به‌رزان عه‌لی حه‌مه
نووسەر
حه‌وزه‌ی بارزانی یان نه‌جه‌ف؟
كۆیله‌كانی ماڵی بارزانی ئێمه‌ین كه مه‌رجه‌عی ته‌قلیدمان له قوم نییه و شۆڕشگێڕه‌كانیش ئه‌وانه‌ن كه له فه‌رمانی حه‌وزه لایان نه‌دا!
ده‌ڵێن له‌سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی ناوخۆ، یه‌كێتی نوسراو بۆ مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی خۆی ده‌كات، تا ناوی مه‌سعود بارزانی، به مه‌سعود به‌رزانی بنووسن، ئه‌ڵبه‌ت ڕه‌نگه ئه‌مه‌یان وه‌ك ئامرازێكی ته‌سغیر یان گچكاندن له ڕووی كهلامییهوه بینی بێت، من نازانم ئه‌مه ڕاسته یان نا، به‌ڵام خۆم وه‌ك ڕاستییه‌ك ده‌یبینم، له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند هاوڕێیه‌كی پارتیم ڕه‌خنه‌یان لێ گرتم كه به قه‌ولی ئه‌وان، ماوه‌یه‌كه پارتییانه ده‌رده‌كه‌وم و به‌رگری له پارتی ده‌كه‌م!
كه‌مێك به‌خۆمدا چوومه‌وه و بڕیارمدا بۆ ئه‌وه‌ی پارتی ده‌رنه‌كه‌وم، یان به قه‌ولی ئه‌و مه‌كینه لۆكهڵییه شهعبهوییه، سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن ده‌ركه‌وم، خۆم له‌و باسانه دوورخه‌مه‌وه، به‌ڵام تێگه‌شتم هۆكاری ئه‌و پارتی دهركهوتنهم (له كاتێكدا پارتی نیم!) هه‌ر ئه‌م شته كه‌لامی و بهلاغیانهن، نه‌ك ته‌زكیه و ته‌شكیلاتی حیزبی، به‌نده كه به بارزانی ناڵێم به‌رزانی و جار جاریش له نووسینه‌كانمدا پێشگری سه‌رۆكی بۆ داده‌نێم، ئیدی ئه‌مه ناڕه‌حه‌تی ده‌روونی بۆ هه‌ندێك و تۆمه‌تی پارتی بوونی بۆ خۆیشم دروست كردووه!
بیرمه پێنج ساڵێك پێش ئێستا، یه‌كه‌م جنێوم له فه‌یسبوكه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه پێدرا كه به بارزانیم وت: سه‌رۆك بارزانی، ئه‌وكات بۆ من كه له‌و ماشێنه میدیاییه‌ی سلێمانی كارم دهكردو داعش و شه‌ڕی داسه‌پاوی سه‌ر كوردی به‌سه‌ردا هات، قورس بوو له شتێك‌دا خۆم وه‌ك هاودید ببینمه‌وه له‌گه‌ڵ بارزانی و حیزبه‌كه‌ی و ئاسانیش به‌سه‌رمدا تێپه‌رێت!
خۆی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لای ئێمه پاڵپشتی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی به‌هۆی مه‌بده‌ئه‌وه، كه‌م ده‌بینرێت و زۆربه‌ی پاڵپشتییه‌كان به‌هۆی مهبلهغهوهیه، ئه‌م تێڕوانینه زه‌لكاوه‌كه‌ی بۆ من لێڵ كردبوو، له ڕۆژگاری داعش، هه‌موو پێشمه‌رگه‌كان به كلاب و عوملاء البرزانی، خنازیر البرزانی، مورتدین البرزانی، ناوده‌بران! لای داعش میحوه‌ره‌كانی شه‌ڕ جیاواز نه‌بوو، لای داعش پێشمه‌رگه یه‌ك هێز بوو، لای داعش دیله‌كان ته‌نیا یه‌ك سه‌رۆكیان هه‌بوو به‌ناوی مه‌سعود بارزانی، لای داعش هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك به دیل بگیرابایه، به سه‌گ و به‌رازه‌كانی بارزانی ناو ده‌برا! بۆیه ئه‌و كاته منیش له دیدی داعشه‌وه سه‌یری پێشمه‌رگه‌م كرد و بارزانیم به‌سه‌رۆكی هه‌موویان دانا.
كه‌چی لای خۆمان پێشمه‌رگه سه‌د سه‌رۆك و ئاغا و حیزب و په‌ڕۆی هه‌بوو، لای خۆمان میحوه‌ره‌كانی شه‌ڕ جیاواز بوو، لای خۆمان بارزانیمان ته‌نیا به‌لاوه سه‌رۆكی پارتییه‌كان بوو، كاتێك له شنگال پێشمه‌رگه ده‌شكا، له سلێمانییه‌وه قاقا لێ ده‌درا و كه له جه‌له‌ولاوه پێشمه‌رگه ده‌شكا، له هه‌ولێر قاقا به‌رز ده‌بوویه‌وه! من له‌و كاته‌دا به بارزانیم وت سه‌رۆك بارزانی، ئیدی به‌ر نه‌فره‌تی ئه‌وانه كه‌وتم كه له تهلهفزیۆنهكانیانهوه داوایان ده‌كرد، پێشمه‌رگه سه‌نگه‌ره‌كان به‌جێ بێڵێت و هانیان ده‌دان كه ئه‌و شه‌ڕه بۆ كورد نییه و شه‌ڕی پارێزگارییه له كورسییه‌كه‌ی بارزانی!
