به‌هزاد تاهیر سه‌لیم
نووسەر
ده‌وڵه‌ت یان ئابووری رێنتیێر
عێراق و هه‌رێمى كوردستان ته‌واوى ئه‌و سیفه‌تانه‌یان تێدایه
رێنتیێر (ده‌وڵه‌تى كرێخۆر)Rentier State
ده‌وڵه‌تى رێنتیێر، ده‌وڵه‌تێكه كه جگه له داهاتى باج كه له هاووڵاتی یاخود ئه‌وه‌ى له ناوخۆى وڵات ده‌ستى ده‌كه‌وێت، سه‌رچاوه‌ى تر‌ى داهاتى هه‌یه. كه‌واته به شێوازێكى سه‌ربه‌خۆتر و بێ منهتتر ده‌توانێت سیاسه‌ته‌كان و به‌رنامه‌كانى خۆى له بوارى سیاسی‌دا جێبه‌جێ بكات. جه‌وهه‌رى سه‌ره‌كى ده‌وڵه‌تى رێنتیێرئهوهیه كه ده‌وڵه‌ت له سایه‌ى وه‌رگرتنى داهاتى ئه‌و شتانه‌ى ده‌فرۆشێ، یان به كرێی ده‌دا به لایه‌نى ده‌ره‌كى (وه‌كو نه‌وت، غاز و هه‌ر مادده‌یه‌كى خاوى تر)، ئیدى پێویستى به سه‌رچاوه‌ى داهاتى ناوخۆیی (وه‌كو باج، كشت‌وكال، پیشه‌سازى و هه‌نارده‌كردنى كاڵا) نییه.
له زانستى ئابووری رێنت بریتیه له داهاتێك كه به بێ تێكۆشان و كاركردن به ده‌ست دێت. ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه له زانستى ئابووریه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه و چووته نێو باسه سیاسیه‌كان و ئابووری سیاسی. رێنت هه‌روه‌ك له ناوه‌كه‌ى دیاره، له زانستى ئابووری، بریتیه له بهكرێدان، چ زه‌وى بێت، یان هه‌ر به‌ها و مادده‌یه‌كى تر بێت، به گشتى هه‌ر داهاتێك كه له ئه‌نجامى كاركردن و تێكۆشان و به‌رهه‌مهێنان نه‌بێت، پێی ده‌وترێت رێنت یان كرێ. داهێنه‌رانى ئه‌م تیۆریه ئابووریه كه دوو ئابووریناسى میسرى و ئیتاڵى بوون و پێشى ئه‌وانیش كه‌سێكى ئێرانى له شیكردنه‌وه‌ى ئابووری ئێران باسى كردبوو، مه‌به‌ستى سه‌ره‌كیان بریتى بوو له وڵاتانى ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت له كەنداوی عه‌ره‌بى و وڵاتانى تر‌ى هه‌نارده‌كارى نه‌وت. ئه‌وان پیشانیان دا، كه وڵاتانى رێنتیێر داهاتیان زیاد ده‌كات بێ ئه‌وه‌ى هیچ زیاده‌یه‌كیان خستبێته سه‌ر به‌رهه‌مهێنان و ئابووری ناوخۆیى و به‌ره‌وپێش بردنى سیاسی و ئابووری له ناوخۆى وڵات. بۆ نمونه گرنگى نه‌دان به سیسته‌مى باج و كۆكردنه‌وه‌ى باج له هاووڵاتیان و خاوه‌ن داهاته‌كان له نێوخۆى وڵات.
نمونه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ى كه وڵاتى رێنتیێرن بریتین له وڵاتانى به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وت وه‌كو: سعودیا، ئیمارات، عێراق، ئێران، كوێت، قه‌ته‌ر، لیبیا و جه‌زائیر و وڵاتانى تر‌ى ئهمەریكاى لاتین و وڵاتانى ئه‌فریقى وه‌ك: نایجێریا، گابوون، ئانگۆلا، غانا، ئۆگاندا و سودان كه به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وتن و ئابووری رێنتیێریان هه‌یه و داهاتى به بازاڕكردنى سه‌رچاوه‌ى سرووشتى وڵات وه‌رده‌گرن.
