به‌رزان عه‌لی حه‌مه
نووسەر
بۆچی بووم به پارتی؟!
به‌شێك له‌م قسانه‌ی منیش دووباره‌ن، چونكه هێشتا كه‌س به گوێی نه‌كردووم، چونكه من له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دووباره‌دا ده‌ژیم
میدیاکانمان هەمەری موفەخەخیان نیشان داین کە دەتەقییەوە، داعشیان پیشان داین کە ده‌كوژران یان ده‌یكوشتین، ئه‌وه‌یان گواستەوە كه مرۆڤه‌كانی سه‌ر ده‌بڕی و ژنه‌كانی لاقه ده‌كرد، به‌ڵام هیچ كاتێك میهرەبانی ئێمە، سادەیی ئێمە، نەفامی ئێمە، نەشارەزایی ئێمە، تەفرەقەی ئێمەیان بۆ ئەم نەوە پڕکراو و تووڕەکراوەی ئێستا نەگواستەوە.
ڕه‌نگه ئێمه ته‌نیا نه‌ته‌وه‌ی سه‌ر ڕووی زه‌مین بین، سه‌د ساڵ پێش ئێستا، ژیرهكانمان چ ئامۆژگارییه‌كی كردووین، به كه‌ڵكی ئێستاشمان بێت، ئێمه هه‌موو ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه سه‌د ساڵ پێشتر كردوومانه، ئێستاش دووباره‌یان ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌موو ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كه له‌گه‌ڵ دوژمن و له‌گه‌ڵ خۆشمان كردمان، ئێستاش ده‌یان كه‌ینه‌وه.
چ خۆمان و چ دوژمنه‌كانمان، هه‌ر ئه‌وانه‌ی پێشوون، قسه‌ی زۆربه‌ی شاعیره‌كانمان ده‌ڵێی بۆ ئێستامان نووسراون، هه‌موو پهندهكانمان، هه‌موو وته و ئیدیۆم و بهسهرهاتهكانمان، پڕاوپڕ بۆ ئێستاشمان ده‌بن. تۆ پێرار چ ڕه‌خنه‌یه‌كت گرتووه؟ ئێستاش بیگره‌ره‌وه! ده ساڵ پێش ئێستا چ وتارێكت نووسیوه؟ ئێستاش بینوسه‌ره‌وه، چونكه ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه به‌سه‌رجه‌م هه‌ڵه‌كانیه‌وه دووباره بووه‌ته‌وه. به‌شێك له‌م قسانه‌ی منیش دووباره‌ن، چونكه هێشتا كه‌س به گوێی نه‌كردووم، چونكه من له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دووباره‌دا ده‌ژیم، ئه‌م وتاره‌م له‌سه‌ر په‌نجا ملیۆن كورد نووسیوه، پێنج هه‌زاریان بیخوێننه‌وه سوپاسیان ده‌كه‌م.
جاران تۆ خۆت بڕیارت ده‌دا كه چیت و سه‌ر به كێیت. ئێستا خه‌ڵك بڕیارت بۆ ده‌ده‌ن، جیاوازی ئه‌م سه‌ده‌یه و ئه‌وه‌ی پێش خۆی هه‌ر ئه‌مه‌یه، من پارتیم، به بێ ئه‌وه‌ی خۆم بڕیارم دابێت، به بێ ئه‌وه‌ی خۆم چووبێتمه ناو حیزبه‌وه، پارتی بوونی جاران ئه‌وه بوو كه تۆ پێناست هه‌بێت، سه‌ر به لق و ناوچه و باره‌گای حیزب بیت، له شه‌ڕه‌كاندا چه‌كی پاڵپشتی بۆ هه‌ڵبگریت، به‌ڵام پارتی بوونی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه كه تۆ گۆڕان یان هه‌ر حیزبێكی تر نه‌بیت.
من پارتیم، چونكه له فهیسبووكهوه وتم: به‌ڵێ بۆ ده‌وڵه‌ت، من پارتیم، چونكه باوه‌ڕم به حكومه‌ت و هه‌رێمێكی به‌هێز هه‌بوو، من ئێستاش باوه‌ڕم به ده‌وڵه‌ت و شكۆمه‌ندی كوردییه، سه‌د ساڵی تریش هه‌ر وا ده‌بم، به‌ڵام ئه‌م نه‌وه‌یه‌م بۆ حاڵی ناكرێت كه من نه‌بووم به پارتی، ئه‌م دروشمانه‌ی من هی پارتی نین، دروشمی نه‌ژاد و ئه‌ژدادی منه، ده‌ی تا من وتارێك ده‌نووسم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕێنماییان بكه‌م بۆ ژیرێتی، هه‌زاران وتاریان بۆ ده‌نووسرێت تا گێل و گه‌مژه‌تر بكرێن.
نه‌وه‌یه‌كیان پێ گه‌یاند، كوردستان به موڵكی پارتی ده‌زانێت و كه ڕقیشیان له پارتی هه‌ڵده‌ستێ، سوكایه‌تی به هه‌موو ئه‌و دروشمانه ده‌كه‌ن كه تۆ لات گرنگه و ئه‌وان به هی پارتی ده‌زانن.
