د. ئەیوب گەڵاڵی
نووسەر
عێراق.. پێویستی چاکسازیی ڕیشەیی لە ناوخۆ و دەرەوەدا
زۆر شت پێویستیان بە چاککردنەوە یان باشترکردن هەیە بۆ ئەوەی وێنە و دەرکەوتنیان بە فۆرمێکی جوانتر يان جياوازتر ڕەنگ بداتەوە. خانووی کۆن پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا زیانیان بەردەکەوێت بەهەمان شێوە پێویستیان بە چاککردنەوه هەیە، تەنانەت مرۆڤیش پێویستی بە خۆجوانكردن ههیه و ئەندامەکانی جەستەی و ڕووخساریشی پێویستیان بە بایەخپێدان و گرنگیپێدان ههیه، دیارە ئەمەش بۆ ئەوەیە کە جوانتر له نێو خەڵکدا دەربکەوێت، ئەمە سروشتی ئەو شتە بەرجەستە و بینراوانەیه کە ناتوانرێت لە بوون و ئەرکە سەرەتاییەکانی ژیانیان جیا بکرێنەوە، جا چ جای بارودۆخ و قەوارەی وڵاتێك!
قسە و باسمان لەسەر عێراق و دۆخی ئەو وڵاتەیە، کە لە هەموو بوارەکاندا لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەچێت، خراپی ڕەوشی سیاسیی نێوان پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی، ڕەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بێکاریی، هەژاری، قەیرانی ئاو و بەدەستڕانەگەیشتنی لەلایەن هاووڵاتییان، خراپی کارەبا، هەروەها گەندەڵی بەربڵاو لە هەموو جومگە و پێکهاتەکانی دەوڵەت و دامودەزگاکانی حکوومەتدا كه بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی کە هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی گەندەڵی دەکات، ئەوە خراوەتە ڕوو کە لە ساڵی 2024ـدا عێراق لە کۆی 180 وڵاتی جیهاندا، لە ڕیزبەندی 140ـی ئاماژەکانی بوونی گەندەڵی دایە، دیارە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی بەرچاوی لەسەر ڕەوشی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرجەستە كردووە، هەروەها ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هاووڵاتیان و لەدەستدانی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت هەیە.
هاوكات لەسەر ئاستی ئاستی دەرەوەیش، دیارە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاستێکی ئەوەندە باشدا نییە کە ئیرەیی پێ ببردرێت، بۆیە عێراق لەم دۆخەدا بەشێوەیەکی پێچەوانەی ڕووی ڕاستەقینەی، دەردەکەوێت وەک ئەوەی باشتر بێت لەوەی کە هەیە و لە بنەڕەتدا پێچەوانەکەی دروسته، ههروهها لە کاتێکدا عێراق هەوڵی ئەوە دەدات کە هاوسەنگییەکی دروست لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا لەگەڵ وڵاتان ڕابگرێت، لە هەمان کاتدا دووچاری گیرۆدەی ئاڵنگارییە دەرەکییەکان بووهتەوە، ئەمەیش وایکردووە کاریگەرییە هەرێمایەتی و وناوچەییەکەی سنوور دار بێت. سەقامگیریی ڕەوشی ئابووری و ئەمنی عێراق، وا دەکات کەمێک پێگەی بەهێز بێت، بەڵام ئەمانە پەیوەستن بە چاکسازیی ناوخۆیی و کەمبوونەوەی دەستوەردانی دەرەکی.
دیارە چەند ئاڵنگارییەکی سەرەکی هەن وا دەکات عێراق بخرێتە ڕیزبەندییەک کە هێشتا دۆخەکەی ناسەقامگیرە و بە دەست لاوازی و ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکاندا دەناڵێنێت و نەیتوانییوە بەسەریاندا زاڵ بێت:
یەکەم: سەقامگیریی ناوخۆیی و ئەوەی پەیوەندی بە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هێزە کێبهرکێکارەکان و پێکهاتەکان هەیە، بەتایبەتی ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، نهخاسمه كه حکوومەتی فیدراڵ چەندين ساڵە دەستوور پێشێل دەکات و سیاسەتی برسیکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بڕینی شایستە داراییەکان لە بودجەی فیدراڵی، لەوانەش مووچەی فەرمانبەران، پەیڕەو دەکات، ئەمەیش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دۆخی ئابووریی هەرێم بە شێوەیەکی گشتی دروست کردووە.
