سیاسەتی نوێی ئابووریی ترەمپ و کاریگەرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی

سیاسەتی نوێی ئابووریی ترەمپ و کاریگەرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی
سیاسەتی نوێی ئابووریی ترەمپ و کاریگەرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی

ڕۆژی 2ی مانگی چواری ئەم ساڵ جیهان بە گشتی و وڵاتانی پیشەسازی بە تایبەتی خۆیان لە بەردەم پێناسەی گومرگی بۆ سەر کاڵاکانیان بینییەوە، کە لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە، دۆناڵد ترەمپ لە بەردەم کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکاندا ڕاگەیەندرا!

لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا سەرۆکی ترەمپ ڕێژەی باجی  سەر وڵاتانی دیاری کرد و لە هەمان کاتیشدا ناوی ئەو ڕۆژەی نا ڕۆژی ڕزگاریی ئەمەریکا!

ترەمپ باسی لە کۆمەڵێک هۆکار کرد کە لە پشت ئەو بڕیارەی حکوومەتی ئەمەریکاوەن. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە لە مێژساڵە ئەمەریکا لەلایەن دۆست و نەیارەکانیەوە غەدری گەورەی لێ دەکرێت. ئەویش ئەوەیە هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئەم پێناسەی گومرگییە بە سەر کاڵاکانیاندا سەپێندراوە، زۆربەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان باجی گومرگیی زیاتریان خستووەتە سەر کاڵاکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکانیان. ئەو بۆ نموونە ئاماژەی بۆ چین، یەکێتیی ئەورووپا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، ڤێتنام، تایوان و چەندین وڵاتی دیکە کرد، کە بە گشتی نزیک بە شەست وڵات دەبوون. 

ئەوەی لێرەدا پرسیارە ئەوەیە کە بۆچی ئەمەریکایەک کە خۆی بە یەکێک لە داکۆکیکاران و داهێنەر و دامەزرێنەرانی بازاڕی ئازاد دەزانی، ئێستا سیاسەتی خۆپارێزی یا بە زمانی  ئابووری پرۆتەکتشینیزم دەگرێتە بەر. داخۆ ئامانج و کاریگەرییەکانی بڕیاری سەپاندی باجی گومرگی بە سەر کاڵای بیانی لە لایەن ئەمەریکاوە چی دەبێت لە سەر ئابووریی ئەمەریکا و جیهان بە گشتی. لە هەمان کاتیشدا کاریگەرییەکانی ئەم سیاسەتە لەسەر ئاستی سیاسەتی نیودەوڵەتی چۆن دەبێت.

 لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم وڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە. لە سەرەتادا بە کورتی باسی کۆمەڵێک دەستەواژەی وەک پرۆتێکشینیزم، پێناسەی گومرگی و هاوسەنگیی هاوردە و هەناردە دەکەم. پاشان باسی کاریگەرییەکانی ئەم پێناسە گومرگییانە لەسەر ئابووریی ئەمەریکا و هاووڵاتییانی ئەمەریکا بە تایبەتی و ئابووریی جیهان بە گشتی دەکەم. دواتر تیشک دەخەمە سەر ئەوەی داخۆ ئەم سیاسەتەی ترەمپ لەگەڵ سیاسەتە گشتییەکانی کۆمارییەکان دەگونجێ کە ئامانجیان ڕاگرتنی ڕێژەی هەڵاوسانی ئابوورییە بە ڕێژەی 2% و لە هەمان کاتدا هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی حەقدەستی کرێکار. دواتر باسی کاریگەرییەکانی ئەم  سیاسەتە ئابوورییە دەکەم  لەسەر سیستمی جیهانی و لە کۆتاییدا بە کۆبەندێک کۆتاییی بە بابەتەکە دەهێنم.

 Protectionismچییە؟

ئەم دەستەواژەیە باس لە دۆخی وڵاتێک دەکات، کە هەوڵ دەدات سیاسەتی ئابووری خۆی بە جۆرێک ڕێک بخات کە هەوڵی سنووردارکردنی هاوردەی کاڵا لە دەرەوە بۆ ناوخۆیی وڵات بدات بە ئامانجی پەرەپێدان و  بەرگری لە کۆمپانیا ناوخۆییەکان لە بەرامبەر کۆمپانیا دەرکییەکان و لە هەمان کاتدا ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ هاووڵاتییانی. یەکێک لەو میکانیزمانەی کەڵکی لێوەردەگرێ، باج خستنە سەر کاڵای بیانییە بۆ ناو وڵات.  

