جەنگی 12 ڕۆژە زیانی گەورەی بە ژینگەی ئێران گەیاندووە

فەرماندەی یەکەی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێت: هێرشەکانی ئیسرائیل لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا، زیانێکی گەورەیان لە ژینگەی ئێران داوە.

عەقید ڕەزا ڕەستگار، فەرماندەی یەکەی پاراستنی ڕێکخراوی ژینگەی ئێران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، ڕایگەیاند "بە گوێرەی ئەو ئامارانەی بە دەستمان گەیشتوون، لانیکەم 13 ناوچەی ژینگەیی پارێزراو لە پارێزگاکای فارس، ئیلام، کرماشان، خوزستان، گەیلان، هەمەدان و ئەسفەهان، لە ئەنجامی جەنگی 12 ڕۆژەدا زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە." ڕەستگار جەختی لەوە کردەوە "لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا و لە ئەنجامی کەوتنەخوارەی پارچەی مووشەک و گولـلە، زیاتر لە 9 هەزار هەکتار دارستان و لەوەڕگەی پاریزراو سووتاون و ژمارەیەک ئاژەڵی کێویی دەگمەنیش لەناو چوونە."

فەرماندەی یەکەی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، ئاماژەی بەوە داوە، جگە لە سووتانی ئەو ناوچانە، ژمارەیەکی بەرچاو لە پێگەی ژینگەیی و ناوەندی بەڕێوەبردن و لێکۆڵینەوەی سووتاون و زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە. هەرچەندە ژینگەپارێزان بە ئەوپەڕی لەخۆ بووردوییەوە، هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ڕێگریی تەشەنەکردنیان داوە.

عەقید ڕەستگار،  لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: کاریگەریی ئاگرەکە پارسەنگی ژینگەیی تێک داوە، چونکە بووەتە هۆی سووتانی چەندان جۆر گژوگیا و گیانلەبەری بچووک و کۆچی فراوانی ئاژەڵە کێوییە گەورەکان بۆ ناوچەکانی دیکە، کە ژمارەیەکی زۆریان لە ئەنجامی پێکدادان لەگەڵ ئۆتۆمبیل و برسییەتی و ڕاوی بێمۆڵەتەوە کوژراون؛ بێگومان لە داهاتوودا کاریگەریی ئەم کۆچە ناسروشتییە بەسەر سەقامگیریی ژینگەدا دەردەکەوێت.  

عەقید ڕەزا ڕەستگار، باسی لەوەش کرد " لە ئەنجامی تەقینەوەی کۆگاکانی نەوت و غاز، سووتانی دامەزراوەکانی پیترۆکیمایی، بڕێکی زۆر دووکەڵ و ماددەی کیمیایی زیانبەخش تێکەڵ بە هەوا بوونە و بووەنەتە هۆی پیسبوونی هەوا و سەرچاوە ئاوییەکان."  

فەرماندەی یەکەی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، لە  کۆتایی قسەکانیدا گوتی: بە گوێرەی ماددەی 35 لە پرۆتۆکۆلی جنێڤ بۆ پاراستنی ژینگە، کە جەخت لە پێویستیی پاراستنی ژینگە لەکاتی جەنگدا دەکاتەوە، هەروا بە گوێرەی ماددەی 8 لە یاسای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، زیانگەیاندن بە ژینگە، بە تاوانی جەنگیی لە قەڵەم دەدرێت، بۆیە ئێران دەتوانێت بە پشتبەستن بەو ماددانە، دەربارەی ئەو زیانانەی بەر ژینگەکەی کەوتووە، سکاڵا تۆمار بکات.

 

 
Fly Erbil Advertisment