به‌رزان عه‌لی حه‌مه
نووسەر
ئه‌ردۆگان پێش مونبیج سلێمانی گرت!
له پردێ شه‌ڕمان ده‌كرد، له سلێمانی خه‌ڵك قاقای لێ ده‌دا و موژده‌ی چۆڵكردنی سه‌ری ڕه‌شی بڵاوده‌كرده‌وه!
یۆشیدا ماساهارۆ، گه‌ڕیده‌یه‌كی ژاپۆنی بوو، له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، به نوێنه‌رایه‌تی ئیمپراتۆری ژاپۆن بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی سیاسی، سه‌ردانی ئێرانی كرد و چاوی به ناسره‌دین شای قاجار كه‌وت، یۆشیدا له به‌شێكی یاداشته‌كانیدا نووسیویه‌تی: ئه‌مڕۆ له تاران ترس و تۆق بڵاو بوویه‌وه و حكومه‌تی نیزامی ڕاگه‌یه‌ندرا و ڕێوشوێنێكی تووندی هاتووچۆ گیرایه‌به‌ر، وا باسه كورده‌كان كه ژماره‌یان له ئێران‌دا نزیكه‌ی سێسه‌د هه‌زار كه‌سه، هێرش ده‌كه‌ن، سه‌ركرده‌كه‌یان ناوی شێخ عوبێدوڵا بوو!
له ده‌ورانی سمكۆی شكاكیشدا، كاتێك سمكۆ له‌م شارۆچكه‌ی بهحرهكهیهی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ (سیسیل جۆن ئیدمۆنس)نوێنه‌ری ئینگلیز كۆده‌بێته‌وه، داوای لێ ده‌كات چه‌كی پێ بده‌ن تا ئانكارا بگرێت، جا ئێوه ببینن، له ساڵی ١٨٨٠ كه وتوویانه كورد هێرش ده‌كات، له تاران خه‌ڵك كۆچی كردووه و تۆقیوه، ناسره‌دین شای قاجار كه‌وتووه‌ته له‌رزه، له‌ده‌ورانی یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانیشدا، سمكۆ له‌بیری داگیركردنی ئانكارادا بووه، كه‌چی ئه‌مرۆ كه په‌نجا ملیۆن مرۆڤن، كورده‌كان له ژێر چه‌پۆكی عه‌ره‌ب و تورك و عه‌جه‌من، هه‌موو كه‌سێك ده‌ره‌قه‌تیان دێت و هیچ كه‌سێكیش ترسی لێیان نییه، چونكه...
كاتێك كیمیا به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌دا كرا، سه‌د هه‌زار كورد به جارێك خۆپیشاندانیان نه‌كرد، كاتێك ئه‌نفال كرا و ژن و منداڵ كران به ژێر خۆڵی بیابانه‌وه، په‌نجا هه‌زار كورد نه‌ڕژانه سه‌ر جاده و تووڕه‌یی خۆیان به سه‌دام و به دنیا ڕانه‌گه‌یاند، كاتێك حه‌شدی شه‌عبی و پاسداران و حه‌لیفه كوردییه‌كه‌یان په‌لاماری كه‌ركووكیاندا، له حه‌وت ملیۆن كوردی باشوور، ملیۆنێكیان نه رژانه سه‌ر جاده و جیهانیان له تووڕه‌یی خۆیان ئاگادار نه‌كرده‌وه، كاتێك تورك و چه‌ته‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوری په‌لاماری عفرینیاندا و ماڵ و مریشك و مه‌زرای كوردیان تاڵان كرد، سێسه‌د هه‌زار كورد شه‌قامه‌كانی ئه‌وروپایان نه‌گرت و له‌م جیهانه ته‌ماحكاره تووڕه نه‌بوون، ئه‌مڕۆش كه قه‌راره په‌لاماری ڕۆژئاوای كوردستان بدرێت، نه كه‌س تووڕه‌یه و نه كه‌سیش به‌رنامه‌ی هه‌یه پێكڕا تووڕه‌ییان بكه‌نه خه‌شم و جیهانی پێ بتۆقێنن!
گه‌وره‌ترین و كاریگه‌رترین خۆپیشاندان له مێژووی كورددا، ساڵی نه‌وه‌د و یه‌ك كردی، ئه‌ویش به یه‌كجار هه‌موویان هه‌ڵهاتن بۆ سنووره‌كان، به‌ڵام ئه‌م ملیۆنان مرۆڤه له ترسا چوون نه‌ك له ڕقا، ئه‌و خۆپیشاندانه ملیۆنییه‌ی كورد، جیهانی جوڵاند، بڕیاری به‌په‌له‌ی پێ ده‌ركردن و سه‌دام دوورخرایه‌وه و له ئاسمانه‌وه به فڕۆكه خۆراك بۆ مرۆڤه‌كانمان خرایه خواره‌وه، به‌و هه‌له حكومه‌تی هه‌رێممان دروست كرد و گه‌یاندمان به‌مڕۆ!
