سیاسی
ئاریان  ئیبراهیم شه‌وكه‌ت
ئاریان ئیبراهیم شه‌وكه‌ت

نووسەر

کامیان پیرۆزترە؟ شەڕەفی وەزیفە یان نیشتمان؟

چۆن بەغد بنكۆڵ كرا؟

کامیان پیرۆزترە؟ شەڕەفی وەزیفە یان نیشتمان؟
کامیان پیرۆزترە؟ شەڕەفی وەزیفە یان نیشتمان؟

ساڵ، 1998- شاری بەغدای پایتەختی عێراق، لە رۆژێکی گەرمی تاقەتپڕووكێنی ھاویندا، فەرمانگەی باری کەسێتی و رەگەزنامەی پایتەخت لەناوچەی کەڕڕادە گڕدەگرێ و دەسووتێ و دەبێتە خۆڵەمێش!!! لەسەر رووداوەکە لیژنەیەک بۆ گەیشتن  بەھۆکاری سەرەکی ئاگرەکە پێکدێت، لەناوخەڵکدا وا بڵاودەبێتەوە کە ئاگرەکە قەزاو قەدەرە و بەھۆی شۆڕتی کارەبا بووە، بۆ دڵنیابوون لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی بریکاری وەزارەتی ناوخۆی ئەوکاتی عێراق، سەعدون موسڵیح، دروست دەکرێت و ئەندامانی لیژنەکەش بریتی دەبن لە ھەریەکە لە؛ نوێنەی دەزگای ئەمن لیوا نیعمە ئەلدلێمی، کە ماوەیەک بەڕێوبەری ئەمنی شاری ناسریەی باشووری عێراق بووە، عەمید عەبدولڕەحیم نوسەیف، نوێنەی پۆلیسی بەغدا و عەمید سەعد ئەلدوری، نوێنەری دەزگای ھەواڵگری سەربازی عێراق، دوای بەدواداچوونی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیەکی ورد، لیژنەکە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بە راپۆرتێک بۆ سەرۆک کۆمار بەرز دەکاتەوە.

لە راپۆرتەکەدا ھاتووە: "ھۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە و ھیچ دەستێکی شاراوە لەپشت حادیسەکە نەبووە"، سەدامیش قەناعەت بەئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ناکات و گومانی دەبێت لە رووداوەکە، بۆیە لەسەر دۆسیەکە دەنووسێت؛ "يعاد التحقيق باشراف جهاز المخابرات"، واتە لێکۆڵینەوەکە دووبارە دەکرێتەوە بەسەرپەرشتی دەزگای هەواڵگری.

بەفەرمانی سەدام لێکۆڵینەوە جارێکی دیكە دەستپێدەکاتەوە، بەڵام ئەمجارە ئەفسەرێکی بە توانای دەزگای هەواڵگری عێراقی، خۆی سەرپەرشتی لێكۆڵینەوە دەکات و یەكەم پرسیار دەكات دەڵێت: "کام ژوور یەکەمجار سووتا؟"، وەڵام ژووری دۆسیەکان. بۆچی یەکەم ژوور ژووری دۆسیەکان دەبێت بسووتێت؟ كە هەستیارترین و گرنگترین جێگایە لە ھەموو فەرمانگەیەک؟ جێگای گومان و پرسیارە، دواتر ئەفسەرەكەی هەواڵگری سەیری شوێنی دەبڵی کارەبا دەکات دەبینێت لە ژووری دۆسیەکان زۆر دوورە و ژووری دیكە ھەبووە لەپێش ژووری دۆسییەکان، کەچی یەکەمجار ژووری دۆسیەکان سووتاوە.

