لوقمان غه‌فوور
نووسەر
"لە یەكەم دیبەت لەگەڵ بایدن، تره‌مپ دوو هه‌ڵه‌ی گه‌ورەی كرد"
به شكستخواردووی كۆتاییان به "دیبه‌یت"ه‌كه هێنا
هه‌شت كاتژمێر به‌ر له دیبه‌یته‌كه‌ی نێوان دۆناڵد تره‌مپ و جۆ بایدن، من و مامۆستا جه‌ستن پێترسن مامۆستای وتاری سیاسی زانكۆی مینیسۆتا له رێگه‌ی زوومه‌وه، گفتوگۆمان كرد. پێترسن كه‌سێكی رادیكاڵی چه‌پڕه‌وی و لایه‌نگری دیموكراته‌كانه، به‌ڵام تێڕوانینی هه‌قیقی هه‌یه له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا و به‌وردیش گفتووگۆ ده‌كات. ئێمه پێكه‌وه باسی زۆر خاڵی نێگه‌تیڤ-مان كرد كه له دیبه‌یته‌كه‌دا رووده‌دات. له دوای ته‌واوبوونی دیبه‌یته‌كه بۆچوونه‌كانی پێترسن زۆری راست ده‌رچوون.
سه‌عات 9ی شه‌وی 29ی سێپتێمبه‌ر به‌كاتی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكا و 4ی به‌یانی 30 ی سێپتێمبه‌ر به‌كاتی كوردستان له كه‌ناڵ C-SPAN وه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به‌بێ هیچ ناوبڕێكی بازرگانی، یه‌كه‌م دیبه‌یتی نێوان هه‌ردوو پاڵێوراوی كۆمارییه‌كان (دۆناڵد تره‌مپ) 45مین سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مه‌ریكا و پاڵێوراوی دیموكراته‌كان (جۆ یابدن) جێگری 44مین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌رۆك تره‌مپ رووبه‌ڕووی پاڵێوراوی دیموكراته‌كان بووەوه له زانكۆی كیس ویسترن ریزێرڤ له كلیڤلاند-ی ئۆهایۆ. كه بووه كۆتایی یه‌كه‌مین ئاماده‌گی نێوانیان له كۆی سێ دیبه‌ت به‌ر له هه‌ڵبژاردن.
یه‌كێك له‌و كێشه سه‌ره‌كییانه‌ی هه‌ردوو كاندیده‌كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌وه تێیاندا به‌دیده‌كرێت. ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه دوو كه‌سایه‌تی (وتاربێژی- خیتابی) نین. واته ناتوانن نه له دیالۆگدا و نه له پرێزنته‌یشندا سه‌ركه‌وتوو بن، بۆ نموونه هه‌رگیز ناتوانن وه‌ك رۆناڵد رێگن یان جۆرج بۆشی باوك و باراك ئۆباما بن. بۆیه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر دیبه‌یته‌كه‌شیان هه‌بوو.
هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌و خاڵه لاوازانه‌ی كه له‌هه‌ردوو كاندیده‌كه به‌دیكرا نه‌بوونی دیسپلینی ده‌روونیی بوو. جۆ بایدن به گاڵته‌ئامێزه‌وه گوێی له وه‌ڵامه‌كانی تره‌مپ ده‌گرت، له‌به‌رامبه‌ردا دۆناڵد تره‌مپ به مێشك و ده‌روونێكی گه‌رمه‌وه هاتبوو بۆ دیبه‌یته‌كه.
له‌كاتێكدا له هه‌قیقه‌تدا دیبه‌ته‌كان له كۆتا 35 رۆژی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌و جه‌ماوه‌ره خۆڵه‌مێشیه‌یه كه هێشتا خۆیان یه‌كلانه‌كردۆته‌وه ده‌نگ به كێ بده‌ن، كه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌مه‌ریكادا به‌رێژه‌ی 60% مه‌زه‌نده ده‌كرێت. بۆیه ئه‌گه‌ر كه‌سێكی ئه‌مه‌ریكی سه‌یری دیبه‌یته‌كه‌ی بكردایه و بیه‌وێت ده‌نگ بدات هه‌رگیز ئاماده نییه ده‌نگ به‌م دوو كاندیده بدات.
لێدانه‌وه‌ی قه‌وانی كۆن له‌لایه‌ن هه‌ردوو كاندیده‌كه‌وه باڵی كێشابوو به‌سه‌ر دیبه‌یته‌كه له كاتێكدا دیبه‌ت دوا فرسه‌تی پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌ی كاندیده.
من دیبه‌یته‌كانی 2016 ی نێوان هیلاری كلینتۆن و د‌وناڵد تره‌مپ -م له یاد ماوه. هیلاری كلینتۆن زۆر سه‌ركه‌وتوو تر بوو له جۆ بایدن به‌رامبه‌ر تره‌مپ.
