ئاریان ئیبراهیم شهوكهت
نووسەر
بارزانی ... گڵاسپی؟ ھەفتەیەک پێش داگیرکردنی کوێت
"بۆچی سهددام حوسێن، گفتوگۆیهكی نێوان خۆی و ئیدریس بارزانی بۆ باڵیۆزی ئهمهریكا دهگێڕێتهوه؟"
«تالووک» یان ھێڵی قووڵایی ئاو، ئەو رێڕەوەی کە بەتیژڕەوترین خاڵدا تێدەپەڕێت وەکو کەناڵێکی سرووشتی ئاوەڕۆ، کە سنوورێکە بۆ دیاریکردنی ئازادی کەشتیوانی لەنێوان کەناری ئاویی دوو وڵاتدا، بەپێی یاسای دەریاوانی نێودەوڵەتی، نموونەش دیاریکردنی ماف و سنووری سەربەخۆیی دەریاوانی لە رووباری شەتولعەرەب، کە لەئەنجامی بەیەکگەیشتنی ھەردوو رووباری دیجلە و فوڕات لەناوچەی «گەرمەت عەلی» کە بەدرێژایی 200 کیلۆمەتر دروست دەبێت و دواتر دەڕژێتە کەنداوی عەرەبی، کە بە کەنداوی فارسیش دەناسرێت.
لەبەر ئەوەی عێراق و ئێران راستەوخۆ دەکەونە سەر حەوزی شەتولعەرەب، بۆیە ھەموو کاتێک ئەم شەتە چەقی ململانێی و سەرچاوەی ناکۆکییەکانی ھەردوولا بووە، لە ناوەڕاستی ئەوڕوپاش ڕووباری «دانوب» کە دووەم درێژترین رووباری یەکێتی ئەوروپایە و بە رووباری پایتەختەکان ناسراوە، بە حوکمی ئەوەی بە ڤیەننا و بۆدابست و بەلەگراد و 10 وڵاتی ئەوروپیدا تێپەڕ دەبێت، ھەمان ڕۆڵی جیۆسیاسیدەبینێت، ساڵی 1913 ئێران و دەوڵەتی عوسمانی کە حوکمی عێراقی دەکرد، ڕێککەوتنێکیان مۆرکرد کە تاران سەروەری تەواوی بەسەر کۆریدۆری ئاوی شەتولعەرەب ھەبێت، بەوپێیەی لەسنووری فەرمی شەتولعەرەب ھێلی تالووك لە قووڵترین خاڵیدا بکەوێتە دیوی سەروەری دەسەڵاتداری دەریاوانی ئێران، بەڵام لە 1937 ئەمجارە لەژێر کاریگەریی دەسەڵاتی بەریتانیا و پێچەوانەی خواستی ئێران، رێکەوتنێکی نوێ واژووکرا و بەپێی رێککەوتنە تازەکە، عێراق سەروەری تەواوی بەسەر شەتولعەرەب ھەبوو، کەبووە جێگای نیگەرانی شا رەزا پەھلەوی، بێئەوەی تاران ھیچی پێبکرێت لەئاست ھێز و پاوانخوازی ئینگلیزدا.
ساڵی 1969 عێراق ئێرانی ئاگادارکردەوە کە بەھیچ شێوەیەک دان بەخاڵی تالووك نانێت و تالووك و ھەموو قەراخێکی شەتولعەرەب ماف و موڵکی عێراقە، بەڵام لەبەر ئەوەی تازە بەعسییەکان فەرمانڕەوایی عێراقیان گرتبووە دەست و ھێشتا خۆیان قایم نەکردبوو، شای ئێران «پۆلیسی کەنداو» یەک لایەنە داواکەی عێراقی رەتکردەوە و کێشەکان لەسنووری دەریاوانی نێوانیان بەردەوامبوو تا ئەو کاتەی لە 6 ئاداری 1975 و لەمیانی واژووکردنی رێککەوتنامەی جەزائیر لە نێوان عێراق و ئێراندا بە سەرپەرشتی سەرۆکی جەزائیر، ھەواری بۆمیدیەن، ئەوە بوو ئێران لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی لە ھاوکاریکردنی شۆڕشی کورد، سەدام سازشی لە کەناری رۆژھەڵاتی شەتولعەرەب کرد بۆ موحەمەد رەزا پەھلەوی و عێراق بەڵێنی ئەوەشیدا کە بەھیچ شێوەیەک رێگه بە چالاکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی نادات لەسەر خاکەکەی و بەم شێوەیەش جارێکی تر پشکی شێری دەسەڵاتی ھاتوچۆی ئاویی لەشەتولعەرەب کەوتەوە دەست ئێران.