ئامانج ئەوەیە نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان لە ئاست کاڵای ناوخۆیی گرانتر بێت. ئەمەش وا دەکات کە خەڵک بەرهەمەکانی ناوخۆ بکڕن. پرۆتەکشۆنیزم، ڕێک پێچەوانەی بازاڕی ئازادە. بە  واتایەکی تر دەوڵەتان هیچ باجێک ناخەنە سەر کاڵای هاوردە و کۆمپانیاکان بەبێ هیچ سنووردارکردنێک کاڵای خۆیان بە یەکتر دەفرۆشن. 

بە بڕوای زۆربەی زۆری ئابووریناسان بازاڕی ئازاد دەبێتە هۆی گەشەی زیاتری ئابووریی وڵات و لە هەمان کاتیشدا ئاستی کێبەرکێی کۆمپانیاکان لەگەڵ یەک باشتر دەکات کە لە کۆتاییدا بە قازانجی هاووڵاتییانی ئاسایی دەبێت.

پێناسەی گومرگی  چییە؟ 

تەریف یا باج دەستەواژەیەکی ئابوورییە کە هەندێک لە وڵاتان وەک میکانیزمێک لە پێناوی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی خۆیان کەڵکی لێوەردەگرن.  کاتێک  ئەمەریکا 34% باج دەخاتە سەر کاڵای چینی، بە واتای ئەوە دێت کە نرخی کاڵایەکی چینی کە هەناردەی ئەمەریکا دەکرێ 34% نرخەکەی بەرزدەبێتەوە. 

بۆ نموونە ئەگەر پێڵاوێکی چینی پێشتر بە 100 دۆلار گەیشتبێتە دەست فرۆشیارێکی ئەمەریکایی، ئەوە ئێستا نرخی ئەو کاڵایە بە 134 دۆلارە، واتە نرخەکەی 34 دۆلار چووەتە سەرەوە. یان کاڵایەک کە لە ئەورووپاوە بێتە ئەمەریکا و پێشتر نرخەکەی 100 دۆلار بێت و ئێستا ترەمپ باجی 20% ختسووەتە سەر ئەو کاڵایە، ئەوە نرخی ئەو کاڵایە کە دەگاتە دەست فرۆشیار 120 دۆلارە. یا نرخی ئۆتۆمبیلی ژاپۆنی بۆ نموونە ئەگەر 20000 دۆلار بێت، ئێستا بە باجی 25%وە نرخەکەی دەگات 25000 دۆلار، هەڵبەت ئەمە ئەگەر هەناردەکەران ئەو باجە زیادەی کە خراوەتە سەر کاڵاکان لە ئەستۆ نەگرن.

 هاوسەنگیی پارەدان یا ئاڵوگۆڕی بازاڕگانی چییە؟ Balance of Payments

ئەم دەستەواژەیە لە ئابووریدا تیشک دەخاتە سەر کۆی هەناردە و هاوردەی وڵاتێک لەگەڵ دنیای دەرەوەی خۆی. زۆربەی ئابووریناسان بەباشی دەزانن کە هەناردە زیاتر بێت لە هاوردە یا لانیکەم وەک یەک بێت.

 بۆ ئەوەی بزانین هاوسەنگیی بازرگانی  چییە و چۆنە، ئەوە بۆ نموونە دەتوانم ئاماژە بە پێوەندیی بازرگانیی نێوان چین و ئەمەریکا وەک نموونە بکەم.  هاوردە و هەناردەی ئەو دوو وڵاتە بە پێی هەموو داتاکان لە ساڵی 2024 دا چینیەکان 438,9 ملیارد دۆلار کاڵایان بە ئەمەریکا فرۆشتووە، بەڵام لە بەرامبەردا کۆمپانیا ئەمەریکایییەکان 143,5 ملیارد دۆلار کاڵایان بە چین فرۆشتووە، واتە چینیەکان 295,4 ملیارد دۆلار زیاتر کاڵایان بە ئەمەریکا فرۆشتووە.

بە واتایەکی تر ئەمە نیشانی دەدات کە باڵانسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە قازانجی کۆمپانیا چینیەکانە. ئەمەیش وای کردووە کە ئیدارەی ترەمپ هەوڵی ڕاگرتنی یا چارەسەری ئەم بابەتە بدات لە ڕێگای باجخستنە سەر کاڵای وڵاتان و بە تایبەت چین، بۆ ئەوەی پارسەنگی بازرگانیی هەردوو وڵات بپارێزێ. ئەوەی جێگای ئاماژەیە، دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی چین کاڵای زیاتری ڕەوانەی ئەمەریکا  کردبێت، نزمیی نرخی کاڵای چینی بووە لە بەرانبەر کاڵای ئەمەریکایی. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە پێناسەی گومرگی چی کاریگەرییەکی هەیە لەسەر بەرهەمهێنان لە ئەمەریکا و خەڵکی ئەمەریکا بە تایبەتی. لە خوارەوە ئاماژە بە کاریگەرییەکانی پێناسە گومرگییەکان دەکەم.