تره‌مپ كاندیدێكی به‌هێز نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت وه‌ك ده‌نگده‌رێك هه‌ستمكرد جۆ بایدن نایه‌وێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به‌رێته‌وه. راستی من پێشبینی ئه‌وه‌م ئه‌كرد كه جۆ بایدن به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی كه ده‌نگدانی پێشوه‌خت كه له‌لایه‌ن میدیاوه پیشانده‌درێت، زۆر سه‌ركه‌وتوو بێت له‌م دیبه‌یته، كه‌چی وه‌ك سیاسییه‌كی ئۆپۆزسیۆن ده‌ركه‌وت و تره‌مپیش سه‌رقاڵی تێكه‌ڵوپێكوڵكردنی بابه‌ته‌كان بوو، هه‌ربۆیه كریس واڵاس رۆژنامه‌نووسی به توانای فۆكس نیوز و به‌رێوه‌به‌ری دیبه‌یته‌كه چه‌ند جارێك دۆناڵد تره‌مپ-ی هێنایه‌وه سه‌ر هێڵی گفتوگۆ.
ته‌نانه‌ت له سه‌ره‌تای گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر دادگای باڵا، تره‌مپ به گاڵته‌ئامێزه‌وه به به‌رده‌وامی قسه‌كانی به بایدن بڕی و قسه‌ی له‌سه‌ر بایدن كرد تا له كۆتایدا بایدن وتی: "كابرا بێده‌نگ ئه‌بیت؟".
دیبه‌یته‌كه بڕیار بوو شه‌ش بڕگه سه‌ره‌كیی له‌خۆ بگرێت كه بریتی بوون له "تۆماری تره‌مپ و بایدن" "دادگای باڵا" "كۆڤید-19" "ئابووری" "ره‌گه‌زپه‌رستی و توندوتیژی مه‌ده‌نی" و "پاكوبێگه‌ردی هه‌ڵبژاردنه‌كان". به‌ڵام كورتبۆوه بۆ چوار بڕگه و تێكه‌ڵو پێكه‌ڵی تێدا كرا. جگه له بابه‌ته‌كانی كۆڤید -19 كه جۆ بایدن سه‌ركه‌وتوو بوو، له سێ بڕگه‌كه‌ی تر شكستی هێنا، هه‌رچه‌نده وه‌ڵامه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ-یش قه‌ناعه‌تپێكەر نه‌بوون.
دۆناڵد تره‌مپ دوو هه‌ڵه‌ی گه‌وه‌ری كرد یه‌كێكیان كاتێك به جۆ بایدن-ی وت: 200 هه‌زار سه‌ربازتان به‌كوشتداوه. یه‌كێكی تریان ناوهێنانی كوڕه‌كه‌ی بایدنه له مه‌سه‌له‌ی ئابووری كه ئه‌مه ده‌رچوون بوو له دیبه‌یته‌كه".
ته‌نانه‌ت بایدن ده‌نگی هه‌ڵبڕی وتی: "ئه‌سته‌مه بتوانی ئه‌م گاڵته‌جاره تێبگات".
جۆ بایدن گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی كرد كاتێك مه‌سه‌له‌ی دادگای باڵا هاته‌پێشه‌وه، له مه‌سه‌له‌ی ناوهێنانی خاتوو (ئیمی كۆنی بارت) ئه‌و دادوه‌ره‌ی كه دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن تره‌مپه‌وه دامه‌زرێنرا، وتی: "تره‌مپ بیری له‌وه نه‌كردووەته‌وه كه ئه‌مه ژنه دووگیان ده‌بێت و كێ شوێنه‌كه‌ی پڕ ئه‌كاته‌وه له‌كاتی منداڵبووندا!" له‌كاتێكدا ئه‌وه هیچ به‌هانه‌یه‌ك نییه بۆ پێشێلی دادگای باڵا و هه‌موو كه‌س ئه‌زانێت له ئه‌مه‌ریكا هه‌موو فه‌رمانبه‌رێك ته‌نیا یه‌ك مانگ مۆڵه‌تی دایكایه‌تی هه‌یه. له‌كاتێكدا ده‌بوو به‌هانه‌یه‌كی پێشێڵی یاسایی بخستایه‌ته‌ڕوو.
ره‌نگه خاڵی زۆر زیاتر هه‌بن كه سه‌لمێنه‌ری شكستی هه‌ردوو كاندیده‌كه بوون له‌یه‌كه‌مین دیبه‌یتیاندا، خۆ ئه‌گه‌ر له دیبه‌یتی دووه‌م و سێیه‌میشدا به‌هه‌مان ده‌روونه‌وه بچنه ناوه‌وه ئه‌وا كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كه‌می به‌شداربوونی ده‌نگده‌ری ئه‌مه‌ریكی ده‌بێت.