ئەنفالی کوردایەتی!

ئەنفالی کوردایەتی!
ئەنفالی کوردایەتی!

ئەنفال، ئەو کارەساتە وێرانکەر و خوێناوییەی کە بووە دەستپێکی مێژوویەکی نوێی کورد و لە هەمانکاتدا، هەقیقەتی دڕندەیی ڕژێمی بەعسی دەرخست. کارەساتەکە هێندە قورس و تاریک و ترسناک بوو، کاریگەرییەکی قووڵ و برینێکی سارێژنەبووی کردە جەستەی کۆمەڵگەی کوردەواری و سەرلەبەر، ئەو هاوکێشانەشی هەڵوەشاندەوە کە بزووتنەوەی ڕزگارییخوازیی کورد، هیوایان لەسەر هەڵچنیبوو.

بەعس، کات و شوێنی هەڵمەتەکانی ئەنفالی بە وردی و ژیرانە دەستنیشان کردبوو، سەرنجی میدیاکانی جیهان کەوتبووە سەر گەرمیی شەڕی نێوان عێراق و ئێران. واتە ئەنفال، لە ژێر سێبەری دووکەڵی ئەو شەڕەدا بە کاوەخۆ و بەوپەڕی دڕندەیی جێبەجێ دەکرا و کەسیش گوێی لە هاوار و ناڵەی قوربانییە بێدەسەڵات و بێپشت و پەناکانی نەبوو.

زلهێزانی دنیاش لە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆیاندا، کوردیان بەلاوە گرنگ نەبوو و وەک ژمارەیەکی کاریگەر لە هەژماری ستراتیجییاندا، تێیان نەدەڕوانی.

پاش ڕووخانی بەعس، ڕاستیی گەورەیی و ترسناکیی کارەساتی ئەنفال، دەرکەوت. میدیا جیهانییەکان بە ڕەسمی و ناڕەسمییەوە، کەوتنە بڵاوکردنەوەی وێنە و فیلم و بەڵگەنامەی شاراوەی ئەو هەڵمەتە خوێناوییە. سەدام و ڕژێمەکەیان وەک دڕندە و خوێنمژ و تاوانبار ناساند؛ بێگومان، ئەمەش لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی خۆیاندا بوو، نەک لەبەر چاوی کاڵی کورد.

ئایا کورد توانیوویەتی کارەساتی ئەنفال بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت؟

ساڵانە یادی ئەنفال دەکرێتەوە، بەرپرسان ئامادەی دەبن و وتاری دووبارە دەخوێننەوە، تا ڕادەیەکی باشیش هاوکاریی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال کراوە. بەڵام ئەمانە هیچیان بارتەقای کارەساتی ئەنفال نابن و نەیانتوانیوە بیکەن بە پێگەیەک، بنەمایەک بۆ پتەوکردنی داخوازییەکانی گەلی کورد و نوێکردنەوە و توندوتۆڵکردنی هەستی نەتەوایەتیی نەوەی کوردی دوای ئەنفال.

تا ئەمڕۆش، هێشتا ئامارێکی فەرمیی بۆ قوربانییەکانی ئەنفال نییە. ژمارە و زانیاریی پێویست سەبارەت بە زیانەکانی ئەنفال کۆ نەکراونەتەوە. زیانە ئابووری و کۆمەڵایەتیی و مێژووییەکانی ئەنفال نازانرێن. کاریگەریی سایکۆلۆجیی ئەنفال لەسەر هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد، حسابی بۆ نەکراوە. ناوەندێکی شارەزا و پسپۆڕ بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەنفال، وەک کارەساتێکی نەتەوەیی دانەمەزراوە. جگە لەچەند هەوڵی تاکەکەسیی، کەس بە دواداچوونی بۆ لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ لەگەڵ قوربانییە زیندووەکانی ئەنفال نەکردووە. ئاخر خۆ قوربانییەکان، تا هەتایە نامێنن و ئەوانیش ڕۆژێک دەمرن و لەگەڵ خۆیاندا ئازار و مەینەتییەکانیان دەبەنە ژێر گڵ.

ڕاستییەکی تاڵ، کە نابێت دێزە بە دەرخۆنە بکرێت ئەمەیە: هزری ئەنفال، کردەی ئەنفال، نابێت لە هزری شۆفێنیزمی عەرەبی جیا بکرێتەوە. چونکە بەشداران و جێبەجێکارانی ئەنفال، لەسەر بنەما و بڕوای دژایەتیی کورد و ڕق و کینەیەکی بێسنوور بەرانبەر هەموو کوردێک و هەر شتێک دوور و نزیک پەیوەندیی بە کورد و کوردایەتییەوە هەبایە، دڵسۆزانە بەشدارییان لە جێبەجێ کردنی ئەنفالدا کرد. بێبەزەیی و کینەی ئەوان، گەیشتە ڕادەیەک، تەنانەت دەستیان لە منداڵی بەرمەمکەش نەدەپاراست. بەزەییان بە پیر و پەککەوتەدا نەدەهات. ئەنفالیان بە غەزا و ئەرکێکی نەتەوەیی و ئاینیی دەزانی، ئاخر لە خۆڕا نەبوو کە ڕژێم، ناوی ئەنفالی بۆ هەڵمەتەکە هەڵبژاردبوو؛ چونکە دەیزانی هەردوو مەسەلەی نەتەوە و ئایین، چ کاریگەرییەکی توندی لەسەر کردەی سەرباز و ئەفسەرەکانی دەبێت.

ئەنفال، ئێستاش بەردەوامە، ڕەوتار و هەڵسوکەوتی زۆرێک لە بەرپرسان و لایەنە سیاسییەکانی ئەمڕۆی عێراق، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن.

وەک چۆن ئەرمەن و جوولەکە، کۆمەڵکوژیی و هۆڵۆکۆستیان کرد بە بناغەی پتەوکردنی یەکێتیی گەل و دەوڵەتەکەیان، دەبێت کوردیش بەهەمان شێوە، ئەنفال بکات بە بەردی بناغەی زیندووکردنەوەی هەستی نەتەوایەتیی و نیشتمانپەروەریی کورد.