سەرجەم میدیاکانمان، تەنیا تەقوتۆق و تەپوتۆزی شەڕە كۆن و نوێکانیان بۆ ئه‌م نه‌وه‌یه گواستەوە، هیچیان نەیانتوانی ڕەوایەتی شەڕی ئەم میلله‌ته بۆ ئه‌م نەوە هەڵخەڵەتێنراوەی ئێستا بگوازێتهوە، نەیانتوانی تێ‌یان بگه‌یه‌نن كه شه‌ڕ و شكۆی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه به‌شێك نییه له ململانێی خێڵه‌كی و دوژمنداری دیرۆكیی حیزبه‌كانتان، نه‌یانتوانی پێیان بڵێن هه‌ر كه‌س نیشتمانی خۆش‌ویست پارتی نییه، پارتی خراپ بێت یان دز، نه‌ته‌وه‌ی كورد پێویستی به ده‌وڵه‌ته.
ئه‌سڵه‌ن ئه‌مه چ مۆدێلێكی حیزبایه‌تییه له كوردستان؟ تۆ بۆ ئه‌وه‌ی پارتی بیت، ده‌بێت لانیكه‌م ڕقت له شه‌شسه‌د حه‌وتسه‌د هه‌زار كه‌س بێت كه پارتی نین، تۆ بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانێكی خاڵص و پاڵاوته بیت و خۆت وه‌ك باشترین ڕیفۆرمیستی سه‌رده‌م نیشان بده‌یت، ده‌بێت لانیكه‌م ڕقت له شه‌شسه‌د حه‌وتسه‌د هه‌زار كه‌س بێت كه پارتین، بۆ یه‌كێتی و ئیسلامی و چه‌پ و عه‌شایه‌ر و سۆشیاڵ عهشایهرهكانیش هه‌روه‌تر.
ئێمە زۆر شتمان هەڵەیە، بەڵام هەرچی ئەو شەڕانەی کە بەدرێژایی مێژوو کردوومانە، هەرچی ئەو شەڕانەی کە لە زەمەنی تیر و کەوان و مەنجەنیقەوە بۆ سەردەمی هەمەر و میلان کردومانە (جگە لەوانەی کە خۆمان لەگەڵ خۆمان كردمان) تێکڕایان حەق و ڕەوا بوون! ئێمە لەگەڵ خۆمان و لەگەڵ دونیاشدا، تەنیا شەڕ و بەرگری و بەرخودانمان ڕەوایە، کەچی ئەوەشمان سوك وشڕۆڵ كردووه، ئەوەشمان لەپێ کردووه، ئەوەشمان لەبەرچاوی نەتەوە و پیرو گەنج و خورتی خۆمان سوک کردووە! ده‌بێت ئه‌م نه‌وه ههڵخڵهتێنراوهی ئێستا تێ بگه‌یه‌نرێت، كوردستان پارتی حوكمی بكات یان خه‌لافه‌تی ئیسلامی، سهرزهمینێكه و شایه‌نی ئه‌وه‌یه كه ئاڵای ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر هه‌ڵبكرێت.
شاره‌كان پڕ كراون له نه‌وه‌ی جنێوده‌ر، باسی دەوڵەت دەکەیت، سەدان و هەزاران گه‌نجت لێ قووت کراوەتەوە کە بڵێت نامەوێت. باسی پێشمەرگە دەکەیت سەدان و هەزاران گەنجت لێ قووت کراوەتەوە کە بڵێت میلیشیایە. باسی شەڕی داعش دەکەیت سەدان و هەزاران گەنجت لێ هان دراوە کە بە ناڕەوای بزانێت. باسی کوردستان دەکەیت، سەدان و هەزاران گەنجت لێ پڕکراوە کە بڵێت بەغدام دەوێت.
ئەمە چ فەرهەنگێکی دژایەتی و ململانێیه یاڕەب؟! حیزب سەدان شتی جوانی نەتەوەیەکی قۆنەراندووە، حیزب توڕاوه به موقەدەساتی نەتەوەیەک دا، ئێران ناڕەواترین شەڕی هەشت ساڵەی خۆی لەگەڵ عێراق! شەڕێک کە سەدان هەزار کەسی بۆ دابەکوشت، سەدان هەزار مرۆڤی تیا شەل و گێڕ کرد، هه‌زاران دیل و بێ سه‌روشوێن و منداڵی هه‌تیوی لێ به‌رهه‌م هات، كه‌چی ئەم کوشتراگەیەی ناوناوه دیفاع موقەدەس! كه‌چی لێره‌ش نەوەیەک حازر ده‌كرێت كه بڕشێته‌وه به‌سه‌ر موقه‌ده‌ساتی خۆیدا، نەوەیەک هاندراوە کە نەوێریت لەپێشیدا بڵێیت: شەهید! پێشمەرگە! کوردستان! هەرچی شعوری قەومی و ئینسانییە لە پێی ده‌کات و ناشبێت پێی بڵێیت: ئەرێ زەحمەت نەبێت تۆ وڵاغی کام تەویلەی كه بەس جووتە وەشاندن دەزانیت؟
تێبینی: من سه‌ر به‌هیچ حیزبێكی سیاسی ئه‌م وڵاته نیم!