کاریگەریی نوێبوونەوەی سیاسیی لەسەر زیادکردنی کاریگەریی لایەنە سیاسییەکان

کاریگەریی نوێبوونەوەی سیاسیی لەسەر زیادکردنی کاریگەریی لایەنە سیاسییەکان
کاریگەریی نوێبوونەوەی سیاسیی لەسەر زیادکردنی کاریگەریی لایەنە سیاسییەکان

نوێکردنەوەی پارتە سیاسییەکان واتە نوێکردنەوەی دیدگا، پێکهاتە و شێوازی کارکردنیان بۆ ئەوەی هاوسەنگ بن لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و وەڵامدانەوەی خواستەکانی هاووڵاتییان. پارتى سیاسی بریتییە؛ لە ڕێکخراوێک کە کۆمەڵێک تاک لە خۆ دەگرێت و دیدگایەکیان هەیە و هەمان ئایدۆلۆژیاى هاوبەش کۆیان دەکاتەوه‌ کە کار بۆ کۆکردنەوەی ڕای گشتی لە بەرژەوەندیی خۆیان دەکات بە مەبەستى گەیشتن بە دەسەڵات  یان کاریگەری لەسەر سیاسەتی گشتیی لە ڕێگەی دیموکراسییەوە وەک هەڵبژاردن و بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی.

پارته‌كان بە زۆری هەوڵ دەدەن نوێنەرایەتیی كۆمه‌ڵه‌ یان چینە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکان بکەن و بەرنامەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی پێشکەش بکەن بۆ ئه‌وه‌ی ئاراستەکانیان دەرببڕن. پارتی سیاسیی کاریگەریی تایبەتى هەیە لە ڕێگەى ئەو ڕۆڵە گرنگەى لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا دەبینیت هەر وەک "نوینەرایەتىی خەڵک دەکات لە پەرلەمان و پەروەردەى سیاسیی هاووڵاتییان و بەشداریکردن لە گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتییانە و چاودێریکردنی ئەدای حکوومەت و دابینکردنی جێگره‌وه‌ - ئاڵته‌رناتیڤ). پارتە سیاسییەکان لە ئەنجامی پەرەسەندنی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتییدا سەریان هەڵدا و وردە وردە لەگەڵ گەشەی بیرۆکەی دیموکراسی و نوێنەرایەتیی جەماوەری ده‌ركه‌وتن لە ماوەی سەدەی حەڤدە و هەژدەدا لە ئەورووپا بەتایبەت لە بەریتانیا پارتی سیاسی دەستیان بە سەرهەڵدان کرد.

-سەرەتا بە سەرهەڵدانی بزووتنەوە سیاسییەکان لەنێو پەرلەمانەکاندا دەستی پێکرد، وەک ویگ و تۆرییەکان لە بەریتانیا، کە دواتر گەشەیان کرد و بوون بە پارتی سیاسی.

-شۆڕشە گەورەکان، وەک شۆڕشی فەرەنسا (1789)، یارمەتیدەر بوون لە پێشخستنی بیرۆکەی بەشداریی جەماوەری و ڕێکخستنی هێزە سیاسییەکان.

پارته‌كان لە سەرەتادا دامەزراوەیەکی ڕێکخراو نەبوون وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیانناسین، بەڵکوو کۆبوونەوەی تاکەکان بوون کە تێڕوانینی سیاسیی هاوشێوەیان هەبوو. بە تێپەڕبوونی کات گەشەیان کرد و بوون بە دامەزراوەی ڕێکخراو بە بەرنامە و ئامانج و پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی، بە تایبەت لەگەڵ فراوانبوونی بنکەی دەنگدەران.

پارتى سیاسیی چەند تایبەتمەندی هەیە ئەوانیش:

1-ڕێکخستنی فەرمی: پارت پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی ڕوونی هەیە کە سەرکردە و ئەندام و بنکە لە خۆ دەگرێت.

2-بەرنامەی سیاسی: پارتی سیاسیی بەرنامەیەکی هەیە کە دیدگای خۆی لە بوارە جیاجیاکاندا دەخاتە ڕوو.

3-هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات: ئامانجێکی سەرەکی پارتی سیاسی بەشداریکردنە لە حکوومەتدا لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە.
4-کاریگەریی لەسەر ڕای گشتی: پارتی سیاسیی کار دەکات بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی هاووڵاتییان.

بۆ نوێکردنەوەی پارتە سیاسییەکان دەتوانرێت بە چەند ڕێگایەک بەدەست بهێنرێت، لەوانە:

-نوێکردنەوەی گوتاری سیاسی و نوێکردنەوەی بەرنامە سیاسی و ئابوورییەکان بۆ هاوسەنگبوون لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکانی کۆمەڵ.

-گرنگیدان بەو بابەتانەی کە بەڕاستی بۆ هاووڵاتییان گرنگن، وەک دامەزراندن و خوێندن و تەندروستی.

-کردنەوەی ڕێگا بۆ بەشداریی گەنجان و ئافره‌تان لە سەرکردایەتی و بڕیاردان لەنێو حیزبدا و ڕاهێنانی کادیری نوێ بە توانای سیاسی و ڕێکخراوەیی.

-کراوەیی بەرانبەر کۆمەڵگا و بەرزکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ هاووڵاتیان لە ڕێگەی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا و کۆبوونەوەی مەیدانی.

