سەرباری ئاڵنگارییەکان، ژمارەکان سەرکەوتنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتڕاست دەکەنەوە

سەرباری ئاڵنگارییەکان، ژمارەکان سەرکەوتنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتڕاست دەکەنەوە
سەرباری ئاڵنگارییەکان، ژمارەکان سەرکەوتنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتڕاست دەکەنەوە

ساڵانی ئاڵۆزییەکان

کاتێک بەڕێز مەسرور بارزانی لە هاوینی 2019 دا پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، چاوەڕێی ئەوە نەدەکرا کە ساڵانی داهاتوو، مەترسیدارترین کێشە لە مێژوودا، ناوچەکە و هەرێم بگرنەوە، وەک:
1- پەتای کۆرۆنا، کە هەموو جیهانی گرتەوە و ئابووریی جیهانی پەک خست.
2-نزمبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخی نەوت، تا گەیشتنە ئاستی سفر و ئەوەش بووە هۆی کەمبوونەوەی داهاتە داراییەکانی هەرێم.
3-کشانەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا بیانییەکان لە ئەنجامی کێشەی دارایی جیهانی.
4- زیاتر لە جارێک، بڕینی بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، لە لایەن بەغداوە.
5- قەدەغەکردنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بە شێوەیەکی سەربەخۆ و پەکخستنی سەرچاوەی سەرەکیی ئابووری.
6- سەرهەڵدانی کێشەی مووچە وەک بەرەنجامی هەڵوێستەکانی حکوومەتی ناوەندی.

لە میانی ئەم کێشانەدا، حزب و کەسایەتییە بەرهەڵستکارەکان لە کوردستانی عێراق، بارودۆخەکەیان بە مەبەستی لێدانی مەسرور بارزانی و حکوومەتەکەی قۆستەوە، بەو نیازەی حکوومەتی هەرێم بە تەواوەتی خۆی ڕادەستی  حکوومەتی ناوەندیی بەغدا بکات؛ بە واتایەکی تر، کۆتاییهێنان بە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێراق کە لە ساڵی 1991ەوە دامەزراوە.
ئەم حزب و کەسایەتییانە، دوای ئەوەی له‌سه‌ر ئاستی نوێنه‌رانیان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و بنكه‌ی حزبی و جه‌ماوه‌ریان و له‌ هه‌موو پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌چوو و له‌ شه‌قام و میدیاكانیان و هه‌وڵه‌كانیان بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیان كه له‌م پێناوه‌دا‌ په‌نایان برده‌ به‌ر به‌غدا، شكستیان هێنا، ئینجا جارێك وه‌كوو نوێنه‌ری به‌غدا و حكوومه‌تی ناوه‌ندیی دژی هه‌موو مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ستانه‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ش هانی به‌غدایان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان بجووڵێنێت. 

ئەم حزبانە ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە:
ا-بڕینی بودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە.
ب- مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خرایە سەر بەغدا و ئیتر بەغدا زامنی پێدانی مووچەکەیان دەکات! ئێستەش کە بەغدا خۆی لە پێدانی  مووچە دەدزێتەوە، بەرهەڵستکاران بێدەنگ نەبوونە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، لە جیاتی سەرکۆنەکردنی بەغدا و پشتگیریی داوا ڕەواکانی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، کێشەکە دژی حکوومەتی هەرێم بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی جەماوەری کوردی لێ بڕەنجێنن.
ج-قەدەغەکردنی هەناردەی نەوتی هەرێم و ڕادەستکردنی تەواوەتی بە بەغدا، ئەمەش بووەتە مایەی زیانی 28 ملیار دۆلار لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

هەر حکوومەتێکی دیکە ئەگەر ڕووبەڕووی  هەمان  ئەو کێشە و ئاڵنگارییە گەورانە کە حکوومەتی هەرێم لە چەندان لاوە لێی کراون، بووایەتەوە، لەوانە بوو تووشی شکستی گەورە بووایە، بەڵام حکوومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی، توانی بەرەنگاری  هەموو ئەوانە ببێتەوە و بە دەستکەوتی گەورەوە کە هەرێم لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا وەدەستی نەهیناوە، ئەو قۆناغە سەختە تێ بپەڕێنێت.
ئەوەش نیشانەی بەرچاوڕوونی، وردبینی لە دارشتنی نەخشەڕێگا و توانایی بەڕێوەبردنی حکوومەتی هەرێمە.

