت کرایەوە، كردنه‌وه‌شیان تەنھا بۆ نوێژە فەرزەکان ده‌بێت، مەرجە نوێژخوێنان کەل و پەلی خۆپارێزی بەکار بھێنن، دووری نێوانیان بپارێزن، بۆ ئەوەی نوێژخوێنان لە توشبوون به‌ كۆرۆنا پارێزراو بن.

تەنھا لە رۆژانی ھەینی لە سەرانسه‌رى ھەرێمی کوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن موسڵمان لە کوردستان سەردانی مزگەوتەکان دەکەن، تا ئێستاش بڕیارەکە تەنھا بۆ ئەنجامدانی نوێژی بە کۆمەڵە و بڕیار نییە جارێ نوێژی ھەینی لە مزگەوتەکان ئەنجامبدرێت.

له‌م باره‌شه‌وه‌ شێخ نیاز شێخ راغب نەقشبەندی، سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ده‌ڵێت: یه‌كێتییه‌كه‌یان سەرقاڵی دانانی میکانیزمێکی گونجاوە، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا مزگەوتەکان به‌ڕووی نوێژی هه‌ینیشدا بكرێنه‌وه‌.

کردنەوەی مزگەوتەکان لە سەرەتاسەری ھەرێمی کوردستان، بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایە، ئەمەش وەکو پێویستی و داواکاری بەشێکی زۆری ھاووڵاتیان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە نوێژخوێنان مزگەوتەکان پاك رابگرن و پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان و رێكاره‌كانی خۆپارێزی بن.

H.B