به‌رزان عه‌لی حه‌مه
نووسەر
با هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر سه‌نگه‌ر لێ بدات
ئه‌م شێوازه له سیاسه‌تكردن جۆرێكه له نائه‌خلاقی، ڕێك وه‌ك ڕه‌فتاری جاشه‌كانی زووه
ئێمه ڕۆژگارێك، ته‌نیا ڕادیۆیه‌ك له شاخه‌وه هه‌موومانی ئاراسته ده‌كرد، شۆڕشی فێر ده‌كردین، خه‌باتی نیشان ده‌داین، ئامانجی پێشمه‌رگه‌ی بۆ ڕوون ده‌كردینه‌وه، فێری به‌رخودانی ده‌كردین، كه‌چی ئێستا نزیكه‌ی سی و یه‌ك ته‌له‌فزیۆنی ئاسمانی له شاره‌وه ئێمه‌ی بۆ تێناگه‌یه‌نرێت.
ئێمه پێشتر له شاخ بووین، هیچ شوێنێكمان به‌ڕێوه نه‌ده‌برد، به‌رپرس نه‌بووین له كاره‌با و ئاو و ئه‌مان و ئیمانی خه‌ڵك، بۆیه له كوێ پێمان خۆش بوایه، خه‌ڵكمان ده‌كرد به گژ ڕژێم و داموده‌زگاكانیدا، گرنگ نه‌بوو لامان چی ده‌سوتێ و كوێی ڕژێم زه‌ره‌ر ده‌كات، ئێمه شۆڕشگێڕ بووین، ده‌وڵه‌تدار نه‌بووین، بۆیه وامان ده‌كرد، چونكه زه‌ره‌ری ڕژێم له قازانجی ئێمه بوو.
ده‌ی ئه‌مڕۆ وا نییه، زه‌ره‌ری ڕژێم زه‌ره‌ری خۆمانه، ئێمه ده‌بێت له‌و حه‌ماسه‌ته شۆڕشگێڕییه‌ی دوێنێ بێینه ده‌ره‌وه، له فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی هه‌موو هێزێكی سیاسی دونیادا، ده‌وڵه‌ت به حه‌ماسه‌تی شۆڕشگێڕی به‌ڕێوه ناچێت! هه‌رچی شۆڕشگێڕه‌كانی دونیایه كاتێك دێنه ناو ئیداره‌وه، زمانی شۆڕش وه‌لا ده‌نێن و به‌زمانی ده‌وڵه‌تداری قسه ده‌كه‌ن.
گروپی كۆمۆنیستی فارك له كۆڵۆمبیا، په‌نجا ساڵ شۆرشیان كرد، په‌نجا ساڵ خوێنیان ڕشت و خوێنیان ڕژا، ئه‌وان له‌پاڵ شۆڕشه‌كه‌شیاندا، ببوونه قاچاخچی و گه‌وره‌ترین باندی ماده‌ی هۆشبه‌ری دونیایان هه‌بوو، به‌ڵام كه له‌گه‌ڵ حكومه‌ت ڕێككه‌وتن و هاتنه ناو ده‌وڵه‌ته‌وه، وازیان له‌و حه‌ماسه‌ته شۆڕشگێڕییه هێنا.
