د. نـازهنیـن کـه‌ریـم - کاوه عه‌لی
نووسەر
نەخۆشى هۆڵەندى له هه‌رێمی کوردستان
نەخۆشى هۆڵەندى چییه و چۆن ده‌ناسرێته‌وه؟
چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی داهاتی سه‌رچاوه‌کانی سرووشتی وه‌کو نه‌وت، هه‌میشه له‌لایه‌ن سیاسه‌تمه‌داره‌کان، شاره‌زایانی ئابووری و سیاسی و گرووپه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی سەرنجڕاكێش بووه. کارامه‌یی وڵاتانی جیاواز که سه‌رچاوه‌ی سرووشتیان هه‌یه، پیشان ده‌دات که ئه‌م سه‌روه‌ت و سامانه که ئاسان به ده‌ست هاتووه هه‌م ده‌توانێت داهێنه‌ر و هه‌میش وێرانكەر و داڕمێنەر بێت. بۆ نموونه، بۆ وڵاتێکی پێشکه‌وتوو وه‌کو نه‌رویج سه‌روه‌ت و سامانێک که به هۆی فروشتنی نه‌وتی خاو به‌ده‌ستهێنراوه وه‌کو خێر و بەرەکەت بووه و یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ گه‌شه‌کردنی ئابووری و زیادکردنی ئاسووده‌یی دانیشتووانی. به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌م سه‌روه‌ت و سامانه له وڵاتانی که‌متر پێشکه‌وتوو وه‌کو عێراق، ئێران، نێجیریا، ڤه‌نزوێللا، ئه‌رجه‌نتین وه‌ک جۆره کاره‌ساتێکه و کاری سیاسی و ئابووریی ئه‌م وڵاتانه‌ی خراپ و تووشی داڕمان کردووه.
له ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوو، وڵاتانی دەوڵەمەند له سه‌رچاوه‌کانی سرووشتی وه‌کو عێراق، ئێران، نێجیریا، ڤه‌نزوێللا، مەكسيك کاری ئابووریان زۆر لاوازتره به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی تازه پيشەسازی کراو وه‌کو کۆریای باشوور، تایوان، هۆنگ کۆنگ و سینگاپور، که له بواری سه‌رچاوه‌کانی سرووشتی هه‌ژار و فه‌قیرن. میشێل راس ده‌ڵێت: "وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ند له سه‌رچاوه‌کانی سرووشتی له بنیاتنانی دام و ده‌زگای دیموکراتیك و هه‌نگاونان به‌ره‌و حوكمڕانی و فه‌رمانڕه‌وایی باش که‌متر خوازیارن".
كاتێك وڵاتان نەوت دەدۆزنەوە، سه‌روه‌ت و سامانی تازه‌یان بارودۆخێکی ئابووری دروست ده‌کات که پێی ده‌گوترێت "نه‌خوشی هۆڵه‌ندی"، گۆڕینی شێوازی ئابووری و دوورکه‌وتنه‌وه له که‌رتی کاڵای ئاڵوگۆڕی (کشتوکاڵ و پێشه‌سازی) به‌ره‌و که‌رتی کاڵا و خزمه‌تگوزاری نائاڵوگۆڕی (خانووبەرە و بیناسازی و گواستنه‌وه).
سروشتی نه‌خۆشی هۆڵه‌ندی چیه؟
وشه‌ی نه‌خۆشی هۆڵه‌ندی بۆ یه‌که‌مجار له نۆڤه‌مبه‌ری 1977 له گۆڤاری ئابووریناسی له‌نده‌ن بۆ روونکردنه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ی که له هۆڵه‌ندا بینرا به‌کارهێنرا و ناوونیشانی توێژینه‌وه‌یه‌ك بوو که تێیدا کاریگه‌ریی داهاتی ئاڵوگۆڕی بیانی به‌هۆی دۆزینه‌وه و ناردنی غازی سرووشتی له ده‌ریای باکوور (ناوچه‌ی سه‌ر به هۆڵه‌ندا) له‌سه‌ر ئابووری ئه‌م وڵاته به وردی شیکراوه‌ته‌وه.
له دوای دۆزینه‌وه‌ی غازی سرووشتی له هۆڵه‌ندا، ئه‌م وڵاته که خۆی غازی هاورده ده‌کرد ده‌ستی کرد به هه‌نارده کردنی غاز و له‌ئه‌نجامدا، داهاتیکی ئاڵوگۆڕی بیانی زەبەلاحی ده‌ست که‌وت. هه‌ر چه‌نده، که ئه‌م رووداوه، بوو به هۆکاری به‌رزبوونی به‌ها و نرخه‌کان (به‌تایبه‌تی له که‌رتی کاڵای نائاڵوگۆڕی) و نرخی ئاڵوگۆڕی ڕاسته‌قینه. هه‌روه‌ها زیادکردنی داهاتی ئاڵوگۆڕی بیانی بوو به هۆکاری گواستنه‌وه‌ی هێزی کار و توانای به‌رهه‌مهێنان له که‌رتی پیشه‌سازیدا بۆ که‌رته‌کانی دیکه وه‌کو خزمه‌تگۆزاریی نووسینگه و خانووبه‌ره.