کاریگەرییەکانی سەپاندنی باجی گومرگی لە سەر ئابووریی ئەمەریکا

ئامانجی سەرەکیی ئەمەریکا و حکوومەتەکەی ترەمپ لە باج خستنە سەر کاڵای  بیانی، وەک ترەمپیش لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی پێشکەشکردنی باجی گومرگی لە سەر کاڵای بیانی ئاماژەی پێ دا، ئەوەیە کە هەوڵ بدات یارمەتیی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی ئەمەریکا بدات، کە بە شێوەیەک بێت خەڵکی ئەمەریکا زۆرتر ئەو بەرهەمانە بکڕن کە لە ئەمەریکا بەرهەم دێن، چونکە بە باج خستنە سەر کاڵای بیانی نرخی کاڵای بیانی گران دەبێت. ئەمەش وا دەکات کە خەڵک  بەرهەمی ناوخۆیی بکڕن، کە خەڵک بەرهەمی ناوخۆیی بکڕن، کۆمپانیاکان پێویستییان بە کرێکار دەبێت. هەر بۆیە بەم سیاسەتە ترەمپ دەیەوێ بە تیرێک چەن نیشانەیەک بپێکێ. لە لایەک هەوڵ دەدات کە کۆمپانیا ناوخۆییەکان ببوژێنێتەوە و لە هەمان کاتیشدا ڕێژەی بێکاری بهێنێە خوارێ. لە هەمان کاتیشدا وا لە کۆمپانیا بیانییەکان بکات کە لە ئەمەریکا سەرمایەگوزاریی بکەن. 

بەم شێوەیە وەک ترەمپ هەمان ڕۆژ ئاماژەی دا، قەرەبووی ئەو ساڵانە بکاتەوە کە بە هەزاران کۆمپانیای ئەمەریکایی بە هۆی نەبوونی هاوسەنگیی بازەرگانی و بە تایبەت باج، مایەپووچ بوونە یا ئەمەریکایان جێ هێشتووە و ڕوویان لە دەرەوەی ئەمەریکا کردووە. هەروەها بەم سیاسەتە دەکرێ پارەیەکی باشیش لە ڕێگای باجی کۆمپانیاکان و کرێکاران بۆ گەنجینەی حکوومەت بگەڕێنێتەوە. هەڵبەت ئەم سیاسەتەی ترەمپ لەلایەن زۆربەی زۆری ئابووریناسان نیشانەی پرسیاری لە سەرە کە دواتر لە خوارەوە تیشک دەخەمە سەری.

کاریگەرییەکانی سیاسەتی پێناسەی گومرگی لە سەر هاووڵاتییانی ئەمەریکایی

 ئەم سیاسەتەی ترەمپ لە ڕوانگەی ئابووریناسانەوە بێ کێشە نییە. نەک هەر لە ئاستی نیودەوڵەتی بگرە لە ئاستی ناوخۆیی دەکرێ زیانی زیاتری بێت بۆ ئەمەریکاییەکان تا قازانج.  بۆ نموونە لەوانەیە ئەم پێناسە گومرگییانە وەک ئابووریناسان پێشبینی دەکەن، ببێتە هۆی ئەوەی کە نرخی هەندێک کاڵا لە بازاڕ بچێتە سەرەوە، چونکە لە ئابووریی سەرمایەداریدا کە ئەمەریکا بۆ خۆی نوێنەرایەتیی دەکات، زۆر جار ئەوەی زۆرتر نرخ دیاری دەکات پێوەندیی بە ئاستی داواکاری و خستنە بازاڕی کاڵاوە هەیە. ئەم تیۆرییە هەر لە سەردەمی باوکی بیرۆکەی بازاڕی ئازاد و لیبراڵیزمەوە، ئادەم سمیدەوە، هەیە و لە پراکتیکیشدا سەلمێنراوە.

بۆ نموونە ئەگەر ڕێژەی داواکاری لەسەر کاڵا زیاتر بێت، لەوەی کە ئەو کاڵایە لە بازاڕدا هەیە، ئەوە نرخی ئەو کاڵایە گران دەبێت و لە هەمان کاتێشدا پێچەوانەکەی ڕاستە. ئەگەر کاڵایەک لە بازاڕدا زۆرتر بوو لە ئاست داواکاریی لە سەر ئەو کاڵایە، ئەوە نرخەکەی دادەبەزێت. هەر بۆیە لە ڕوانگەی زۆربەی هەر زۆری ئابووریناس و  تیۆریی ئابوورییەوە هاووڵاتیی ئاسایی یا کڕیار زیانمەندی یەکەم دەبێت لە سەر باجخستنە سەر کاڵا. بۆ نموونە ئەگەر ئەمەریکا 20% باج بخاتە سەر کاڵای ئەورووپایی، ئەوە ئەو پارە زیادە بۆ گیرفانی دەوڵەت دەچێت، بەڵام ئەوەی دەبێت باجەکە بدات، هاووڵاتیی ئاساییە یا کڕیارە.