ببینن، تا دوێنێ په‌كه‌كه چونكه هیچ شوێنێكی به‌ڕێوه نه‌ده‌برد، به ئاره‌زووی خۆی شه‌ڕی ده‌كرد، شاڵاوی ده‌برد، ته‌قه‌ی ده‌كرد و ئۆتۆبوسی سه‌رباز و پۆلیسی توركی ده‌ته‌قانده‌وه و هتد، به‌ڵام ئێستا ڕۆژئاوای كوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه، له فۆڕمی ئیداره و قانووندایه، هه‌موو شه‌ڕێكی ڕاگرتووه، پژاكی له به‌رژه‌وه‌ندی ئێران سڕ كردووه، چونكه ده‌زانێت حوكمڕانی به فه‌لسه‌فه‌ی شۆڕشگێڕی و پارتیزانی ناكرێت، ئه‌و چیتر سنوری كارگێڕی و حوكمڕانی هه‌یه، فه‌رمانگه و ده‌زگای ده‌وڵه‌تی به ده‌سته‌وه‌یه، ناتوانێت هه‌ر وه‌كو دوێنێ پارتیزان بێت، ڕه‌نگه جار جارێك له بنه به‌ردێكه‌وه ته‌قه‌یه‌ك بكات، به‌ڵام وه‌ك دوێنێ نا.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هه‌میشه له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ته‌وه، یه‌ك دونیا قسه و ڕه‌خنه‌ی هه‌یه، كه‌چی هه‌ر به‌رپرسێكیان ده‌بێته كاربه‌ده‌ستی حكومه‌ت، یه‌كسه‌ر فه‌هم و زمان و ڕه‌فتاریان ده‌گۆڕێت! سه‌یری هه‌موویان بكه، كامه‌یان هاتبێته ناو حكومه‌ته‌وه به زمانی ئیداره قسه‌ی كردووه، په‌رله‌مانتاره‌كانیان چونكه به‌رپرسیارێتی حكومییان نه‌بوو، به فه‌همی شۆرشگێڕانه‌وه شتێكیان ده‌وت و سبه‌ی ڕێباز حه‌ملانی وه‌زیر؛ به فه‌همی حوكمڕانییه‌وه شتێكی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانی ده‌وت! ده‌ی ئاخر تۆ نا‌توانیت وه‌زیرت هه‌بێت و دژی حكومه‌تی وه‌زیره‌كه‌شت بیت.
به‌ڕێز هه‌ڤاڵ ئه‌بووبه‌كر، كاتێك حیزبه‌كه‌ی له‌سنوری ئیداره‌ی خۆجێی سلێمانیدا ئۆپۆزسیۆن بوو، خۆی وه‌ك خۆپیشانده‌رێك ڕه‌فتاری ده‌كرد و ته‌نانه‌ت لێدوانی تووندیشی ده‌دا، به‌ڵام كه بوو به پارێزگاری شار، كه بوو به سه‌رۆكی یه‌كه‌ی ئیداری و به‌رپرسی ئاسایش و پۆلیسی شار، ئیدی به یاسا و پره‌نسیپه‌كانی ئیداره و ده‌وڵه‌تداری ڕه‌فتاری كرد، ئه‌و ده‌زانێت به‌رپرسیارێتی ئه‌ركێكی ئه‌خلاقییه، ناكرێت له یه‌ك كاتدا پارێزگاریش بێت و مۆڵه‌تیش بدات به خۆپیشاندانێك كه شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ئۆفیسه‌كه‌ی خۆی تیا بشكێنرێت.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر كاتێك ده‌ستی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵی گرت كه له نه‌خۆشی ده‌گه‌ڕایه‌وه، له فه‌یسبووكه‌وه تێر جنێوی پێدرا، دوو ته‌قه به‌سه‌ر گرده‌كه‌دا كرا، هه‌رچی منداڵ و ته‌واڵه له فه‌یسبووكه‌وه لێی هاتنه ده‌نگ و ده‌یانویست جه‌نابی پارێزگاریش تفه‌نگێك بكاته شانی و له‌بن سنه‌وبه‌رێكی گرده‌كه‌دا سه‌نگه‌ر لێبدات.
ده‌بێت ئه‌م فه‌همه كۆتایی پێ بهێنرێت، ده‌وڵه‌تداری (جا با زۆریش خراپ بێت!) جیاوازه له شۆڕش و به‌ره‌نگاری، ناكرێت وه‌زیره‌كه‌ی تۆ ڕه‌خنه‌گری حكومه‌ته‌كه‌ی خۆی بێت، ناكرێت پارێزگاره‌كه‌ی تۆ، سه‌پۆرتی خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه ئاگراوییه‌كانی دژ به دامودزگاكانی خۆی بكات.