له ئه‌نجامدا، به‌رهه‌مهێنه‌ران و هاوردەکارانی هۆڵه‌ندی توانای پێشبڕکێ و به‌شیان له بازاڕه‌کانی جیهان له ده‌ستدا و گه‌شه‌کردنی ئابووری ئه‌م وڵاته به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو که‌می کرد. نه‌خۆشی هۆڵه‌ندی بارودوخێکه که تێیدا به‌هۆی دوزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌کی سرووشتی وه‌کو نه‌وت و فرۆشتنی ده‌بێته هۆکاری زۆر بوونی داهاتی ئاڵوگۆڕی بیانی، که نرخی ئاڵوگۆڕی راسته‌قینه به‌رز ده‌بێته‌وه و هه‌نارده‌ی ئه‌و وڵاته که‌م ده‌کاته‌وه. ئه‌ندازه و چۆنێتی نه‌خۆشی هۆڵه‌ندی و کاریگه‌ریی له سه‌ر کارامه‌یی ئابووری و سیاسی وڵاتان په‌یوه‌ندی هه‌یه به پێکهاته‌ی ئابووری حکومه‌ت و دامه‌زراوه‌کان.
له مۆدێلی نه‌خۆشی هۆڵه‌ندی، پێشکه‌وتنی خێرا له به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، به‌رهه‌مهێنانی کاڵا و که‌لوپه‌لی بازرگانی دیکه به‌رێگای دوو میکانیزم و شێواز په‌کده‌خات. یه‌که‌م، لێشاوی دراوی بیانی بۆ ناو وڵات ـ که ئه‌مه‌ش به‌مانای ئه‌وه‌یه که داهاتێکی تازه به‌رهه‌مهاتووه له رێگای فرۆشتنی نه‌وته‌وه ـ نرخی ئاڵوگۆڕی راسته‌قینه به‌رزده‌بێته‌وه و هاوردنی کاڵای بیانی له وڵاتانی دیکه به به‌راورد له‌گه‌ڵ کڕینی له به‌رهه‌مهێنه‌رانی ناوخۆیی هه‌رزانتر ده‌بێت. دووه‌م، سه‌روه‌ت و سامانی نوێ، داواکاری بۆ کاڵای نائاڵوگۆڕی زیاد ده‌کات ـ ئه‌وشتانه‌ی که ناتوانی له‌ده‌ره‌وه بیهێنیت وه‌کو خانوو، ئه‌رز و خزمه‌تگوزاری ـ که ئه‌مه هێزی کار له که‌رتی کاڵای ئاڵوگۆڕی دوور ده‌خاته‌وه و له ئه‌نجامدا نرخی تێچووی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م جۆره کاڵا و که‌لوپه‌لانه زیاد ده‌کات.
ئه‌نجامی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که گه‌شه‌کردنی خێرا له به‌رهه‌مهێنان و فرۆشتنی نه‌وت رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنان له که‌رتی کاڵای ئاڵووێری (کشتوکاڵ و پیشه‌سازی) که‌مده‌کاته‌وه، به‌ڵام رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنان له که‌رتی کاڵای نائاڵوگۆڕی (خانووبه‌ره، ئه‌رز، خزمه‌تگوزاری و کۆمپانیای کڕین و فروشتنی خانوو) فراوان ده‌کات.