سەرۆک بارزانی لە بەشی دووەمی بەرگی سێیەمی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دەڵێت: «رۆژی 8 ئاداری 1974 سەدام بەئیدریسی وت: ئەگەر ناچار بین دەست لەشەتولعەرەب ھەڵبگرین بۆ ئێران تاوەکو عێراقمان لەدەست نەچێ ھیچ دوودڵی ناکەین»، لەشوێنێکی تری ھەمان سەرچاوە سەرۆک ئاماژە بەوەدەکات کاک ئیدریس لەوەڵامدا بەسەدامی گوتوە : «شایانتر بۆ ئێوە ئەوەیە تەنازول بۆ میللەتی خۆتانبکەن نەک بۆ شای ئێران».
سهرۆك بارزانی ھەر لەدەقی بیرەوەرییەکانیدا باسی ئەوە دەکات کە: پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و رووخانی شا. لە تاران چاوم بەنوێنەری شۆڕشی فەلەستینی بەڕێز ھانی حەسەنی کەوت و پێیوتم: کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران چاوم بەبەڵگە نھێنیەکان کەوت ئینجا لەوە دڵنیابووم کە ئەو پیلانەی لەدژی ئێوە سازکرابوو پیلانێکی پڕ مەترسی بوو بۆ سەر دواڕۆژی گەلەکەتان و ئێستا تێدەگەم کە بڕیاری کشانەوەی بارزانی بۆ ئێران چەند دووربینی تێدابوو، ئەگەر ئەو بڕیارە نەبهوایە گەلی کورد ھەمووی تەفروتوونا دهبوون.
لەساڵی 1979 سەدام رووخانی شای بەھەلێکی گونجاو زانی بەوەی دەسەڵاتی سیاسی تازەی ئێران ھێشتا بەتەواوی خۆی رێکنەخستووە و سوپای ئێرانیش جۆرە لاوازی و پەرتەوازەییەکی پێوە دیاربوو، چونکە زۆربەی ئەفسەرە باڵاکانی سوپا، بەتایبەت ئەوانەی لایەنگری شا بوون یان ڕایان کردبووە دەرەوەی ئێران یان دەستگیرکرابوون یان بەبڕیاری دادگای شۆڕشی ئیسلامی لەسێدارە دران، ئەم بارودۆخە نوێیەش ھەمووی بەیەکەوە دەرفەتێکی گونجاو و خاڵێکی جەوھەری بوون بۆ ڕژێمی بەعسی عێراق، ئەوەبوو سەدام لەناوەڕۆکی رێککەوتنەکە پەشیمان بووەوە و دوای پێنج ساڵ لە واژووکردنی تاکلایەنە رێکكەوتننامەی جەزائیری لە 17 ئەیلوولی 1980 ھەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند، ئەوان تەنازول لە یەک بستی خاکی عێراق بۆ ئێران ناکەن، ئەمەش چەند وێستگەیەکی ناکۆکی سیاسی و دبلۆماسی و سەربازی و جەنگێکی قورسی ھەشت ساڵەی لە نێوان ھەردوولا خولقاند.