هەڵبەت ئەگەر ئەمەریکا نەتوانێ هەموو ئەو کاڵایانەی کە لە دەرەوە دێن بە هەمان نرخ و کوالێتی بەرهەمی بێنێت، کە ئەمەش لە جیهانی ئەمڕۆدا کە زۆربەی وڵاتان زۆرتر گرێدراوی یەکن، دژوارە. داڤید ریکاردۆ لە مێژ ساڵە ئاماژەی بەوە کردووە کە باشترە وڵاتێک خۆی بە شتێکەوە سەرقاڵ بکات کە نرخی بەرهەمهێنانی کەمترە و لە هەمان کاتیشدا تێیدا پسپۆرترە. بۆ نموونە ئێستا ئایفۆن کە ئەمەریکایییە، بەڵام ئەگەر چاو لە پشتی ئایفۆنەکە بکەیت لێی نووسراوە کە ئەو ئایفوونە لە ڤێتنام یا تایوان یا هۆنگ کۆنگ دروست کراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئایفۆن ئەمەریکایییە، بەڵام لە بەرئەوەی نرخی حەقدەستی کرێکار لەو وڵاتانە هەرزانترە لە ئەمەریکا و لە هەمان کاتیشدا بەشێکی ئایفۆن بۆ نموونە زۆرجارە کامێرای ئایفۆن لە کۆریای باشوور ئەکڕن، باشترە ئایفۆن لەو وڵاتانە بەرهەم بێت، بەڵام بەشی دیزاین و پرۆگرامی ئایفۆن دەکرێ لە ئەمەریکا بکرێ، لە بەر ئەوەی ئاستی تەکنۆلۆژی لە ئەمەریکا لە سەرترە تا ئەو وڵاتانەی تر.

هەر بۆیە ئەم فرەڕەنگییە ئەوەی لێ دەکەوێتەوە کە نرخی ئایفۆن هەرزانترە لە چاو ئەوەی کە ئەگەر ئایفۆن بە تەنیا لە ئەمەریکا دروست بکرێ. بۆیە ئابووریناسان پێشبینی دەکەن کە سەپاندنی باج بە سەر کاڵای بیانی لە لایەن ئەمەریکاوە نرخی هەندێک کاڵا بەرز بکاتەوە کە ئەمەیش لە سەر کڕیار یا هاووڵاتیی ئەمەریکایی دەکەوێ.       

داخۆ هەڵاوسان دژی سیاسەتی کۆمارییەکان نییە؟

لە ئەمەریکا کۆمارییەکان بەوە ناسراون کە لە کاتی بە دەستەڵات گەیشتنیاندا کار لە سەر دوو بابەتی سەرەکی دەکەن، کە ئەویش ڕێگرتن لە هەڵاوسانی ئابووری و لە هەمان کاتیشدا بەرزنەبوونەوەی نرخی حەقدەستی کرێکار. ئەم دووبابەتە لە زۆر بواردا گرێدراوی یەکترن. چونکە کاتێک هەڵاوسان دەبێت، ئەودەم کرێکار داوای حەقدەستی زیاتر دەکات، لەبەر ئەوەی بەهای ئەو حەقدەستەی وەری دەگرێ، دادەبەزێ. بە واتایەکی تر بە چوونەسەری نرخی کاڵا لە بازاڕ هێزی کڕینی کرێکار دادەبەزێ و لە هەمان کاتیشدا بە بەرزبوونەوەی حەقدەستی کرێکار، ئەوە خاوەن کار ناچارە نرخی کاڵاکان  بباتە سەر، بۆئەوەی قەرەبووی زیادکردنی حەقدەستی کرێکار بکاتەوە.

کە وا بوو ئەم سیاسەتە ئابوورییەی ترەمپ دەکرێ ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا لە بازاڕەکانی ئەمەریکا، کە ئەمە ڕێک پێچەوانەی سیاسەتی فەرمیی کۆمارییەکانە. چونکە کاتێک ڕێژەی بێکاری زۆر لە خوار بێت، بۆ نموونە کەمتر لە 2%، ئەوە خاوەنکارەکان دەکەونە ململانێی یەکتر لە پێناو دامەزراندنی کرێکاردا. لەگەڵ بەرزبوونەوەی حەقدەستی کرێکار، خاوەنکار ناچارە بۆ قەرەبووکردنەەوەی ئەو حەقدەستە زیادییە، نرخی کاڵاکان بباتە سەرەوە، کە ئەمەش هەڵاوسان دروست دەکات.

