به‌رزان عه‌لی حه‌مه
نووسەر
درۆیه، مام جه‌لال نه‌مردووه!
لێره ژیان و مه‌رگی میر و سه‌رۆكه‌كان پڕه له ڕاز و نهێنی، له یوتیوبیش چه‌ندین ده‌نگی سه‌دام حسێن هه‌یه كه گوایه نه‌مردووه
ده‌یان ساڵ عێراقییه‌كان پێیان وابوو سه‌دام هاوشێوه‌ی هه‌بووه و ئه‌وه‌ی له بۆنه و جه‌ژنه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وت هاوشێوه‌كه‌ی بووه نه‌ك خودی خۆی، وا بڵاو ده‌كرایه‌وه كه ژێر عێراق هه‌مووی تونێل و حه‌شارگه و جیهانی ڕاز و نهێنییه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانه و كۆد و ته‌لیسم و سێبه‌ری په‌نهانی دونیایه‌كی گه‌وره‌تر و شاراوه‌تره، كه‌چی به‌عس ڕوخا و عێراق جگه له خاكێكی خوێناوی و گۆڕستانێكی گه‌وره، هیچی تر نه‌بوو! سه‌دام له سێداره درا و هێشتاش نیوه‌ی عێراقییه‌كان باوه‌ڕ ناكه‌ن، نا! كێ ناڵێت هاوشێوه‌كه‌ی له سێداره نه‌دراوه؟! ئه‌مه ڕازی هه‌موو وه‌همه‌كانی عێراقه!
لێره ئاگری گه‌وره‌ترین و درێژترین شه‌ڕی مێژووی مرۆڤایه‌تی هێشتا ده‌گڕێ، نیوه‌ی مرۆڤه‌كانی ده‌ستیان له تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی خوێنی عه‌لی و حسێن و زه‌ید و عه‌لی ئه‌سغه‌ر هه‌ڵنه‌گرتووه، نیوه‌كه‌ی تریشیان ئه‌گه‌ر بۆیان بكرێت، هێشتا خوێنی ئیمام و مه‌ڕجه‌عی تری شیعه‌كان ده‌رێژن، ده‌ی ئه‌مانه كه ١٤٠٠ ساڵه كێشه‌ی عه‌لی و حسێنیان له نێوان خۆیاندا پێ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، چۆن كێشه‌ی سه‌د ساڵه‌ی كورد به‌م زووانه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن؟!
هیشامی كوڕی عه‌بدولمه‌لیكی كوڕی مه‌ڕوان، خه‌لیفه‌ی ئه‌مه‌وییه‌كان، ١٢٧٥ ساڵ پێش ئێستا مردووه، كه‌چی له ساڵی ٢٠١٨ له كوفه به تاوانی كوشتنی زه‌یدی كوڕی حسێنی كوڕی عه‌لی، سزای له سێداره‌دانی به‌شێوه‌ی (شنقا حتی الموت) بۆ ده‌ركرا، واته جه‌نابی خه‌لیفه به‌په‌ته‌كه‌وه بمێنێته‌وه هه‌تا گیانی ده‌رده‌چێت! ئێره عێراقه، ئه‌و وڵاته‌ی كه له هه‌مان ساڵی دادگایی كردنه‌كه‌ی هیشامی كوڕی عه‌بدولمه‌لیكی كوڕی مه‌ڕواندا، بۆ ده‌یه‌مین جار پایته‌خته‌كه‌ی له‌لایه‌ن یونیسكۆوه وه‌ك خراپترین شاری جیهان بۆ ژیان ده‌ست نیشان كرا. به‌ڵێ ئێره عێراقه! وڵاتێك پڕ له گه‌مژه‌یی و جوگرافیایه‌ك پڕ له تاوان!
له‌م وڵاتی دوو ملیۆن بێوه‌ژنه‌دا، له‌م زۆنی خوێنه‌دا كه چوار ملیۆن مرۆڤی له كه‌مپ و له ژێر خێمه‌دا به‌ناوی ئاواره‌ی ناوخۆوه ده‌ژین و زیاتر له سێ ملیۆنیشی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه په‌ڕاگه‌نده‌ن و سه‌رووی پێنج ملیۆن منداڵی بێ دایك و باوك و به‌قه‌د هه‌موو دانیشتوانی باشووری كوردستانیش خه‌ڵكی نه‌خوێنده‌واری هه‌یه، چۆن بۆ كوردێك ده‌بێته ئه‌و وڵاته‌ی كه لایق به ژیان بێت؟ ئه‌م خاكه هی نۆژه‌نكردنه‌وه و بونیادنانه‌وه نییه، لێره تا شه‌قامێكی قیرتاوده‌كه‌ن، شارێكی وێران ده‌كرێت! جوگرافیای كورد له‌سه‌ر (مه‌داری سه‌ره‌تان)ی گۆی زه‌مین بووایه، باشتر و به‌سوودتر بوو بۆی تا له‌سه‌ر ئه‌م زه‌لكاوی خوێنه‌ی عێراق!
به مێژووی نزیكه‌ی دووسه‌د ساڵی وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بڕۆره خواره‌وه، زۆربه‌ی سه‌ركرده و شاه و میر و خان و سوڵتانه‌كانیان، یان كوژراون، یان بێسه‌رو شوێن كراون یانژی ده‌رمان خوارد كراون یان نه‌فی! به مێژووی سه‌د ساڵه‌ی عێراقیشدا بڕۆره خواره‌وه، هیچ شاه و سه‌رۆك و میر و سوڵتانێكی به ده‌ردی خوا نه‌مردووه و هه‌ر كوژران!