سەڵاح عومەر ئەلعەلی تکریتی، ڕەفیقی لاوێتی سەدام لە یادەوەرییەکانی دەڵێت: "ساڵی 1979 سەدام سەرۆکایەتی وەفدێکی عێراقی کرد بۆ کۆنگرەی «عدم الانحياز» کە لە ھاڤانای پایتەختی کوبا کارەکانی بەڕێوەچوو، منیش ئەوکات وەکو ئەندامی سەرکردایەتی ھەرێمایەتی بەعس و نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان یاوەری سەدام بووم، لەوێ وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی ئێران ئیبراھیم یەزدی ھاتەلای سەدام و بە رووێکی نەرم و ئاکارێکی لاوازەوە پێیگوت، کە دەسەڵاتی تازەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئامادەیە کۆتایی بە کێشەکانی ھەردوولا بێنن و ئەوان دەستی دۆستایەتی بۆ عێراق درێژ دەکەن و ئامادەی ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێن!؟".
سەلاح دەڵێت: "منیش کەیفم ھات و پاش کۆبوونەوەکە بە سەدامم گوت: قسەکانی یەزدی سەرەتایەکی زۆر باش و ئیجابین بۆ پەیوەندییەکی تازەی نێوانمان".
ناوبراو دەڵێت: "سەدام بە تووڕەیی رووی تێکردم و گوتی: ئەوە چیە سەڵاح دەڵێی کاری دیپلۆماسی گەندەڵی کردووی؟ جارێکی تر ئەو قسەیە دووبارە نەکەیتەوە؟ ئەم جۆرە دەرفەتانە تەنھا سەد ساڵ جارێک دێنە پێش، ئێستا بۆ ئێمە دەرفەتێکی زێڕین ھاتۆتە پێش، ئێران لاوازە و رژێمی تازەشی ھێشتا نەکەوتۆتە سەرپێ، دەبێت سەری ئێرانییەکان پانبکەمەوە، ھەموو بستێکی خاکی عێراقیش کە لە جەزائیر دۆڕاندمان وەریبگرمەوە".
لێرەدا پێم زەروورە ھەموو ئەو بۆچوونە ھەڵانە ڕاست بکرێنەوە، کاتێک ھەندێ نووسەر و مێژوونووس دەڵێن کورد ھۆکاری سەرەکی جەنگی عێراق - ئێران بوو لەبەرئەوەی لە بەرامبەر بڕینی یارمەتیەکانی شا بۆ کورد عێراق ناچار بوو دەست لە نیوەی شەتولعەرەب ھەڵبگرێت، کە دواتر جەنگێکی ھەشت ساڵەی بەدواوە بوو، دوای کۆتاییھاتنی شەڕەکەش لە ئەنجامی داتەپینی ئابووری عێراق سەدام ھەڵیکوتایە سەر کوێت. ئەمەش بۆچوونێکە دوورە لە راستی، چونکە کێشەی خاک و سنووری ئاویی و ململانێی سیاسی و سەربازی و مێژووی و مەزھەبی زۆر دەمێکە لە نێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە، نموونەش کێشەی ناوچەی ئەھواز و شەتولعەرەب و ھەندێک گوند و خاڵی ئێشکگری سەربازی سەر سنووری ھەردوولا، جگە لە ململانێی مێژوویی دوور و درێژی عەرەب و فارس لە پێش ئیسلام، تا رووخانی ئیمپراتۆریەتی کیسرا و تادەگاتە سەردەمی دەوڵەتی عەباسی و تاوەکو ئەمڕۆش.
