مەسرور بارزانی چۆن هەڵوێستی ئەمەریکای بەرانبەر کورد گۆڕی!

مەسرور بارزانی چۆن هەڵوێستی ئەمەریکای بەرانبەر کورد گۆڕی!
مەسرور بارزانی چۆن هەڵوێستی ئەمەریکای بەرانبەر کورد گۆڕی!

وەکوو ڕۆژنامەنووس چانسی ئەوەم هەبوو بە درێژایی هەفتەیەک ڕووماڵی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن بکەم. هێشتا شاندەکە لە ماندوویەتی ئەو ڕێگە دوورودرێژە نەسابوونەوە، هەر لە ڕۆژی یەکەم و سەرەتای هەفتەدا، بە چاودێری ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دوو گرێبەستی پڕ بەها لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم و دوو گەورە کۆمپانیای ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئینەرجی و وێسترن زاگرۆس) لەنێو باڵەخانەی ژووری بازرگانی ئەمەریکا واژوو کران. لەو کاتەی وەزیری سامانە سروشتییەکان و نوێنەری هەردوو کۆمپانیاکە بە پێوە وەستابوون، گاڤەک ستیڤ لوتس، جێگری سەرۆکی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژووری بازرگانی ئەمریکا ڕووی لە ئامادەبووان کرد، ئەوجا بەوپەڕی متمانەبەخۆوە گوتی؛ "سەرۆکوەزیران بارزانی سەرکردەیەکی گونجاوە، لە سەردەمێکی گونجاو دا."

هێشتا مەرەکەبی سەر هەردوو کاغەزەکەی بەردەم وەزیری سامانە سروشتییەکان و نوێنەری هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکە وشک نەببوو، کە بەهایان نێزیکی ١١٠ ملیار دۆلارە، ئێکەسەر ئەم هەواڵە وەک ئەوە‌ى شه‌پۆلێكى به‌خوڕ له‌ ئاوێكى مه‌نگ بدات, نەک تەنها میدیایی ئەمەریکی تەنی، بگرە هەواڵەکە دەمودەست گەیشتە کۆنگرێس، وەزیرەکان قسەیان لەسەر کرد و کۆشکی سپیشی لێ ئاگادار کرایەوە.

 

خۆبەڕێوەبەری کورد کلیلی ستراتیژی ئەمریکایە لە عێراق

هێشتا مەسرور بارزانی هیچ لە وەزیرەکانی ئیدارەی سەرۆک تڕەمپی نەدیبوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ ڕوبیۆ لە میانی دانیشتنێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە ٢١ی ئایاری ٢٠٢٥ لەنێو باڵەخانەی کۆنگرێس، جەختی لەسەر گرنگی خۆبەڕێوەبەری کوردستان کردەوە، کە پەیوەندی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق، پەیوەستە بە ڕێزگرتنی عێراق لە خۆبەڕێوەبەری کوردستان. لێدوانە مێژووییەکەی وەزیری دەرەوە، لە وەڵامی نیگەرانییەکانی کۆنگرێسمان جۆ ویلسۆن بوو، کە بە ئاشکرا دەستێوەردانی عێراق و ئێرانی لە شکاندنی سەروەری ئابووری هەرێمی کوردستان بە گوێی وەزیری دەرەوەدا چپاند.

ئیدی ئەم قسانەی وەزیری دەرەوە، هێندەی دیکە ناوی "کورد"، "وزە"، "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی"، "هاوپەیمانی ئەمەریکا"، "پێشمەرگە"-ی لەنێو میدیای ئەمەریکی زەقتر کردەوە. هەر ڕۆژی پاشتر، دەزگای ئەلمۆنیتەر، کۆنفرانسێکی بە ناونیشانی، "داهاتووی دەسەڵات و وزە لە هەرێمی کوردستان" ڕێکخست، کە سەرۆکوەزیران بارزانی و وەزیری وزەی ئەمەریکا کریس ڕایت میڤان  و قسەکەری سەرەکی بوون، جیا لە ئامادەبوونی دەیان دیپلۆمات، شرۆڤەکاری سیاسیی، بازرگان و ڕۆژنامەڤان. بەر لەوەی بارزانی و وەزیری وزە دەست بە ئاخافتن بکەن، دووبەدوو لە نهۆمی خوارەوەی هوتێل ویڵارد نێزیکی کاتژمێرێک کۆبوونەوە. هەردوو لا جەختیان لە هاوبەشی گرنگی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کردەوە، ئەوجا وەزیری وزە بێ پەردە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی وزەی جیهان. 

پشتی کۆمبوون، وەزیری وزە نیو سەعات لەسەر داهاتووی وزە لە هەرێمی کوردستان، گرنگی واژووکردنی گرێبەستی نێوان حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان ئاخفت. هەنگین، نیو کاتژمێر گوێی لە قسەکانی سەرۆکوەزیران بارزانی گرت کاتێک باسی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد، کە چۆن بە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی، دەتوانێ کارەبا نەک بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ شار و شارۆچکەکانی دیکەی عێراقیش دابین بکات. وەختی بارزانی ئەوهای گوت، دیتم وەزیری وزە سەری ڕاوەشاند، دیاربوو ئەویش خاترجەم بوو، کە ئیدی عێراق لەکۆڵ غازی ئێران دەبێتەوە.