دووەم: خراپی خزمەتگوزاری و بوونی گەندەڵی، دیارە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام داوا لە عێراق دەکات، چاکسازیی سیاسی و ئابووری لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی جێبەجێ بکات، ئەمەیش مەرجی سەرەکییە بۆ زیادبوونی وەبەرهێنانی بیانیی لەو وڵاتهدا کە لە ئێستادا لە نزمترين ئاستدایە.
سێیەم: هەژموونی دەرەکی، عێراق لەسەر ئاستی هێزە هەرێمی و دەرەکییەکاندا ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بووهتەوە، ئەمەیش وایکردووە، هێزە سیاسییەکان لە نێو خۆیاندا بە جۆرێک لە جۆرەکان لایەنگیریی ئەو هێزانە بن، هەروەها ئەوەیشی پەیوەندی بە بوونی هێزی بیانییهوه هەیە لە عێراق بەتایبەتی ئەمهریکا، دیارە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا تا ئێستایش ڕەنگدانەوەی ڕاستی هەموو ئاڵنگارییانەیە کە باسمان کرد. ڕاستە هاوکاری و پاڵپشتییەکی سنوورداری نێودەوڵەتیی لهم بارهوه بۆ عێراق هەیە، بەڵام ئەم پشتیوانيیە مەرجدارە بە بوونی چاکسازیی سیاسی و ئابووریی وڵات، کە لە دۆخيکدایە هیچ کەس ئیرەیی پێ نابات.
چوارەم: قەیرانی ئابووریی پەیوەست بە پشتبەستنی زۆر بە نەوت وهكوو تاكه سهرچاوهی داهات كه له ڕووی زاراوهوه پێی دهگوترێت (Rentier state) و نەبوونی فرەچەشنی ئابووری، عێراق بە شێوەیەکی زۆر پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت، ئەمەیش وایکردووە ڕۆڵی کاریگەری لە بازاڕی جیهانیدا هەبێت، بەڵام گەندەڵی بەربڵاو لە سەرجەم کایەکانی ژیاندا، وایکردووە به یەكێك له وڵاتە دواکەوتووەکان هەژمار بکرێت بە بەراورد بەو داهاتە زۆرو زەبەلاحەی کە ئهو وڵاته لە فرۆشتنی نەوتدا بەدەستی دەهێنێت و بە ملیاران دۆلار مەزەندە دەکرێت.
پێنجەم: هەڕەشە ئەمنییەکانی پەیوەست بە پاشماوەکانی داعش و گرووپە چەکدارەکانی دیكه، وێڕای تێکشکاندنی داعش و نههێشتنی له گۆڕهپاندا به شێوهی كردهیی، بەڵام تا ئێستا ههڕەشەكانی ئەو گرووپە چەکدارانە بەردەوامن، ئەمەیش کاریگەریی لەسەر متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە عێراق هەیە.
ئەمە جگە لە زۆر هۆکاری دیکە، کە وا دەکات عێراق پێویستی بە چاکسازیی هەمەلایەنە هەبێت لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ ئەوەی ببێتە پردێکی بەهێز لەنێوان هێزە هەرێمی و جیهانییەکاندا، بەڵام بێتوانایی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قەیرانانە و شکستهێنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی جیددی ئەم ئاڵنگارییانە وایکردووە، پێگەی عێراق لەوپەڕی لاوازیدا بێت و خۆ ئەگەر هەنگاوێک بچێتە پێشەوە، بە دڵنیاییهوه دەیان هەنگاو بۆ دواوە دەگەڕێتەوە دواوە.