نامەیەك بۆ قەیس خەزعەلی

نامەیەك بۆ قەیس خەزعەلی
نامەیەك بۆ قەیس خەزعەلی

من نوێنەرێكی هەڵبژێردراوی كوردستانم، زۆر بە ڕوونی پێت دەڵێم تۆ، لەبەر ئەم هۆیانە، لەو پێگەیەدا نیت و مافی ئەوەت نییە قسە لەسەر خەڵكی كوردستان و تەنانەت قسە لەسەر چارەنووسی عێراقیش بكەیت.

 لە نوێژی قوربانیشدا نەتتوانی ژەهری ڕق و دوژمنایەتی خۆت بەرانبەر كوردستان بشاریتەوە و دیسان قسەی ناڕەوات كرد؛ لە قسەكانتدا، گوتبووت كوردەكان باوەڕیان بە یەكگرتوویی عێراق نییە! دوای 2003 ئێوە لەسەر شانی كورد هاتنە سەر حوكم، كورد هەموو هەوڵی خۆی دا بۆ ئەوەی پێكەوەژیان هەبێت و عێراقێكی دیموكراتی و فیدراڵی، دابمەزرێت و مافی هاووڵاتیبوونی تێدا بچەسپێت، بەڵام ئەوە ئێوە بوون بڕواتان بە فیدراڵییەت و دەستوور و دیموكراتیەت نەبوو و نییە و هەموو هەوڵێكتان لەپێناو ئەوەدایە دیكتاتۆریەت و شۆڤینییەتی تایفی لە عێراقدا بەرپا بكەن. 

ئەوەی بڕوای بە عێراق نییە و لە خەمی عێراقدا نییە لە ڕاستیدا تۆ و هاوشێوەكانی تۆن. ئێوەن هیچ مانایەكتان بۆ سەروەریی عێراق نەهێشتۆتەوە و چارەنووسی عێراقتان بەستۆتەوە بە ئەجێندای تایفی و ئیقلیمی و دەرەكی و هیچ نرخێكتان بۆ عێراقیبوون نەهێشتۆتەوە.

تۆ و هاوشێوەكانت مافی قسەكردنتان لەسەر چارەنووسی عێراق نییە، چونكە بڕواتان بە هاووڵاتیبوون و دەنگی گەنجانی خێرلەخۆنەدیوی عێراقی نییە. گەلی عێراق لەبیری نەچووە قەناسەبەدەست و چەكدارانی ئێوە بوون سەدان گەنجی بێتاوانی عێراقی، كە لەدەست زوڵمی ئێوە ڕاپەڕیبوون، خەڵتانی خوێن كرد و شەهید كرد. 

ئێوە لەو پێگەیەدا نین كە قسە لەسەر چارەنووس و شێوەی دەوڵەت بكەن چونكە تاڵانچی و قاچاخچین. هەموو خەڵك باش دەزانن كە چیتان كردووە و چ بەڵایەكتان بەسەر باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا هێناوە. 

بۆ ئەوەی ڕاستییەكان باشتر بۆ خەڵكی عێراق ڕوون ببێتەوە، پێشنیاز دەكەین لایەنێكی سەربەخۆ و بە وێژدان بێت و بەراوردێك بكات لەنێوان كارەكانی ئێوە و دەستكەوتەكانی كوردستان بۆ ئەوەی ئیسپات ببێ كە كێ لەسەر هەقە. بۆ ئەوەی ڕوون بێێتەوە كە كێ نەوت و سامانی عێراقی تاڵان و هەڕاج كردووە و كێ ژیانی لە هاووڵاتیان تاڵ كردووە و كێ بڕوای بە عێراق نییە.

خاڵێكی تریش دەمەوێ باس بكەم و ئاوێزەی گوێتی بكە: تۆ و هاوشێوەكانت كە دوژمنایەتیی گەلی كوردستان دەكەن و دەتانەوێ سۆزی ڕای گشتیی عەرەبی بە چەواشەكاری بە دەست بێنن، بۆتان نییە قسە بكەن! چونكە ئێوە نوێنەری خەڵك نین، ئێوە دۆڕاوی هەڵبژاردن بوون و بەهۆی بارودۆخێكی تایبەت و پاشەكشەی براوەكانی هەڵبژاردن وەك (بدل الضائع) هاتنە سەر حوكم. پاشان بە شێوەیەكی ناڕەوا خۆتان بەسەر سەروەت و سامان و چارەنووسی خەڵكی عێراقدا سەپاند و وا خەیاڵت كردووە دەتوانی بەم شێوەیە حوكمی كوردستانیش بكەی؟ باش بزانە لەتۆ زۆر بەهێزتر و دیكتاتۆرتر دژی كوردستان خۆیان تاقی كردەوە بەڵام هەموو جیهان دەزانێ چییان بەسەر هات و چارەنووسیان چی بوو.