به‌رزان عه‌لی حه‌مه
نووسەر
چۆن پارتی بڕوخێنین؟!
من ده‌مه‌وێت پارتی بڕوخێنم، چونكه پێموایه نه‌وتی دزیوه، پێموایه گه‌نده‌ڵی كردووه، پێموایه ڕۆژنامه‌نووسی كوشتووه، به‌ڵام له كوێوه ده‌ست به‌م ڕووخانه‌ی بكه‌م؟ ئه‌مڕۆ هه‌رچی دروشمی نه‌ته‌وه‌ییه لای پارتییه، ئاڵای كوردستان كه شكۆی نه‌ته‌وه‌ییه، به‌ده‌ست پارتییه‌وه‌یه، دروشمی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت، كه خواستی هه‌ر كوردێكه، به‌ده‌ست پارتییه‌وه‌یه، سرودی نه‌ته‌وه‌یی لای پارتییه!
ئایا تۆ كه ده‌ته‌وێت پارتی بڕوخێنیت، بۆچی دژایه‌تی ئه‌م سیمبوله نه‌ته‌وه‌ییانه ده‌كه‌یت؟ هه‌ر كه‌س پڕۆژه‌ی له‌ناوبردنی پارتی به‌ده‌سته‌وه‌یه، هه‌تاوه‌كو سه‌رجه‌می ئه‌و دروشمانه له پارتی نه‌سه‌نێته‌وه و نه‌یكات به‌دروشمی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی و به‌جدیه‌ته‌وه كاریان بۆ نه‌كات، به ته‌مای له‌ناوبردنی پارتی نه‌بێت، له ناوبردنی پارتی له‌كاتێكدا كه له بێباكی تۆوه، ئه‌و خودان هه‌موو پێناسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه، كوتانی ئاسنی سارده!
له سیستمی سه‌ربازی عێراقی سه‌دامیدا، كاتێك ئه‌فسه‌رێك گوللـه‌باران ده‌كرا، سه‌ره‌تا وه‌ك رێزێك بۆ پله‌كه‌ی، پله سه‌ربازییه‌كانی لێ ده‌كرایه‌وه، ئێ تۆش ئه‌گه‌ر به‌نیازی له ناوبردنی ئه‌م حیزبهیت، ده‌بێت سه‌ره‌تا له هه‌موو دروشمه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی داماڵیت، ئه‌مه‌ش به‌وه ده‌كرێت كه خۆت له‌و جوانتر و باشتر و گونجاوتر و تۆكمه‌تر ئه‌و دروشمانه به‌ڕێوه‌به‌ریت و له واقع نزیكیان بكه‌یته‌وه، نه‌ك منداڵ و ته‌واڵ فێر بكه‌یت سوكایه‌تی به‌و بنه‌ڕه‌ته نه‌ته‌وه‌ییانه بكات، كوردایه‌تی پارتیتان پێ درۆیه؟ ده‌ی وه‌رن له‌و باشتر كوردایه‌تی بكه‌ن! ئه‌مه چ لۆژیكێكه مادام پارتی باسی ده‌وڵه‌ت ده‌كات، ئێوه دژی ده‌وڵه‌ت بن؟ ئێ فه‌رقی تۆ و حه‌سه‌ن پلایس چییه كه هه‌ر وه‌ك یه‌ك قه‌شمه‌ری به ڕیفراندۆم بكه‌ن؟! خۆ ده‌بێت خاڵێك، بۆشایی و فاریزه‌یه‌ك هه‌بێت تۆ و ئه‌بوو ئیزرائیل له دۆسێی نه‌ته‌وه‌ی كورد جیا بكاته‌وه!
ڕۆژگارێك هه‌رچی حزبی كوردستانه، بۆ ڕووخاندنی به‌عس، دروشمی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵگرتبوو، ئێستا هه‌موو حیزبه‌كان بۆ دژایه‌تی كردنی پارتی، سوكایه‌تی به سه‌رجه‌م دروشمه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌كه‌ن!
