ئاریان ئیبراهیم شهوكهت
نووسەر
ئەستێرەی داود، خاچی مەسیح، زولفهقاری عەلی و رامسفێڵد؟
فەتوا کەی بە تەواوی ئایینی دەبێت و چ کاتێکیش دەچێتە قاڵبی فەتوای سیاسی؟
ئایین کۆمەڵێک دەق و بیروباوەڕ و دابونەریتی ژیانی رۆژانەی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و فکری و رۆحی جێگیرە، کە ناخ و مێشکی مرۆڤ بە جیھانێکی رۆحی پیرۆز لەسەرووی سرووشتەوە دەناسێنێت.
فەتوا لە ئایینی ئیسلامدا مەرسوم یان نووسراوێکی ئایینییە، لەلایەن زانایەکی ئایینی گەورەوە دەردەکرێت کە شارەزایی زۆر پڕ و تەواوی لە زانستەکانی قورئان و حەدیسدا ھەبێت، فەتوادان لە ئیسلامدا بەرپرسیاریەتێکی زۆر گەورەیە کە پەیوەندی بە ئەمر و نەھی و حەڵاڵ و حەرامدا ھەیە و بابەتێکی جەدەلی ناو خەڵکه، کە مایەی ناکۆکی بێت یەکلای دەکاتەوە. فەتوا کەی بە تەواوی ئایینی دەبێت و چ کاتێکیش دەچێتە قاڵبی فەتوای سیاسی؟ کەی و کامیان ئایین دوور لەدەقە راستەقینەکان بۆ مەرامی سیاسی دەقۆزێتەوە؟ چ کاتێکیش فەتوا و موفتی بە نیەتێکی پاک تەنھا لەخزمەتی ئایین دەبن؟ پێوەرەکان چین؟ چۆن و لەچ کاتێکدا لەچواچێوەی فەتوای سیاسیدا دین و دنیا، پیسی و پیرۆزییەکان تێکەڵ دەکرێن و بۆمەبەست و نیەتی شاراوە بەرجەستە دەبن و ھەر رۆژە فەتواکە بەشێوە و دیوێک بەناوی دەقێکی ئایینی پیرۆزەوە خۆی فەرز دەکات لەم قۆناغە جۆرێکە و لەڕۆژگارێکی دیكه بەشکل و ناوەڕۆک و ڕەنگێکی ترە!! فەتوای سیاسی ھەردەم فێرە پێش رووداوێکی سیاسی بەپلان زەمینە بۆ حەدەسێکی لەناکاو ئامادە بکات یان کاردانەوە و پاشخانی رووداوە سیاسییەکان بە سەرپۆشێکی ئایینی پەردەپۆش بکات بۆیە ئەگەر بەوردی دیقەتی مێژووی دوور و درێژی زۆربەی ئایینە ئاسمانی و نائاسمانییەکان بدەین «الديانات السماوية والغير سماوية»، دەبینین زۆربەی زۆری ھەموو ئەو کەسایەتییە ئایینیانەی کە تیرۆر کراون بەکار و قەولی فەتوایەکی سیاسی ئایینی بووە نەک ئایینی ئایینی، کەواتە مەودایەکی زۆر دوور و درێژ ھەیە لە نێوان دەقەکانی ئایین و كرداره سیاسییەکان؟ بۆ نموونە ساڵی 1977 کاتێک سەرۆکی ئەوکاتی میسر ئەنوەر سادات بڕیاریدا کۆتایی بەشەڕ و ململانێی میسر و ئیسڕائیل بێنێت و سەردانی ئیسرائیل و کنێست (پهرلهمانی ئیسرائیل) بکات بۆ واژووکردنی رێکكەوتنی ئاشتی نێوان ھەردوولا کە بە رێكکەوتنی کامپ دێڤید ناسرا بە سەرپەرشتی ئەمهریکا، خانهی فهتوای میسر (دار الافتاء المصرية)، کە باڵاترین دەسەڵاتی شەرعی میسرە، سەردانەکەی ئەوکاتی ساداتی بە شەرعی و مێژوویی ناوزەد کرد و بەسوڵحی حودەیبیەی