به‌رزان عه‌لی حه‌مه
نووسەر
كه‌ی پێغه‌مبه‌رێكیش بۆ كورد دێت؟
ئه‌گه‌ر كورد ئه‌م هه‌ڵانه‌ی ئێستای له پانزه سه‌ده پێشتر بكردایه، پانزه پێغه‌مبه‌ری بۆ ده‌نێردرا!
سه‌ده‌یه‌ك پێش ئێستا هه‌مو كوردی باشووری كوردستان، ملیۆن و نیوێك كه‌س بوو، شۆڕشی ده‌كرد، ڕاپه‌ڕینی ده‌كرد، به‌گژ داگیركه‌ردا ده‌چووه‌وه، ده‌وڵه‌تی ڕاده‌گه‌یاند، یاخی ده‌بوو، میرنشینی داده‌مه‌زراند، سكه‌ی لێ ده‌دا و ئاڵای هه‌ڵده‌كرد، كه‌چی ئێستا كوردی باشوور، هه‌شت ملیۆن كه‌سه و ته‌نیا بۆڵه بۆڵ ده‌كا، جنێو به‌یه‌كتر ده‌دا، سه‌نگه‌ر له‌یه‌كدی ده‌گرێ، چاڵ بۆ یه‌كدی هه‌ڵده‌كه‌نێ و ده‌رگا بۆ دوژمنه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌و وه‌ك وانه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیش به‌م نه‌وه بێ ئاگایه‌ی ئێستای ده‌ڵێته‌وه!
ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌یان وا لێ كردووه، هه‌ر كه‌س نه‌وته‌كه‌ی بدزێت، هه‌ر كه‌س سامان و ماڵه‌كه‌ی تاڵان بكات، هیچ كێشه‌ی له‌گه‌ڵیدا نییه و بێ ده‌نگه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌وت و سامانه‌كه‌ی به‌ده‌ست خۆیه‌وه بێت، قیامه‌ت هه‌ڵده‌گیرسێنێت، كه حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وتی كه‌ركوكی ده‌فرۆشت، هه‌موو ڕۆژێك خۆپیشاندان بوو، ئێستا كه حه‌شد ده‌یدزێت، ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌ی دوێنێ بێده‌نگ لێی دانیشتوون و هیچ ناڵێن!
خۆ خۆری و یه‌كدی بوغزاندن، بووه‌ته به‌رنامه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیاریی ئێستای كورد، هه‌مووی پێی وایه ئه‌و له‌سه‌ر حه‌قه و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ناحه‌ق و باتڵه! هه‌مووی پێی وایه باشترین و ناوازه‌ترین سیستم بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات لای ئه‌وه، هه‌مووی پێی وایه چاككردنی قه‌یرانه‌كان له‌ڕێی تێزه‌كانی ئه‌وه‌وه ده‌بێت، هه‌مووی پێی وایه باشترین چاره‌سه‌ر به‌و ڕێگه‌یه ده‌بێت كه ئه‌و بیری لێ كردووه‌ته‌وه! هه‌مووی پێیوایه دونیابینی و تێڕوانینه‌كانی ئه‌و، تیۆره‌ی فه‌لسه‌فین و به‌جێبه‌جێكردنیان میلله‌ت و وڵات له نه‌هامه‌تی ڕزگاری ده‌بێت!
هه‌مووی سه‌رۆك و ئاغا و میر و به‌گ و ڕابه‌ره‌كه‌ی خۆی بۆ هه‌موومان به باشترین و ناوازه‌ترین كه‌س ده‌زانێت، كه‌س نایه‌ت بیرۆكه‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وی تردا بگونجێنێت و پێكه‌وه له‌مپه‌ر و تاسه‌ی به‌رده‌م ته‌ویله‌كه چاك بكه‌ن!
بەکەمگرتن و گچكاندن و دداننه‌نان بە یەکتریدا، به‌شێكه له خه‌سڵه‌تی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ی مرۆڤی كورد، ئه‌مه‌ش بەرئەنجامی ئەو شعورە عەرەبییەیە کە گواستراوەتەوە بۆ دەماغیان! ئەها سێسەد ملیۆن عەرەب نیو سەدەیە خەریکی بەکەم زانین و سوککردن و گچكاندن و تەوهین کردنی جولەکە و ئیسرائیلن، کەچی هەمووشیان گیریان خواردووە بەدەستییەوە؟! بەهەموویان دەرەقەتی نایەن، بەهەموویان ناتوانن زیانێکی پێ بگەیەنن، هەرچی عەرەب دەیکا و هەرچی عەرەب دەیڵێ ئیسرائیلی پێ بەهێزتر ئەبێت!
ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی ئێستای كورد، پڕه له گه‌مژه‌ی دڵسۆز و شاره‌زای خراپه‌كار، ژماره‌ی ئه‌و (پسپۆڕ و فه‌یله‌سوفانه!) به‌رده‌وام له هه‌ڵكشاندان كه جاشایه‌تی و خۆفرۆشی بۆ ئه‌م نه‌وه تووڕه و بێ ئه‌زموونه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌كه‌ن به فه‌لسه‌فه و تیۆره‌ی شۆڕشگێڕی!