نموونەش بۆ نیشاندانی ئەم ڕقە مێژووییە ئەستوورە، خێڕوڵڵا تولفاحی خاڵ و خەزووری سەدام لە ساڵی 1940 لە نامیلکەیەکدا بەناوی «الصراع العراقي الفارسي» ململانێی عێراق و فارسەکان دەڵێت «ثلاثة كان على الله أن لا يخلقهم: الفرس و اليهود والذباب»، واتە سێ شت نەدەبا خوا خەلقی کردبان: فارس و یەھوود و مێش، لە 1981 حکومەتی بەعس بە شێوەی کتێبێک دووبارە نامیلکەکەی چاپ کردەوە. لێرەدا راستییەکی مێژووی گرنگ ھەیە کە نەمزانیوە لە ھیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی ئاماژەی پێکرابێت؟ ئەویش: کێ ئەندازیاری راستەقینەی رێککەوتننامەی جەزائیر بووە؟؟ تەنھا ھەواری بۆمیدیەنی سەرۆکی جەزائیر بوو بە ناوەندگیری چەند وڵاتێکی ئیقلیمی و عەرەبی و بێدەنگی سۆڤیەت و ئەمهریکا و رۆڵی ھێنری کیسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمهریکاش لەم پیلانە؟ ھەروەک سەرۆک مسعود بارزانی بەوردی وەسفی رێککەوتنەکەی کردووە و دەڵێت «چێشتێک بوو چەندین لایەن له ئامادهكردنیدا بەشداربوون: شا شەتولعەرەبی دەستکەوت، ئەمهریکاش گفتێکی لە ڕژێمی عێراقەوە وەرگرت، کە لە بازنەی دەستڕۆیشتوویی سۆڤیەت دەرچێ و خۆی بخاتە بازنەی دەستڕۆیشتوویی ئەمهریکاوە» لێرەدا زۆر گرنگە بۆ مێژوو ئەوەش بزانرێت، یەکێک لە کارێکتەرە ھەرە سەرەکییەکانی بەیەک گەیاندنی سەدام و شا لە جەزائیر کە دواتر ئەو ڕێککەوتنە شوومەی لێكهوتهوه، عەبدولمەلیک یاسین تکریتیە، کە باڵیۆزی ئەوکاتی عێراق بووە لە جەزائیر، دواتر لە تاران و سعودیە و تونس و ئەفغانستان، ماوەیەکیش لە لەندەن. ناوبراو لە یادەوەرییەکانی لە کتێبی «حتى لاتضيع الحقيقة» «بۆ ئەوەی ڕاستی ون نەبێت» دەڵێت: "سەرەتای دەستبەکاربوونم لە جەزائیر پەیوەندیەکی سارد لە نێوان ھەردوو وڵات بەدیدەکرا و سەدام گرنگی بە سەرۆک ھەواری بۆمیدیەن نەدەدا و بەکاریزمایەکی سیاسی نەدەزانی، ئارەزووی سەردانیشی نەدەکرد، بەڵام لە دوای خۆماڵیکردنی نەوتی عێراق لە حوزەیرانی 1972 و شەری تشرینی 1973 ی نێوان عەرەب و ئیسڕائیل پەیوەندییەکان ڕووەو باشتر رۆیشتن و منیش زۆر ھەوڵمدەدا و ئیلحاحم لە سەدام کرد سەردانێکی جەزائیر بکات، لەگەڵ بۆمیدیەن دابنیشێت، ھەمیشە بۆم تەئکید دەکردەوە دڵنیام دانیشتن لەگەڵ ئەو بەرھەمدار دەبێت، ئەو جیاواز لەوانی دیكه بیردەکاتەوە، ئەوەبوو سەدام ساڵی 1974 لە یادی بیست ساڵەی شۆڕشی جەزائیردا، بڕیاریدا بە سەردانێکی یەک رۆژە بگاتە جەزائیر و لەکاتی گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی جەزائیری پایتەخت، کە بینی بۆمیدیەن نەھاتووهتە پێشوازی و جێگرەکەی ناردووە، سەدام بەبێزاریەوە لێی پرسیم: چیە دەڵێی بۆمیدیەن پێشوازی لە میوانان ناکات؟ منیش گوتم نەخێر گەورەم دەیکات، بەس پڕۆتۆکۆل وایە، سەرۆک پێشوازی لە سەرۆک دەکات و جێگریش لە جێگری سەرۆک. بەڵام لەبەر ئەوەی سەدام خۆی بە کەسی یەکەمی عێراق، دەزانی دەیویست بۆمیدیەن بە شەخسی خۆی پێشوازی لێبکات، ھەروەک چۆن ئەو کاتەی سەدام سەردانی تونسی کرد، حەبیب بورقێبەی سەرۆکی تونس جیاواز لە ھەموو عورفێکی دیبلۆماسی چووە پێشوازی سەدام، کە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بوو، نەک سەرۆک، دواتر بوڕقێبە بە باڵیۆزی عێراقی راگەیاندبوو کە ئەو بۆیە بەخودی خۆی پێشوازی لە سەدام کردووە، لەبەر ئەوەی دڵنیایە