لێره ژیان و مه‌رگی میر و سه‌رۆكه‌كان پڕه له ڕاز و نهێنی، له یوتیوب چه‌ندین ده‌نگی سه‌دام حسێن هه‌یه كه گوایه نه‌مردووه و ماوه، ئێستاش یاسر عه‌ره‌فات هاوشێوه‌یه‌كی هه‌یه و جاروبار له ته‌له‌فزیۆنه عه‌ره‌بییه‌كانه‌وه لێدوانیش ده‌دات، ئه‌سڵه‌ن كێ ده‌ڵێت ئه‌وه هاوشێوه‌یه؟ كێ ناڵێت خۆیه‌تی و نه‌مردووه؟ زۆرترین عه‌ره‌ب ئه‌و پرسیاره‌یان هه‌یه! موعه‌مه‌ر قه‌زافی هاوشێوه‌ی هه‌یه و له‌م ڕۆژانه‌دا ڤیدیۆیه‌كیم بینی، به‌ڕاستی گومانم كرد ئه‌سڵه‌ن قه‌زافی كوژرابێت؟!
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكیشه له ئێران ده‌نگۆی بوونی هاوشێوه‌یه‌كی عه‌لی خامنه‌ئی ڕابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئه‌و وڵاته، بڵاو كراوه‌ته‌وه و گومانه‌كه وا به‌هێزه كه ئه‌وه‌ی له تیڤییه‌كانه‌وه جار جار ده‌رده‌كه‌وێت، خامنه‌ئی نییه و كه‌سێكه به‌ناوی میر تاهیر و هاوشێوه‌ی عه‌لی خامنه‌ئییه! ئه‌سڵه‌ن كێ ناڵێت چه‌ندین ساڵه خامنه‌ئی مردووه و ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینین هاوشێوه‌كه‌ی نییه؟!چه‌ندین فارس ئه‌م پرسیاره‌یان هه‌یه، ئه‌مه وه‌همی ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌یه، ئه‌مه هه‌ر ئه‌و ڕازه‌یه كه پادشا له‌دوای پادشا و سته‌مكار له‌دوای سته‌مكار حوكمی ئه‌م میلله‌تانه‌ی كرد! خۆ له ئه‌مه‌ریكاش كه‌سێك به‌ناوی ده‌نیس ئاڵن هه‌یه، ته‌نیا به ئارایشت و ئێكسه‌سواراتێكی ساده، ده‌قاو ده‌ق ده‌بێته دۆناڵد ترامپ، كیم جۆن ئۆن و ئۆباما و ده‌یان سه‌ركرده‌ی تری جیهانیش هاوشێوه‌یان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر بۆ گاڵته و گه‌پی یوتیوب و به‌رنامه‌ی كات به‌سه‌ربردن و وێنه‌گرتن به‌كاری ده‌هێنن، نه‌یان كردووه به وه‌همی گشتی و ڕاز و نهێنی ڕۆژگار، ئه‌وان نه‌بوونه‌ته حاكمی قولابی و پادشای خورافی!
ده‌ڵێن له ئێران جگه له‌وه‌همی هه‌بوونی خامنه‌ئییه‌كی تر، ئامێری دروستكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و ڕه‌نگ به‌كارده‌هێنرێت، گوایه له نائارامییه‌كانی ساڵی ٢٠٠٩ به‌و ئامێره ده‌نگی میرحسێن موسه‌وی و ڕه‌فسه‌نجانی و مه‌هدی كه‌ڕوبییان دروست كردووه كه تیایدا باسی له‌ناوبردنی خامنه‌ئی و ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی ده‌كه‌ن و ئه‌و ڤیدیۆ و ده‌نگانه‌یان بۆ خامنه‌ئی بردووه تا قایلی بكه‌ن به سزادانی ئه‌و سه‌ركردانه!
كورد به قه‌باره‌ی په‌نجا ملیۆن كه‌سه‌وه كه‌وتووه‌ته ناوجه‌رگه‌ی ئه‌م خورافیاته، ده‌بێت ئه‌ویش وه‌همێك بۆ مانه‌وه‌ی خۆی دابتاشێت، من حه‌زم له خه‌یاڵچنی و ده‌نگۆسازی نییه، یه‌ك زه‌ڕڕه‌ش باوه‌ڕم به‌و شتانه نییه كه له‌سه‌ره‌وه باسم كرد، نه پێم وایه سه‌ركرده‌كان وه‌هم و ته‌لیسمی دیكه‌یان هه‌یه و نه ئه‌گه‌ر هه‌شیان بێت لام بایه‌خێكی هه‌یه، به‌ڵام بریا ئێمه‌ش بمان توانیبا مام جه‌لالێكی قولابی دروست بكه‌ین، هیچ نا، خۆ جار جار نه‌وه و شوێنكه‌وته لاده‌ره‌كانی خۆیمان پێ ده‌ترساند!
تێبینی: مام جه‌لال له ٣ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ به‌ڕاستی كۆچی دوایی كرد و نه به‌ده‌نگ و نه به‌ڕه‌نگ و نه به‌ڕه‌فتاریش،هیچ هاوشێوه‌یه‌كی له‌پاش خۆی به‌جێ نه‌هێشت!!