نێوان پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) و لەگەڵ قورەیش وەسف کرد، لە بەرامبەردا ئیخوانی موسلیمینی میسر، ھەر ئەوکات تەکفیری ھەنگاوەکەی ساداتیان کرد و خوێنی ئەنوەر ساداتیان حهڵاڵ کرد، ئەوەبوو ساڵی ١٩٨١ لە نمایشێکی سەربازیدا سادات بەدەستی خالید ئیسلامبولی، کە یەکێک بوو لەئەندامانی جەماعەتی ئیخوان موسلیمین، تیرۆرکرا. ئەوهی جێگهی سەرنجە لەو رووداوە، ئەوەیە تەنھا ئەو رۆژە سادات درعەکەی سەرسنگی (گوللەبەندەکەی) لەبەر نەکردبوو، تەنانەت خێزانەی سادات «جیھان » سەرلەبەیانی رۆژی کوشتنی ساداتدا و پێش ئەوەی لەماڵ بچێتە دەرەوە، زۆر تەئکیدی لێ کردەوە: درعەکەت ببەستە، بەڵام ھەرلەبەری نەکرد گوتی ھەموو ئامادەبووان ئەفسەری دڵسۆزی خۆمن و جێگای متمانەن.
لێرەدا ئەگەر بگەڕێینەوە سەر فەتواکەی ھەردوولا دەبینین؛ لایەنێک یان خانەیەکی شەرعی ئیسلامی شەرعیەتی ئایینی دەداتە سەردانەکە و لەبەرامبەردا جیھەتێک یان لایەنێکی ئیسلامی سیاسی، تەکفیری سەردانەکەدا دەکات و ئاکامەکەش ئەوەبوو کە روویدا.
کەواتە؛ فەتواکەی خانەی فەتوای میسری زیاتر فەتوایەکی سیاسی بوو نەک دینی؟ لەبەرامبەریشدا فەتوای ئیخوانی موسلیمینی میسریش بەرامبەر سادات سیاسی بوو نەک دینی؟ بەڵگەش ئەوەیە؛ کاتێک ئیخوانەکانی میسر لە دەسەڵات نەبوون خۆپیشاندانیان لەدژی دەسەڵاتدارانی میسر بەجیھاد و واجب دەزانی، بەڵام کاتێک موحەمەد مورسی سەرکردەی باڵای ئیخوان دەسەڵاتی میسری گرتە دەست، یەکسەر ئیخوانی موسلیمین فەتوایەکیان دەرکرد و خولاسەکەی بریتی بوو لە؛ "خۆپیشاندان لە دژی دەسەڵات بەھەموو شێوەیەک، واتە دەرچوون لەدین و میللە و جەماعەت واتە لەئایین"، ئەوەی زۆر کەس تاوەکو ئێستا نایزانێت یان زۆربەی زۆریش لە ئەسڵی مەسەلەکە وەک خۆی تێینەگەیشتوون، ئەوەیە کەفەتواکەی ئیمام خومەینی ساڵی 1989 لەدژی رۆماننووس و نووسەر و رۆژنامەنووسی بەریتانی بە رەچەڵەک ھیندی سەلمان روشدی لەسەر نووسینی کتێبی «آيات شيطانية» ئایەتە شەیتانییهكان و حەڵاڵکردنی خوێنی ئەو نووسەرە، فەتوایەکی رێک سیاسی بوو نەک ئایینی، بەڵگەش بەتێبینییەوە ئەوەیە کە ئایهتوڵڵا خومەینی خۆی بەمەرجەعی باڵای یەكەمی شیعەکانی جیھان دادەنا، بۆیە خۆی کردە ساحێبی بابەتەکە و ئەم فەتوایەی بۆ کوشتنی سەلمان روشدی دەرکرد. لەکاتێکدا سووننە مەزھەبەکانی جیھانی ئیسلامی گشتیان و بەتایبەت موفتی ئەزھەر و زاناکانی ئەزھەر، بێ دەنگیان ھەڵبژارد و پشتگیری فەتواکەی ئیمام خومەینیان نەکرد، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ناوەڕۆکی