
د. سامان سۆرانی
نووسەر
بۆچی سەرۆك بارزانی ئاشتی بە بژاردەیەکی پێویست دەزانێ؟

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە چەندین دەیەیە بە بەردەوامی ململانێی سیاسی و سەربازی باڵی بەسەردا کێشاوە، ئەم شەڕەی ئەم دواییەی ئێران و ئیسرائیل کە لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و سایبەری و تەکنەلۆژی ئەنجام دران و زیانی ماددی و مرۆیی زۆری لە هەردوولا لێ کەوتەوە و پاش دوانزە ڕۆژ بە فشاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نێوەندگیری هەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە بە ئاگربەست کۆتایی هات، نموونەیەکە لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین ئەو ململانێیانە.
پرسیار ئەوەیە، تاکەی ئەم جۆرە ململانێیانە بەردەوامییان دەبێت و کەی ناوچەکە لە بری جەنگ، ئاشتی هەڵدەبژێرێ؟ ئایا ئەو دوژمنیەتیییە مێژوویانە دەگۆڕدرێن بۆ دەرفەتێکی مێژوویی، تا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە؟
ڕاستە جەنگی ئێران و ئیسرائیل تەنها لە چوارچێوەی سیاسەت و بەرژەوەندی نەدەسوڕایەوە، بەڵکو پاڵنەری ئایدیۆلۆژیای قووڵ دەیجوڵاندەوە و ئێران لە ساڵی ١٩٧٩وە دروشمی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیلی بەرزکردبووە و لای خۆیەوە ئیسرائیل ئێرانی بە هەڕەشەیەکی وجودی دەبینی، بەتایبەتی بەهۆکاری بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پاڵپشتیکردنی پرۆکسییەکانی لەناوچەکە، بۆیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بە گۆڕەپانێ بۆ ململانێ و وڵاتانی گەورە و بچووك بە هۆیەوە زەرەرمەند بوون و کەسانی سیڤیل پێش سیاسەتمەدارەکان دووچاری گرفت و دڵەڕاوکێ و ناخۆشیی بوون.
دەرئەنجام، ئاسایشی هەرێمی لە وڵاتانی وەکوو سوریا و عێراق و لوبنان کەوتە مەترسیی، دەستێوەردانی نێودەوڵەتی هاتە ئاراوە و ڕێگەی گەیشتن بە چارەسەر ئاڵۆزتر بوو، هاووڵاتیانی ئەم ناوچانە زیانی مرۆیی و ئابورییان پێ گەیشت و باجی قورسیان دا.
گەلانی ناوچەکە کە لە جەنگ و دەرهاوێشتەکانی جەنگ بێزار بوون، لە ئێستادا بەدوای سەقامگیری و شکۆمەندی و گەشەسەندن دەگەڕێن، بۆیە پێویستە پارادایمی ململانێ بگۆڕدرێ بە پارادایمی دیالۆگ و ڕووبەڕووبوونەوەش بگۆڕدرێ بە دانووستان.
ئاشتی واتای خۆبەدەستەوەدان نییە، بەڵکو ئازایەتییە بۆ بڕیاردانی جیاواز، دیدێکی فراوانتر بۆ داهاتووی نەتەوەکان، چونکە ئابووری و تەکنەلۆژیا و خوێندن تەنها لە ژینگەیەکی سەقامگیر و پڕ لە ئاسایشی و پەیوەندی هاوسەنگ گەشە دەکەن. دوژمنی ڕاستەوینەی ناوچەکە تەنها دوژمنە کلاسیکییەکان نین، بەڵکو هەژاری و بێکاری و توندڕەوی و گەندەڵین.
پێویستە کەناڵە دیپلۆماسییەکان زیندوو بکرێنەوە و دیالۆگێکی هەرێمی گشتگیر دروست بێت و ژینگەیەک بۆ لێکتێگەیشتن بڕەخسێندرێ و گەلان ڕۆڵێکی کاراتر بگێرن لە ڕێگەی میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ گۆڕینی وتاری دژایەتیکردن.
مێژوو ئەوەی سەلماندووە، کەوا تەنانەت درێژترین ناکۆکییەکانیش دەتوانن کۆتاییان پێ بێت، کاتێ دەنگی عەقڵ بەرزتر بێت لە دەنگی جەكەکان، ئاشتی بژاردەی کەسانی ترسنۆك نییە، بەڵکو دلێریی بەهێزەکانە، کە ئایندەی نەوەکان لەسەرووی بەرژەوەندی سیاسی هەنووکەیی دادەنێن.
پێویستە ناوچەکە لە گێژەنگاوی خوێن ڕزگاری بێت و بەرەو فەزایەکی پڕ لە بووژانەوە و ژیان و شکۆمەندی هەنگاو بنێت.
سەرۆك مەسعود بارزانی باوەڕی تەواوی بە فەلسەفەی ئاشتی هەیە و لە خەباتی ڕزگاریخوازی وەکوو دۆکترینێکی سیاسی پەیڕەوی کردووە، و بەردەوام دووپاتی کردۆتەوە، کەوا نەتەوەکان تەنها بە چەک خەبات نەکەن، بەڵکو بە عەقڵ و دانایی و تێگەیشتن.
سەرۆك بارزانی ئاشتی بە بەهایەکی باڵای مرۆیی و بە بناغەیەک بۆ ئایندەیەکی دادپەروەرانەتر دەبینێت بۆ کورد و بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە، چونکە تێکۆشانێکی شەرەفمەندانە و ئاشتییەکی مەرجداری شکۆمەندانە هەمیشە لە جەنگێکی بێ کۆتایی باشترە.
هەر بۆیە سەرۆك بارزانی ئاشتی بە بژاردەیەکی پێویست دەزانێت، تا ناوچەکە بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی سەقامگیری و ئاسایش و پەرەپێدانی ئابوری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئازادی بە خۆیانەوە ببینن و گەلانی ناوچەکەش بۆ هەمیشە لە ژێردەستی و ستەمکاری و نادادپەروەری ڕزگاریان بێت.