خۆڕاگری

ئاڵای کوردستان
ئاڵای کوردستان

بۆریس سیرولنیک، پزیشکی ناوداری فرەنسی، بە ئیلهام وەرگرتن لە زانستی فیزیا، وشەی خۆڕاگری خستە ناو زانستی پزیشکییەوە. لە زانستی فیزیادا وشەی بەرگری، واتایە بۆ هەر تەنێک کە زەبری دەرەکیی بەر دەکەوێت و خۆڕاگر دەبێ.
لە زانستی پزیشکیدا، خۆڕاگری، بریتییە لە پرۆسەیەکی فرە ڕەهەند لە تواناکانی تاکێک بۆ هەڵستانەوە، خۆگونجاندن، چاک بوونەوە و هاوسەنگهێشتنەوەی باڵانسی دەروونی و فەسلەجەیی لە بەرەنگاربوونەوەی  فشار و زەبرە دەرەکی و ناوخۆییەکان کە تووشی لەشی مرۆڤ دەبن و سەرەڕای هەموو هۆکارەکان، بەسەریاندا زاڵ دەبێت. گەلێک هۆ هەن هانی خۆڕاگریی دەدەن، وەک فاکتەرە بۆماوەییەکان، باوەڕ بەخۆبوون، گەشبینیی، پشتگیریی لەلایەن خانەوادە و کۆمەڵگەوە.

لەڕووی فەلسەفییەوە، خۆڕاگریی ڕێبازی بەهێز مانەوەیە بەرانبەر سەختییەکان. سەرەڕایی ئالنگارییەکان،  خۆگونجاندن و گەشەکردنە لەگەڵ گۆڕانەکان. نیچە دەڵێت ئەوەی نامکوژێت بەهێزترم دەکات.

کورد وەک نەتەوەیەکی دابەشکراو و وەک کەمینەیەک بەردەوام ڕووبەڕووی تەحەددای میللەتە سەردەستەکان بووەتەوە، وەک ڕەگەزپەرستی، چەپاندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئابڵوقەی ئابووری، جینۆساید و کیمیاباران. کورد هەمیشە لە خەباتی مانەوە و ڕزگارییدا بووە، بۆیە لە ڕووی دەروونی، سیاسی و فەلسەفییەوە، بۆ مانەوە و زاڵبوون بەسەر ئەو شۆکانەی بەسەریدا هاتووە، پێویستیی بە خۆڕاگری بووە. هەرجارە و بەمیکانزمێک، وەک پارێزگاریی لە ناسنامە، ڕووبەڕوبوونەوەی تاکە کەسی، هونەر، ئیلهام وەرگرتن لەگێڕانەوەی سەروەریی سەرکردەکان، بەرخودانە بەردەوامەکانی میللەت، بەرەنگاری کردووە. 

ڕاستە مێژوو سەرکەوتووەکان دەینووسنەوە، بەڵام خۆڕاگریی ڕزگاربوانی جینۆساید ڕەتکردنەوەی سڕینەوەیە و یادەوەرییەکی زیندووە (واڵتەر بنیامین).

بەرخودانی کورد تەنها بۆ مانەوەی نییە وەک نەتەوە، بەڵکو بۆ پێشکەوتن، گەشەکردنی ئابووری و سیاسی و بەهێز بوونیەتی لە ناوچەکەدا. سەرەڕای ئەو قەیرانانەی بەسەر وڵاتدا هات لە شەڕ و خراپبوونی باری ئابووری، کێشەی سیاسی ناوخۆی و دەرەکی (ئەوەی بە تاڵی پێی دەڵێی شکست دەتوانێت سەرکەوتن بێت .جەیمس باڵدوین).

 بە بەرزکردنەوەی دروشمی خۆڕاگری، لەلایەن کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە توانی بەرەنگاری هەموو ئەو قەیرانانە ببێتەوە و پەرچەمی بونیاتنانەوەی سیستمێکی بەهێز، ئاوەدانکردنەوە، ئابوورییەکی پتەو بەرزبکاتەوە، بۆ گەیاندنمان بە کەناری ئارامیی ئابووریی لە داهاتوودا بە گرێبەستەکانی ووزە و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات لەکشتوکاڵ ، بیناسازی و دروستکردنی بەنداو و دانانی سیستمی بانکی.

دوورکەتنەوە لەزریانەکان هونەر نییە، فێربوونی سەفەرکردن سەڕەڕای زریان هونەرە.