کتێبەکەی سەلمان روشدی بەدواداچوون و تەنز بوو لەسەر ئەو دەقە ئایینیانەی کە تەنیا لەسەر شیعە حیسابە و بە تەنیاش لە سەرچاوە مەزھەبییەکانی شیعە باسکراوە نەک سووننە، بەڵام دەرکردنی فەتواکەی خومەینی ئەسڵی مەسەلەکەی گۆڕی بۆ: کتێبێکی پڕ کوفر لە دژی قورئان و پهیامبهر و ئایینی ئیسلام نووسراوە.. بۆیە لێرەدا بە روونی دەتوانین بڵێین فەتواکە بەتەواوی سیاسی بوو نەک ئایینی، دڵنیاشم زۆر لەوانەی پشتگیری فەتوای کوشتنی روشدییان کرد یان دەکەن، زۆربەیان تاوەکو ئەمڕۆش کتێبەکەیان نەخوێندۆتەوە، وەکو ئەو فەتوایانەی کەبۆ کوشتنی ئەدیب و نووسەرو راگری ئەدەبی عەرەبی تەھا حوسێن و بیرمەندی گەورەی میسری فەرەج فودە دەرکرا، تەنانەت ئەوەی فودەی تیرۆر کرد کاتێک دەستگیرکرا و لەکاتی لێکۆڵینەوە لێیان پرسی: بۆ کوشتت؟ گوتی: لەبەر نووسینەکانی. پرسیار: کام نووسین؟ وهڵام: من خوێندەواریم نییە، بەس پێیانگوتم کفری کردیە و خوێنی حەلال کراوە و بیکوژە.
لە مێژووی کۆن و ھاوچەرخی عیراقیشدا ھەمان ئەوتاس و حەمامە زۆر دووبارە بووتەوە، بە شێوەیەک کاتێک ساڵی پەنجاکان مەرجەعەعی باڵای شیعەکانی عیراق سەماحەتی ئایەتوڵڵا موحسن ئهلحكيم لە دژی شیوعیەکان و بۆ لاوازکردنی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق عهبدولكهریم قاسم و لەپێناو سنووردارکردنی پەلکێشی شیوعیەت لە عێراق و ناوچەکەدا بۆ خزمەتی بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی عێراقی، فەتوایەکی دەرکرد و ڕایگەیاند «الشيوعية كفر وإلحاد» واتە شیوعیەت کوفر و ئیلحادە کە لە ئەسڵدا فەتوایەکی سیاسی بوو لەپەنای ئاییندا، چونکە جگە لە فەلسەفەی «المادية الجدلية» کە باوەڕی بەدیوی دووەمی ژیاندا نییە کەخاڵێكی جەوھەرییە لای کارل مارکس، بەپشتبەستن بە یاساکانی دیالێکتیکی ھیگل و فیورباخ، بەڵام لەبابەتی جیاوازی و ململانێی چینایەتیدا زۆر خاڵی ھاوبەش لە نێوان شیوعیەت و ئیسلامدا ھەیە، ھەر بۆیەش به شۆڕشی قورموتییەکانیان لە دژی دەوڵەتی فاتیمی دهگوت؛ یەکەم بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە مێژووی ئیسلامدا و جگەلەوەی بە «الشيوعيون الاوائل» شیوعیە سەرەتاییەکان ناسراون. نموونەیەکی تر، گەورە شاعیری عەرەب ئهحمهد شهوقی، ناسراو بە شازادەی شاعیران لەوەسفی ئیمام عەلی دەڵێت: "والاشتراكيون أنت إمامهم"، واتە؛ تۆ ئیمامی ھەموو سۆشیالیستەکانی، ئەبو زهری غەفاریش ھاوەڵی گەورە و نزیکی پێغەمبەر «د.خ» لە سەرچاوە مێژووییەکانی ئیسلامدا بە «الإشتراكي الزاهد» ناسراوە.