سیاسەتی دژە کۆچبەری و ئامانجی پێناسە گومرگییەکانی ترەمپ 

 ترەمپ  وەک خۆی دەڵێ  دەیەوێ  دووبارە ئەمەریکا بکاتەوە بە گەورەترین زلهێزی ئابووری لە جیهان. ئەوە لە کاتێکدایە کە وەک هەندێک لە ئابوریناسان باسی دەکەن کە لەوانەیە چین تا ساڵی 2035 شوێنی ئەمەریکا بگرێتەوە و ببێت بە یەکەم وڵاتی زلهێزی ئابووری.

 ئەم سیاسەتەی ترەمپ وا دەکات کە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵای بیانی، خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر بێت. لە گەڵ زیادبوونی داخوازی لە سەر کاڵای ئەمەریکایی، کۆمپانیاکان لە ئەمەریکا پێویستییان بە دامەزراندنی کرێکارە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە کۆمپانییەکان چۆن کرێکار و لە کوێ کرێکار دابین دەکەن لە کاتێکدا ڕێژەی بێکاری لە ئەمەریکا 4,1% و لەهەمان کاتێشدا هەڵاوسان 3%.

بۆیە ئەگەر بەرهەمهێنانی ناوخۆ زیاد بکات و ئەو ڕێژەیەی کە ماوە بە تەواوی دابمەزرێ، ئەوە کۆمپانییەکان ناچارن لە پێناوی ڕاکێشانی سەرنجی کرێکاران بۆ لای خۆیان، حەقدەستیان بەرز بکەنەوە. لەگەڵ بەرزکردنەوەی حەقدەستیش هەڵاوسان دروست دەبێت.

 زۆرێک لە دەوڵەتان لە پێناوی قەرەبووکردنەوەی کەمیی هێزی کار، پەنا بۆ کرێکاری بیانی دەبەن. بەڵام ترەمپ ئەو  دەرگایەیشی داخستووە. چونکە سیاسەتی ترەمپ وەک لە کاتی هەڵبژاردنیشدا بانگەشەی بۆ کرد، دژایەتیکردنی کۆچ و کۆچبەرییە  بۆ ئەمەریکا. 

کە وا بوو لە ئەگەری پێداگریی ئیدارەی ترەمپ لە سەر پێناسەی گومرگی و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەمەریکا تووشی کێشەی کەمبوونی کرێکار دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەڵاوسان دروست ببێت. 

هەر ئێستاش ئابووریناسان باس لەوە دەکەن کە بە سەپاندنی پێناسە گومرگییەکان، هەر بنەماڵەیەکی ئەمەریکایی بە هۆی گرانیی نرخی کاڵاوە دەبێت ساڵانە نزیک 3800 دۆلار زیاتر لە جاران بۆ کڕینی کەلوپەلی ڕۆژانە خەرج بکەن.

 ئەمە پارادۆکسە لەگەڵ ئەو بەڵێنەی ترەمپ بە هاووڵاتییانی ئەمەریکای دا لە کاتی بانگەشەی هەڵبژارندا.

بۆچی جیاوازایی ڕێژەی هەناردەی چین بۆ ئەمەریکا، دەکرێ کێشە بێت بۆ ئەمەریکا؟

هەوڵ دەدەم زۆر بە کورتی باسی قازانج و زیانەکانی ئەم ناهاوسەنگییەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەمەریکا و چین بکەم.

زیانەکان

 -کاتێک ڕێژەی هاوردەی کاڵای چینی بۆ ئەمەریکا زیاترە لە هەناردەکردنی کاڵای ئەمەریکایی بۆ چین. ئەوە وا دەکات هەندێک کۆمپانیا تووشی گرفتی کەمیی بەرهەمهێنان ببەن و لە کۆتاییدا وایان لێ بێت کە بازاڕەکانی ئەمەریکا بە جێ بهێڵن و ڕوو لە شوێنگەلێک بکەن کە حەقدەستی کرێکار لە خوارترە بۆ ئەوەی کێبەرکێی بەرهەمهێنەرە چینییەکان بکەن. ئەمەش ڕاستەوخۆ واتە بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری لە ئەمەریکا و لە هەمان کاتیشدا زیانگەیاندن بە پیشەسازیی ئەمەریکا.