ئەفسەرەکە داوای ڕەزامەندی لە سەدام دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ رائیدێکی پۆلیس و موفەوەزێک کە لە ژووری دۆسیەکان دەوام دەکەن، سەددامیش رەزامەندی پێدەدات، رائید و موفەوەزەکە دەبردرێنە حاکمیەی موخابەرات بۆ لێکۆڵینەوە، ھەمووشمان شێوازی زەبر و زەنگی دەزگا ئەمنییەکانی بەعس دەزانین چۆن بوو، ئەوەبوو لە کاتی لێکۆڵینەوە رائیدەکە دان بە كردەوەكەیدا دەنێت و دەڵێت: "من لە فەرمانگەی باری کەسێتی و رەگەزنامەی شاری سلێمانی ئەفسەر بووم، لە راپەڕینی 1991، لەکاتی کۆچڕەوەکە وەکو زۆرینەی خەڵکی کوردستان چوومە ئێران، کە داخیلی ئێران بووین لیژنەیەک دانرابوو پرسیاری ئاساییان لەخەڵک دەکرد، وەكو، ناوت چییە؟ چ ئیش دەکەی؟ لە کوێ دادەنیشی؟ منیش کەلێیان پرسیم کارت چیە؟ زۆر بەئاسایی گوتم ئەفسەری باری كەسێتی و رەگەزنامەم لە شاری سلێمانی. لێرەدا دەبێتە نێچێر و پارووێکی ئاسان بۆ دەزگای ئیتیلاعات؟ لە درێژەی دانپێدانانەکانی رائیدەکە دەڵێت: "دوای ماوەیەکی کەم لە ئێران لەلایەن دەزگای ئیتیلاعاتەوە دەستگیرکرام و منیان گواستەوە بۆ شاری سنە و دەست بەسەرکرام و لە زیندان و لەکاتی لێكۆڵینەوە پێیان گوتم: "دەتەوێت بگەڕێیەوە سلێمانی یان ھەتاھەتایە لەزیندان بیت؟ گوتم: بێگومان دەمەوێت بگەڕێمەوە سلێمانی، گوتیان باشە بەس بە مەرجێک رێگەی گەڕانەوەت دەدەین، ئەویش ئیشمان بۆ بکەیت و ئێمەش ھاوکاری ماددیت دەکەین. گوتم ئیشەکە؟ گوتیان سەرەتا کە دەگەڕێیەوە سلێمانی، بە ھەر جۆرێک بێت دەبێت ھەوڵ بدەی بگوازرێیەوە بەڕێوەبەرایەتی باری كەسێتی بەغدا، ئەوکات باوەڕپێکراوێکی خۆمان کە کوردە دەنێرینە لات و ئەو پێت دەڵێت چی بکەی. گوتم باشە، بێگومان ئەو کات ژیانیش سەخت بوو بەحوکمی ئابڵوقەی ئابووری سەر عێراق، ئەوەش دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ کاری ئیتلاعات، لە درێژەی دانپێدانەكەی، رائید دەڵێت: "کە گەڕامەوە شاری سلێمانی وا رێککەوت حکومەتی عێراق لە شارەکانی کوردستان دەرکرا و ھەموو فەرمانگەكانی حکومی خۆی لە کوردستان کشاندەوە و زۆر بەئاسانی گوازرامەوە دائیرەی نفوس و جنسیەی بەغدا لە ناوچەی کەڕادە، دوای ماوەیەک قاسیدەکەی دەزگای ئیتیلاعاتی ئێرانی ھات و لیستێکی ناوی پێدام و گوتی: "ئەم ناوانە ھەموویان نفوس و جنسیەی عێراقیان بۆ دەکەی، بە مەرجێک ناویان لە تۆماری سەرەکی لای خۆتان داخیلدەکەی بەشێوەیەک ھەرناوێک لەلاپەڕەی خێزانێک دەنووسی وەکو ئەندامی ئەو خێزانە بۆ ئەوەی ئەگەر نۆکەرێکمان ئاشكرا بوو و دەستگیركرا، نەزانرێت نفوس و جنسیەکەی تەزویرە. ئەوەبوو بەپێی رێنماییەكانی ئەوان کارم دەکرد، ناوەناوە مەبلەغێک پارە و لیستێکی ناوم بۆ دەھات، منیش ناوەکانم داخیلی سجل دەکردن و نفوس و جنسیەم بۆ دروست دەکردن، تا وای لێھات ئەو ناوانەی داخیلی تۆماری سەرەکیم کردبوون زۆر زۆر بوون، ئەوەبوو ئیتیلاعات خەبەریان بۆ ناردم نەوەک کەشف بین، فەرمانگەی نفوس بەھەموو تۆمارەکانەوە بسووتێنە، بەشێوەیەک کە وەکو رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی ئاسایی دەربکەوێت، ئەوەبوو بەیانییەکی زوو چوومە دائیرە و ئاگرێکی بچووکم لە شوێنێکی حەساس، لە ژووری دۆسیەکان کردەوە بێ ئەوەی کەس ھەست پێبکات و دەرچووم «دیارە کامیرەش نەبووە»، بەپاسەوانم گوت دەچمە بازاڕ بۆ خواردنی بەیانی "ریوگ" و دێمەوە. کە ھاتمەوە دیتم ھەموو فەرمانگەکە بە دڵی من سووتاوە و منیش لە پێش کارمەندان خۆم خەفەتبار نیشاندا و بەتوڕەیی ھاوارم دەکرد  چۆن سووتا؟ بۆ دەبێت بسووتێت؟ ئەی ئیشی پاسەوان چییە؟