بە نیگایەکی خێرا و سادە و پاڵپشت بە بەڵگە و ژمارە، گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم کابینەیە دەخەینە بەرچاو:

یەکەم: شۆڕش لە ژێرخانی ئابووریدا

ا- جێبەجێکردنی 717 پرۆژەی شەقامی ناوخۆیی بە درێژیی 2،681 کلم لە سەرانسەری هەرێمدا بە تێچووی زیاتر لە 1 تریلیۆن دینار.
ب-دروستکردنی پردی ستراتیجی وەک (پردی زاب، پردەکانی ڕانیە، سۆران و دهۆک و تاد..)
ج- فراوانکردنی شەقامە ناوخۆییەکان لە شارە سەرەکییەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بە پانتایی 150 کیلۆمەتر.

 دووەم: پرۆژەی ڕووناکی
 

ا- دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ زیاتر لە 2 ملیۆن هاووڵاتی و 90 هەزار شوێنی بازرگانی.
ب-کوژاندنەوەی 2017 مووەلیدەی ئەهلی، پاش دابینکردنی کارەبای نیشتمانی.
ج-دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ 150 گەڕەکی نیشتەجێبوون.

سێیەم: ئاسایشیی ئاو بۆ پاشەڕۆژێکی بەردەوام

ا- دروستکردنی 9 بەنداوی ستراتیجی بە توانای کۆگاکردنی زیاتر لە 250 مەتر سێجا ئاو.
ب- دروستکردنی 126 پۆند لە گشت پارێزگاکانی هەرێم.
ج- دەستپێکردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوە لە هەولیر، فایدە، پیرمام، دەربەندیخان و ڕانیە بە تێچووی پتر لە 920 ملیۆن دۆلار.

چوارەم: چاکسازیی دارایی -پرۆژەی هەژماری من

ا-پتر لە 900 هەزار هاووڵاتی خۆیان لە پرۆژەی سیستەمی دارایی ئەلیکترۆنیدا تۆمار کردووە.
ب-خستەسەر مووچەی 400 هەزار فەرمانبەر بۆ سەر هەژماری بانکی 
ج- پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە داراییە نوێیەکان وەک پارەدانی ئەلیکترۆنی، قەرزە تایبەتەکان و بیمە.

پێنجەم: گۆڕانی بە دیجیتاڵکردنی گشتیی

ا- بە دیجیتاڵکردنی دەروازەکانی حکوومەت، سیستەمی ڤیزا، مووچە، پەروەردە، هاتوچۆ و تۆمارکردنی بازرگانی.
ب-کاراکردنی (KRD) و ناسنامەی دیجیتاڵیی یەکگرتوو.
ج- کاراکردنی سیستەمی پەروەردەی ئەلیکترۆنی (E-WANE)، کتێبخانەی دیجیتاڵی و پلاتفۆرمی دایکان و باوکان.

شەشەم: ئاسایشی خۆراک و پیشەسازی

ا- بنیادنانی 6 کۆگەی ستراتیجیی بە توانای کۆگاکردنی 200 هەزار تۆن، بە تێچووی نزیکەی 60 ملیۆن دۆلار.
ب- دامەزراندنی 362 کۆگای ساردکەرەوەی نوێ و بنیادنانی پتر لە 30 هەزار خانووی پلاستیکی بۆ کشتوکاڵ.
ج-دروستکردنی 7 کارگە بۆ بەرهەمەکانی پەتاتە و 11 کارگەی هەمەجۆر بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
د- تۆمارکردنی 38 هەزار و 584 کۆمپانیا لە نێویاندا زیاتر لە 3 هەزار و 486 کۆمپانیای بیانی.

حەوتەم: هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ بازاڕە جیهانییەکان

ا- زیادبوونی ڕێژەی هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە %1.8  بۆ %10
ب- هەناردەکردنی هەنار، هەنگوین، پەتاتە، تەحین، سێو، قارچک بۆ کەنەدا و ئەورووپا و ئیمارات.

ڕۆڵی سەرۆک وەزیران لە سەردەمی قەیرانەکاندا

ئەوەی لەم ساڵانەدا وە دەست هاتووە، تەنیا جێبەجێکردنی پرۆژەکان نەبووە، بەڵکو دارشتنی نەخشەیەکی نوێی هەرێمێکی بە تواناتر، سەربەخۆتر و ئارامترە.
حکوومەتی بەڕێز مەسرور بارزانی، هەرێمی کوردستانی لە سەختترین سەردەمی مێژووی نوێدا بە بودجەیەکی سنووردار، بەڵام بە ئیرادەیەکی بەهێز و هیوایەکی دوور مەوداوە، بەڕێوە برد.
ئەم دەستکەوتانە، نموونەیەکی سەرکەوتووی بەڕێوەبردنێکی هۆشیارە لە سەردەمە ئاڵۆزەکاندا و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاڵنگارییەکان لەوانەیە ببنە هۆیەک بۆ ڕابوون، ئەگەر ڕێبەرایەتییەکەی بتوانێت کێشەکان بگۆڕێت بۆ هەل.