شێروان شەمێرانی
نووسەر
بۆچی ئێران پەلەی دانوستانی نییە؟
لە 25 -6 -2025 چەند کاژێرێک پاش ئاگر بەستی جەنگی نێوان ئێران و ئەمەریکا- ئیسرائیل، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وتی: حەفتەیەکی دیکە دانوستان لەگەڵ ئێرانییەکان دەکەین، بەڵام وا دەرنەچوو، لە 3-7 یشدا وتی هەفتەی داهاتوو لە ڤییەننا دانوستان دەکەین، ئەمجارەش وەڵامی ئێرانییەکان ئەرێنی نەبوو، ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی داواکردنی گەرەنتی بوو کە لەکاتی دانوستاندندا هێرش ناکرێتە سەر وڵاتەکەیان، بێ رەزامەندی دەربڕین لەسەر ئەو کاتانەی کە ترەمپ دیاریی کردن و بێ رەتکردنەوەشی.
ترەمپ کاتێک ئەو لێدوانانە دەدات خۆی بە فەرمانڕەوای جیهان دەبینێت، قسەکانی فەرمانن بۆ هەموو جیهان، ئەوانیدی بێجگە لە وەڵامی ئەرێنی هیچیتریان پێ ناکرێت، ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی ئەنجامدانی وتوێژ و دانوستاندنە کە دەخوازێت هەردولا بەیەکەوە و بە نهێنی کات و شوێنی کۆبونەوەکان دیاری بکەن، مەگەر یەکێک لە دوو لایەنەکە ئەوەندە لاوازبێت بێجگە لە بەڵێ قوربان هیچیدی لە دەسەڵاتدا نەبێت، سەرانی ئێران دەیانەوێت پێی بڵێن کە ئێمە لەو چەشنە نین و ناچاری بکەن تا زمانی فەرمان دەرکردن بگۆڕێت بۆ پێشنیاز و داوا لێکردن و بە مەرجی هەردولا کات و شوێن و کارنامە دیاری بکرێت.
ئەم هەڵوێستەی تاران لە ئەزموونی درێژیان لە گفتوگۆدا لەگەڵ واشنتن سەرچاوەی گرتووە کە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 20 ساڵ، بە هەناسەیەکی درێژەوە، واتە ئەزمونی هەموو ئەو ساڵانەیان لە بەرچاوە، هەنگاوێکی نوێ و لە ناکاو نییە تا بیهاوێژن، بۆ خوێندەوەی هەڵوێستی ئێران لەمەڕ لێدوانەکانی ترەمپ، دەکرێت بە کورتی ئەم خاڵانە بوترێت: -
یەکەم: پاش لێدانە کتوپڕیەکەی قەوارەی ئیسرائیل و بۆردومانەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، گەشکەیەک لای سەرانی ئیسرائیل و دۆستە ئەمەریکییەکانی دروست بوو کە ئێران تێکشکا و لاواز بوو، بۆیە چ سیاسەتمەداران یان شیکارە ناودار و کاریگەرەکان لە واشنتن، تێکڕا داوای دانوستانی زۆرەملێی پەلەیان لە ئێران پێشنیاز کرد، چونکە لەو جۆرە دۆخەدا ئەگەری ڕادەست بوون و سەپاندنی کۆی داواکارییەکان بەسەر ئێراندا هەیە، لەکاتی دانوستاندندا لایەنی لاواز ناچاری پەسەندکردن دەبێت، ئێرانییەکان بۆ خۆیان بەئاگان لەم خاڵە، بۆیە بە ساردیی مامەڵەیان کرد، دەیانەوێت بیسەلمێنن کە ئێمە لاواز نەبویین، بە تەواوی هێزمانەوە ئاخاوتنتان لەگەڵ دەکەین، بۆ گەیاندنی ئەم پەیامەش بە ئەمەریکییەکان پێویستیان بە کات هەیە، تێپەڕبونی کات ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێران لاواز نییە، چونکە ئەگەر ئێستا بڕۆنە سەر مێزی وتووێژ و خۆیان بە بەهێز بزانن، ئەمەریکییەکانیش لە بەرامبەردا بە لاوازیان ببینن، ئەوە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ زیاترە لە رێکەوتن، هەر بۆیەشە بەرپرسە سەربازییەکان -سوپاسالار عەبدلڕەحیم مووسەوی- و -عەلی نائینی گوتە بێژی سوپای پاسداران- هەڕەشەی یەک لە دوای یەک دەکەن لە ئەگەری هێرشکردنەوە سەریان، ئەم لێدوانە هەڕەشە ئامێزانە تەنیا بۆ ترساندن نییە، بەڵکو بەشێکە لە دانوستان و مەرجەکانی فەراهەم دەهێنێت.