دوای ئەو دانپێنانەی ڕائیدەکەی پۆلیس، ناوبراو دەدرێتە دادگا و ئیعدام دەکرێت، بەڵام ئەو موفەوەزەی پۆلیس کە لەگەڵی دەبێت لە ژوورەکەی، بێتاوان دەردەچێت و ئازاد دەکرێت.

لێرەدا ئەوەی جێگای تێبینییە، ئەوەیە، دەزگا ئەمنییەکانی عێراقی ئەوکات چەند بەھێزبوون کە رۆژئاوا بەدیواری ئاسن وەسفی دەکردن، ئینجا ئیتیلاعاتی ئێرانی گەیشتووەتە شوێنێکی هەستیار لەناو جەرگەی شاری بەغدا و کاری خۆی کردووە، ئەدی لە عێراقێکی لاوازی شڕوپڕی بێ ساحێبی کەلاوەی وەکو ئێستا، دەبێت دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتانی دەوروبەری عێراق و وڵاتە زلھێزەکان بەھەوەسی خۆیان چۆن تەرەتێن بکەن لە عێراق و چی بکەن؟

بەپێی راپۆرتێکی لۆجیستی باوەڕپێکراو، لە دوای ساڵی 2003 نەوەد دەزگای ھەواڵگری بێگانە لە عێراق بۆ وڵاتەکانیان کاردەکەن، بێئەوەی ھیچ رێگريیەک ھەبێت لەپێشیان، وەکو بەڵگەیەکی قسەکانیشم" راگەیاندکارێکی عێراقی دەڵێت: "لە دوای رووخانی سەدام، ئەوکاتەی مۆفەق روبەیعی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بوو، بەرنامەیەکم لەگەڵی کرد، لە دوای تەواوبوونی بەرنامەکە بە منی وت؛ دەزانی ژمارەیەکی زۆر زۆر دەزگای ھەواڵگری بێگانە لە عێراق چالاکن و کوشتن و رفاندن و کاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن و ئێمەش ئاگادارین! راگەیاندکارەکەش دەڵێت منیش پێم گوت باشە مادام ئاگادارن بۆ رێگرییان لێ ناکەن، ھەر ھیچ نەبێت بۆ باسی ناکەن؟ مۆفەق روبەیعی لە وەڵامدا گوتی؛ لەبەر شەرەفی وەزیفەکەم! منیش پێمگوت؛ کامیان پیرۆزترە شەرەفی وەزیفەکەت، یان شەرەفی نیشتمانەکەت؟