یه‌كێك له خراپیه‌كانى ئابووری رێنتی كه تیۆریه‌كه باسی ده‌كات، بریتیه له درووستبوونى رژێمى ئۆتۆریتارى و تۆتالیتارى به تایبه‌ت له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و هه‌روه‌ها جێگیر نه‌بوونى سیسته‌مى دیموكراسی له ناوچه‌كه. له به‌ر ئه‌وه‌ى له‌و سیسته‌مانه‌دا هاووڵاتی به‌شدار نییه له درووستكردنى داهات بۆ ده‌وڵه‌ت، چ له رێگاى دانى باج و چ له رێگاى به‌رهه‌مى ناوخۆیى و داهێنان، له به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت داهاتى وڵات له رێگاى بهكرێدان و به شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ و بێ به‌شدارى هاووڵاتی په‌یدا ده‌كات، بۆیه بێ منه‌ته له هاووڵاتی و مافیان پێشێل ده‌كات، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆى هه‌ڵكشانى گه‌نده‌ڵى و هاووڵاتی تواناى لێپێچینه‌وه‌ى نابێت له كرداره‌كانى حكومه‌ت.
رویه‌كى تر‌ى تیۆرى وڵاتى رێنتى بریتیه له‌و وڵاتانه‌ى كه بازرگانى ده‌كه‌ن به سه‌رچاوه‌كانى ستراتیجى وڵاته‌كه‌یان، وه‌ك به كرێدانى به‌شێكى خاكى وڵاته‌كه‌ت به هێزى جه‌نگى وڵاتى تر. بۆ نمونه وڵاتانى میسر و ئۆردون كرێی ئه‌و شوێنه جیۆپۆلیتیكه له ئه‌مەریكا وه‌رده‌گرن، كه بۆ مه‌به‌ستى سه‌ربازى به‌كار دێت، پێی ده‌وترێت لۆكه‌یشن رێنت. یان هه‌ندێ وڵات وه‌كو توركیا، لوبنان و ئۆردون كه له كه‌یسى په‌نابه‌رانى سوورى سوودمه‌ندن له هاوكارى ئابووری نێوده‌وڵه‌تى. یاخود وه‌رگرتنى كرێی سنووره ئاوییه‌كانى وڵاتێك له لایه‌ن وڵاتێكى تر، بۆ به‌كارهێنانى سنوورى ئاوى ئه‌و وڵاته، وه‌ك ئه‌و كرێیه‌ى كه ده‌درێت بۆ تێپه‌ربوونى كه‌شتیه‌كان له كەناڵى سوێز Suez Canal یان كرێی ئه‌و بۆریه نه‌وتانه‌ى له سنوورى وڵاتێكى تردا تێپه‌ر ده‌بێت. نوێترین نموونه‌ى ئه‌و جۆره به‌كرێدانه، بریتیه له‌و گرێبه‌سته 25 ساڵییه‌ى كه رژێمى ئێران له‌گه‌ڵ حكومه‌تى چین ئیمزاى كردووه، كه تێیدا ده‌سه‌ڵاتى به‌كارهێنانى ئاوه‌كانى باشوورى ئێران به ته‌واوى ده‌كه‌وێته ده‌ستى چین، نموونه‌ى هه‌مان گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ رووسیا هه‌یه، به پێدانى ده‌سه‌ڵاتى به‌كارهێنانى ده‌ریاى خه‌زه‌ر له باكوورى ئێران به وڵاتى رووسیا له رێكه‌وتنێكى نهێنیدا و به بێ ئه‌وه‌ى كه گه‌لانى ئه‌و وڵاته، یان ده‌زگاكانى تر‌ى به‌رپرس له‌و وڵاته، تواناى ته‌داخول یان دژایه‌تیان هه‌بێت، ئه‌وه‌ش نموونه‌یه‌كه له خراپى ئه‌و جۆره ئابووریه، كه ده‌كرێت بۆ دابینكردنى داهاتى وڵات و دابینكردنى بژێوى ژیانى هاووڵاتی، په‌نا بۆ بهكرێدان یان فرۆشتنى زۆرێك له سه‌رچاوه سرووشتیه‌كان و خاك و ئاوى وڵات ببردرێت، كه ئه‌نجامه‌كه‌ى بریتیه له ماڵوێرانى و له‌ده‌ستدانى سه‌روه‌ت و سه‌رمایه‌ى وڵات و به‌ختڕه‌شی بۆ نه‌وه‌ى داهاتوو.
