چین داتای ناو مۆبایلی بەکارهێنەران دەفرۆشێت

چین دەیەوێت سوود لەو داتایانە وەربگرێت کە لەڕێگەی مۆبایل و کۆمپیوتەر و کامێراکانەوە دەستی پێیان دەگات، داتاکان هی ئەو کەسانەن کە بەکارهێنەری ئامێرەکانن، ئێستا چین دەیەوێت لە بۆرسەدا مامەڵەیان پێوە بکات و بیانفرۆشیت بەو لایەنانەی کە داوایان دەکەن. 

بەپێی یاسایەکی نوێ، حکوومەتی چین دەتوانێت سوود لەو داتایانە وەربگرێت کە لە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەستیان دەکەوێت، هاوکات دەتوانێت لە بۆرسەکاندا مامەڵەیان پێوە بکات و بیانفرۆشێتە لایەنە خوازیارەکان.

پڕۆژە یاساکە لە 15ـی ئەم مانگە پەسەندکراوە، ناوی نراوە یاسای پێناسی دیجیتاڵی، یاساکە رێگەی بە حکوومەت داوە، دەستی بە هەموو زانیارییەکانی بەکارهێنەران بگات، وەکو جوڵە و سێرچکردن و ناو و لینک و وێنە و زۆر وردەکاری دیکە.

ئەم هەنگاوەی چین، تەنیا بەکارهێنەرە ئاساییەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو دامەزراوەکان و کۆمپانیا و کارگەکانیش بەشێک دەبن لە پلانەکە و لە ڕێگەی ئیمەیڵ و وێبسایت و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە، زانیارییەکانیان بەردەستی حکوومەت دەکەوێت.

ئەم بیرۆکەیە لە سەرەتادا هی سەرۆکی چین بووە، بەرپرسانی حکوومەت دەڵێن ئەو داتایانەی دەستیان دەکەوێت لەڕووی گرنگییەوە هیچ کەمتر نین لە سەرمایە و دەستی کار بۆ پێشکەوتنی ئابووریی وڵاتەکەیان.

 
 
Fly Erbil Advertisment