ئه‌وه‌ی پێی وایه پارتی ده‌وڵه‌تی پێ دروست ناكرێت، با خۆی پڕۆژه‌یه‌كی باشتری دروستكردنی ده‌وڵه‌ت بێنێت، نه‌ك هه‌ر قه‌شمه‌ری به پڕۆژه‌كه‌ی پارتی بكات، ئه‌وه‌ی پێی وایه پارتی ئاڵای كوردستانی له شوێنێكی هه‌ڵه و خراپ چه‌قاندووه، با خۆی لێی وه‌ربگرێته‌وه و له شوێنێكی به‌رز و باشتر بیچه‌قێنێت، ئێ خۆ قه‌رار نییه تۆ هه‌ر بووه‌ستیت تا پارتی دروشمێك به‌رز بكاته‌وه و یه‌كسه‌ر ئه‌و دروشمه سوك و سه‌لیم بكه‌یت له‌ناو خه‌ڵك و جهماوهرهكهتدا؟!
ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت پارتی لاواز بكه‌یت، ئاڵای كوردستانی لێ وهربگرهرهوه، نه‌ك منداڵ و هه‌رزه‌كار فێر بكه‌یت كه ئاڵا بسوتێنێت و به پارچه په‌ڕۆیه‌كی بزانێت، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت پارتی بڕوخێنیت، دۆسێی نه‌ته‌وه‌یی لێ بسێنهرهوه و خۆت باشتر به‌ڕێوه‌ی به‌ره، ئه‌مه چ لۆژیكێكه مادام خودا لای پارتی یه‌كه، لای تۆ دوو بێت؟!
هه‌مووی ده‌ڵێت: ڕیفراندۆم خراپ بوو، هه‌مووی ده‌ڵێت: دروستكردنی ده‌وڵه‌ت درۆیه، هه‌مووی ده‌ڵێت جیهان به‌و جۆره چاك ده‌كرێت كه من لێكم داوه‌ته‌وه، كه‌سیش پڕۆژه‌ی باشتر له پڕۆژه "هه‌ڵه و پڕ له كاره‌ساته‌كانی پارتی" پێ نییه، تۆ بووه‌ستیت تا فڵانه حیزب شتێك بكات و یه‌كسه‌ر بڵێیت خراپ بوو، جا ئه‌مه حیزب و بزوتنه‌وه و ڕێكخراوی سیاسی بۆچییه؟ هه‌ر یه‌كه‌تان له ماڵی خۆتان دابنیشن و پارتی هه‌رچی كرد، بڵێن خراپه!
خه‌ڵكی شاره‌كانی ئێمه فه‌رهه‌نگیان یه‌كه، به‌ڵام سایكۆلۆژیایان جودایه، زمانیان یه‌كه، به‌ڵام دیالێكتیان جودایه، مێژوویان یه‌كه، به‌ڵام ڕه‌فتاریان جودایه، كاره‌ساته‌كانیان یه‌كه، به‌ڵام گریانیان جودایه! تۆ ئه‌گه‌ر ته‌واو هه‌ولێرییانه ڕه‌فتار بكه‌یت، نامۆ ده‌بیت له سلێمانی، ئه‌گه‌ر ته‌واو سلێمانییانه ڕه‌فتار بكه‌یت، نامۆ ده‌بیت له هه‌ولێر، هه‌ر له‌و جێگه‌یه‌ی كه ئێستا لێی وه‌ستاویت، سه‌د كیلۆمه‌تر دوور بكه‌وه‌ره‌وه، ڕووبه‌ڕووی دابونه‌ریت و فه‌رهه‌نگ و سایكۆلۆژیایه‌كی تری نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆت ده‌بیته‌وه!