به واتایه‌كی دیکه، نه‌خۆشی هۆڵه‌ندی کاتێک رووده‌دات که داهاتی وڵاتێک به هۆکاری وه‌رزی و رووداوه سرووشتییه‌کان له‌پڕدا زیاد ده‌کات و حکومه‌تیش واداده‌نێت ئه‌م داهاته هه‌میشه‌یی و هه مووی ده‌گوازێته‌وه بۆ نێو کۆمه‌ڵگا. به‌ڵام هاوکات که داهات زیاد ده‌بێت، خواستیش زیاد ده‌بێت. ئه‌گه‌ر زیادبوونی خواست له پڕدا روو بدات، خستنه‌ڕوو و خواست یه‌کسان نابێت و هاوسه‌نگی نێوان خستنه‌ڕوو و خواست تێک ده‌چێت و له ده‌ره‌نجامدا به‌ها و نرخه‌کان به‌رز ده‌بنه‌وه. به شێوازێکی ئاسایی، نرخه‌کان تا راده‌یه‌ک به‌رز ده‌بنه‌وه و پاش که‌مێک دواكەوتنی خستنه‌ڕوو، به‌رهه‌مهێنان زیاد ده‌بێت و لە كۆتاييدا دوای ماوه‌یه‌ک، خستنه‌ڕوو و خواست به هاوسه‌نگی پێشوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام نه‌خۆشی هۆڵه‌ندی له‌کاتێکه‌وه رووده‌دات که حکومه‌ت هه‌وڵ ده‌دات به شێوازێکی دروستکراو و له رێگایه‌کی دیکه جگه له زیاد کردنی به‌رهه‌مهێنان، نرخه‌کان کۆنترۆڵ بکات و له خوار رابگرێت. بۆ نموونه حکومه‌ت ده‌ست ده‌کات به هاورده‌كردنی کاڵای به‌کاربه‌ری هه‌رزان تاکو بتوانێت نرخه‌کان کۆنترۆڵ بکات ئه‌مه له کاتێکدایه که پیشه‌سازی ناوخۆیی ناچاره به فاکته‌ره‌کانی به‌رهه‌مهێنانی گران، کاڵای گران به‌رهه‌م بهێنێت و به نرخێکی هه‌رزان بیفرۆشێت. خاڵه‌که ئه‌مه‌یه که ئه‌م سیاسه‌ته ناتوانێت رێگا له هەڵاوسان بگرێت، به‌ڵکو دەیگوازێتەوە بۆ که‌رته‌کانی دیکه‌ی ئابووری. بۆ نموونه، ده‌توانێت به‌هاورده‌کردنی کاڵا و که‌لوپه‌لێک وه‌کو سێ‌و، پرته‌قاڵ، ئاسن و... نرخی ئه‌م جۆره کهلوپهڵانه له خوار رابگرێت، به‌ڵام هه‌ندێک کاڵا وه‌کو ئه‌رز و خانووبه‌ره ناتوانێت له ده‌ره‌وه هاورده بکات و به‌رزبوونی نرخی ئه‌م جۆره که‌لوپه‌لانه له رێگای هاورده کۆنترۆڵ ناکرێت. له ئه‌نجامدا، نرخی ئه‌م جۆره که‌لوپه‌لانه به‌رده‌وام له به‌رزبوونه‌وه دان.
له لایه‌کی دیکه‌وه له سه‌ر که‌رته‌کانی پیشه‌سازی که به هاورده نرخه‌کانیان کونترۆڵ کرابوو وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاری نه‌کراوه و سه‌رمایه‌کان به‌ره‌و سه‌رمایه‌گوزاری له سه ر ئه‌رز و خانووبه‌ره ده‌روات. له‌ده‌ره‌نجامدا، خواستێکی درۆ بۆ ئه‌م که‌لوپه‌لانه (ئه‌رز و خانووبه‌ره) دروست ده‌بێت و نرخه‌کانی ئه‌رز و خانووبه‌ره زیاتر به‌خێرایی و بە نائاسايى و سهرسۆرهێنهر به‌رز ئه‌بێته‌وه.
هه‌ندێک نیشانه‌کانی نه‌خۆشی هۆله‌ندی:
1- زیادبوون سەرنجڕاكێشی داهاتی حکومه‌ت له رێگای فرۆشتنی سه‌رچاوه‌کانی سرووشتی و پشتبه‌ستنی زۆری بودجه و میزانیه‌ی حکومه‌ت به سه‌رچاوه‌کانی سروشتی.
2- زۆر بههادارکردنی دراوی ناوخۆیی
3- زیادکردنی هاورده به‌هۆی به‌هێزکردنی دراوی ناوخۆیی
4- که‌مکردنه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنانی پیشه‌سازی و کشتوکاڵ و نابووت بوون و داخستنی پیشه‌سازی و له ده‌ستدانی قازانجی چاڵاکی کشتوکاڵ
5- که‌م بوونه‌وه‌ی هه‌ناردنی کاڵای ئاڵوگۆڕی جگه له نه‌وت
6- زیادبوونی چاڵاکی و نرخه‌کان له که‌رته‌کانی نائاڵوگۆڕی وه‌کو ئه‌رز، خانووبه‌ره و خزمه‌تگوزاری
7- گڕنگی نه‌دان به سه‌رچاوه‌کانی مرۆیی
8- قۆرخكاری بازاڕ (مۆنۆپۆلی) و گه‌نده‌ڵی ئابووری
9- بێهێزکردنی فەرمانڕەوايى و حکومه‌تی باش
ئه‌م نیشانانه له پێکهاته‌ی ئابووری هه‌رێمی کوردستان و عێراق زۆر به‌باشی دیاره و بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشیه پێویست به‌پێداچوونه‌وه و چاکسازی گشتی له پێکهاته‌ی ئابووری حکومه‌ت هه‌یه.