تۆ كه‌م نیت، په‌نجا ملیۆن كوردیت، ئه‌گه‌ر خۆپیشاندان بكه‌یت، له‌نگه‌ری زه‌وی ده‌جوڵێنیت، ئه‌گه‌ر له سوڕانه‌وه‌ی زه‌وی به‌ده‌وری خۆی و خۆردا ناڕازی بیت، سه‌رئێشه بۆ ناساش دروست ده‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر تۆ تووڕه بیت، قه‌رار به ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌گۆڕیت، تۆ ئه‌توانیت وا بكه‌یت، سه‌فیر و سه‌فاره‌تی هیچ وڵاتێك كاره‌كانی بێ سه‌رئێشه به‌ڕێ نه‌كات، جه‌زائیرییه‌كان وایان كرد له دژی فه‌ره‌نسییه‌كان، لیبییه‌كان نه‌یان هێشت ئیتالییه‌كان له وڵاته‌كه‌یان پشوو بده‌ن، هندییه‌كان و ڤێتنامییه‌كان و ژاپۆنییه‌كانیش هه‌ر وایان له‌گه‌ڵ ئینگلیز كرد! عێراقییه‌كان هه‌زاران ماشێنی پڕ له بۆمبیان به‌سه‌ر ئه‌مریكییه‌كاندا ته‌قانده‌وه و زیانی گه‌وره و جه‌رگبڕیان لێ دان، ناچاریان كردن له وڵاته‌كه‌یان بكشێنه‌وه و ئایندهی خۆیان بده‌نه‌وه ده‌ست خۆیان!
تۆ په‌نجا ملیۆن مرۆڤیت، په‌نجا ملیۆن جار له‌سه‌ر حه‌قیت، له‌سه‌ر خاك و زێدی خۆتیت و دێن ده‌تكوژن، به‌ڵام هه‌رگیز پێكڕا تووڕه نه‌بوون، پێكڕا شه‌ڕتان نه‌كردووه و پێكڕا به‌پێوه نه‌وه‌ستاون، كاتێك نیوه‌تان له شه‌ڕدا بووه، نیوه‌كه‌ی ترتان خه‌ریكی نه‌خشه‌كێشان بووه بۆ هاوكاری كردنی دوژمن، كه له پردێ شه‌ڕمان ده‌كرد، له سلێمانی خه‌ڵك قاقای لێ ده‌دا و موژده‌ی چۆڵكردنی سه‌ری ڕه‌شی بڵاوده‌كرده‌وه!
سوپای هیچ وڵاتێك تا قامی قیامه‌ت بۆ پارێزگاری و پاسداری له تۆ نامێنێته‌وه، ئه‌وه تۆی چاوه‌ڕێ ده‌كه‌یت دیتران بتپارێزن، سه‌د ساڵ پێش ئێستا له سلێمانی تفه‌نگی مارتینی كورتت دروست ده‌كرد و شه‌ڕی یه‌كتریتان پێ ده‌كرد، به‌ڵام هیچ كه‌سێكتان به جارێك شه‌ڕی عوسمانی و سهفهوییتان نه‌كرد، سه‌د و په‌نجا ساڵ پێش ئێستا له میرنشینی سۆران تۆپی دورهاوێژ دروست ده‌كرا، ئه‌مڕۆش كه تۆ ته‌نانه‌ت دارلاستیكیش دروست ناكه‌یت، چاوه‌ڕێ مه‌كه خه‌ڵك بتپارێزن، داعش به‌رمیلی ده‌كرد به بۆمب، شه‌كری و كلۆری ده‌كرد به باروت، پیكهبی ده‌كرد به تانك، به عامود و بۆرییه شكاو هاوه‌نی دروست ده‌كرد، به‌سه‌ر تانك و تاوه‌ری نهیارهكهیدا خۆی ده‌ته‌قانده‌وه، مادام تۆی پێ دوژمن بوو، ده‌بوو وات له‌گه‌ڵ بكات، په‌نجا ملیۆن كورد، سه‌ركز و سه‌رشۆڕ، دانیشتوون و ده‌یانه‌وێت جیهان پۆلیسی له‌وان بكات، ده‌یانه‌وێت ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ریان شه‌ڕی دنیا بكات، ده‌ی دنیا ناچار نییه له‌سه‌ر تۆ منداڵه‌كانی خۆی بدا به كوشت، تۆ چیت پێیه بیده‌ی به جیهان؟ ئه‌م میلله‌ته كه به باشی ته‌نیا ده‌ره‌قه‌تی خۆی دێت، له ڕابردوویدا له‌سه‌ر كلكی سه‌گێك دوو خێڵ چوارسه‌د كه‌سیان له‌یه‌كدی كوشتووه، كه‌چی هه‌رگیز به‌و تووڕه‌ییه‌وه به‌ره‌نگاری دوژمنه‌كه‌ی نه‌بووه‌ته‌وه!ئیدمۆنس له یاداشته‌كانیدا باسی قادر بهگێك ده‌كات كه له‌داخی فڵانه كه‌س ناوی سه‌گه‌كه‌ی كردووه‌ته (شێره) و به‌ناوی شێرئاغای سه‌رۆك عه‌شیره‌تی (...) پیاوه‌كانی شێرئاغاش كلكی سه‌گه‌كه‌ی قادر به‌گ ده‌بڕن و له‌م نێوانه‌دا چوارسه‌د كه‌س له‌یه‌كدی ده‌كوژن!
تێبینی:پارساڵ چه‌ند كه‌سێك له سلێمانییه‌وه، ده‌یانویست به پێ بچن بۆ عفرین، ئه‌وكاته به‌م شته ده‌وترا به‌رخودان، كه‌چی ئه‌مساڵ باره‌گاكانی ئه‌و چه‌ند كه‌سه له سلێمانیش داخراون، به‌مه‌ش ده‌وترێت: ئۆپراسیۆنی چڵه زه‌یتوون له ده‌باشان!