بهبیرمه لە عێراقیشدا لەسەرەتای ھەشتاکانی سەدەی رابردوو، بەتایبەت لەسەرەتای شەڕی ئێران – عێراق، بەعسییەکانی عێراق جۆرە ئەدەبیاتێکیان داھێنابوو بۆ خزمەت و پاڵپشتیکردنی ماڵوێرانی جەنگ بەشیعرو گۆرانی، کە بە «أدب قادسية صدام» ئەدەبیاتی قادسیەی سەددام ناسرابوو، تیاییدا شاعیران و نووسەران و رۆژنامەنووسان بۆ پارە، بە جیاوازی نەتەوە و چین و توێژەکانیان بەکوردیشەوە، کە ھەندێکیان وەک ئەرشیفماوە، بەتایبەت گۆرانیبێژان، بە بەژن و باڵای دەستکەوتەکانی سەددام و مێژووی حیزبی بەعسیان ھەڵدەگوت و سروود و ئاوازیان بە دڵی ئەوان دادەڕێشت، سەعدون جابری گۆرانیبێژی ناسراوی عێراق کە شیعەیە، گۆرانییەکی بەناوی "أبو حسين علي علي، ياكرار علي علي"گوت. ناوبراو سەددامی بەپاسەوانی ئیسلام و ھەڵگری شمشێرەکەی ئیمام عەلی وەسف دەکرد. حزبە شیعەکانی عێراق کە ئەوکات ھەموویان لە ئێرانبوون، لە مینبەرەکانی بیستراو بینراوی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە لەسەر رستە و وشەکانی ئەم گۆرانییە کردیانە ھەرایەکی گەورە و وەکو مەسەلەی کراسەکەی عوسمانیان لێکرد و دهیانگوت: "چۆن دەبێت شمشێری عەلی لە دەستی سەددام بێت ئەگەر تەنھا بۆ گۆرانیش بێت؟ چۆن دەبێت سەددامی دیکتاتۆری خوێنڕێژ و جەلاد و بکوژ، پاسەوانی ئیسلام و شمشێری پیرۆزی زولفهقاری عەلی و ئالی بەیت بێت؟"، بەڵام ھەر ئەو حیزبە شیعانەش بوون کاتێک لە 2003 دەسەڵاتیان عێراقیان وەکوتاڵان و فەرھود روونتر بڵێم کەوتە دەست (نەک گرتە دەست)، و بەتایبەت ئەو کاتەی ئیبراھیم جەعفەری کە بەحیساب بانگخوازێکی ئیسلامی و کەسایەتیەکی ناوداری حیزبی دەعوەیە و ئەوکاتەی بووە سەرۆک وەزیرانی عێراق و لەمیانی سەردانێکی وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئەمهریکا دۆناڵد رامسفێڵد بۆ عێراق، شمشێری زولفهقاری ئیمام عەلی، یەکەم ئیمامی (بهناو شیعە) و زاوا و کوڕە مامی پێغەمبەر «د. خ» بەدیاری دایە وەزیری بەرگری ئەمهریکا، کە زۆر دڵنیام رامسفێڵد ھیچ شتێک دەربارەی مانا و دەلالەتی ئایینی و مێژوویی ئەم شمشێرە نازانێت و ئەسڵەن باوەڕیشی پێ نییە، بە جۆرێک کاتێک سەیری وێنەکە دەکەیت رامسفێڵد لە کاتی وەرگرتنی دیارییەکە لەجەعفەری، بە نەوعێکی زۆر سەیر و غەریب وەکو گاڵتەجاڕییەک تەماشای سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، دواتر و دوای ماوەیەک کەلەجەعفەریان پرسی؛ ئێوە کاتی خۆی لەگۆرانییەک قەبوڵتان نەبوو شمشێری عەلی بدرێتە سەددام، ئێستا بەچ روانگە و مەنتیقێکەوە لەسەر چ بنەما و مەبدەئێک شمشێری زولفهقاری ئیمام عەلیت دایە رامسفێڵد؟ دوو وەڵامەکەی جەعفەری زۆر ھەزەلی و بێ پارسەنگ بوون، جاری یەکەم وتی: "من دیارییەکەم پێدا و ئەویش وەریگرت". وەڵامی دووەمیشی گوتی: "ئەستێرەی داود و خاچی مەسیح و شمشێری عەلی ئەمانە ئاماژەی ئایینین زۆر ئاساییە بەدیاری بدرێتەھەرکەسێک"، ئەوەیان ناوی بنێین چی؛ دووڕوویی سیاسی یان ئایینی؟ یان عەقیدەی توقیەیە کە ھەموو شیعەکانی جیھان باوەڕیان پێ ھەیە و بنەمایەکی ئهساسیە لە مەزھەبی شیعەدا.