سەدام سەرۆکی داھاتووی عێراقە، جگە لەوەش بۆ واژووکردنی رێککەوتنی جەزائیر بە پێی پڕۆتۆکۆڵ، دەبوایە ئەحمەد حەسەن بەکر وەک سەرۆک لەگەڵ شای ئێران ئامادەی مەراسیمەکە بێت، نەک سەدام، بەڵام لەبەر ئەوەی شای ئێرانیش یەقین دەیزانی سەدام کەسی یەکەمی عێراقە، بۆیە پێی ئاسایی بوو سەدام واژووی بکات. یاسین لە دەقی یادەوەریەکانی ئیشاڕەت بە زانیاریەکی گرنگ دەدات و دەڵێت دوای گەیشتنی سەدام بۆ جەزائیر لەگەڵ بومیدیەن کۆبووەوە، بەپێی عورفی دبلۆماسی کۆبوونەوەی سەرۆک لەگەڵ جێگری سەرۆکی وڵاتێکی تر، لە نیو سەعات، یان ئەوپەڕی سەعاتێک ڕەت نادات، کەچی ئەو کۆبوونەوەیە درێژەی کێشا و نزیکەی پێنج سەعاتی خایاند، دواتر ھەردوولا بە رووێکی خۆشەوە ھاتنەدەرەوە، ئەوکات تێگەیشتم بناغە و بڕیار و خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتننامەی جەزائیر لەو کۆبوونەوە داخراوە لە دایک بوو و داڕێژرا.
دواتر سەدام پێیگوتم: "عەبدولمەلیک قسەکەت راست دەرچوو، بە راستی بۆمیدیەن کەسێکی جیاوازە".
ناوبراو دەڵێت سەدام یەکسەر ماوەی مانەوەی لە جەزائیر درێژکردەوە، بۆ سێ رۆژ میوانی جەزائیر بوو.
لەکتێبی «هكذا عرفت البكر وصدام» «ئەوھا بەکر و سەددامم ناسی» دکتۆر فەخری قەدووری کە لە 1948ـهوە بەعسی بووە و چەندین پۆستی گرنگی ھەبووە، وەک وەزیری ئابووری و بەڕێوبەری بانکی ناوەندی، یاوەری سەددام بووە لەکاتی واژووکردنی رێککەوتننامەی جەزائیر دەڵێت: لەوساتەی سەدام گەیشتە جەزائیر و رێککەوتنەکەی لە رۆژی دووەم لەگەڵ محەمەد ڕەزا پەھلەوی شای ئێران واژووکرد، دوودڵی و نائارامی تەواو بەدەموچاویەوە دیاربوو، ھیچ مورتاح نەبوو، بەتایبەت ئەو کاتەی کێشەیەکی پڕۆتۆکۆڵی لە نێوان شای ئێران و سەددام دروست بوو، ئەوەبوو بۆمیدیەن ھەردووکیانی لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری رینۆ 16 سوارکرد و بەیەکەوە دەرچوون، بۆمیدیەن لەپێشەوە و ئەوانیش لە دواوە. دوای گەڕانەوەیان سەرۆکی جەزائیر بەئامادەبووانی کۆنگرەی لووتکەی ئۆپێکی ڕاگەیاند، مژدەیەکی خۆشیان بۆ میوانانی کۆنگرە پێیە، ئەویش واژووکردنی رێککەوتنەکە بوو. ھەر لەسەر رۆڵی جەزائیر لەم رێککەوتنەدا پێم زەروورە ئاماژە بەڕووداوێکی زۆر سەیر و تەمومژاوی بکەم، کە تاوەکو ئەمڕۆش ھۆکارەکەی بە لێڵی ماوەتەوە، ئەویش کاتێک جەنگی عێراق- ئێران ھەڵگیرسا، جەزائیر کەوتە نێوەندگیریی نێوان ھەردوولا بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری دەرەوەی جەزائیر، محەمەد بن یەحیا لە ئاداری 1982 گەیشتە بەغدا، لە دوای عێراقیش بڕیار بوو سەردانی تاران بکات و لەکاتی پەڕینەوەی فڕۆکەکەی لە سێگۆشەی سنووری عێراق - ئێران – تورکیا، بە فەرمانی سەددام فڕۆکەکەی ناوبراو بە مووشەکێکی رووسی تێکشکێندرا و وەزیری دەرەوەی جەزائیر بەخۆی و 13 کەسی سەرنشین کە یاوەری بوون کوژران. ئەم رووداوهی کوشتنەش وەزیری بەرگری ئەوکاتی جەزائیر ژەنەڕاڵ خالید نزار و وەزیری دەرەوە و راگەیاندنی عێراق لە ساڵانی حەفتا و سەرەتای ھەشتاکان حامید ئەلجبووری کە دواتر بۆتە باڵیۆزی عێراق لە سویسرا لە یادەوەرییەکانی خۆیان بە ڕوونی باسی وردەکاریی ئەم ڕووداوەیان کردووە، لەوەش سەیرتر ئەوە بووه جەزائیر لەسەر کوشتنی وەزیرەکەی، ھیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر عێراق نیشان نەدا!