كه‌واته تۆ سه‌ر به‌هه‌ر حیزب و ڕێكخراوێكی سیاسی بیت، ئه‌گه‌ر له خراپه بیت، كه‌ره‌سته‌ی باشت هه‌یه كه دوو ناوچه‌ی كوردستانی پێ بكه‌یت به گژ یه‌كدیدا، جارێكیان به‌رپرسێكی یه‌كێك له‌و حیزبه سیاسییانه پێی وتم: هه‌تا دهۆك مابێت پارتی ناڕووخێت! ده‌ی ئه‌م قسه‌یه بۆ هه‌موو شوێنه‌كانی تریش ڕاسته، هه‌تا سلێمانی مابێت گۆڕان و یه‌كێتی ناڕووخێن، ئه‌سڵه‌ن بۆ ده‌بێت بیر له ڕووخانی یه‌كدی بكه‌نه‌وه؟ ئه‌و هه‌وڵه‌ی بۆ ڕووخاندنی یه‌كتری ده‌یده‌ن، ئه‌گه‌ر بۆ چاككردنی تاسه و كه‌موكورتییه‌كانی نێوانتانی بده‌ن، له ده‌وڵه‌ت زیاتریشتان پێ دروست ده‌كرێت!
ئێوه ده‌بێت له‌وه تێبگه‌ن، كه یه‌كێتی و پارتی هه‌تا 20 ساڵی تریش شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕییان ماوه، ئه‌مه له وه‌سف كردنیان نییه، نه‌خێر ئه‌مه خوێندنه‌وه‌یه‌كی سایكۆلۆژییه بۆ دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاری كرا‌و، من حه‌وت ساڵ پێش ئێستاش وتارێكم نووسی و هه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌م تیا كرد، هه‌ر حیزبێكی حوكمڕان كه به‌شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕی ده‌سه‌ڵاتی گرتبێته ده‌ست، ئه‌گه‌ر له قۆناغێكدا ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕێكی شه‌رعی ببێته‌وه، ده‌ستبه‌جێ شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕی و مانه‌وه‌ی بۆ درێژ ده‌بێته‌وه!
یه‌كێتی و پارتی له منداڵدانی شۆڕشه‌وه هاتوون، پاش بیست ساڵێك حوكمڕانی، خه‌ڵكێك لێیان تووڕه بوو، له‌پڕ داعش هات و دیسان ئه‌و شه‌رعیه‌ته شۆڕشگێڕییه‌ی بۆ تازه كردنه‌وه، ئه‌وان تازه شه‌هیدیان بۆ دێته‌وه، تازه یادی شههیدانێكیان ده‌كه‌نه‌وه كه ساڵێك به‌ر له ئێستا له ده‌ستیان داوه، ئێوه سه‌یر بكه‌ن، كۆماری ئیسلامی ئێران زووتر له‌ناوده‌چوو ئه‌گه‌ر ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕی عێڕاق-ئێران نه‌بووایه‌ته‌وه، به‌و شه‌ڕه ولایه‌تی فه‌قیهه ڕه‌گی له مێژووی ئێران‌دا داكوتی، سیمبولی بۆ دروست بوو، دروشمی هه‌ست بزوێن و پاڵه‌وانی جه‌نگه‌كان و ئه‌فسانه‌ی هێرشه‌كانی بۆ دروست بوو، بۆیه به نیاز مه‌به هێزێك كه له‌هه‌ناوی شۆڕشێكه‌وه دێت، به خۆپیشاندان بڕووخێت، به جنێودان بڕوخێت، به تانه و ته‌وهین كردن بڕوخێت! ئه‌وه‌ی وتم، به پێشه‌كییه‌كی كورتی بزانه بۆ هه‌ر هێزێكی سیاسی له دونیادا، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌دی چۆن پارتی بڕوخێنین؟ چه‌ندی تر جنێوی پێ بده‌ین؟ چه‌ندی تر سوكایه‌تی پێ بكه‌ین؟! تۆ ده‌ڵێیت ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی پارتی درۆیه، خۆشت ده‌وڵه‌تێكی ڕاسته‌قینه‌ت پێ نییه! نه پارتیتان ڕووخاند و نه‌خۆشتان به‌هێز بوون!