حكومه‌ت ئه‌گه‌ر خراپ بێت، یان شۆڕشی به‌سه‌ردا ده‌كرێت یان هه‌وڵ ده‌درێت چاك بكرێت، ئه‌مه‌ی ئێمه ده‌یكه‌ین هه‌ر بۆڵه بۆڵه، نه لیاقه‌تی شۆڕشمان هه‌یه و نه لیاقه‌تی چاكسازی، وه‌زیر خراپه، ده‌چین له فه‌یسبوك وێنه‌كه‌ی داده‌نێین و جنێوی پێ ده‌ده‌ین، سه‌رۆك خراپه ده‌چین هه‌ر وه‌ك وه‌زیره‌كه له فه‌یسبووكه‌وه جنێوی پێ ده‌ده‌ین، ئێمه هیچ پڕۆژه‌یه‌كمان بۆ چاكسازی پێ نییه! پێمان وایه هه‌ر شتێك له زه‌ره‌ری یه‌كێتی و پارتی بێت له‌قازانجی هه‌موومانه، ده‌چینه به‌غداد ده‌نگی پێشمه‌رگه هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به زه‌ره‌ردان له پارتی و یه‌كێتی، قازانجی وه‌همی و سایكۆلۆژی به‌ده‌ست بێنین.
ده‌ی جه‌نابی په‌رله‌مانتاری مووچه زل، قه‌ت پێت وانه‌بێت تۆ په‌رله‌مانتارێكی چالاك و گرنگ و سه‌نگینیت كه به‌هۆی تۆوه ده‌نگی پێشمه‌رگه ئه‌ژمار ناكرێت، پێت وانه‌بێت كاریگه‌ریت ئه‌گه‌ر به قسه‌یه‌كی تۆ له‌شكر بنێرنه سه‌ر كوردستان، ئه‌وان پێشنیار له هه‌موو كوردێك وه‌رده‌گرن و سوپاسیشی ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر دژی نه‌ته‌وه و زمان و فه‌رهه‌نگ و ئه‌خلاق و شكۆی خۆی بێت.
ئه‌گه‌ر خراپترین و بێده‌نگترین په‌رله‌مانتاری كورد له به‌غداد، بیه‌وێت ته‌نانه‌ت پڕۆژه یاسای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بخاته به‌رنامه‌ی كاره‌وه، به دڵنیاییه‌وه واژۆی پێویستی بۆ كۆده‌كرێته‌وه! تۆ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتار بیت و بته‌وێت په‌رله‌مانی عێراق هان بده‌یت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نه‌ك هه‌ر ده‌نگی پێشمه‌رگه، به‌ڵكو بۆ خودی پێشمه‌رگه‌ش، حه‌تمه‌ن پاڵپشتیت ده‌كه‌ن و پێشنیاره‌كه‌ت به خێرایی لێ وه‌رده‌گرن و ده‌نگیشی له‌سه‌ر ده‌ده‌ن و ڕه‌نگه بیشیكه‌ن به یاسا، ده‌ی ئاخر ئه‌م شێوازه له سیاسه‌تكردن جۆرێكه له نائه‌خلاقی، ڕێك وه‌ك ڕه‌فتاری جاشه‌كانی زووه، ئه‌وانیش ده‌یانتوانی هه‌زار كه‌س بده‌ن به‌گرت و بیاننێرێنه سه‌ر په‌تی سێداره، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یانده‌توانی كه‌سێك له زیندان ڕزگار بكه‌ن.
تێبینی: به داوای لێبووردنه‌وه له به‌رێز هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، ناوه‌كه‌یم ته‌نیا بۆ تێگه‌شتن له ناوه‌ڕۆكی وتاره‌كه به‌كار هێناوه.