جێگای تێڕامانە سەرۆک بارزانی لە لاپەڕە 112ی بەشی دووەمی بەرگی سێیەمی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، ئیشاڕەت بە بابەتێکی سەرنجڕاکێش و گرنگ دەدات و دەڵێت: «قسە قسە دەھێنێ، دەگێڕنەوە سەدام قسەکانی نێوان خۆی و ئیدریسی بە درێژی بۆ ئیپریل گلاسپی باڵیۆزی ئەمهریکا لە بەغدا پێش داگیرکردنی کوێت گێڕابووەوە» ئەم زانیارییەش لێکدانەوە و راستیەکی پڕ بایەخمان بۆ ئاشکرا دەکات ئەویش؛ ئیپریل گلاسپی لە ماوەی کارکردنی وەک باڵیۆزی ئەمهریکا لە عێراق تەنھا یەکجار چاوی بە سەدام کەوتووە، ئەویش یەک ھەفتە بەر لە داگیرکردنی کوێت، کە سەد لە سەد ئەو رۆژە بووە، ئەم زانیاریەش لە یەکەم لێدوانی گڵاسپی لە 23 سیپتێمبەری 1990 لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمهریکی بڵاوکراوەتەوە، دوای ماوەیەک بێدەنگیش جارێکی تر گڵاسپی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەلحەیاتی لەندەنی لە ئاداری 2008 بە ناونیشانی «اعترافات ابريل غلاسبي» دەرکەوتەوە، لە دیمانەکەدا گڵاسپی، کۆمەڵێک نھێنی تایبەت و وردی دەربارەی دانیشتنەکەی لەگەڵ سەددام درکاندووە، تاریق عەزیزی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی عێراق، کە ئامادەی دانیشتنەکە بووە، گلاسپی بەوە تاوانبار دەکرد، کە ئەو رەزامەندی داوەتە سەددام بۆ داگیرکردنی کوێت و بە سەددامی راگەیاندووە، حکومەتی ئەمهریکا بە ھیچ شێوەیەک لاری نییە لە گۆڕینی نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کێشەی نێوان عەرەب و عەرەب پەیوەندی بە ئەمهریکاوە نییە، سەددامیش ئەم رستەیەی گلاسپی بە رەزامەندی و بەھەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمهریکا دەزانێت بۆ داگیرکردنی کوێت!
بەگەڕانەوەش بۆ قسەکەی سەرۆک بارزانی پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە؛ ئاخۆ دەبێت بۆچی لەو دانیشتنەدا، سەددام قسەکانی خۆی و کاک ئیدریسی بە درێژی بۆ گڵاسپی گێڕابێتەوە؟؟ بەتایبەت لەو کاتە ناسک و ترسناک و ھەستیارەدا؟ دڵنیاشم رۆژێک لە رۆژان، رۆژگار لەسەر لاپەڕەکانی مێژوودا، وەڵامی ئەمپرسیارەشمان دەداتەوە.