ئەوەی لە قسەکانی وەزیری وزە درک پێ کرد، ئەو بە ئاشکرا سەرسامی خۆی بە تواناکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی، کە دکاریت ببێتە یاریزانێکی سەرەکی لە پەرەپێدانی وزە لە ناوچەکەدا، هاوتەریب لەگەڵ ئامانجەکانی وزە و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. ئەوجا نەیشاردەوە کە ئەم ستراتیژییەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوتەریبە لەگەڵ کارنامەی سەرۆک تڕەمپ: "خۆشگوزەرانی لە ناوخۆ و ئاشتی لە دەرەوە، بازرگانی نەک ئاشووب."

دوای دیتنی وەزیری وزە، ئیدی کاروانی تڕومبێلەکانی مەسرور بارزانی لەم وەزرات بۆ ئەم وەزارەت، هەتا نیوەشەو چرکەیەک پشوویان نەدا. بارزانی وەزیری ناوخۆی بینی، دواتر وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا، پاشان بریکاری وەزیری گەنجینە، کە ئەوان نەک تەنێ سەرسامی خۆیان بۆ ئەو پێشکەوتنە مەزنەی هەرێمی کوردستان دەربڕی بوو، کە چۆن بۆتە لانکەی پێکەوەژیانی گشت ئاین و نەتەوە جیاوازەکان، بەڵکو پێزانینیان بۆ چاکسازییەکانی حکوومەت لە بواری دارایی و سیستەمی بانکی هەببوو، بە تایبەت بە پێشکەوتنەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) و (ڕووناکی)، هیوایان خواست بوو، ئەم سیستەمە عێراقیش بگرێتەوە.

 

وەزارەتی دەرەوە، دوا وێستگەی شەمەندەفەری مەسرور بارزانی

ئەو ڕۆژەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گەیشتە وەزارەتی دەرەوە، هەمان ئەو ڕۆژەم بیر هاتەوە کاتێک وڵاتانی هاوپەیمان دژی داعش لە وەزارەتی دەرەوە لە ساڵی ٢٠١٧ کۆمبوون، منیش ڕووماڵی کۆبوونەوەکەم دەکرد. ئەو کات ناوی پێشمەرگە لە سەرتاسەری دنیا بەوە ناسرا بوو، کە بە نوێنەرایەتی جیهان شەڕی گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی دەکات. ڕۆژی هەینی، کۆتای هەفتەی دەوام، ڕێک سەعات ١٢:٣٠ خولەک، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاتنە بەردەم کامێراکان. هیچیان نەگووت، تەنێ خەنینەوە، بەڵام لە ڕوخساریان زۆر شت دەخوێنرایەوە.. هەر دوای کۆبوونەوە، بارزانی بە منی گوت: "کۆبوونەوەکە زۆر باش بەڕێوە چوو." پاشان سوپاسی وەزیری دەرەوەی کرد، بۆ ئەو میواندارییە گەرمە!

ئینجا بارزانی لەسەر دەفتەری یادگاری وەزارەتی دەرەوە، کە تەنێ بۆ میوانە تایبەتەکان دادەندرێت. چەند ڕستەیەکی بە دەستوخەتی خۆی تۆمار کرد و نووسی: "ئێمە سوپاسگوزارین هاوپەیمان و پشتگیریی ئەمەریکاین، باوەڕمان وایە پێکەوە دەتوانین داهاتوو بنیات بنێین."

چەند سەعاتێک دوای کۆبوونەوەکە، مارکۆ ڕوبیۆ پشتگیری ئەمریکای بۆ کوردستانەکی بەهێز و خۆڕاگر بۆ جاری دووەم لە هەفتەیەکدا دووپات کردەوە. چەند خولەک بەسەر لێدوانی ڕوبیۆ تێپەڕین، جارەکی دی وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکی فەرمی دا، ئەوانیش بۆ جاری دووەم، پشتگیریی ئەمەریکایان بۆ سەربەخۆی وزەی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. 

لە مێژوودا، هیچ سەرکردەیەکی کورد نەبووە، بەم شێوەیە لە ئەمەریکا تەنێ لە پێنج ڕۆژدا، زیاتر لە بیست کۆبوونەوە و دیداری چەندین وەزیر بکات، کە هەموویان کەسی نێزیکی سەرۆک تڕەمپن. ئەوجا قەت وەزارەتی دەرەوە ئەوها بە فەرمی پشتگیری خۆی بۆ کوردستان دووپات نەکردۆتەوە، قەتیش ئەوها ڕاستەوخۆ عێراقی ئاگادار نەکردۆتەوە، کە ڕێز لە سەروەری ئابووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان بگرێت. ئەوە ڕاستییە، سەت ساڵە کورد چاوەڕێی ئەو هەڵوێستە ڕوونەی ئەمەریکایە، کە هەفتەی ڕابردوو تەواوی ئیدارەی سەرۆک تڕەمپ، بەرانبەر سەرۆکوەزیران بارزانی درکاندی.