-پەسەندکردنی پرەنسیپی دیموکراسیی ناوخۆیی و شەفافیەت لە هەڵبژاردنی کاندیدەکاندا.

-گوێگرتن لە کێشەکانی خەڵک و کارکردن بۆ دابینکردنی چارەسەری واقیعی.

-بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و سوود وەرگرتن لە گۆڕانی دیجیتاڵی لە بەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵک.

-پەرەپێدانی ئامرازی بەشداری ئەلیکترۆنی بۆ ئەندامان و هاوسۆزانی حیزب.

-باشترکردنی متمانە و کاریگەریی پابەندبوون بە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن و پتەوکردنی متمانە لە نێوان حزب و هاووڵاتییان.

-جار جار هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای کارکردن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان.

ئامانجی لایەنە سیاسییەکان لە پارتێكه‌وه‌ بۆ پارتێكی دیكه‌ بە پێی ئایدۆلۆژیا و ئاراستەکانی دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتیی دەتوانین ئامانجە هاوبەشەکانی زۆربەی لایەنە سیاسییەکان بەم شێوەیە کورت بکەینەوە:

1-دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵات: پارته‌ سیاسییه‌كان هەوڵی سەرکەوتن لە هەڵبژاردن و وەرگرتنی پۆسته‌كانی حکوومەت دەدەن بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانیان.

2-نوێنەرایەتیی هاووڵاتییان: پارته‌كان کار دەکەن بۆ نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندیی توێژە تایبەتەکانی کۆمەڵگە (وەک چینە کۆمەڵایەتییەکان، ناوچە جوگرافییەکان، یان كۆمه‌ڵە فیکرییەکان).

3-پەرەپێدانی سیاسەتی گشتی: ئامانجی کاریگەریی لەسەر بڕیاردان و پەرەپێدانی ئەو سیاسەتانەیە کە ڕەنگدانەوەی دید و ئامانجەکانی بێت.

4-پەروەردەی سیاسی: بەرزکردنەوەی هۆشیاریی هاووڵاتییان لە پرسە گشتییەکان و پێشخستنی بەشداریی سیاسی لە ڕێگەی گفتوگۆ و پەروەردەوە.

5-گەیشتن بە گەشەپێدان و دادپەروەری: زۆربەی لایەنەکان دروشمی پەیوەندیدار بە باشترکردنی ئابووری، پەروەردە، تەندروستی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئەوانی تر بەرز دەکەنەوە.

6-پاراستنی سەقامگیری و نەزمی دیموکراسی: لە ڕێگەی کێبه‌رکێی ئاشتییانە و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسییدا.

کاریگەریی نوێبوونەوەی سیاسی لەسەرلایەنە سیاسییەکان سوودێکی زۆر لە کۆمەڵایەتیبوون و نوێبوونەوەی سیاسی وەردەگرن، لەبەر چەند هۆکارێکی گرنگ کە فراوانکردنی بنکەی جەماوەری و کۆمەڵایەتیکردنی سیاسی بەشدارە لە ئاشناکردنی تاکی نوێ بە ژیانی سیاسی، ئەمەش یارمەتی حزبەکان دەدات بۆ بەدەستهێنانی لایەنگر و داکۆکیکاری نوێ بەتایبەت لە نێو گەنجاندا. هەوەها دەستەبەرکردنی بەردەوامی ونوێکردنەوەی کۆمەڵایەتیی سیاسی دڵنیای دەدات لەوەی کە حزب بە ژیانی و پەیوەست بە نەوە نوێیەکانەوە دەمێنێتەوە، ئەمەش مەترسی چەقبەستن یان لەناوچوونی سیاسی کەمدەکاتەوە  لە ڕێگەى گواستنەوەی بەها و بیرۆکە و بەکۆمەڵایەتیکردنی سیاسی وا لە حزبەکان دەکات کە بیرۆکە و ئایدۆلۆژیاکانیان بۆ نەوەی نوێ بگوازنەوە، بەمەش ناسنامەی حزبی بەهێزتر دەبێت. بونیاتنانی سەرکردایەتیی نوێ لە ڕێگەی کۆمەڵایەتیکردنی سیاسییەوە، حزبەکان دەتوانن سەرکردایەتی نوێ بدۆزنەوە و پەرەی پێ بدەن کە توانای هەڵگرتنی پرۆژەی سیاسی هەبێت بۆ داهاتوو.

کارلێک لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و خۆ گونجاندن و نوێکردنەوەی کۆمەڵایەتیکردن یارمەتی پارتی سیاسیی دەدات لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسییەکاندا هاوسەنگ بێت، ئەمەش وا دەکات زیاتر توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ داخوازییەکانی سەردەمدا هەبێت. ئەزموونی پارتی سیاسی لە وڵاتاندا دەیسەلمێنێت بەکۆمەڵایەتیکردنی سیاسی و نوێبوونەوەی پارت دوو هۆكاری بنه‌ڕه‌تیی مانەوە و گەشەیانن. پارته‌ سیاسییه‌كان بەبێ کۆمەڵایەتیکردنی کاریگەر توانای کاریگەربوونیان لە دەست دەدەن و بەبێ نوێبوونەوەیش ده‌وستن و بچووک دەبنەوە. بۆیە یەکخستنی ئەم دوو ڕێبازە پایەی ستراتیجی بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی و سەرکەوتنی کاری حیزبی پێک دەهێنێت.