وڵاته‌كان به شێوه‌ى گشتى چوار جۆر رێنتیان هه‌یه، كه بریتیه له ئابووری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و زانیارى. لێره‌دا ئامانج رێنتى ئابووریه كه بریتیه له‌و وڵاته‌ى كه زیادترین داهاتى خۆى له سه‌رچاوه‌ى ده‌ره‌كى دابین ده‌كات به شێوه‌ى كرێدان و به‌رهه‌مى ناوخۆیى زۆر لاوازه، كه به‌و جۆره ده‌وڵه‌ته ده‌وترێت ده‌وڵه‌تى كرێخۆر.
ده‌وڵه‌تى كرێخۆر، یان رێنتیێر چوار سیفه‌تى سه‌ره‌كى هه‌یه:
- له ئابووری رێنتیێر كرێ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى داهاته.
- ئابووری پشت ده‌به‌ستێته سه‌ر كرێ، یان داهاتى ده‌ره‌كى پشت به‌ستوو به سه‌رچاوه سرووشتیه‌كان و داهاتى به‌رهه‌مى ناوخۆیى زۆر لاوازه.
- رێژه‌یه‌كى زۆر كه‌مى هێزى كار له وڵات، به‌شدارە له به ده‌ستهێنانى داهات، یان كرێ و زۆربه‌ى هاووڵاتیان ته‌نها به‌شدارن له دابه‌شكردن، یان به‌كارهێنانى ئه‌و داهاتە، یان كرێیه.
- ده‌وڵه‌ت وه‌رگرى سه‌ره‌كى ئه‌و كرێیە، یان داهاته‌یه.
كاریگه‌رى و لایه‌نه خراپه‌كانى ئابووری یان ده‌وڵه‌تى رێنتیێر (ده‌وڵه‌تى كرێخۆر):
لایه‌نه خراپه‌كانى ئه‌و جۆره ئابووریه له سه‌ر دوو فاكته‌رى سه‌ره‌كى به دیار ده‌كه‌ون:
* له سه‌ر هه‌یكه‌لیه‌تى ده‌وڵه‌ت:
- هه‌ڵكشانى سه‌ربه‌خۆیی و بێ منه‌تى ده‌وڵه‌ت به سه‌ر كۆمه‌ڵگە و هاووڵاتی: حكومه‌ت كاتێك ته‌نها دابینكه‌رى داهات بێت له رێگاى فرۆشتن یان به‌كرێدانى سه‌رچاوه سرووشتیه‌كان وه‌ك نه‌وت و غاز و ... هتد. ئیدى پێویستى به باج و به‌رهه‌مى ناوخۆیى هاووڵاتی نابێت و ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆى درووست بوونى ده‌وڵه‌تى دیكتاتۆرى و تۆتالیتارى.
- حكومه‌ت درووستكردنى دیموكراسى به پێویست نازانێت و رێگرى ده‌كات له فراوانبوونى فه‌زاى سیاسی: ئه‌وه ده‌بێته هۆى سه‌ربه‌خۆیه ده‌وڵه‌ت و په‌راوێز خستنى هاووڵاتی له به‌شدارى كردنى بریاردان له سه‌ر بریاره چاره‌نوسسازه‌كانى وڵات. واتا كاتێك ده‌وڵه‌ت خه‌ڵك مه‌جبور ناكات به به‌شدارى كردن له درووستكردنى داهات و زه‌ختى داراییان له سه‌ر نه‌بێت، به دڵنیاییه‌وه ده‌بێته هۆى نه‌مانى پێشخستنى سیاسی و جێگیرى دیموكراسی.