ئه‌و كات جنێوهكانم زۆر له‌سه‌ر دڵ گران بوو، ئه‌مڕۆ لام ئاسایی بووه‌ته‌وه، ڕاستی بڵێم، ئێستا كه‌متر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به بارزانی بڵێم سه‌رۆك بارزانی جنێوم پێ ده‌درێت، به‌ڵام من ئێستا ڕه‌خنه‌م له‌و هایپهرماركێتهیه كه ئه‌ركی حیزبایه‌تی و ڕێكخستنی بۆ پارتی ئاسان كردووه، هێنده به‌سه نووسه‌رێك، هونه‌رمه‌ندێك، به‌قاڵێك، شاعیر و به‌ندبێژێك، بڵێت بژی كوردستان، ئیدی وه‌ك پارتی و گه‌رنا وه‌ك كۆیله و خۆفرۆشی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ناوده‌برێت، خۆی ده‌بێت پارتی بوون له‌م فۆڕمه بهێنرێته ده‌ره‌وه تا قابیلی ڕه‌خنه و ته‌نانه‌ت داكوتینیش بێت، من كاتێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه باوه‌ڕم به دروشمێكی نه‌ته‌وه‌ییه به پارتی بزانرێم، هه‌م تووڕه ده‌بم و هه‌میش پارتی وه‌ك خاوه‌ن پڕۆژه‌كه ده‌بینم! ئه‌وجا ئێمه كوا ڕه‌خنه‌ی سیاسیمان له یه‌كدی هه‌یه و كوا كێشه‌كانمان فكرییه؟ ئه‌سڵه‌ن كوا تۆ كێشه‌یه‌كی فكریت له‌گه‌ڵ من هه‌یه؟ ئه‌وه منم تۆ وه‌ك ڕێگرێكی به‌رده‌م خه‌ونه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌بینم و تۆش من ناچار ده‌كه‌یت باوه‌ش بكه‌م به‌حه‌شدی شه‌عبیدا و له‌و كاته‌دا كه به ده‌بابه‌وه به‌سه‌ر لاشه‌ی پێشمه‌رگه‌دا ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵتان بڵێمه‌وه: مه‌ڕۆن شار ئارامه و دیعایه‌ی پارتییه!
جا ئه‌وكات له زاكیره‌ی داعشدا كورد ته‌نیا یه‌ك سه‌رۆكی هه‌بوو، كه‌چی له‌زاكیره‌ی خۆماندا سه‌د كوێخا هه‌بوو، داعش كه زانیاری له‌سه‌ر پێشمه‌رگه دیله‌كان بڵاو ده‌كرده‌وه، ناو و گه‌ڕه‌ك و عهشیرهتهكهشی ده‌وت، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یده‌وت سه‌ر به‌كام حیزبه‌یه و ته‌نیا به سه‌گ و به‌رازه‌كانی بارزانی ناوی ده‌بردن، به‌ڵام كه ته‌رمه‌كانیان ده‌هێنانه‌وه، هه‌ر كه‌سه و په‌ڕۆی خۆی تێوه ده‌ئاڵاند و سرود و مارشی حیزبه‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ردا ده‌خوێند!
دوای داعش‌یش، حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسداران و حهلیفهكانیان، ئه‌وانه‌ی بارزانیان تههید كردبوو، به ئینفیساڵی و قه‌ومچی و ڕیفراندۆمچی ناویان ده‌بردن و منداڵانیان هان ده‌دا جنێویان پێ بدرێت، له‌مه‌شدا من به‌شی خۆم جنێوی منداڵ و تهواڵم خوارد، جا به پارتی ناساندنی خه‌ڵكی، ئه‌وه‌نده‌ی ڕه‌هه‌ندێكی سایكۆلۆژییه، نیو هێنده ڕه‌خنه‌یه‌كی سیاسی نییه، یانی بۆیه به نووسه‌رێك ده‌وترێت پارتی، تا شه‌رعییه‌ت بۆ جنێوپێدانی وه‌ربگرن!
جا ئێستاش له كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تیی سه‌ر به جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، ئه‌وه‌نده‌ی حه‌شدی شه‌عبی جوانه، ئه‌وه‌نده پارتی مه‌قبول نییه، ئه‌وه‌نده‌ی سوپای عێراق موحته‌ره‌مه، نیو هێنده پێشمه‌رگه باسی نییه، ئیدی خه‌ڵك بۆیه كۆیله‌یه چونكه بارزانی قه‌بووڵ ده‌كات وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی، به‌ڵام كۆیله نابێت ئه‌گه‌ر سه‌ر به‌سوپای قودس و قاسمی سوله‌یمانیش فه‌رمانده‌ی بێت! به‌م پێیه، كۆیله‌كانی ماڵی بارزانی ئێمه‌ین كه مه‌رجه‌عی ته‌قلیدمان له قوم نییه و شۆڕشگێڕه‌كانیش ئه‌وانه‌ن كه له فه‌رمانی حه‌وزه لایان نه‌دا!