میسال ئالووسی: فێڵبازیی حوکمڕانی گەندەڵ و دزانی ڕژێم، عێراقییەکان فریو نادات

میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراقی
میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراقی

سیاسەتمەداری عێراقیی سەربەخۆ، میسال ئالووسی لە نامەیەکدا بۆ گەلی عێراق، نووسیویەتی، فێڵبازیی حوکمڕانی گەندەڵ و دزانی ڕژێم، چیدی عێراقییەکان ناخەڵەتێنن. 

ئالووسی لە نامەیەکەدا، کە ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 10ـی تەممووزی 2025، بۆ گەلی عێراقی ناردووە، نووسیویەتی "بە درێژای مێژوو، کورد گوتوویەتی ئێمە هاوبەشێکی سەربەخۆین لە عێراقدا. دروشمی یەکەم حکوومەتی کۆماریش سیمبوڵێکی مەزنی یەکگرتوویی شمشێری عەرەبی و خەنجەری کوردی بوو. کورد بەرانبەر ترازانی حوکمڕانیی ڕاپەڕیوە و داوای مافی خۆیان و دیموکراسییان بۆ عێراق کردووە. ڕێککەوتنامەی 11ی ئازار تروسکەی هیوایەک بوو بۆ دامەزراندنی عێراقێکی ئارام بۆ هەمووان، بەڵام حوکمڕانانی بەغدا دەستیان بە ئاژاوە و شەڕ دژی کورد و مافە ڕەواکانی کردەوە."

ئالووسی، لە درێژەی نامەکەیدا نووسیویەتی "هاووڵاتیانم! بڕوا بە حوکمڕانیی ئەمڕۆی بەغدا مەکەن، خەمی ئەوان، تەنها مانەوەیە لەسەر کورسیی داتەپاوی گەندەڵی. چەندان ساڵە لە بەغداوە هەڵمەتی ناشیرینکردنی ناوبانگی ئازادیخوازانی عێراق و گەلی کورد دەدرێت. گەندەڵکاران دەیانەوێت عێراقییەکان بخەڵەتێنن و شکست و دزییەکانی خۆیان داپۆشن. ئەوان ناتوانن ڕێگە لە تووڕەیی عێراقییەکان بگرن. ئەوەتا لە پارێزگاکانی باشووری عێراق، هاووڵاتی شیعە دەکرێتە قوربانیی مەرامی حزبە بەکرێگیراوەکان، ئەوانەی حەوزە زانستییەکانمان، لێیان بێ بەرین، وەک حەوزەی ئایەتوڵلا سیستانی و کەسانی ئەدیب و ناودارانی کۆمەڵگەی عێراق و بزووتنەوە سیاسی و مەدەنییەکان."

ئالووسی، لە نامەکەیدا ئاماژەی داوە بەوەی"هێزی دەرکی، ڕاپەڕینی تشرینی سەرکوت کرد و سەدان ئازادیخوازی کوشت و هەزارانی بریندار کرد و ژمارەیەکی یەکجار زۆریش لە زیندانەکانی میلیشا بەکرێگراوەکانی بەناو شیعە و سوننە، چارەنووسیان نادیارە. ئیدی فێڵ و تەڵەکەی فەرمانڕەوا گەندەڵ و دزەکانی ڕژێم، چەکدارانی میلیشیاکان و پارە وکۆشکەکانیان ناتوانێت عێراقییەکان فریو بدات. سەردەمی فاشیزم و نازییەتی لە عێراقدا بەسەرچووە و گەلی عێراقی ئازاد دوای ئارەزووی تیرۆریستانی ئەودیو سنوورەکان ناکەوێت."

میسال ئالووسی، لە درێژەی نامەکەیدا نووسیویەتی "لە سایەی ئەم دەسەڵاتە بوودەڵەیەدا، سووکایەتی بە مرۆڤی عێراقی کراوە، بەهایی و سائیبەکان کوژراون، کریستیانەکان دەربەدەر کراون، مافی ئێزیدییەکان پێشێل کراوە. پارەی عێراقیان ناردووە بۆ هاوکاریی حووسییەکان و بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵڵای لوبنانی، ئەمە جگە لە دزینی ملیاران دۆلاری خەزێنەی عێراق."
 
سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراقی، هەروا نووسیویەتی "نازییە تازەکانی عێراق جڵەویان بۆ لەشکری میدیایی و میلیشیاکانیان شل کردووە. بە درۆن و مووشەک ئارامی و ئاسایشی کوردستان تێک دەدەن. بەڵێ، ئەو حکوومەتەی میلیشیاکان هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕێکی ڕەگەزپەرستانە دەدات دژی گەلی کورد، لە ڕێگەی برسیکردن و ناچارکردنی بۆ گوێڕایەڵی." 

ئالووسی، لە کۆتایی نامەکەیدا دەڵێت: تەنیا گەوجەکان لە مێژووەوە فێر نابن؛ ئەوەتا کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەهەموو بوارەکاندا پێش دەکەوێت، لە کاتێکدا بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە پێچەوانەوە گیرۆدەی هەزاران کێشە و گرفتن. یەکێتیی پێکهاتەکانی گەلی عێراق و پشتگیریی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و کوردستان، دوا دەرفەتە بۆ مانەوەی عێراق وەک دەوڵەتێک کە هەمووان بە ئازادیی تێیدا بژین. با هەموومان، نیشتماپەروەرانی ئازاد، بەرانبەر نازییە تازەکان بووەستینەوە و پشتیوانیی لە کوردستان بکەین و بزانین کوردستان تاکە پێگە و هیوایە بۆ دامەزراندنەوەی عێراقێکی دەستووری، مەدەنی و دیموکراسی.