ونبوونی سته‌مكار و گه‌نده‌ڵ، یه‌كێكه له كاره‌ساته گه‌وره‌كانی ئه‌مڕۆی كورد، هه‌موویان یه‌كدی به خراپه و دزی و گه‌نده‌ڵی تاوانبار ده‌كه‌ن، كه‌سانێك كه خۆیان به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و بۆشایی یاسایی و خراپی سیستمی دادوه‌ری و هه‌ڵه بیست و حه‌وت ساڵییه‌كانی یه‌كێتی و پارتییه‌وه بوون به ملیۆنه‌ر و ملیاردێر، ئه‌مڕۆ دێن بێشه‌رمانه وانه‌ی ده‌وڵه‌تداری و به‌رنامه‌ی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی ده‌ڵێنه‌وه!
جا كۆمه‌ڵگه کە نەیتوانی لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونی زانستی بکات، کە نەیتوانی قەبارەی ڕاستەقینەی دووژمنەکەی، نەیارەکەی، ڕکابەرەکەی بزانێت، کە نەیتوانی لەهێز و توانای ڕاسته‌قینه‌ی بەرامبەرەکەی تێ بگات، دەقیقەن شعورێکی عەرەبیانەی بۆ ژیان هەیە!
ئەها گۆڕان شەش ساڵە بارزانیت وەک عەشایەرێکی نەزان و نەخوێندەوار و حیزبەکەیشی وەک گروپێکی خێڵەکی و بێ پلان و بەرنامە نیشان دەدات، کەچی لەواقعدا ئەو حیزبە لەکویایە و تۆش پێشبینی کوێت بۆ کردبوو؟!
ئەها پارتی گۆڕانی بەلاوە گروپێکی پۆپۆلیستی و فەوزەوی و بێ دەسەڵات بوو، بێ منەتانە وەزیر و کاربەدەستەکانی لەهەولێر دەر دەکرد و حیسابی بۆ قه‌باره و توانای ڕاستەقینەی ئەو گرووپە نه‌ده‌كرد، کەچی ئه‌مڕۆ گیریانخواردووه به‌ده‌ست یه‌كترییه‌وه و كه‌سیان ئه‌وی دیكه‌یان بۆ له‌ناو نابرێت؟!
ئێوه نه‌ته‌وه‌یه‌كی پڕ له هه‌ڵه‌ن، كه‌س نییه بیرتان بۆ بكاته‌وه، هه‌مووی وه‌ك عالم و خه‌بیر خۆی ده‌ناسێنێ و كه‌سیش چاره‌سه‌ری ته‌واوه‌تی پێ نییه، جا گه‌وره‌ترین كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌یه كه ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌م بێت كه بیری بۆ بكه‌نه‌وه، ده‌وترێت هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ئیداره‌ی ئه‌و ئه‌مه‌ریكا زه‌به‌لاحه به‌ڕێوه ده‌به‌ن، نزیكه‌ی په‌نجا هه‌زار كه‌سن، كوردیش زیاتر له په‌نجا ملیۆن كه‌سه و ده هه‌زار كه‌سی نییه به‌باشی و بێ جنێودان بیری بۆ بكاته‌وه! قوڕه‌یشییه‌كانی چوارده سه‌ده به‌ر له ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی ئێوه هه‌ڵه‌یان نه‌كرد كه پێغه‌مبه‌رێكیان بۆ هات، ئه‌گه‌ر كورد ئه‌م هه‌ڵانه‌ی ئێستای له پانزه سه‌ده پێشتر بكردایه، پانزه پێغه‌مبه‌ری بۆ ده‌نێردرا!
ئەوجا مرۆڤ یان پێغەمبەرە یان زانا، یان سیاسی، یاخود گه‌مژه! کە پێغەمبەرێک زانی لافاوێک هەڵدەستێ، غەیبی پێ بوو، کە دکتۆرەکە نەخۆشەکەی چارەسەر کرد، زانستی پێ بوو،كه منیش ده‌ڵێم ئه‌مه ڕه‌فتارێكی گه‌مژانه‌یه، ئێ ده‌ی شعورم هەیە!تۆ کە نەخۆشییەکەتت بۆ پزیشكێك باس کرد و چارەسەری کردیت، ئەوا بەس زانستەکەی تەواوە، به‌ڵام ئەگەر بۆت باس نەکرد و چارەسەری پێ گوتی، ئەوا فەهم و ئیدراک و شعورەکەشی تەواوە، ئەی تۆی کورد کوێت تەواوە؟ چی دەکەی؟ چی بەرهەم دەهێنیت؟ هەسارەیەکت بەخۆتەوە سەرقاڵ کردووە، بۆ ئه‌وه‌ی ڕقه زۆره‌كه‌تان به‌رامبه‌ر به یه‌كدی بسه‌لمێنن، سه‌دان فه‌لسه‌فه و تاریخ و تیۆره بۆ یه‌كدی دێننه‌وه، هه‌میشه له دۆخی شه‌ڕدان به‌رامبه‌ر به یه‌كتری، حه‌شدی شه‌عبی هێرشی كرده سه‌رتان، له بری یه‌كگرتن و به‌ره‌نگاری میللی، جنێوتان به یه‌كدی ده‌دا و هه‌ندێكتان ده‌رگاتان بۆ چه‌كداره‌كانی ئیمامی زه‌مان ده‌كرده‌وه كه شوێن و شاری ترتان لێ داگیر بكات، جا به‌قه‌ولی سالم:
له ئه‌ّصڵا بانیی ئه‌م كاره، كاسبهایی شه‌هری بوون
له ئه‌مری فیتنه‌ئه‌نگێزا، سه‌راسه‌ر، میثلی مه‌ڕوانن!