- لاوازى تواناى به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردنى دادپه‌روه‌رانه: یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانى ده‌وڵه‌ت بریتیه له به‌رهه‌مهێنانى ناوخۆیى و دابه‌شكردنى دوباره‌ى سه‌رچاوه‌كانه، كه زۆربه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى رێنتیێرن له‌و بواره‌دا لاوازن. ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆى درووستبوونى نابه‌رابه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تی و لاوازى دیموكراسی و پیاده نه‌كردنى گونجاو و درووستى سیاسەتى ده‌وڵه‌ت.
* كاریگه‌رى له سه‌ر ئابووری:
- گه‌شه‌كردنى رۆحى كرێخوارى له ئابووری: به دڵنیاییه‌وه له‌و جۆره ئابووریه‌دا، ته‌واوى تواناكان و لێهاتویی كۆمه‌ڵگە به‌ره‌و كرێخوارى و ئابووری رێنتى ده‌ڕوات له جیاتى داهێنان و گرنگیدان به پێشكه‌وتن و هه‌مه‌چه‌شنكردنى ئابووری. هه‌روه‌ها خه‌ڵك له جیاتى هه‌وڵدان و كاركردن بۆ سه‌ربه‌خۆیى ئابووری و به‌رهه‌م هێنان و داهێنانى بیرۆكه، هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ گه‌یشتن به پله‌و پۆست و تاقیكردنه‌وه‌ى شانسیان له سیسته‌مى ئۆتۆریتارى ده‌وڵه‌ت.
- درووستبوونى ئابووری به‌كاربردن له جیاتى ئابووری به‌رهه‌مهێن: له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا به شێوه‌ى فراوان كاڵاى به‌كاربردن و ناپێویست (كه‌ماڵى) هاورده ده‌كرێت و به‌رهه‌مهێنان كه‌مه و كۆمه‌ڵگە ده‌بێته كۆمه‌ڵگەیه‌كى به‌كاربه‌رى كاڵا و خزمه‌تگوزاریه‌كان.
- زۆربوونى خه‌رجى حكومه‌ت: به دڵنیاییه‌وه كاتێك هاووڵاتی به‌رهه‌مهێن نییه، ئه‌و كرێیه‌ى كه حكومه‌ت ده‌ستى ده‌كه‌وێت، له ئابووری ناوخۆ خه‌رج ده‌كرێت و هه‌ر چه‌ند وه‌به‌رهێنانى گه‌وره له ئابووری وڵات ده‌كرێت هه‌مووی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى حكومه‌ت، به نرخێكى هه‌رزان، یان به شێوه‌ى بێبه‌رامبه‌ر، خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شى هاووڵاتیان ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆى بارگرانى بۆ حكومه‌ت و زیادبوونى خه‌رجى ده‌وڵه‌ت.
ئه‌گه‌ر ورد ببینه‌وه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ئه‌و جۆره ده‌وڵه‌ت یان ئابووریه، ده‌بینین عێراق و هه‌رێمى كوردستان ته‌واوى ئه‌و سیفه‌تانه‌یان تێدایه، كه تایبه‌تن به ئابووری رێنتى. هه‌روه‌ك ده‌زانین زیاتر له سه‌دا 90ی داهاتى وڵات له ئابووری رێنتیهوه دێت، كه بریتیه له فرۆشتنى نه‌وت و غاز و سه‌رچاوه‌ى تر‌ى سرووشتى وڵات، هاووڵاتی به‌شدار نییه له به‌رهه‌مى ناوخۆیى، یان به‌رهه‌مى ناوخۆیى هه‌ر نییه. كه‌واته بۆ ده‌رچوون له‌و جۆره سیسته‌مه ئابووریه، پێویسته گرنگى بدرێت به په‌ره‌پێدانى به‌رهه‌مى ناوخۆیى و هه‌وڵدان بۆ داهێنان و كاراكردنى سیسته‌مى باجى گونجاو، به پێی كه‌رته‌كانى ئابووری و بارودۆخى ئابووری كوردستان.
* دكتۆرا له دارایی و كارگێڕیى داهێنان