ماکرۆن پێش عۆن سەردانی شوێنی تەقینەوەکەی کرد

دوای دوو رۆژ لە تەقینەوەکەی بەیروت

ماکرۆن پێش عۆن سەردانی شوێنی تەقینەوەکەی کرد
ماکرۆن پێش عۆن سەردانی شوێنی تەقینەوەکەی کرد

دوای دوو رۆژ لە تەقینەوەکەی بەیروت ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا سەردانی لوبنان و شوێنی تەقینەوە و گەڕەکە بەرکەوتووەکانی کرد. پێش سەرۆکی وڵات میشێل عۆن شوێنەکەی بەسەر کردەوە. لەگەڵ خەڵک قسەی دەکرد.

تەقینەوەکەی رۆژی سێشەممە بۆ وڵاتێکی وەک لوبنان کارەساتێکی ئێجگار گەورەیە، چونکە ئەم وڵاتە ئابوورییەکەی داڕماوە و دووچاری هەڵاوسانێکی مەزنی دراوی بووه‌تەوە، بەجۆرێک نان پەیداکردن بووه‌تە کێشەیەکی مەزن بۆ بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییەکانی، ئەوەی وایکردووە خەڵکەکەی بەرگەی ئەم قەیرانە مەزنە بگرن، هەبوونی شانزە ملیۆن لوبنانییە لە دەرەوەی وڵات، کە هاوکاری بۆ چوار ملیۆن کەس لە ناو وڵات دەنێرن ئەم هۆکارە وایکردووە بتوانن بمێننەوە.

لوبنان وڵاتێکی گرنگە بە هۆی  شوێنی جیۆسیاسیەکەیەوە، هەروەها وڵاتێکی فرانکۆفۆنییە، بۆیە فەرەنسا بە ئەرکی خۆی دەزانێ هاوکاری بکات، بەڵام ئەوەی ئەم وڵاتەی وێران کردووە، گەندەڵیی و ململانێی سیاسی و مەزهەبی و ئایینیە، بەتایبەتی گەندەڵییەکەی بە جۆرێکە ئەمە چل ساڵە حکومەت ناتوانێ لە هەشت تا دە سەعات زیاتر کارەبا بۆ هاووڵاتیانی خۆی دابین بکات.

جگە لەوەی هەر ناوچەیەک بەدەست حیزبێک و کەسێکی دەست رۆیشتووە و حکومەت ناتوانێ رووبەڕوویان ببێتەوە، بوودجەی سوپا هەمووی بۆ مووچەی سەربازەکانە سیستەمی بەرگریان بێ بوودجەیە، هەڵبژاردن دەکەن و کەمتر لە رێژەی سەدا بیست بەشداری دەکەن و هەر ئەو حزب و تائیفانە دەسەڵات وەردەگرنەوە، بەتایبەتی حزبوڵڵا خاوەن میلیشیا و دەسەڵاتی کردەنییە و هەر خۆی بڕیاری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل دەدات و هەرخۆیشی ئاگربڕ رادەگەیێنێت، شوێنە گرنگەکانی وەک فڕۆکەخانە و بەندەر و دەروازە سنوورییەکان بەدەست خۆیەتی، وڵاتێکی ئەوەندە گەندەڵە بووه‌تە شوێنی مامەڵەی نایاسایی و سپی کردنەوەی پارە.

خۆی وڵاتە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و خراپی ئیدارەکەی خاوەن سەروەرییەکی لاوازە و سەردەمێک سووریا داگیری کردبوو، ئێستاش رۆژانە لەلایەن ئیسرائیلەوە سەروەریەکەی پێشێل دەکرێت، بەکورتی وڵاتێکی خاوەن سەروەری نییە، هەربۆیەش ئەمە پانزە ساڵە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر رەفیق حەریری دەکات،  بۆ ئەم تەقینەوەیەش هەر پەنا دەبەنە بەر لایەنی نێودەوڵەتی، خۆیان ناتوانن ئەم کارە بکەن.