 -کێشەیەکی تر ئەوەیە بە هاوردەکردنی کاڵای زیاتر لە چینەوە لە بری هەناردەکردنی کاڵا بۆ چین، ئەمەریکا تووشی وابەستەبوونی بازاڕەکانی چین دەبێت، کە ئەمەش لە ڕووی ئابووری و جیوسیاسییەوە بۆ وڵاتێکی وەک ئەمەریکا کێشەخولقێنە. 

نموونەی زەق و بەرچاویش کاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو کە دەرکەوت بازاڕەکانی ئەمەریکا زۆر پێویستییان بە ئامرازی پزشکیی چین هەیە. ئێستاش ئەمەریکا لە هەندێک بواردا زۆر پشتی بە چین بەستووە، وەک تەلەفون، کۆمپیوتەر و هەروەها ئەو شتانەی کە پێوەندییان بە کاڵای ئەلکترۆنیکەوە هەیە.

-هەروەها ئەم ناوهاوسەنگییەی هاوردە و هەناردە وا دەکات ناهاوسەنگیی پارەدان دروست بێت کە لە درێژمەودادا هەم ئابووری هەم حکوومەتی ئەمەریکایش تووشی قەیران دەکات.

قازانجەکان

 -ئەم ناهاوسەنگییەی هاوردە و هەناردە قازانجیشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەو کاڵا و شتومەکانەی لە چینەوە دێنە ئەمەریکا بە نرخێکی گونجاو و هەرزان بکەونە دەستی هاووڵاتیی ئەمەریکایی. ئەمەش بۆ خۆی وا دەکات کە ڕێگا لە هەڵاوسانی ئابووری لە ئەمەریکا بگرێ. هەڵبەت لە کورتمەودادا، نەک لە درێژمەودادا.

 -قازانجێکی دیکە ئەوەیە کە ئەمەریکا لە جیاتیی ئەوەی فۆکسی خۆی لە سەر پیشەسازییەک بێت کە داهاتی کەمترە، دەکرێ خۆی بۆ سکتەرگەلێکی تر ئامادە بکات کە قازانجی زیاترە. وەک چۆن سەردەمانێک ئەم وڵاتە پێشکەوتووانەی ئێستا پشتیان بە ئابووریی کشتوکاڵ و دواتر بەرهەمهێنانی جلوبەرگ و هەندێک شتی تر دەبەست، بەڵام ئێستا زۆر پشت بە سیکتەرگەلی خزمەتگوزاری و تەکنۆلۆژیای ئاستبەرز دەبەستن، کە ئەمەش بە قازانجی ئابووریی ئەمەریکایە.

لە لایەکی ترەوە ئەمە وا دەکات  ئەو پارە زیادییەی کە چینیەکان لە هەناردەی کاڵاکانیان بۆ ئەمەریکا دەستیان دەکەوێ لە کاغەزەنەختیەناکانی ئەمەریکادا سەرمایەگوزاریی پێ بکەن.  ئەمە وا دەکات  ئاستی سووی بانکی لە ئەمەریکا لە خوار بێت.

کاریگەرییەکانی پێناسەی گومرگی لە سەر ئابووریی جیهان

دوای ڕاگەیاندنی باجی گومرگی لە لایەن ترەمپەوە، بازاڕەکانی بۆرسە لە جیهاندا تووشی شۆکێکی وا بوون کە ئابووریناسان و شرۆڤەکارانی ئابووری نەیانتوانیبوو پێشبینیی بکەن. ئەم کاریگەرییە نەک هەر لە بۆرسەکانی ئاسیا، ئەورووپا، ئوسترالیا، بگرە خودی ئەمەریکایشی گرتەوە و بازاڕی بۆرسەی ئەمەریکا بەجۆرێک دابەزی کە هەندێک باسیان لەوە دەکرد کە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ڕەنگە بازاڕی بۆرسەی ئەمەریکا تووشی داڕمانێکی گشتی بێت.

 لێرە باس لە زیانی چەندین تریلۆن دۆلار ئەکرێ.  هاوکات بازاڕی نەوت بە شێوەیکی بەرچاو دابەزی  و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو بوو بە 58 دۆلار.

 هۆکاری ئەم شڵەژانە ئابوورییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئابووریی ئەمەریکا و دۆلاری ئەمەریکایی کاریگەریی زۆریان لە سەر زۆربەی هەر زۆری بازاڕەکانی جیهان هەیە. چونکە ئەمەریکا  خاوەنی گەورەترین ئابوورییە لە جیهاندا. ئابووریی ئەمەریکا لە ساڵی 2024 زیاتر لە 29%ی ئابووریی جیهانی پێک هێناوە. لە دوای ئەمەریکا، چینە بە ڕێژەی 27,7%. هەر ئەمەشە وای کردووە  بەرزکردنەوەی باجی گومرگی نێوان ئەمەریکا و چین بازاڕەکانی جیهان تووشی کێشە بکا. ئەمڕۆ ئێوارە 9ی مانگی چوار لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەدا، ترەمپ لە توویتێکدا ڕایگەیاند کە پێناسەی گومرگی بۆ ماوەی سێ مانگ لە سەر 75 وڵات ڕادەگرێ. چونکە بەپێی وتەکانی ترەمپ، ئەو وڵاتانە داوایان کردووە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکادا بکەن تا لە سەر میکانیزمێک ڕێک بکەون.

