فهرحان جهوههر
نووسەر
ئەم جارە پاساومان نییە
گەلی کورد لە مێژوودا شکستەکانی گەلێک زۆرترن لە سەرکەوتنەکانی، بۆ زۆرێک لەو کەوتن و شکستانە پاساوی لۆجیکی و نالۆجیکیشمان هەبووە و زۆرتریش قەناعەتمان وابووە کە هەموو ئەو شکستە مێژووییانەی دووچارمان بوونە، هۆکاری دەرەکی و باڵادەستی هێز و نابەرابەری نەیارەکانی بووە، لەگەڵ ئەوەشدا کورد کۆڵی نەداوە و هەمیشە بەجۆرێک لە جۆرەکان تێهەڵچۆتەوە و دەستبەرداری مافەکانی نەبووە.
ئەمەیان زیندوویەتی ئێمەی کورد دەسەلمێنێ و شایانی ئەوەیە مرۆڤ بێ ئومێد نەبێت، ئەم هەستانەوەی دوا دەیەی سەتەی بیستەم لە کوردستانی عیراق گەواهیدەری ئەم راستییە، ئەگەر بەهاوکاری دەرهکی و شکستی دوژمنەکەشی بووبێت لە چرکەساتێکی مێژووییدا، بەڵام هیچ لەو راستییە کەم ناکاتاوە کە گەلی کورد هیچ هەلێک لەدەست نادات بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی خۆی.
ئەوەی وایکردووە ئەم هەستانەوەیە نەبێتە هەستانەوەیەکی ئەبەدی کۆمەڵێک هۆکارن کە جگە لە خۆمان وەک کورد هیچ کەس و لایەنێک لێی بەرپرسیار نییە، پێموایە پاساوە مێژووییەکان کۆتاییان هات و ئیدی مێژووی ئێمە ناتوانێ هەڵگری هیچ پاساوێک بێت بۆ نەوەکانی داهاتوو، ئەمەشیان کاریگەرییەکی زۆر خراپ لەسەر بیر و دەروونی ئەو نەوەیە و نەوەکانی داهاتوو بەجێ دێڵێت و خۆی دەگاتە ئەو بڕوایەی کە نەتەوەکەی شایانی هیچ مافێکی خۆیی نییە.
تاوانبارکردنی یەکتر و ململانیێ حزبی و پێکەوە هەڵنەکردنی لایەنەکان، هیچیان پاساو نیین بۆ ئەوەی ئەم ئەزموونە نەگاتە دوا مەنزڵگا و هەستانەوەی ئەبەدی نەتەوەیەک کە ساڵانێکی زۆرە تاڵاوی مەرگ و ژێردەستەی دەچێژێ، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر ئەم هەرێمە لە ناوخۆی بەر لە دەرەوی دووچاری مەترسی بۆتەوە، پاساوەکان هەرچییەک بن هەموو لایەنەکان بڕێک لەو بەرپرسیارییەتیان بەردەکەوێت.
خاڵی گرنگ و جەوهەری بۆ ئەوەی دووچاری ئەو شکستە نەبینەوە و بتوانیین زیاتر بەرەو لوتکە هەڵکشێین، پێموایە بەهێزکردن و پاراستنی دامەزراوە یاسیاییەکانە تا ئەو دامەزراوانە بەرەو لاوازی و داڕووخان بچن ئێمەش وەک هەرێم دەپووکێینەوە، راستە دامەزراوەکانمان بەهێز نین و عەقڵی دامەزراوەییشمان لاوازە، بەڵام دەستگرتن بەوانەی ئێستاشەوە باشترە لەوەی نەمان بن، یان هەوڵی لەباربردنیان بدەین، هەر وڵات و نەتەوەیەک دامەزراوەکانی شکستیانهێنا خودی نەتەوە و وڵاتەکەش شکست دێنێت، کێشەی ئێمە و میللەتانی وەک ئێمەش ئەوەیە لە گرنگی و پێویستی دامەزراوەکان تێناگەین، کە شکستیش دێنن و دووچاری قەیرانهکانیش دەبنەوە، هۆشیاری گرنگی دامەزراوەکانییان نییە.