بە رای من شمشێرەکەی ئیمام عەلی نە بۆ دەستی سەددام شیاوە و نە بۆ رامسفێڵدیش گونجاوە، لەبەر کۆمەڵێک ئیعتیبارات لە ھیچیان ناوەشێتەوە، جگە لەوەی کە سیاسەتمەدار قەت نابێت ئاماژە و رەمزە ئایینییەکانی مێژوو بۆ مەرامی سیاسی و شەخسی خۆی بەکاربێنێت، بۆیە لێرەدا پرسیارێک بۆ جەعفەری ھاتە پێش: بەڕای تۆ ئەگەرچی ھیچیان شیاوی شمشێرەکە نین، بەڵام کامیان تۆزێک لە شمشێرەکەی عەلی نزیکترە؟ وەکو بەراوردێک؛ رامسفێڵد ئەمهریکیە داگیرکەرە غەیرە دینە «لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆ برا کریستیانەکان» سەددام: عەرەبە، موسڵمانە، عێراقییە؟ بۆ بەدیاری بۆ رامسفێڵد دەبێت بەگۆرانیش بۆ سەددام نابێت؟ ئەگەر تەنھا لەبەر بەرژەوەندی و نیفاقی سیاسی نەبێت؟ نەخۆشی رەنگکوێری لە سیاسەت زۆرجار وا لە سیاسەتمەدار دەکات تەنیا ئەو رەنگە ببینێت کەپێی گونجاوە کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکان دەگونجێت. سەماحەتی کازم ئەلحائری کە خەڵکی کەربەلایە و ئێستا نیشتەجێی شاری قومی ئێرانە و یەکێکە لەمەرجەعە باڵاکانی شیعەی عێراق و خاوەنی کۆمەڵێک فەتوای ئایینیە، ئەوەی سەرنجی راکێشام کەفەتواکانی ساڵانی نەوەتی ئەو سەماحەتە بەڕێزە، زۆر جیاوازە لەگەڵ فەتواکانی ئێستای، بۆ نموونە لەیەکێک لە فەتواکانی ساڵی نەوەتەکان کاتێک لێیان پرسیوە؛ تهقاندنهوهی چایخانەیەک له عێراق كه تاوڵەی لێ بکرێت جائیزە؟ وەڵامی سەماحەتی حائیری: ئەگەر چایخانەکە موڵکی دەوڵەت بێت بەڵێ جائیزە! بۆ جائیزە؟ چونکە ئەوکات دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق لەدەست ئەوان نەبوو لەدەست سووننە بوو بۆیە دەڵێت جائیزە، بەڵام ئێستا چونکە خۆیان لەدەسەڵاتن لە 2003 وە تاوەکو ئێستا، فەتوایەکی لەم شێوەیان نەداوەو ناشیدەن، کەواتە تێبینی دیوە سیاسییەکە و نیفاقی ئەم فەتوایە بکەن.
لەکۆتاییدا دەڵێم: ھەر فەتوایەک کە بەپێی بەرژەوەندی قۆناغی سیاسی دەگۆڕێت، فەتوای سیاسییە نەک ئایینی، ھەموو ئەو خوێنەی کە لەماوەی چەندین سەدەی مێژووی مرۆڤایەتی تاوەکو ئەمڕۆ بەغەدر رژاوە، لە ئەنجامی کۆمەڵێک فەتوای سیاسی بووە نەک ئایینی، چونکە لەم جۆرە فەتوایانەدا سیاسەت و ئایین و مەزھەب و ململانێی کەسی و رق و کینە و ئیرەیی و ھەموو نەخۆشییە دەروونیەکانی مرۆڤ، لەناو کۆمەڵگا تێکەڵ دەبێت.