ئەوەی جێگای تێڕامانە چین لەنێو ئەو 75 وڵاتەدا نییە. هەرچەندە دوای ئەم توویتەی ترەمپ بازاڕەکانی بۆرسە لە جیهاندا بەرزبوونەوەیان بە خۆیانەوە بینی. بۆ نموونە بازاڕی بۆرسەی دانیمارک بە ڕێژەی 12,7% بەرز بووەوە، بەڵام وەک هەندێک شرۆڤەکاری ئابووری باسی دەکەن شەڕی بازرگانی هێشتا کۆتاییی نەهاتووە. لەبەر ئەوەی چینیش ڕێژەی پێناسەی گومرگیی  سەر ئەمەریکا بۆ 125%  بەرز کردووەتەوە. 

لە هەمان کاتیشدا هێشتا نازانرێ کە گفتوگۆکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو 75دا وڵاتە بە کوێ دەگات. چونکە ئەگەر ڕێک نەکەون ئەوە لەوانەیە  جەمسەربەندیی نوێی ئابووری لە جیهاندا پێک بێت کە پێشتر کەس بیری لێ نەکردبێتەوە. لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەی پێ دەکەم.

پێناسە گومرگییەکەی ئەمەریکا چ ڕەنگدانەوەیکی دەبێت لە سەر پێوەندییە نیودەوڵەتییەکان

 بڕیارەکەی ترەمپ  لەسەر باجخستنە سەر کاڵای بیانی نەک هەر نەیارەکانی ئەمەریکا، بگرە دۆستە لەمێژینەکانی ئەمەریکاش لە ڕەحمەتی باجی گومرگی بێبەش نەبوون. زۆرێک لەو وڵاتانەی کە بە دۆستی ئەمەریکا حیساب دەکران تووشی شۆکێکی گەورە بوون و چاوەڕوان نەبوون ئەمەریکا بەو شێوەیە مامڵەیان لەگەڵدا بکات. بۆ نموونە ژاپوون، کۆریای باشوور و یەکێتیی ئەورووپا بوون.  هەڵبەت ترەمپ لە کاتی سەرۆکایەتیی یەکەمدا  پێی وا بوو یەکێتیی ئەورووپا غەدر لە ئەمەریکا دەکات. چونکە لە لایەک باجی سەر کاڵای کۆمپانیا ئەمەریکاییەکانیان زیاد کردووە،  لە لایەکی تریشەوە هاوردەی کەلوپەل لەو یەکێتییە زیاترە لەوەی کە ئەوان لە ئەمەریکا دەیکڕن. ئەمەیش ترەمپی نیگەران کردووە. بە تایبەت نەکڕینی گازی سرووشتی لە ئەمەریکا.

بە هۆی سەپاندنی باجی گومرگی بە ڕێژەی 25% لە سەر هاوردەی ئوتۆمبیلی ژاپوون و کۆریای باشوور، بازاڕی ئەو دوو وڵاتە تووشی شڵەژان بووە. ئەمەیش وای کردووە کە هەم یەکێتیی ئەورووپا، هەمیش ژاپوون و کوریای باشوور باسی ئەوە بکەن کە بە دوای هاوبەشێکی نوێدا بگەڕێن، کە جاران تەنانەت بیرکردنەوەش لێی جێگای باوەڕ نەبوو. ئەویش بازاڕی چینە. هەر ئەمڕۆش وەزیری دەرەوەی چین باسی ئەوەی کرد کە چین باوەشی ئاوەڵایە بۆ هاوبەشیکردن لە گەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێ پێوەندیی بازرگانی لە گەڵ چین ببەستن، لە نێویشیاندا یەکێتیی ئەورووپا.

 بۆیە زۆربەی شرۆڤەکارانی ئابووری پێیان وایە ئەم سیاسەتەی ترەمپ دیارییەکی بەنرخە بۆ چینیەکان. چونکە هەموو دۆستەکانی ئەمەریکا دەکەونە باوەشی چینەوە. هەر بۆیە هەندێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا ببێتە هۆی ئەوەی کە وێرای پێکهێنانی سیستمێکی نوێی ئابووری لە جیهاندا، لە هەمان کاتیشدا ببێتە هۆی ئەوەی کە نەزمێکی نوێی جیهانی لەسەر بناغەی فرەجەمسەری کە لە لایەن نەیارانی دوێنێ و دۆستەکانی ئەمڕۆە پێک بێت. 