دووەم: لە عەقڵی دیپلۆماتی ئێراندا دانوستان ئامادەیی هەردوولا پیشان دەدات بۆ گوێ لەیەک گرتن و گەیشتن بە خاڵێکی هاوبەش، واتە هەردولا رەزامەندبن لە دەرەنجامەکان، لەم کاتەدا ترەمپ -بە فیتی نەتنیاهۆ- دەیەوێت پەلە بکرێت، بە ئاواتی سەپاندنی سەرتاپای مەرجەکان بەسەر ئێراندا، تا پاشماوەیەکی وزەی ئەتۆمی کە هەبێت و بە بۆردومان لە ناو نەبرابێت، بە کۆمەڵە فەرمانێک و بەگوشار و چاو لێ سورکردنەوە لە رێگای ئاژانسی نێودەوڵەتیی ووزەی ئەتۆمییەوە لە ناوی بەرن، ئێرانیش لەلای خۆیەوە دەیەوێت پێیان بڵێت هیچ نەگۆڕاوە و شتەکان لای ئێمە وەک خۆیان وان، بۆیە کە دێین بۆ دانوستان بە هەمان کارنامە و هەڵوێستی پێشومانەوە ئامادە دەبین و وەک وڵاتێکی هاوتا و هاوشان، نەک وڵاتێکی زەلیلی ڕادەست بوو، لە راستیشدا مادام ئێرانییەکان لەهەمان دۆخی خۆیاندا دەجوڵێنەوە، دواکەوتن باشترە لە پەلەکردنێک لێکەوتەی خراپی هەبێت، چونکە سەپاندن دیالۆگ نییە، رادەست بوونە وەک وەزیری دەرەوە -عەباس عراقچی- دەڵێت.
سێیەم: لە دانوستاندا هێزی نیشتیمانیی ناوخۆیی فاکتەرێکی هەرە کاریگەرە لەسەر ئەنجامی دانوستان و دۆخی دەرونیی دانوستکار، رویەکی هێزی ناوخۆییش بریتیە لە پاڵپشتی گەل و تۆکمەیی دەزگا جیاوازەکانی دەوڵەت، لە کاتی لێدانی ئێران و کوشتن و تیرۆرکردنی سەرکردە باڵا سەربازییەکان و زانا ئەتۆمییەکان، وێنەی دەوڵەتێکی شڵەژاوی ناجێگیری لەرزۆکی ئێران گەیشتە جیهانی دەرەوە، ئەو رێژە بەرزەی سیخووڕیی لە دەزگاکانی دەوڵەتدا گشت چاودێرانی سەرسام کرد، ئەگەر بە هەمان وێناوە ئێران لە ئێستادا شاندی دانوستکار رەوانەی دەرەوە بکات، ئەوا شاندێکی نائارام و بێ توانا دەبێت و جەربەزە نابێت، چونکە پشتێکی نەرمی بێ هێزی دەبێت، بوێریی بڕیاری یەکلاکەرەوەی رژدی نابێت، ئێرانییەکان ئەمە دەزانن، بۆیە دەیانەوێت بەرەی ناوخۆ بەهێز بکەنەوە و خاڵە لاوازە کوشندەکان چارەسەر بکەن، پشتوێنەیەکی جاماوەریی بۆ شاندەکە ئەو هەڵوێستانەی دەیگرێت دروست بکەن، هەروەها ئەو وێنایەی کە لای جیهان دروست بوو بیسڕنەوە، ئەو کاتەش شاندی دانوستکار متمانە بە خۆ بوو دەبێت لە روبەڕوبونەوەدا، هەر ئەمەش لە پشت لێدوانی ئێرانەوەیە کە دەڵێت: گەلی ئێران زۆر توڕەن و داوای وەڵامی ئێشگەیەنەتری قەوارەی زایۆنی دەکەن.
چوارەم: ئێرانییەکان لە خۆیان دەپرسن: بۆچی ئەمەریکا دەیەوێت لە گەڵ ئێمە دانوستان بکات؟، خۆ ئەگەر ئێمە ئەوەندە لاوازین و هیچمان بەدەسەتەوە نەماوە تا بەرگری لەخۆمان بکەین، چ پێویست بە دانوستان دەکات؟ چونکە کاتێک لایەنێک بڕوای وایە کە لایەنی بەرامبەر بێ دەسەڵاتە ئەوا بانگەشەی گفتوگۆ کردنی لەگەڵدا ناکات، کە واتە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە لە دیدی ئەمریکییەکانەوە ئێران هێشتا بە هێزە، نە ئابڵۆقەی ئابوریی، نە گوشاری سیاسیی، وە نە لێدانی سەربازیی، هیچکام لەمانە نە لە رابوردوودا بوون، وە نە لە داهاتوشدا دەبنە مایەی رادەستبونی ئێران، بۆیە هیچ رێگایەکیان لە هەگبەدا نە ماوە بێجگە لە دانوستاندن، یان گەڕێکی دیکەی جەنگ – کە ئەگەرێکی بە هێزە- چونکە لای نەتنیاهۆ تێچوی جەنگ لە تێچوی دانوستان کەمترە ئەگەر ئێران لەسەر هەمان هەڵوێستی مێژویی و هەنوکەی سوور بوو، کە مادەم وایە با دۆخێکی لەبارتر بێتە کایەوە. ئەو کات ئەمریکییەکان ئامادەی بەرژەوەندی گۆڕینەوە دەبن لەگەڵ ئێراندا، لەسەر بنەمای قازانج و زەرەر بۆ هەدولا، نەک یەک لایان بە تەنیا.
بە کورتی، تاران دەیەوێت بڵێت بە واشنتن: ئێوە هەڵەن لەو وێنایەی بۆ ئێمەتان تاشیوە.