بۆ نموونە  چین و یەکێتیی ئەورووپا لە لایەک و ژاپوون و کۆریای باشوور و چین لە لایەکی ترەوە. هەڵبەت ئەمەش بێ کێشە نییە، چونکە تێڕوانینی چین و ئەو وڵاتانە لە مەڕ کۆمەڵێک پرینسیپی بنەڕەتی لە کێشەدایە، کە بریتین لە مافی مرۆڤ، سیستمی بەڕێوەبردن، ئازادیی سیاسی و سەروەریی یاسا کە دەکرێ لەمپەر بن لە بەردەم ئەم سیستمە ئابوورییە نوێیە. بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە کە سەردەمی ئێستا بە پێچەوانەی جاران ئەوەی هاوپەیمانییەکان دیاری دەکات، بەرژوەندیی ئابوورییە، نەک ئیدیۆلۆژی. 

ئەنجام

ئامانجی سیاسەتی پێناسەی گومرگیی حکوومەتی ئەمەریکا هەوڵێکە بۆ پاراستنی بازاڕی ناوخۆ و هەناردەکارانی ئەمەریکایی. ئەم سیاسەتە کە بە ناوی "پڕۆتەکشنیزم" ناسراوە - ئامانجێکی دیاری هەیە: پاڵپشتیکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان، زیادکردنی چالاکیی بەرهەمهێنەر، و کەمکردنەوەی بێکاری لە وڵات.

 بەڵام  ئەم سیاسەتە دەکرێ ببێتە هۆی گرانبوونی نرخی کاڵاکان لە ئەمەریکا و جیهان. ئەوەش بەشێکی پێوەندیی بەوەوە هەیە کە ئەم سەردەمە، سەردەمی گلۆبالیزمە، واتە کۆمپانیاکان زۆر گرێدراوی یەکن و لە هەمان کاتیشدا سیاسەتی پێناسەی گومرگی هەردەم باجەکەی هاووڵاتییانی ئاسایی داویانە و دەیدەن. بە واتایەکی تر زۆر جار ئەو باجە زیادەیەی کە حکوومەتەکان دەیخەنە سەر کاڵاکان لە سەر خەڵکی ئاسایی یا کڕیار دەکەوێت. لە لایەکی تریشەوە سەپاندنی پێناسەی گومرگی بەسەر کاڵای وڵاتاندا و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ، وا دەکات کە کۆمپانیاکان لە پێناو وەدەستهێنانی کرێکار کێبەرکیی یەکتر بکەن، ئەمەیش وا دەکات کە حەقدەستی کرێکار بچێتە سەرکە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی هەڵاوسانی ئابووریی ئەمەریکا.

 لە پاڵ ئەوەشدا ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا شڵەژانێک لە بازاڕی جیهانی دروست دەکات و بۆ ماوەیەک دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ئابووری لە ئاستی جیهان. ئەم نەسەقامگیرییەش وا دەکات کە وڵاتانی کۆنە دۆستی ئەمەریکا هەوڵی دۆزینەوەی بازاڕی نوێ یا هاوبەش بدەن بۆ کۆمپانیاکانیان. هەر بۆیە لەوانەیە ئەم سیاسەتە ببێتە هۆی ئەوەی سیستمێکی نوێی ئابووریی جیهانی بێتە ئاراوە کە دوژمنەکانی دوێنێ ببن بە دۆستی ئەمڕۆ. وەک دۆستایەتیی نێوان یەکێتیی ئەورووپا، ژاپوون و کۆریای باشوور لە لایەک، کە پێشتر سەر بە بەرەی لیبرالیزم بوون دژ بە بەرەی کۆمۆنیزم و، لە لایەکی تریش چین کە پێشترلە بەرەی بلۆکی خۆرهەڵات بووە.

 هەڵبەت ئەم پێوەندییە بێ کێشە نابێت، چونکە ئەم وڵاتانە و چین لە ڕووی کۆمەڵێک پرینسیپی ئەخلاقی و سیاسییەوە ناکۆکن، بە تایبەت لەسەر پرسی مافی مرۆڤ،  ئازادیی سیاسی و سەروەریی یاسا.

وێرای ئەمانە جارێ هێشتا ڕوون نییە کە داخۆ ترەمپ بەردەوام دەبێت لە سەر سیاسەتی پێناسەی گومرگی، یا نەخێر دەکەوێتە وتووێژ لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە پێناسەی گومرگییان بە سەردا سەپاوە و لە کۆتاییدا دەگەن بە ڕەشنووسێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت.